شەڕەکانی خاچھەڵگران

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە هەڵمەتە خاچپەرستییەکانەوە ڕەوانە کراوە)
شەڕەکانی خاچھەڵگری
لقیmilitary campaign
ڕێکەوتی دەستپێکردن١ی کانوونی دووەمی ١٠٩٥
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن١ی کانوونی دووەمی ١٢٩١
پێڕستlist of main crusades to the land of Israel
گەمارۆدانی ئەنتاکیە لە نێوان شەڕەکانی خاچھەڵگری ھەوەڵ، لەلایەن ژان کۆلۆمب

ھەڵمەتی خاچھەڵگرتن یان شەڕی خاچھەڵگران، بە شێوەیەکی گشتی بەو ھەڵمەت و شەڕانە ئەوترێت کە ئەوروپیەکان پێی ھەستان لە کۆتاییەکانی سەدەی ١١ تا سێیەکی کۆتایی سەدەی ١٣ (١٠٩٦-١٢٩١)، بەو ناوە ناسراوە لەبەرئەوەی ئەوانەی بەشداربوون تیایدا لە ژێر ناوی ئاینی مەسیحییەت و دروشمی خاچدا کۆبوونەوە لە پێناوی بەرگریکردن لێی و لەسەر سنگ و شانی جلەکانیان ھێمای خاچیان بە قوماشی سور ئەدووری. ئامانجی سەرەکیان دەستگرتن بوو بەسەر خاکەکانی ڕۆژھەڵات کە لەو کاتانەدا ڕۆژھەڵات سەرچاوەی سەروەتەکان بوو.

ھۆکاری یەکەم لە ڕووخانی بیزەنتییەکان ئەو وێرانبوونە بوو کە لە ئەنجامی ھەڵمەتەکانی یەکەمی خاچھەڵگران کەوتەوە کە لە قوستەنتینیەی پایتەختی ئەو کاتەی بیزەنتیەکانەوە دەرئەچوون.

شەڕی خاچھەڵگری زنجیرەیەک ململانێی سەربازی ئایینی بوو کە زۆربەی ئەوروپیە مەسیحییەکان لە ژێر ھەڕەشەی ناوخۆو دەرەوەدا چوونە ناویەوە لە دژی موسڵمانان. لە بنەڕەتدا ئامانجی شەری خاچھەڵگری داگیرکردنی قودس و زەوییە پیرۆزەکانی موسڵمانان بوو، و سەرەتای دەرچوونی ھەڵمەتەکان لە وەڵامی بانگەوازێکی ئیمپڕاتۆری بیزەنتی بوو بۆ یارمەتی دانی لە دژی فراوانبوونی موسڵمانە سەلجوقیەکان لە ئەنادۆڵ.

ھەروەھا زارەوەی شەڕی خاچھەڵگری بەکاردێت بۆ وەسفی ھەندێک لەشەڕەکانی چەرخە نوێکان و ئەوانەی دواتر.

ناونان[دەستکاری]

خاچھەڵگرەکان

خاچھەڵگرەکان لە دەقە عەربیەکاندا بە فەڕەنجیەکان ناوبراوون، و ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان بە بە شەڕی فەڕەنج، بەڵام لە ڕۆژئاوادا خاچھەڵگرەکان چەند ناوی جیاواویان ھەیە وەک باوەڕدارەکانی قەدیس بوتڕس (fideles Sancti Petri) یان سەربازەکانی مەسیح (milites Christ)، و ئەو پاڵنەرە ئاینییەی کە لە خاچھەڵگرەکاندا ھەبوو خۆیان بە حەجاج ناو دەبرد و ناوی (حەجاجە چەکدارەکانیان) بۆ بەکار ھاتووە لەبەر ئەوەی حەجاج خۆیان چەک ھەڵناگرن، و خاچھەڵگرەکان پەیمانیان دابوو یان سوێندیان خواردبوو، کە بگەنە قودس.

لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا ئەم شەڕانە لای ئەوروپیەکان بە ڕۆیشتن و سەردان (peregrinatio) و ڕێگا بۆ زەوییە پیرۆزەکان (iter in terram sanctam) ئاماژەیان بۆکراوە، و زارەوەی ھەڵمەتی خاچھەڵگری یان ھێرشی خاچھەڵگری دەرکەوت لە لێکۆڵینەوەی مێژووناسی بیلات لویسی نۆزدەیەم، لویس ممبور ١٦٧٥.

ڕێڕەوی مێژوویی[دەستکاری]

بارودۆخ لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵات[دەستکاری]

بوونی ئیسلامی لە زەوییە پیرۆزەکان دەستی پێکرد لەگەڵ سەرەتای فەتحی ئیسلامی بۆ فەلەستین لە سەدەی حەڤدەدا و لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتاب، وھیچ ھاتنە ناوەوەیەک نەبوو لەمبارەیەوە و دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا گرنگیەکی کەمتریان ھەبوو بۆ لەدەستدانی قودس، لە سەدەکانی دواتردا لە ڕێگەی غەزووەکانی تری موسڵمانان و سەرکەوتنیان فشارێکی زیادی کردە سەر ئیمپڕاتۆری بیزەنتی ئەرسەدۆکسی ڕۆژھەڵاتی.

