بۆ ناوەڕۆک بازبدە

وەداعی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وەداعی
لەدایکبوون١٧٩٠
مکس، وان، باکووری کوردستان
مردن١٨٥٠
پیشەشاعیر، میرزا و کاتب
زمانکوردی (کرمانجیفارسی، عەرەبی
نەتەوەکورد

وەداعی (١٧٩٠ لە مکس، وان – ١٨٥٠) شاعیر، میرزا و کاتبێکی کلاسیکی کورد بوو لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا.[١][٢] ناوی تەواو و نەژادی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا تۆمار نەکراوە و «وەداعی» نازناوی شیعرییەتی.[٢] لە دیوەخانی میرنشینی مکس وەک نووسەر (میرزا و کاتب) خزمەتی کردووە و ھاوکات سۆفی و شوێنکەوتووی تەریقەتی نەقشبەندی بووە.[١][٢]

ژیاننامە

[دەستکاری]

وەداعی لە دەوروبەری ساڵی ١٧٩٠ لە ناوچەی مکس لە باکووری کوردستان لەدایک بووە.[١] خوێندنی سەرەتایی لە حوجرەی مزگەوت بووە و لەوێ زانستە ئیسلامییەکان و زمانەکانی عەرەبی و فارسی خوێندووە.[١] بەھۆی شارەزایی و خوێندەوارییەوە، بووەتە میرزا و کاتبی دیوەخانی میری مکس (شێخی بەگ).[١][٢]

لە ساڵی ١٨٢١دا کوڕێکی دەبێت و ناوی دەنێت «مەحموود»، کە پێدەچێت بەھۆی ناوی خان مەحموودەوە بووبێت کە دوای شێخی بەگ بووە میری ناوچەی مکس.[١][٢] دواتر لە ساڵی ١٨٣٩دا ھۆنراوەی لە ستایشی خان مەحموود ھۆنیوەتەوە.[١]

لە ڕووی ئایینی و ڕۆحییەوە، وەداعی چووەتە سەر تەریقەتی نەقشبەندی و بووەتە موریدی شێخ تەھای نەھری (شەمزینان).[١][٢] لە یەکێک لە ھۆنراوەکانیدا لە دەوروبەری ساڵی ١٨٤٠ ئاماژەی بەوە کردووە کە گەیشتووەتە تەمەنی پەنجا ساڵی، و بەپێی لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان پێدەچێت لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥٠ کۆچی دوایی کردبێت.[١][٢]

بەرھەمەکان و چاپەکان

[دەستکاری]

وەداعی بە ھەردوو زمانی کوردی (کرمانجی) و فارسی شیعری ھۆنیوەتەوە.[٢] لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، ھۆنراوە کوردییەکانی لە ڕووی زمانەوانی و ھونەرییەوە بە بەھێزتر دادەنرێن بە بەراورد بە ھۆنراوە فارسییەکانی کە زیاتر بۆ تێگەیشتن لە ژیان و بیروباوەڕی سوودیان لێ دەبینرێت.[١]

دیوان و بەرھەمەکانی بەم شێوەیە لە سەرچاوەکاندا تۆمار کراون:

  • دیوانی وەداعی: لە ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن لێکۆڵەر سەعید دێرەشی لە بەرلین کۆکراوەتەوە و بڵاوکراوەتەوە.[١][٢]
  • زبانی کوردی (دیوانی وەداعی): لەلایەن شێخ مەدووح بەریفکانی کۆکراوەتەوە و لەلایەن زاھید بەریفکانی ئامادە کراوە بۆ چاپ، لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ھەولێر چاپ کراوە.[٢]
  • ژیان و بەرھەمەکانی لە چەندین سەرچاوەی مێژوویی و ئەدەبیدا باسیان لێوە کراوە، لەوانە پەرتووکی الشیخ نور الدین البریفکانی: حیاتە، آثارە، شعرە (١٩٨٣) لە نووسینی محەممەد ئەحمەد کزنی، و پەرتووکی الرضوانی لە نووسینی مەحفووز عەبباسی.[٢]

شێوازی شیعری و تایبەتمەندییەکان

[دەستکاری]

وەداعی لەسەر ڕێچکەی قوتابخانەی کلاسیکی کوردی (لە نموونەی مەلای جزیری، عەلی حەریری و فەقێی تەیران) ھۆنراوەی نووسیوە.[١]

فۆرم و کێش

[دەستکاری]

شاعیر ھەم کێشی عەرووزی (وەک بەحرەکانی ھەزەج، ڕەمەل و ڕەجەز) و ھەم کێشی خۆماڵی (بڕگەیی) بەکارھێناوە.[١] فۆرمەکانی ھۆنراوەی بریتین لە:

