بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ویکیپیدیا:بژار/پرسیارە دووپاتکراوەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەم پەڕە وەڵامی ئەو پرسیارانە لەخۆ دەگرێت کە زۆرترین جار لەسەر ئامڕازی پشکنینی ڕێنووسی بژار لەلایەن بەکارھێنەرانەوە دەکرێن.

پرسیارە گشتییەکان

[دەستکاری]

بژار چییە و ئامانج لێی چییە؟

[دەستکاری]

بژار ئامڕازێکی پێشکەوتووی نیمچە خۆگەڕی ڕاستکردنەوەی ڕێنووسە کە بەتایبەتی بۆ زمانی کوردیی ناوەندی پەرەی پێ دراوە. جیاواز لە فەرھەنگە ئاسایییەکان، بژار پشت بە شیکردنەوەی پێکھاتەناسیی وشەکان دەبەستێت. ئامانجەکانی بریتین لە:

  • دۆزینەوە و چاککردنی ھەڵە ڕێنووسییەکان بە پێشنیارکردنی وشەی ڕاست بۆ وشە ھەڵەکان بەپێی نزیکیی پیتەکان.
  • یەکخستنی شێوازی نووسین لە وتارەکانی ویکیپیدیادا.
  • ھەوڵێک بۆ دروستکردنی کۆرپەسێکی خاوێن بۆ کوردی.

چۆن یان بۆچی ناوی لێ نرا «بژار»؟

[دەستکاری]

وشەی بژار لە زمانی کوردیدا بە واتای پاککردنەوەی دەغڵودان لە چەڵتووک و، چیمەن لە گیای زەرد و سیس و زیانبەخش دێت. وەک چۆن جووتیار کێڵگەکەی بژار دەکات بۆ ئەوەی بەرھەمەکەی پاک و بێگەرد بێت، ئەم ئامڕازەش دەقە کوردییەکان لە ھەڵە و کەموکورتی پاک دەکاتەوە. ناوەکە لەلایەن Zemen پێشنیار کرا و دوای ڕاپرسی، بە یەکدەنگیی کۆمەڵگە پەسەند کرا. بڕوانە وتووێژ.

سەرچاوەی وشەکان و دراوەی بژار چییە؟

[دەستکاری]

بنکەدراوەی بژار لە دوو سەرچاوەی سەرەکییەوە پێکھاتووە کە بە وردی کاریان لەسەر کراوە:

  • وشە گشتییەکان: بنچینەکەی پشت بە دراوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ی ویکیپیدیا (لە پڕۆژەی KurdishResources) دەبەستێت. ئەم دراوەیە لەلایەن پەرەپێدەرەوە بە وریایییەوە پاڵاوتە کراوە؛ وشەی بیانی (وەک فارسی و عەرەبی) و وشە ھەڵەکانی لێ دەرھێنراوە و بۆ بەکارھێنان ئامادە کراوە.
  • کارەکان: خشتەیەکی تێروتەسەل لە ٥٠٩ کاری سادە بەکارھاتووە. ئەمە بەرھەمی ھەوڵێکی ھاوبەشی سێ چوار بەکارھێنەری چالاکی ویکیپیدیا بوو (بە مەبەستی دروستکردنیان لە ویکیفەرھەنگ)، کە دواتر بۆ دروستکردنی مەکینەی کارەکانی بژار کەڵکی لێ وەرگیرا. لە کواری ٩٩٢١٨ بەرھەمی کارەکان ببینە.

بژار دەستکاریی کۆدەکانی ویکی دەکات؟

[دەستکاری]

لە دۆخی ئاسایی، نەخێر. بژار خاوەنی تایبەتمەندییەکە بە ناوی «دۆخی سەلامەت». لەم دۆخەدا پێشی پشکنین، سەرجەم داڕێژەکان، بەستەرەکان (نەک دەقەکانیان)، پەڕگەکان (نەک لێدوانەکانیان)، پۆلەکان و تاگەکانی ئێچ تی ئێم ئێڵ و میدیاویکی دەشارێتەوە بۆ ئەوەی بە ھەڵە دەستکاری نەکرێن و بەستەر و ناوەکان بشکێنێت. تەنیا دەقە سادەکان دەپشکنێت.