لە ھۆکارەکانی تر کە ڕؤڵی ھەبوو لەم گۆڕانکاریەدا لە ھەڵوێستی ڕۆژئاوا بەرامبەر ڕۆژھەڵات ساڵی ١٠٠٩ ڕوویدا، کاتێک خەلیفەی فاتیمی حاکم بیئەمرلا فەرمانی کرد بە تیکدانی کەنیسەی قیامە لە فەلەستین[١]، ھاوکات لەگەڵ ئەو ئازارانەی بەسەر مەسیحییە ڕۆژھەڵاتیەکانی میسردا ھات[٢]، ھەروەھا عێراق و وڵاتی شام لە سەردەمی خەلیفەی عەبباسی نۆیەم متوەکیل عەلاڵا کە لەگەڵ مەسیحی و یەھودییەکاندا ئازاری ھەموو ئەوانەی ئەدا کە لەگەڵیا نەبوونایە لەسەر مەزھەبی شافعی[٣]، لەگەڵ ئەوەی ئایینی ئیسلام فەرمان ناکات بە تێکدانی کەنیسەکان، لە ساڵی ١٠٣٩ ڕێگە درا بە ئیمپڕاتۆری بیزەتنی تا بنیاتی کەنیسەی قیامە بنێتەوە و ڕێگە بە حەجی مەسیحییەکان درایەوە بۆ زەویە پیرۆزەکان لە پێش و دوای بنیاتنانەوەی کەنیسەکەدا.

پاپا ئەسکەندەری دووەم

بارودۆخی دەوڵەتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا[دەستکاری]

بنەڕەتی ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان خۆی حەشاردابوو لەو بەروپێشچوونانەی لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا ڕوویدا لە کاتێکی پێشتر لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا، ھاوکات لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی ئیمپراتۆری بیزەنتی لە ئەنجامی ھێرشی تورکە موسڵمانەکاندا.

داڕمانی ئیمپڕاتۆری کارۆلانجی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆیەمدا، لەگەڵ جێگیربوونێکی ڕێژەیی سنورە ئەوروپیەکان دوای سەرکەوتنی فایکنگ و سلافە و مەجەڕ، چینێکی چەکدار دروستبوون کە لە جێگەکانی تردا یەکتریان ئەکوشت و تیرۆری خەڵکی ناوچەکانیان ئەکرد، کەنیسە ھەوڵی دا ئەو توندوتیژییە کەم بکاتەوە بە بزوتنەوەی ئاشتی و ئاگربەست لەگەڵ خوادا کە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون، بەڵام چینە جەنگاوەرەکان ھەموو کات ھەوڵی فرسەتێکیان بوو بۆ دەرخستنی تواناکایان، بێجگە لە ئیسپانیا و پورتوگال کە سەربازەکانی ئەوێ لە ڕووی ئیسلامدا ئەوەستان، پاپا ئەسکەندەری دووەم دوعای بۆ مەسیحییەکانی ئیبیریا کرد لە جەنگەکانیان لە دژی موسڵمانان.

ھەروەھا ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان سەرەتا بێجگە لە بەرەنگاری ئیسلام لە دژی نەیارەکانی پاپا ئەجەنگان، خاچەرستەکان لە باکووری فەرەنساوە بەرەو باشووری ڕۆیشتن تا ھەڕاتقە ئەلبیجینسیەکان بکوژن، لە سەرەتای سەەی ١١ بەرگری دروست بوو لە دژی کەنیسەی پاپای ڕۆما و دەستگرتنی بەسەر کاروباری ژیاندا، ناکۆکی توند بەردەوام بوو و لە ساڵی ١٢٠٠دا پاپای ڕۆما کۆنترۆڵی ئەلبیجینسیەکانی بینی بەسەر باشووری فەرەنسادا، لەبەرئەوە شەری خاچھەڵگریان ڕاگەیان بەسەریاندا لە ساڵی ١٢٠٩ فەرمانڕەواکانی باکووری فەرەنسا ھەڵمەتیان بردە سەر ئەلبیجنسییەکانی باشوور و ناوچەکانیان دابەش کردن.

سەرەتای شەڕی خاچھەڵگری لەو ماوەیەدا دێت کە ئەوروپا سەرکەوت بە گشتی دوای ئەوەی فایکینگ و سلاف و مەجەڕ بوون بە مەسیحی، لەبەرئەوە چینە جەنگاوەرە ئەوروپیەکان بە بێ دوژمن مانەوە، لەبەر ئەوە ترس و تۆقانیان بڵاو ئەکردەوە لە نیو خەڵکدا دەستیان کرد بە تاڵانکردن و ڕێگە گرتن و کوشتن لە نێو خۆیاندا، و لەسەر کەنیسە پێویست بوو کە ھەوڵی کەمکردنەوەی ئەو توند وتیژیانە بدات تا دەست بگرن بەسەر ئاژاوە گشتیەکەدا، لەو کاتانە بوار ڕەخسا بۆ ئەوروپیەکان تا گرنگی بدەن بە بابەتی زەوییە پیرۆزەکان کە موسڵمانان چەند سەدەیەک بوو فەتحیان کردبوو، و کەنیسە ڕۆلێکی بەرچاوی ھەبوو لەو شەڕانەی لە ئیسپانیا دا ڕوویاندا کاتێک پاپا ئەسکەندەری دووەم ساڵی ١٠٦٣ ئەوانەی پیرۆز ئەکرد کە ئەڕۆیشتن بۆ ئەندەلوس، ئەمەش ڕۆڵێکی دیاری ھەبوو لە دروستبوونی بیرۆکەی شەڕی پیرۆز.

پاڵنەرەکان[دەستکاری]

پاڵنەری بنەڕەتی[دەستکاری]

لە دوای سەرکەوتنی سەلجوقیەکان بەسەر بیزەنتییەکاندا، بیزەنتییەکان داوای یارمەتیان لە مەسیحیەکانی فەرەنسا کرد لەسەر ئەو بنەمایەی ھاوئایینن، و پاڵنەرە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان ھۆکاری سەرکی بوون لە بەرگری کردن لە ڕۆمە بیزەنتیەکان.

