وشکبوونەوە
لە فیسیۆلۆژیدا، وشکبوونەوە (بە ئینگلیزی: Dehydration) بریتییە لە کەمبوونەوەی تێکڕای ئاوی لەش کە دەبێتە ھۆی تێکدانی کردارەکانی مێتابۆلیزم.[١] ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە لەدەستدانی ئاوی پتر بێت لە وەرگرتنی، کە زۆرجار بەھۆی ئارەقکردنی زۆر، دۆخی تەندروستی، یان نەخواردنەوەی ئاوی پێویست دروست دەبێت. وشکبوونەوەی سووک ھەروەھا دەکرێت بەھۆی میزکردنی نوقمبوون (immersion diuresis)ەوە دروست ببێت، کە لەوانەیە مەترسیی نەخۆشیی پەستان لە نوقمبوواندا زیاد بکات.
زۆربەی خەڵک دەتوانن بەرگەی کەمبوونەوەی ٣-٤٪ی ئاوی گشتیی لەش بگرن بەبێ گرفت یان کاریگەریی خراپی تەندروستی. کەمبوونەوەی ٥-٨٪ دەبێتە ھۆی ماندووێتی و سەرگێژخواردن. لەدەستدانی زیاتر لە ١٠٪ی ئاوی گشتیی لەش دەبێتە ھۆی تێکچوونی جەستەیی و دەروونی، کە لەگەڵیدا تینووێتیی توند دروست دەبێت. مردن بەھۆی لەدەستدانی ١٥ بۆ ٢٥٪ی ئاوی لەشەوە ڕوودەدات.[٢] وشکبوونەوەی سووک زۆرجار بە چارەسەری وشکبوونەوە بە دەم چاک دەبێتەوە، بەڵام حاڵەتە توندەکان پێویستیان بە شلەی ناو خوێنبەر دەبێت.
وشکبوونەوە دەکرێت ببێتە ھۆی بەرزیی سۆدیۆمی خوێن (ئاستی بەرزی ئایۆنەکانی سۆدیۆم لە خوێندا). ئەمە جیاوازە لە کەمبوونی قەبارەی خوێن (لەدەستدانی قەبارەی خوێن، بەتایبەتی پلازمای خوێن).
وشکبوونەوەی درێژخایەن دەکرێت ببێتە ھۆی بەردی گورچیلە ھەروەھا گەشەسەندنی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە.[٣][٤]
ھۆکارەکان
[دەستکاری]وشکبوونەوە بەھۆی نەخواردنەوەی ئاوی پێویست، یان لەدەستدانی بڕێکی زۆر شلە لەوەی کە وەریدەگریت دروست دەبێت؛ جا لە ڕێگەی ئارەقکردنەوە، فرمێسک، ڕشانەوە یان سکچوون بێت. توندیی وشکبوونەوە پشت بە ھەندێک فاکتەر دەبەستێت وەک کەشوھەوا، ئاستی چالاکیی جەستەیی و خۆراک.
نیشانەکان
[دەستکاری]نیشانەکان بریتین لە تینووێتی و گۆڕانکاریی دەماریی وەک سەرئێشە، نائاسوودەیی گشتی، و ماندووبوون. نیشانەکانی وشکبوونەوە تا دێت توندتر دەبن لەگەڵ زیاتر لەدەستدانی ئاوی لەش. وشکبوونەوەی مامناوەند دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی توانای مەعریفی (تەرکیز و بیرکردنەوە). لەکاتێکدا لە کەسانی سەروو تەمەن ٥٠ ساڵیدا، بە ھەڵکشانی تەمەن ھەستکردن بە تینووێتی کەم دەبێتەوە. لێکۆڵینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە ھیچ جیاوازییەک لە وەرگرتنی شلە لە نێوان گەنج و پیردا نییە، بەڵام زۆر لە بەساڵاچووان دوچاری نیشانەکانی وشکبوونەوە دەبن بەھۆی کەمتر ھەستکردن بە تینووێتی.
نیشانەکانی وشکبوونەوە لە گەورە و منداڵدا بریتین لە:
- ھەستکردن بە تینووێتی
- میزێکی ڕەنگ تۆخ (زەردی تۆخ)
- ھەستکردن بە گێژبوون یان سووکبوونی سەر
- ھەستکردن بە ماندووبوون
- وشکبوونی دەم، لێوەکان و چاوەکان
- کەم میزکردن (کەمتر لە ٤ جار لە ڕۆژێکدا)
دیاریکردنی نەخۆشییەکە
[دەستکاری]لەسەر بنەمای نیشانە جەستەییەکان، پزیشک دەتوانێت دۆخەکە دەستنیشان بکات. ئەگەر تووشی وشکبوونەوە بووبیت، لەوانەیە فشاری خوێنت دابەزێت، بەتایبەتی کاتێک لە شوێنی ڕاکشانەوە بۆ شوێنی وەستاو دەجوڵێیت، لێدانی دڵ خێراتر دەبێت لە ڕێژەی ئاسایی و ڕۆیشتنی خوێن بۆ پەلەکان کەم دەبێتەوە. بۆ دڵنیابوون لە دەستنیشانکردن و دیاریکردنی پلەی وشکبوونەوەکە، لەوانەیە پشکنینی دیکەت بۆ بکرێت، وەک:
خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردن
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Mange K، Matsuura D، Cizman B، Soto H، Ziyadeh FN، Goldfarb S، Neilson EG (تشرینی دووەمی ١٩٩٧). «Language guiding therapy: the case of dehydration versus volume depletion». Annals of Internal Medicine. ١٢٧ (9): ٨٤٨–٨٥٣. doi:١٠.٧٣٢٦/٠٠٠٣-٤٨١٩-١٢٧-٩-١٩٩٧١١٠١٠-٠٠٠٢٠. PMID ٩٣٨٢٤١٣. S2CID ٢٩٨٥٤٥٤٠.
- ↑ Ashcroft F, Life Without Water in Life at the Extremes. Berkeley and Los Angeles, 2000, 134-138.
- ↑ Seal AD، Suh HG، Jansen LT، Summers LG، Kavouras SA (٢٠١٩). «Hydration and Health». لە Pounis G (ed.). Analysis in Nutrition Research (بە ئینگلیزی). Elsevier. لاپەڕە ٢٩٩–٣١٩. doi:١٠.١٠١٦/b٩٧٨-٠-١٢-٨١٤٥٥٦-٢.٠٠٠١١-٧. ژپنک ٩٧٨-٠-١٢-٨١٤٥٥٦-٢.
- ↑ Clark WF، Sontrop JM، Huang SH، Moist L، Bouby N، Bankir L (٢٠١٦). «Hydration and Chronic Kidney Disease Progression: A Critical Review of the Evidence». American Journal of Nephrology. ٤٣ (4): ٢٨١–٢٩٢. doi:١٠.١١٥٩/٠٠٠٤٤٥٩٥٩. PMID ٢٧١٦١٥٦٥.
- www.webmd.com
- www.healthline.com