بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ویکیپیدیا:وتاری ھەڵبژێردراوی ھەفتە/ھەفتانە/٣٠

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سێ خوشکەکە (بە ئینگلیزی: Three Sisters) کۆمەڵە لووتکەیەکی بورکانین کە لە ویلایەتی ئۆریگن لە ئەمریکا ھەڵکەوتوون و زۆر لە یەکەوە نزیکن. ئەم لووتکانە بەشێکن لە کەوانی بورکانی کاسکەید کە بەشێکە لە زنجیرە چیای کاسکەید لە ڕۆژاوای ئەمریکای باکوور، لە باشووری کۆڵۆمبیای بەریتانییەوە بەرەو واشینگتن و ئۆریگۆن درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە باکووری کالیفۆڕنیا. ھەر یەکەیان بەرزییەکەی لە ١٠٬٠٠٠ پێ (٣٬٠٠٠ مەتر) زیاترە و سێیەم و چوارەم و پێنجەم بەرزترین لووتکەن لە ئۆریگۆن. لە چۆڵەوانی سێ خوشکەکەدا ھەڵکەوتوون لە سنووری نێوان ناوچەکانی لەین و دێشووتس و دارستانە نیشتمانییەکانی ویلامێت و دێشووتس، نزیکەی ١٠ میل (١٦ کیلۆمەتر) لە باشووری نزیکترین شارەوە کە ناوی سیستەرزە. جۆرە ھەمەچەشنەکانی ڕوەک و گیانلەبەر لەم ناوچەیەدا دەژین، کە زۆر جار بەفری لێدەبارێت و ھەندێک جار بارانیش دەبارێت و لە نێوان وەرزەکاندا گۆڕانکاری گەورە لە پلەی گەرمی دا ڕوودەدات. چیاکان، بەتایبەتی خوشکی باشوور، جێگای سەرنجی ھەڵگەڕان و سەرکەوتنن.

ھەرچەندە زۆر جار وەک یەک یەکە سەیر دەکرێن، بەڵام ھەر سێ چیاکە جیۆلۆژیا و مێژووی تەقینەوەی تایبەت بە خۆیان ھەیە. نە خوشکی باکوور و نە خوشکی ناوەڕاست لە ١٤٬٠٠٠ ساڵی ڕابردوودا نەتەقیونەتەوە و پێشبینی دەکرێت کە ھیچ کامیان جارێکی تر نەتەقنەوە. خوشکی باشوور دوایین جار نزیکەی ٢٬٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر تەقیوەتەوە و لەوانەیە لە داھاتوودا بتەقێتەوە، کە ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر ژیان لە ناوچەکەدا. دوای ئەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکان لە ساڵی ٢٠٠١دا ھەڵئاوسانی زەوییان لە نزیک خوشکی باشوور دۆزییەوە، ڕووپێوی جیۆلۆژی ویلایەتە یەکگرتووەکان چاودێری کردنی ناوچەکەی باشتر کرد. (تەواوی وتار...)