پاڵنەری ئاینی[دەستکاری]

بانگەوازی پاپاکان بوو بۆ شەڕی خاچھەڵگری کە پاپا ئۆربانی دووەم دەستی پێکرد لە تشرینی دووەمی ١٠٩٥ دوای ئەوەی پیاوە ئایینیەکانی کۆکردەوە لە شاری کلیر مۆنت فرانی فەرەنسی، و زۆربەی ئەو ھەڵمەتانە پاکانەی بۆ ئەکرا بە جێبەجێکردنی (ویستی پەروەردگار) لە ڕێگەی حەجکردن بۆ زەوییە پیرۆزەکان بۆ پاکبوونەوە لە گوناە، و ئەو بانگەوازانە باسی لە ئازاردانی حوکمی ئیسلامی ئەکرد بۆ مەسیحییەکانی زەوییە پیرۆزەکان و دوای ئازادکردنیانی ئەکرد، بە تایبەت دوای تێکدانی کەنیسەی قیامە لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٠٠٩بە فەرمانی خەلیفەی فاتیمی حاکم یبئەمرلا، و ئەم پاڵنەرە ئاینییانە گەڕانە دواوە بە تێپەڕبوونی کات تا گەیشتنە ئاستی تێکدانی شاری قوستەنتینیەی مەسیحی ڕۆژھەڵاتی لە ھەڵمەتی خاچھەڵگری یەکەم و چوارەمدا لەسەر دەستی خاچھەڵگرەکان خۆیان.

پاڵنەری کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

بەپێی یاسای پەیڕەوکراوی میرات لە ئەوروپادا، کوڕە گەورەکە ھەموو موڵکە جێگیرەکانی باوکی و بەندەکانی وەرئەگرێت، و موڵکە ناجێگیرەکان دابەش دەکرێن لە نێو مناڵەکانی تریدا، بە ھۆی ئەمەوە چینێک دروست بوو لە زەنگین و پێشەواکان کە ھیچ موڵکێکیان نەبوو، و نازناوی (بێ زەوی) و (تیاچوو)یان لێنرا لەبەر ئەوەی موڵکی زەوی و زاریان نەبوو، زۆربەی ئەمانە لە ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکاندا فرسەتی بەدەستھێنانی زەوییان ئەبینی لە ڕۆژھەڵاتدا، و ھەندێکی تر فرسەتی فراوانکردنی موڵکەکانیان ئەبینی بە خستنەسەری موڵکی تازە، ھەروەھا ھەژارەکان بە فرسەتێکی نوێیان ئەزانی بۆ ژیانێکی باشتر و ھۆکارێک بۆ دەرچوونیان لەو ژیانی بەندایەتییە کە تیایدا ئەژیان لە سایەی ڕژێمی دەربەگایەتی ئەوکاتە لە ئەوروپادا، ھەروەھا ویستی شارە کەنارییە ئەوروپیەکان بۆ بەدەستھێنانی دەسکەوتی بازرگانی نوێ لە گواستنەوەی جەنگاوەرەکاندا و ھەروەھا ویستی ھەندێک ئەسپسوارەکانی ئەوروپا لە ڕزگاربوونیان لە ڕژێمی دەربەگایەتی گەندەڵ لە ڕێگەی ژیان لە ڕۆژھەڵاتدا.

پەیوەندی لەگەڵ ئیسلام[دەستکاری]

پەیوەندیەەکانی دەرەوەی ئەوروپا لەگەڵ ھەڵکشانی ئیسلامیدا دڵنیایی نە دەبەخشی، موسڵمانان کە لەگەڵ بیزەنتییەکان ئەجەنگان لە سەدەی حەوتی زایینییەوە گەیشتنە شاخی بیرینی لە باکووری ئیسپانیا و باشووری فەرەنسا دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر باکووری ئەفریقادا، ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە ھاوسنووربوون لەگەڵ دەوڵەتی ئەندەلوسی ئیسلامی لە نیمچەدوورگەی ئیبیریا و دوورگەی سەقڵیە ھەستیان بە ھەڕەشەی کۆنتڕۆڵی ئیسلامی ئەکرد لە سەریان، ئەمەش پاڵینا بە ئەوروپیەکانەوە وەک بەرگریکردنێک لە ناوچەکانیان.

تەنگەژەی نێوان ڕۆما و قوستەنتینیە[دەستکاری]

پاپای ڕۆما پاڵپشتێکی گەورەی جەماوەری خۆی بینی لە دەستگرتن بەسەر زەوییە پیرۆزەکاندا، ھەروەھا بۆ دەستگرتن بەسەر کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی لە قوستەنتینیە کە ڕێگەیەک بوو بۆ یەکخستنەوەی کەنیسەکان لەژێر دەستیدا، و ھۆکارە ئابووری و ڕکەبەرییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە ھەڵمەتی خاچھەڵگری چوارەمدا کە بووە بە ھۆی کەمبوونەوەی بەردەوامیی بەرگری خاچھەڵگرەکان لە ئیمپڕاتۆری بیزەنتی تا دواتر ڕوخێنرا لەسەر دەستی سوڵتان محەمەد فاتیح.