تێبینی: لە ئێستادا بەکارھێنەرە متمانەپێکراوەکان وەک بەڕێوەبەران دەتوانن «دۆخی سەلامەت» ناچالاک بکەن بۆ پشکنینی ناوەڕۆکی داڕێژە و بەستەرەکان و …ھتد، بەڵام ئەم کارە پێویستی بە وریایییەکی زۆرە چونکە دەست ناپارێزێت؛ ئەگەر شارەزا نیت، تکایە بە چالاکی بیھێڵەرەوە.

بژار خاڵبەندی و ڕێزمانیش چاک دەکات؟

[دەستکاری]

لە ئێستادا، نەخێر. بژار تەنیا تایبەتە بە ڕاستکردنەوەی «وشە» و «ڕێنووس». بۆ چاککردنی خاڵبەندی و کێشەکانی ویکی، ئامڕازێکی تر بە ناوی تووڵامراز بەردەستە. ھەرچەندە «تووڵامراز» و «بژار» دوو ئامڕازی جیاوازن و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە، بەڵام تەواوکەری یەکترن بۆ باشترکردنی وتارەکان. باشترە پێشی بژار، کەڵک لە تووڵامڕاز وەرگریت، بەڵام وریا بە؛ تووڵامڕازیش ھەڵە دەکات.

وشەیەک ڕاستە، بەڵام بژار بە ھەڵەی داناوە. چی بکەم؟

[دەستکاری]

بژار ھەموو وشەکانی زمانی کوردی نازانێت و فەرھەنگەکەی بەردەوام لە فراوانبووندایە. ئەگەر دڵنیایت وشەکە ڕاستە:

  1. کرتە لەسەر وشەکە بکە.
  2. دوگمەی «داوای زیادکردنی بکە» ھەڵبژێرە.

داواکارییەکە بۆ بەڕێوەبەرانی ئامڕازەکە دەنێردرێت و دوای پێداچوونەوە زیاد دەکرێت.

لە کاتی ناردنی داواکاریی وشەکان، دەزانن من کێم یان لەسەر چی دەقێک کار دەکەم؟

[دەستکاری]

نەخێر، بە ھیچ شێوەیەک نازانرێت کێیت و لەسەر چی کار دەکەیت. پاراستنی تایبەتمەندیی بەکارھێنەران لە پێشینەیە. کاتێک داوای زیادکردنی وشەیەک دەکەیت، تەنیا «وشەکە» دەنێردرێت و تەواوی ئەو دەقە یان وتارەی کاری لەسەر دەکەیت لای ئێمە نادیارە و وەرناگیرێت.

سەبارەت بە ناسنامەش، سیستەمەکە ناسنامەکەت (ڕاشکاوانە user_id کە تاکە نرخی نەگۆڕی تۆیە) وەردەگرێت، بەڵام:

  • سیستەمەکە ھەر لەسەر وێبگەڕەکەی خۆت و بە ئەلگۆریتمی بەھێزی SHA-256، ناسنامەکەت دەشێوێنێت و دەیکاتە کۆدێکی ٦٤ نووسەیی و پاشان لە بەشی پشتەوەش لەگەڵ وشەکە تێکەڵ دەکرێت و کۆدێکی تری ٦٤ نووسەیی تازە بەرھەم دێت.
  • ئەم کۆدە بە شێوەیەکی بەرچاو لە بنکەدراوەکە پاشەکەوت دەکرێت کە ئەمە تەنیا بۆ ئەوەیە ڕێگری بکرێت لەوەی یەک کەس زیاتر لە جارێک ھەمان وشە بنێرێت.
  • ھیچ کەسێک (تەنانەت پەرەپێدەرانیش) ناتوانن لە ڕێگەی ئەو کۆدەوە بزانن تۆ کێیت.

وشەیەکم زیاد کرد و پەسەند کرا، بۆچی ھێشتا بە ھەڵە دیاری دەکرێت؟

[دەستکاری]

وشەکە پەسەند کراوە، بەڵام پەسەندکردنی بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بێتە ناوی سیستمەکەوە. بۆ ئەوەی وشە نوێیەکان کار بکەن، دەبێت ڕاژەی بژار بکوژێتەوە و داگیرسێتەوە. بەڕێوەبەران بۆ تاکە وشەیەک یان چەند وشەیەکی کەم ئەمە ناکەن، بەڵکوو چاوەڕێ دەکەن تا کۆمەڵێک وشە کۆببێتەوە و پێکەوە نوێی دەکەنەوە.

