بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دوو دانە دوو دەکاتە یەک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ٢+٢=١ەوە ڕەوانە کراوە)

دوو دانە دوو دەکاتە یەک، شێعرێکی نیشتیمانپەروەریی کوردییە، شاعیر و ھونەرمەند، نادر قازی لە ساڵیادیی کۆماری مەھاباد لە بنکەی حیزبێکیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆ یەکەمجار، خوێندییەوە.[١] تایبەندمەندیی شیعرەکە بیر و باوەڕیی شاعیرەکەیە، کە ژمارەی پارچەکانیی کوردستانی وەک ژمارەی بیرکاری بەکارھێناوە، کە دوو کۆی دوو یەکسانە بە یەک (٢+٢=١) مەبەستی شاعیر، دابەشکردنیی کوردستانە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کوردستان ھەر یەک پارچەیە، و بەش بەش نیە.[٢][٣]

دەقی شیعرەکە

[دەستکاری]

وەبیرمە لە مەکتەبا دەیان پرسی دوو دانە دوو دەکاتە چەند؟

ھەموو تێکڕا دەیان نووسیی دەکاتە چوار

کەچی ئەمن لە حیسابدا نمرەی کەمم دەھێناو دەھاتمە خوار

ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی

لای من وابوو دوو دانە دوو دەبێت بە یەک

نابێ بە چوار

لای من وابوو ددان و دوو لێو و زبان، نابن بە چوار دەبن بە زار،

بەتێکڕایی دەکەن ھاوار

لای من وابوو دوو دەست و دوو لاقی مرۆڤ نابن بە چوار،

لە لەشێکدا وا دێنە کار

لای من وابوو گەڕەک، خانوو، کۆڵان، شەقام نابن بە چوار،

دەبن بە شار، تێیدا دەژین دەوڵەمەند و خەڵکیی ھەژار

لای من وابوو کۆلکە و ڕیشە لق و گەڵا نابن بە چوار،

دەبن بە دار، ھەندێک کورت و ھەندێک درێژ وەکوو چنار

لای من وابوو ئەوین و دڵ، جوانی و پاکی نابن بە چوار،

دەبن بە یار لە لای دڵدار،

ئەو ھەمووە وا دوو بە دووە دەبن بە یەک نابن بە چوار،

یەک جار زۆرن، بەڵام لەکوێ دێنە ھەژمار؟

تەنیا ئەوەندەیی دەزانم ئەگەر لەشم سەد پارچە بکەن

بم دەنە ژێر گولە و ڕەگبار، بچمە سەر دار

قسەی دڵم دێتە سەر زار

کوردستان ھەر وڵاتێکە و نابێت بە چوار

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «تەمموز 9, 2015». Chenar Abdulla (بە کوردی). لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  2. «کوردستان ھەر وڵاتێکەو نابێت بە چوار». avat.rozblog.com. لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  3. «Kurdch» (بە ئینگلیزی). لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٣ ھێنراوە.