ھەڵمەتە سەرەکیەکان[دەستکاری]

جیاکردنەوەی ڕووداوەکانی ماوەی شەڕەکانی خاچھەڵگری قورسە، بەڵام مێژوونوسان دابەشیانکردووە بۆ ئەم ھەڵمەتانەی خوارەوە؛

خاچھەڵگرەکان ئەچنە قودسەوە لە ١٥ی تەمموزی ١٠٩٩
1. کەنیسەی قیامە
2. مزگەوتی قوبە سەخڕە
3. دیوارەکان

ھەڵمەتی ھەژارەکان یان ھەڵمەتی جەماوەر[دەستکاری]

تێکشکانی هەڵمەتی خاچھەڵگری جەماوەر

ھەڵمەتێک بوو کە ھەژار و بەندەکان و جەماوەرێکی کەمی سوارەکان پێی ھەستان، بە بەڵێنی ڕزگاربوون و بەدەستھێنانی دەستکەوت ھۆکارێکی ڕازیکەربوو بۆ جێھێشتنی ژیانە ناخۆشەکەیان و ئازادکردنی قودس، و ئەم ھەڵمەتە بوتڕس ناسک سەرکردایەتی کرد تا گەیشتە قوستەنتینیەی پایتەختی ئیمپڕاتۆری بیزەنتی، کۆمەڵی خەڵکەکە ئەڕۆیشتن بێ وەستان و بێ ئەوەی چاوەڕوانی فەرمانی سەرکردایەتی بکەن، لە پاش خۆیان وێرانبوون و تاڵاکردنیان بە جێ ھێشت لە مەجەر (ھەنگاریا) و سربیا و یۆنان و ئاسیای بچوکدا، ھەتا ھێزەکانی سەلجوقیە موسڵمانەکان دەستیان بەسەرا گرتن لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ١٠٩٦ز، و ژمارەی خاچھەڵگرەکان ٢٥ ھەزار پیاو بوو.

ھەڵمەتی یەکەم[دەستکاری]

لە ئابی ١٠٩٦ لە لۆرینەوە تابوورەکان جوڵان بە سەرکردایەتی جودفری دی بوبونی چوارەم، و شوێنکەوتووەکانی چوونە پاڵی لە ژێر کاریگەری بانگەوازەکەی ھەڵمەتی ھەژارەکانی لێ دەرچوو، و ئەم دەستانە ڕۆیشتن لە ڕێگەی راین-دانووب کە پێشتر دەستەی جوتیارە ھەژارەکان لێوەی ڕۆیشتبوون، ھەتا گەیشتنە قوستەنتینیە لە کۆتایی ساڵی ١٠٩٦ز.

و ھەلمەتی یەکەم بوو بە ھۆی داگیرکردنی قودس لە ساڵی ١٠٩٩ و دامەزراندنی شانشینی قودسی لاتینی لەگەڵ چەند ناوچەیەکی تری دەسەڵاتداری خاچھەڵگری وەک ڕەھا و ئەنتاکیە و تەڕابلس لە شام.

و ئەو ناکۆکیانەی لە نیو فەرمانڕەوا موسڵمانە ناوخۆییەکاندا ھەبوو ڕۆڵێکی دیاری ھەبوو لەو شکستەی توشیان بوو، وەک ناکۆکیەکانی نێو فاتیمییەکان لە قاھیرە و سەلجوقییە تورکیەکانی ئەنادۆڵ لەو کاتەدا، و ھەوڵەکانی دەرکردنی خاچھەڵگرەکان شکستی خوارد وەک ھەوڵی وەزیر ئەفزەڵی فاتیمی کە گەیشتە عەسقەلان بەڵام دواتر گەڕایەوە لە بەردەم دەستەی پیاوە ڕێگرەکانی خاچھەڵگرەکان کە دەسەڵاتیان گرت بەسەر ھەندێک ناوچەی شام و فەلەستیندا دواتر.

ھەڵمەتی دووەم[دەستکاری]

پێشوازی ڕیمۆندی دووەم بۆ پاشای فەڕەنسا

ھەڵمەتی دووەم ساڵی ١١٤٧ دەستی پێکرد و ساڵی ١١٩٢ کۆتایی پێھات و ماوەیەکی ھێمنی بە دوادا ھات، بێرنارد دی کلیرفۆ بانگەوازی بۆ کرد، و لویسی حەوتەمی پاشای فەرەنسا و کونرادی سێیەمی ئیمپڕاتۆری ئەڵمانیا سەرکردایەتیان کرد، و ئەمە یەکەم ھەڵمەت بوو کە پاشاکان بەشداریان تێدا کرد، ھێزە ئەڵمانیەکان گورزێکی بەھێزیان لێدرا لەلایەن سوڵتانی قۆنیەی سەلجوقی، بە ھەمان شێوە فەڕەنسیەکان تێکشکێنران، سەلجوقییەکان خاچھەڵگرەکانیان ھیلاک کرد بە ھێرشە یەک لە دوی یەکەکانیان، و لە ٢٤ی تەمموزی ١١٤٧دا لویسی حەوتەم و کونرادی سێیەم لەگەڵ گەورەکانی قودس کۆبوونەوە، و ڕۆیشتن بۆ گەمارۆدانی دیمەشق لەبەرئەوەی گرتنی مژدەدەربوو بە دەستکەوتێکی زۆر. گەمارۆکە پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو لە ٢٣-٢٧ تەمموز بەڵام شکستی ھێنا، و لە ساڵی ١٠٩٧ ھێزە خاچھەڵگرەکان لە قوستەنتینیە کۆبوونەوەدوای خۆ ئامادەکردن لە بۆسفۆرەوە ڕۆیشتن بۆ شام و لە داستانێکدا بە سەلجوقیەکان گەیشتن کە سەلجوق شکان و خاچھەڵگرەکان دەستیانگرت بەسەر ئەنتاکیەدا لە باکووری شام، و یەکەم میرنشینی خۆیان تیا دامەزراند پاشان دەستیانگرت بەسەر ڕەھادا لە ھەرێمی دوورگەی باکووری و دووەم میرنشینی خۆیان دامەزراند و ڕۆیشتن بەرەو قودس و سوپای فاتیمییەکان نەیتوانی گەمارۆکەیان بشکێنێت کە مانگێکی تەواو بەردەوام بوو، و ڕۆیشتنە ناویەوە لە ١٥ی تەمموزی ١٠٩٩دا. و کوشتارگەیەکیان تیا بەرپاکرد و دەستیانگرت بەسەر ژن و مناڵ و پیاودا، یەک ھەفتە قودسیان وێران ئەکرد و خەڵکیان ئەکوشت ھەتا لە مەیدانی ئەقسادا حەفتا ھەزار موسڵمانیان کوشت، و ئەوترێت کە ڕێمۆندی سەرکردەی خاچھەڵگری مەعەرە نوعمانی گرتووە و سەد ھەزاری تیا کوشتووە و ئاگری تیا کردۆتەوە، پاشان دەوڵەتە گەورەکەیان دامەزراند کە ناسراوە بە شانشینی قودس.