مەبەست لە «جیاوازی» چییە؟

[دەستکاری]

لەسەر ڕووکاری ئامڕازەکە بژاردەیەک ھەیە بۆ دیاریکردنی «جیاوازی» (لە ١ تا ٣). بژار بەپێی ئەلگۆریتمی جیاوازیی لێڤنشتاین کار دەکات، کە جیاوازیی وشە ھەڵەکە لەگەڵ وشە ڕاستەکە بەپێی پیتەکان دەپێوێت.

  • ١: واتە وشە ھەڵەکە تەنیا ١ پیتی جیاوازە (زۆر وردە).
  • ٣: واتە وشە ھەڵەکە تا ٣ پیتی جیاوازە (پێشنیاری زیاتر دەدۆزێتەوە بەڵام ڕەنگە ورد نەبێت).

بەھۆی تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی (وەک پیتی «وو» کە بە ٢ پیت ھەژمار دەکرێت)، پێشنیار دەکرێت جیاوازییەکە لەسەر ٢ یان ٣ بێت.

بۆچی ئەو وشەیەی من بیری لێ دەکەمەوە لە پێشنیارەکاندا نییە؟

[دەستکاری]

ڕەنگە ھۆکارەکە یەکێک لەمانە بێت:

  • ڕێکخستنی جیاوازی: ئەگەر جیاوازییەکە لەسەر «٢» بێت، بەڵام وشەکەی تۆ «٣» پیت ھەڵەی تێدا بێت، ئامڕازەکە نایدۆزێتەوە. بۆ نموونە، جیاوازییەکە لەسەر ٢ دانرابێت و وشە ھەڵەکە «خالخالوکە» بێت، ئەوا پێشنیاری «خاڵخاڵۆکە» نابینیت؛ دەبێت جیاوازییەکە بکەیتە ٣.
  • ژمارەی پێشنیارەکان: ڕەنگە وشەکە دۆزرابێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەی پێشنیارەکانت سنووردار کردووە (بۆ نموونە ٥ دانە)، ئەم وشەیە دەرنەکەوتووە.

بۆچی ھەندێک جار پێشنیارەکان سەیرن؟

[دەستکاری]

دەکرێت تایبەتمەندیی زمان و شێوازی بژار کە بە شێوەیەکی پێکھاتەیی کار دەکات ھۆکاری سەرەکی بێت. دەکرێت لە تەنیا یەک ناو نزیکەی ١٬٠٠٠ وشەی تر دروست ببێت. بۆ نموونە «سێو» دەکرێت بکرێتە «سێوان» کە دروستە، بەڵام بە ھەمان شێوە «خۆر» دەکاتە «خۆران» کە دروست نییە (چونکە تەنیا یەک خۆر ھەیە). یان دەکرێت بڵێین «بمدوێنە» کە دروستە، بەڵام «بمخوێنە» دروست نییە لە کاتێکدا ھەردووکیان لە ئاکامی ھەمان ڕێسا دروست بوونە.

پرسیارە تەکنیکییەکان

[دەستکاری]

دەتوانم بژار لە دەرەوەی ویکیپیدیا بەکار بھێنم (API)؟

[دەستکاری]

بەڵێ، بەڵام بە مەرج. بژار خاوەنی ئەی پی ئاییەکی گشتییە کە بەردەستە بۆ بەکارھێنان. بەڵام لەبیرتان بێت کە ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە خزمەتکردنی ویکیپیدیای کوردییە. ئەگەر بەکارھێنانی دەرەکی ببێتە ھۆی بارگرانی لەسەر ڕاژەکانمان، ناچار دەبین دەستگەیشتن بە API سنووردار بکەین. تکایە بە وریایییەوە بەکاری بھێنن.

چۆن دەتوانم ئاگاداری دۆخی بنکەدراوە و ئامارەکان بم؟

[دەستکاری]

سەرەتا، زانیارییەکانی ناوی بنکەدراوەی بژار (وشەکان، کارەکان، و ھتد) ڕاستەوخۆ نین و پەیوەستن بە کاتی کارپێکردنەوەی ڕاژەکە. بۆ ئامارەکانی فەرھەنگەکە، دەتوانن لە bijar.toolforge.org بیانبینن، و بۆ بینینی ژمارەی ڕیز و قەبارەی خشتەکانی بنکەدراوەکە دەتوانن کەڵک لەم بەستەرانەی ئامڕازی tool-db-usage وەربگرن: