بۆ ناوەڕۆک بازبدە

وەحید بەنی عامریان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وەحید بەنی عامریان

لەدایکبوون١٣٧١ی ھەتاوی
١٩٩٢–١٩٩٣ی زایینی
مەرگ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی ھەتاوی
٤ی نیسانی ٢٠٢٦[١] (٣٣–٣٤ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگلەسێدارەدان
نەتەوەکورد

وەحید بەنی عامریان (١٩٩٢/١٩٩٣ لە سونقوڕ – ٤ی نیسانی ٢٠٢٦ لە کەرەج)[٢] بەندکراوێکی سیاسیی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامێتی و ھاوکاریکردن لەگەڵ ڕێکخراوەی موجاھیدینی خەلقی ئێران، بە لەسێدارەدان سزا درا.[٣]

ژیاننامە

[دەستکاری]

وەحید بەنی عامریان، ساڵی ۱۳۷۱ی ھەتاوی (ئازاری ١٩٩٢ ھەتا ئازاری ١٩٩٣ی زایینی) لە سونقوڕ لەدایک بوو. ئەو دەرچووی زانکۆی پیشەسازیی خاجە نەسیرەددینی تووسیی تاران بوو، بڕوانامەی ماستەری لە بەڕێوەبردن هەبوو و مامۆستایەکی ئینتەرنێتی بوو. بەنی عامریان لە خێزانێک بوو کە پێنج کەسیان لە دەیەی ١٩٨٠کاندا لەسێدارە درابوون. وەحید لە ڕەشەمەی ١٣٩٦ی ھەتاوی (شوبات یان ئازاری ٢٠١٨) و ڕەشەمەی ١٣٩٧ی ھەتاوی (شوبات یان ئازاری ٢٠١٩)دا دەستبەسەر کرا. ئەو بە ۱۰ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە سزا درا. لە ڕەشەمەی ١٤٠١ (شوبات یان ئازاری ٢٠٢٣) لە زیندانی گەوھەردەشت ئازاد کرا و بۆ شارستانی بەشاگەرد لە پارێزگای ھورمزگان دوور خرایەوە. ئەو دووبارە لە ١ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣)دا دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندی ۲۰۹ی ئێڤین کە لەوێدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.[٤]

دەستبەسەرکردن

[دەستکاری]

وەحید بەنی عامریان پێشتر لە مانگی گوڵانی ١٣٩٧ (نیسان یان ئایاری ٢٠١٨)دا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لە دوو بەڵگەنامەی جیاوازدا لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە ھەژدە ساڵ زیندان و دوورخستنەوە سزا درابوو، کە دواتر لە کۆتاییدا بەدوای دەرچوونی بڕیارێکی لێخۆشبوون لە زیندانی ڕەجاییشەھری کەرەج ئازاد کرا.[٥]

ئەو لە ساڵانی ٢٠١٧ ھەتا ٢٠١٩دا پێشینەی دەستبەسەربوونی ھەبوو. جارێک لە بەفرانباری ١٣٩٧ (کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ یان کانوونی دووەمی ٢٠١٩)، بە تۆمەتی «بانگەشە دژ بە سیستەم و سووکایەتی بە ڕێبەر» بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درا.

لە ڕەشەمەی ١٣٩٩ (شوبات یان ئازاری ٢٠٢١)دا دووبارە دەستبەسەر کرایەوە و لە خەرمانانی ٩٩ (ئاب یان ئەیلوولی ٢٠٢٠)دا، لەلایەن دادوەر مەقیسە لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی «ھەنگاونان دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتی و ھاوکاریکردنی کاریگەر لەگەڵ ڕێکخراوەی موجاھیدینی خەلقی ئێران»، «بانگەشە دژ بە سیستەم»، «تێکدانی سامانی دەوڵەتی»، «کۆبوونەوە و پێکەوە پلاندانان بۆ ھەنگاونان دژ بە ئاسایشی ناوخۆییی وڵات» و «پەیوەندی بە موجاھیدینی خەلق»، بە ١٠ ساڵ بەندکران و ٢ ساڵ دوورخستنەوە سزا درا.

وەحید بەنی عامریان لە زیندانی ئێڤین و گەوھەردەشتدا بەندکراو بوو و لە ڕەشەمەی ١٤٠١ (شوبات یان ئازاری ٢٠٢٣)، لە زیندانی گەوھەردەشت ئازاد کرا. ئەو دوای ئازادبوونی بۆ شارستانی بەشاگەرد دوور خرایەوە. [٦]

سزای سێدارە

[دەستکاری]

ھێزی دادوەریی ئێران لە ڕاگەیاندنێکی خۆیدا نووسی کە وەحید بەنی عامریان و ئەبولحەسەن مونتەزەر «لە کاتێکدا مەبەستیان ھێرشەکردن بۆ سەر ناوەندە ھەستیارەکان و شوێنە گشتییەکان بە بەکارھێنانی لانچەر بوو» دەستبەسەر کران. لەم ڕاگەیاندنەدا ئەوان وەک ئەندامانی تیمێکی چەکداری موجاھیدین ناسێنران.

ھێزی دادوەریی ئێران تۆمەتی ئەم کەسانەی «بەغی لە ڕێگەی ڕاستەوخۆی بەشداریکردن لە ئەنجامدانی ژمارەیەک کردارە تیرۆریستییەکان»، «ئەندامێتی لە موجاھیدین»، «کۆبوونەوە و پێکەوە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی ناوخۆییی وڵات» و ھەروەھا «ئەنجامدانی کردارە کاریگەرە ئازاربەخشەکان بە مەبەستی ڕووخاندنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران» ڕاگەیاند.[٧]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]