شەڕی حەتین، لە نێوان موسڵمانان و خاچھەڵگران

و لەم ھەڵەمەتەدا، ھەندێک لە شارە گرنگەکانی شام وەک دیمەشق و حەلەب بە دەستی موسڵمانان مانەوە، دەستگیرا بەسەر قودسدا و خاچھەڵگرەکان وایان ھەست ئەکرد کە ئەرکە ئاینییەکان بە جێ ھێناوە بە گێرانەوەی بەیتولموقەدیس، و خاچھەڵگرەکان ئەم ھەڕێمەیان کرد بە چوار میرنشینەوە؛ میرنشینی ڕەھا ٤٩٢ک/١٠٩٨ز، و بەرزاییەکانی ڕووباری دیجلە و فوراتی ئەگرتەوە و سنوری باشووری ڕۆژئاوای نزیکبوو لە حەلەبەوە و پایتەختەکەی ڕەھا بوو و لە ھەندێک نەخشەدا بە ناوی ئیدریسا ھاتووە، بەڵام دووەمیان میرنشینی ئەنتاکیە بوو ئەکەوتە ھەرێمی باکوورەوە لە باشوری ڕۆژئاوای میرنشینی ڕەھا، پاشان میرنشینی تەڕابلس ئەھات کە ئەکەوێتە ھێڵێکی تەسکەوە لە سەر کەنار و بچوکترینیان بوو، بەڵام چوارەمیان شانشینی قودس بوو، و سنورەکانی ڕۆژھەڵاتی ئەگەیشتە بەیروتی ئێستا، پاشان بە دوای ڕووباری ئوردندا ئەڕۆیشت کە ھەندێک فراوان ئەبوو، و بەرەو باشوور ئەڕۆیشت تا کەنداوی عەقەبە، و پایتەختەکەی قودس بوو، بۆ ھەریەکێک لەم میرنشینانە میرێک یان فەرمانڕەوایەک ھەبوو، دەستیان گرت بەسەر قودسدا و سەرکەوتنەکەیان تەواوکرد و ھەموو ئەوروپا لە دڵخۆشیدا بوون، بەڵام ناکۆکیەکان گەڕایەوە نێوانیان بە توندتر.

شەڕی حەتین[دەستکاری]

لە ٤ی تەمموزی ١١٨٧ شەڕی حەتینی مێژوویی کەوتەوە، کە تیایدا سوڵتان سەلاحەددینی ئەیووبی سوڵتانی شام و میسر قودسی ئازادکرد لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١١٨٧ و گەڕاندیەوە بۆ موسڵمانان و سەرکەوتنێکی گەورەی لەم شەڕەدا بەسەر خاچھەڵگرەکاندا ھێنا و لە قودس کردنیە دەرەوە، ئەمەش بوو بە ھۆی ئەوەی پاپا گریکۆری ھەشتەم بانگەوازی ھەڵمتێکی خاچھەڵگری نوێ بکات.

ھەڵمەتی سێیەم[دەستکاری]

پاپا گریگۆریوسی ھەشتەم بانگەوازی بۆ کرد دوای ئەوەی سەلاحەددینی ئەیووبی قودسی ئازادکرد و گەڕانیەوە بۆ موسڵمانان لە ساڵی ١١٨٧ز، پاشای فەرەنسا فیلیپ ئۆگەست و پاشای ئینگلتەرا ڕیچارد شێردڵ و پاشای ئەڵمانیا فریدریک بارباروسا سەرکردایەتی ئەم ھەڵمەتەیان ئەکرد، بەڵام بەرباروسا خنکا لە ساڵی ١١٩٠ لە ڕووباری لامس و ڕیزەکانی ھێزەکەی پەڕتەوازە بوون، و ئینگلیز و فەرەنسیەکان ئامادەنەبوون بۆ ھەڵمەتەکە تا ساڵی ١١٩٠، و لە ڕێگەی ھەوڵی ڕیچاردی یەکەم بۆ فراوانکردنی دەسەڵأتی خۆی لەسەقڵیە پەیوەندیەکانیان تێکچوو لەگەڵ پاشای فەرەنسا و ھاوپەیمانیەکەی نێوانیان لاواز بوو.