  • غەزەل: ھۆنراوەی کورت لەسەر کێشی عەرووزی بە یەکێتیی قافیە.[١]
  • پێنجین (موخەممەس) و حەوتین: ھۆنراوەی پێنجین و حەوتین لەسەر کێشی عەرووزی بە شێوازی داڕشتنی تایبەت.[١]
  • بەیت (پۆئیم): ھۆنراوەی چیرۆکئامێز و درێژ لەسەر کێشی خۆماڵی بە بەندەکانی چوارینە.[١]

سیمبوول و ڕەوانبێژی

[دەستکاری]

شاعیر بە تەواوی پابەندی نەریت و وێنەگەریی باوی ئەدەبی کلاسیک و عیرفانی بووە؛ سودی لە زاراوەی شەرعی، چیرۆکە ئایینییەکان و زمانی عەرەبی وەرگرتووە، تەنانەت لە ھەندێک دێڕدا بۆ دەربڕینی پیری و کەنەفتی سودی لە ھونەری مولەممەع (تێکەڵکردنی دەستەواژەی عەرەبی وەک: «جائني الشَّيْبُ وقعتُ في الضَّعَف») وەرگرتووە.[١] ھاوکات ھێماکانی مەی و مەیخانە بە مانای عیرفانی، و ئامێرە مۆسیقییەکانی وەک (ساز، چەنگ و دەف)ی لە دەربڕینە شیعرییەکانیدا ڕەنگپێداوەتەوە.[١]

تەوەرەکانی ھۆنراوە

[دەستکاری]

تەوەرە سەرەکییەکانی شیعرەکانی وەداعی بریتین لە:

  1. ئیلاھیات و پاڕانەوە: دەربڕینی تۆبە، پەشیمانی لە گوناھ و داوای لێخۆشبوون لە خودا؛ بەکارھێنانی ناوی کەسایەتی و پێغەمبەرانی وەک (ئادەم، یوسف و ئەیووب) و ھێماکانی بەھەشت و دۆزەخ.[١] ھەروەھا ھۆنراوەی بۆ ڕووداوی ڕاستەقینەی ناوچەکە ھۆنیوەتەوە، وەک ئەو ھۆنراوە پاڕانەوەیەی لە ساڵی ١٨٢٣ بەھۆی وشکەساڵییەوە بۆ داوای بارانبارین وتوویەتی.[١]
  2. نەعت (ستایشی پێغەمبەر): ھۆنراوەی ئایینی لە ستایشی پێغەمبەری ئیسلام بە بەکارھێنانی زاراوە شەرعی و دەقە قورئانییەکان.[١]
  3. دڵداری و وەسف: وەسفکردنی جوانی و سروشت، بەھار و دڵداری بە شێوازی کلاسیزمی کوردی، و بەکارھێنانی ناوی خوازراوی وەک «سەلوا» و «پەریزادە» و ھێنانی ناوی «لوقمان» بۆ تیمارکردنی برینی دڵداری.[١]
  4. ستایشی میران (مەدح): ھۆنراوە لە ستایشی میری مکس و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە.[١]
  5. بەیتی شێخی بەگ: قەسیدەیەکی درێژی ٣٨ بەیتە (١٥٢ نیوەدێڕ) کە لە ساڵی ١٨٢١ (١٢٣٧ی کۆچی – بە حیسابی ئەبجەد بە پیتی: غ، ر، ل، ز) لەسەر کوژرانی شێخی بەگی میری مکس ھۆنراوەتەوە.[١][٢] ئەم بەیتە بەڵگەنامەیەکی گرنگی مێژووییە و باسی ھاوپەیمانی و شەڕی ھۆزەکانی وەک (شەکاک، ئەرتووشی، و نەسرانییەکانی مکس لەگەڵ سوپای عوسمانی) و خیانەتی ناو حەرەمسەرا دەکات.[١] ئەم بەسەرھاتە دواتر لە ساڵی ١٨٦٠ لەلایەن ڕۆژھەڵاتناس ئەلێکساندەر ئابائۆلین لە پەرتووکی جامعیی ڕیسالەیان لە سەنت پیتەرزبورگ بە ھەدوو زمانی کوردی و فەڕەنسی بڵاوکراوەتەوە کە تەواو لەگەڵ دەقەکەی وەداعیدا یەکدەگرێتەوە.[١]
  6. داد، فەغان و شیعری پەروەردەیی (دیداکتیک): گلەییکردن لە ڕۆژگار، ئازاری پیری و ڕەخنەگرتن لە نادادیی کۆمەڵایەتی، ھاوکات ھەندێک لە شیعرەکانی خاوەنی ڕەھەندی فێرکاری و پەروەردەیین.[١]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 16 17 18 19 20 21 22 23 24 25 26 27 مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی سێیەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٤٠١ تا ٤٢٠، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٣.
  2. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 معجم الشعراء الكرد، حمدي عبد المجيد السلفي و تحسين إبراهيم الدوسكي، لاپەڕەکانی ٢٠١-٢٠٢، مطبعة حجي هاشم، ھەولێر:٢٠٠٨.

پۆلەکان

[دەستکاری]