خاچھەڵگرەکان گەمارۆی عەککایان دا کە خۆی بەدەستەوەدا لە ١٢ی حوزەیرانی ١١٩١، فیلیپ گەڕایەوە فەرەنسا و کوشتارگەیەکیان بەرپاکرد لە عەککا بە فەرمان و لە ژێر سەرکردیەتی ڕیچاردا، پاشان ھەوڵەکانی تەواوکرد بۆ داگیرکردنی شارەکانی تر بەڵام ھەموو ھەوڵەکانی شکستی ھێنا و لە ساڵی ١١٩٢ ڕێکەوتنی بەست لەگەڵ سوڵتان سەڵاحەددین و خاچھەڵگرەکان پارێزگاریان کرد بە ھێڵێکی کەناری لە سوڕەوە تا یافا، و سەڵاحەددین ڕێگەی دا بە حەجاج و بازرگانەکان بۆ سەردانی شاری قودس و شوێنە پیرۆزەکان.

ھەڵمەتی چوارەم[دەستکاری]

خاچھەڵگرەکان ئەچنە قوستەنتینیەوە

پاپا ئینۆقنیتۆسی سێیەم بانگەوازی بۆ کرد لە ساڵی ١٢٠٢، و پلانی سەرەتایی خاچھەڵگرەکان ئەوەبوو کە ھێزەکانیان بنێرن بۆ میسر، بۆ گورزوەشاندن لە ھێزی ئیسلامی گەورە لە ناوچەکەدا، پاشان لەوێوە ھێرش بەرنە سەر قودس، بەڵام بوندقییەکان کە ئەرکی ئاڕاستەکردن و دابین کردنی ھۆکارەکانی گواستنەوە و خۆراکی ھەڵمەتەەیان لە ئەستۆگرتبوو لە بەرامبەر ٨٥ ھەزار مارکی ئاڵتونی، کاریان کردە گۆڕینی ڕێڕەوی ھەڵمەتەکە و ناردیان بەرەو قوستەنتینیە، لەبەرئەوەی خاچھەڵگرەکان ئەو بڕە پارەیان دابین نەکردبوو کە لەسەری ڕێکەوتبوون، و ھەڵمەتەکە بوو بە ھۆی تێکدان و وێرانکردنی شاری قوستەنتینیەی پایتەختی ئیمپڕاتۆری بیزەنتی و ناوەندی ڕۆشنبیری ئیغریقی دێرین، و ئەم ھەڵمەتە بوو بە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان کە لەوەدوا پێویستیان بە ھۆکار و پاکانەیەکی بەھێز بوو لە کاتێکدا پێشتر ئیشەکە بە دەست کەنیسە بوو.

ھەڵمەتە مناڵانەکان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٢١٢ ڕوویدا و وەک ھەڵمەتی ھەژار و بەندەکانی سەرەتا وابوو لە ساڵی ١٠٩٦، مێژوونوسان جیاوازن لەسەری لەبەر کەمی ئەو نوسراوانەی لەسەری ھەیە.

ھەندێک لە مێژوونوسان ئەم دوو ھەڵمەتە وەک کۆبوونەوەیەکی ھەژار و بەندەکان ئەبیننی کە شکستیان خوارد، و ناونایان بە مناڵانە لەبەرئەوە نیە مناڵبوون بەڵکو وەک دەربڕینێکی وێنەیی بۆ کۆبوونەوەکەیان، بەڵام ھەندێک لە مێژوونوسان ئاماژە بەوە ئەکەن کە کۆمەڵێک مناڵ بەشدارییان تێدا کردووە.

چەندینیان لێ مرد بە ھۆی برسیەتی و بارودۆخی سەختەوە، و پەڕتەوازە بوون و کەوتنە دەستی جەردە دەریاییەکانەوە وەک بەندە فرۆشرانەوە، و بەشداربووەکان لەم دوو ھەڵمەتەدا نەیانتوانی بگەنە زەوییە پیرۆزەکان.

ھەڵمەتی پێنجەم[دەستکاری]

وێنەیەک ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٥، پاپا ئۆربانی دووەم بۆ کۆمەڵی کۆبوونەوەکە ئەدوێت لە کلیرمۆنت

پاپا ئینۆشنتیۆسی سێیەم ھەوڵی دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی خاچھەڵگری نوێی دایەوە لە ساڵی ١٢١٣، دەستی پێکرد بە ئامۆژگاری ئایینی ھەتا بەستنی کۆمەڵەی لاتینی چوارەم ساڵی ١٢١٥ و زنجیرەیەک کاروباری لە خۆ ئەگرت کە پەیوەست بوون بە ڕێکخستنی ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان.

ھێزەکانی مەجەر و باشووری ئەڵمانیا بە سەرکردایەتی ئنداردشی دووەم جوڵان لەگەڵ ھێزە نەمساوییەکاندا و گەیشتنە عەککا لێرەدا وەستان تا ھێزە ئەڵمانی و ھۆڵەندییەکان پێیان گەیشتن، و ڕوویانکردە شاری دومیات لە باکووری ڕۆژھەڵاتی دەلتای میسر لەسەر نیل، و دەستیان بە سەرداگرت لە ساڵی ١٢١٩، و لە ژێر سووربوونی پاپا ئۆنوریۆسی سێیەم و بیلاجیوسی نوێنەردا ھێرشەکەیان تەواو کرد بەرەو مەنسوڕە و لەو کاتەدا زریانی نییل دەستی پێکرد و میسریەکان بەربەستەکەیانکردەوە لەسەر ڕووبارەکە، و موسڵمانان ڕێگەی گەڕانەوەیان لە خاچھەڵگرەکان گرت و گەمارۆیان دان و سەدانیان لێ نوقم بوو بە ئاوی زریانەکە و ڕێکەوتن ڕوویدا لە ٣٠ی ئابی ١٢٢١ بۆ ماوەی ٨ ساڵ، و پێویست بوو لەسەر خاچھەڵگرەکان کە دومیات بە جێ بھێڵن، و جێبەجێیان کرد لە سەرەتای ئەیلولی ھەمان ساڵدا وبەمەش ھەڵمەتی خاچھەڵگری پێنجەم شکستێکی خێرای ھێنا.

ھەڵمەتی شەشەم[دەستکاری]

ئیمپڕاتۆر فریدریکی دووەم ھوھننشتاوفنی ئەڵمانی سەرکردایەتی کرد کە ئەیویست مەبەستەکانی جێبەجێ بکات لە ھاوینی ١٢٢٨، وئەم ھەڵمەتە پیرۆزکردنی پاپای بەدەست نەھێنا، لەبەرئەوە ئیمپڕاتۆر دواکەوت لە جێبەجێکردنی پەیمانەکەی بە ھەڵگرتنی خاچ، فریدریک وتوێژی کرد لەگەڵ سوڵتان کامل کە لە شوباتی ١٢٢٩ ڕیکەوتنیان بەست بۆ ماوەی ١٠ ساڵ سوڵتان دابەزی لە قودس بێجگە لە ناوچە پیرۆزەکەی و بەیت لەحم و ناسرە و بەشێک لە بازنەی سەیدا و تۆرۆن، و ئەمە یەکەم ھەڵمەت بوو کە دەرنەچوو بە پیرۆزکردنی پاپا.

لویسی نۆیەم، سەرکردایەتی هەڵمەتی خاچھەڵگری حەوتەمی کرد

ھەلمەتی حەوتەم[دەستکاری]

ئەو تێکشکاندنەی بەسەر دەستەی خاچھەڵگرەکاندا ھات ساڵی ١٢٤٤ و لەدەستدانی تەواوەتیان بۆ قودس بوو بە ھۆی ڕێکخستنی ھەڵمەتی خاچھەڵگری حەوتەم، لویسی نۆیەم پاشای فەڕەنسا سەرکردایەتی کرد و ڕۆیشت بەرەو میسر و ھەڵمەتەکە بەردەوام بوو لە ساڵی ١٢٤٨ تا ١٢٥٤، و دەستیان گرت بەسەر دومیات پاشان مەنسورە، بەڵام موسڵمانان بە سەرکردایەتی پاشای گەورە تۆران شا، سەرکەوتن لە تێکشکاندنی ھێزەکانیان و پاشماوەکانیان گەمارۆدان لە مەنسورە تا خۆیان دا بەدستەوە، و لویس بە دیل گیرا تا فیدیەکەی تەواوکرا ساڵی ١٢٥٠ گەڕایەوە بۆ عەککا و چوار ساڵ تیای مایەوە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا بە دەستی بەتاڵ.

ھەڵمەتی ھەشتەم[دەستکاری]

لویسی نۆیەم دەریکرد لە ساڵی ١٢٧٠ دوای سێ ساڵ دواکەوتن، و ژمارەیەکی کەم لە بارۆن و سوارە فەرەنسیەکان پێی ھەستان و مێژوونوسی ژیاننامەی لویسی نۆیەم کە بۆ ھەڵمەتی پێشتر لەگەڵیا بوو ئەمجارە نەچوو، و پاشا ناچاربوو حەماسی پێشەواکان بە پارە بکرێت بۆ ئەم ھەڵمەتە، و ھەرسێ کوڕەکەی و ھەندێک لە شوێنکەوتووانی پاشا لەگەڵیدا پەیمانی خاچھەڵگریان دا و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ھەڵمەتەکە لە توونسەوە دەست پێبکات.

وێنەیەکی ڕۆمانسی (دوایین خاچھەڵگر)، زیادبوونی سەرکەوتنەکانی موسڵمانان و تێکشکانەکانی مەسیحییەکان و تێکچوونی ئەوروپا بووە هۆی تەواوبوونی شەڕی خاچھەڵگری

وتوێژ دەستی پێکرد لەگەڵ میری توونس و کاتێک خاچھەڵگرەکان دابەزین لە توونس وتوێژەکە گەیشتە ڕێگەیەکی داخراو، دوای ئەوەی شارلی یەکەم برا بچوکی لویس و پاشای شانشینی نابۆلی پێیان گەیشتن دەستیان گرت بەسەر قەڵای قەرتاجی دیریندا، بەڵام درم بڵاوبوویەوە لەنێو ڕێزی سوارەکاندا و بەھۆی ئەمەوە پاشا مرد لەگەڵ ھەموو ئەندامانی خێزاەکەی بێجگە لە فیلیپی کوڕە گەورەی کە چاکبوویەوە، لە ڕۆژی مردنی پاشادا ٢٥ی ئابی ١٢٧٠ شارلی برای گەیشت و ھێزەکانی بە ھاوکاری ھێزەکانی لویس چەند شەڕێکی سەرکەوتوویان ئەنجامدا لە دژی میری توونس، و لە یەکی تشرینی دووەمی ١٢٧٠ ڕێکەوتنیان بەست و ١٧ ڕۆژ دوای ڕێکەوتنەکە خاچھەڵگرەکان تونسیان بەجێ ھێشت و ڕۆیشتن.

ھەڵمەتی نۆیەم[دەستکاری]

چەند ھەڵمەتێکی خاچھەڵگری تر ڕوویاندا بێجگە لە سەرەکیەکان لەوانە؛

  • ھەڵمەت بۆ سەر ھەراقتە ئەلبیجییەکان لە باشووری فەرەنسا ١٢٠٩ و ١٢٢٩.
  • ھەڵمەتی خاچھەڵگری بۆ سەر ئەسکەندەریە لە نیوان ساڵانی ١٣٦٥ و ١٣٦٩ بە سەرکردایەتی بوتڕسی یەکەم پاشای قوبرس.
  • ھەڵمەتی نیقیا، ساڵی ١٣٩٦.
  • لە سەدەی چواردەدا زیاتر لە ٥٠ ھەڵمەت دژی بڕوسییە ھادینیشییەکان و شاری لیتارۆ کرا کە فەرمانڕەواکانی ئەڵمانیا ڕێکیان خستن.
  • لە سەدەی پانزەدا ٤ ھەڵمەتی خاچھەڵگری دژ بە ھوسییە چیکییەکان ڕێکخرا.
  • لە ١٤٤٣ تا ١٤٤٤ دوایین ھەڵمەتی خاچھەڵگری دژی ئیمپڕاتۆری عوسمانی ڕێکخرا.

کاریگەری ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان[دەستکاری]

ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان کاریگەرییەکی گەورەیان ھەبوو لەسەر ئەوروپا لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا، لە کاتێکا زۆربەی قاڕەکە یەک بوون لەژێر ئاڵای پاپادا، بەڵام بە ھاتنی سەدەی چواردەی زایینی، بنەما دێرینەکەی مەسیحییەت نەما و بیرۆقراتی ناوەندی پێش کەوت کە لە پاشدا ئەم دەوڵەتە نەتەوەییانەی ئێستایان لێ پێک ھات وەک فەرەنسا و ئینگلتەرا و ئەڵمانیا و ئەوانی تر.

پەیکەری ڕیچارد شێردڵ لە لەندەن، ئینگلتەرا

ئەوروپیکان کاریگەربوون بە شارستانی عەربی و ئیسلامی لە ماوەی شەڕەکانی خاچھەڵگری، بەڵام ژمارەیەک لە مێژوونوسان وا دەیبنن کە کاریگەری گەورە و گواستنەوەی زانیارییە پزیشکی و بیناسازی و زانستەکانی تر لە ناوچەکانی ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و بازرگانی ڕوویدا کە لە حاڵەتی ئاشتیدا بوون لەگەڵ میرنشینە ئیسلامیەکان وەک دەوڵەتی نورمانی لە باشووری ئیتالیا و ناوچەکانی تری وەک ئەندەلوس و شارە بازرگانیەکانی وەک بوندقیە و جنوە و ئەسکەندەریە، قەڵا ئەوروپیەکان پێشکەوتن بۆ بینای بەردین بەرز وەک قەڵاکانی ڕۆژھەڵات لە جێگەی قەڵا دارینە سادەکانی خۆیان، ھەروەھا ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان ڕۆڵیان گێڕا لە دامەزراندنی شارەکانی ئیتالیا ھەر لە سەرەتاوە سوودمەند بوون لە پەیوەندییە بازرگانی و ئاڵوگۆڕە ڕۆشنبیرییەکەی لە نێوان مەمالیکە خاچھەڵگرەکان و شارە ئیسلامیەکاندا ھەبوون.

ھەروەھا ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان ئاسەوارێکی خوێناوی ھەبوو، لەگەڵ ڕشتنی خوێن لە شەڕکاندا لە ڕۆژھەڵات، کەمایەتییە بێباوەڕەکان ئەیان ناڵاند بە دەستییەوە، ھەڕاقتە ئەلبیجییەکان لە باشووری فەرەنسا و یەھوودییەکان لە ئەڵمانیا و ھەنگاریا ڕووبەڕووی کوشتارگە بوونەوە لەژێر ناوی (بێ باوەڕ) و (بکوژانی مەسیح)، ئەمەش بوو بە ھۆی جیابوونەوەی ڕەگەزی لە نێو نەتەوەکانی ئەوروپادا و یەھودییان جیاکردەوە لە ئەوروپادا لە دەرئەنجامەکانی. ئەمەش بوو بە ھۆی سەرھەڵدانی بیرۆکە نازی و فاشیەکان لە سەرەتاکانی دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە ئەوروپادا.

شەڕی خاچھەڵگری لە بیرەوەری مرۆڤایەتیدا[دەستکاری]

موسڵمانان ھەڵمەتە خاچھەڵگریەکان وا دەبینن کە شەڕی بەڕبەڕی بوون و خاچھەڵگرە مەسیحییەکان ناشرینترین کوشتارگەی خوێناوییەکان بە ناوی مەسحییەتەوە بەرپاکرد و ژن و مناڵ و پیریان کوشت و دەستیان کردبە خراپەکاری و وێران کردن، و خوا لەسەر دەستی بەندە موسڵمانەکانی تێکی شکاندن، ھەروەھا موسڵمانان کەساییەتی سەلاحەددینی ئەیووبی و زاھیر پێبەرس وەک پاڵەوانی ئازادکەر ئەبینن، لە ھەمان کاتدا ئەوروپیەکان کەسایەتیە بەشداربووەکانی شەڕی خاچھەڵگری بە پیرۆز دادەنێن، لویس نۆیەم بە پیرۆز و نموونەی باوەڕداری تەواو دادەنرێت لە فەرەنسا، و ڕیچارد شێردڵ بە پاشای نموونەی خاچھەڵگری دادەنرێت لە ئینگلتەرا و فریدریک بەرباروساش بە ھەمان شێوەیە لە ڕۆشنبیری ئاڵمانیدا.

ھەروەھا لە ژمارەیەک لە سەرچاوە ڕۆژئاواییەکاندا تێڕوانینێکی ئیجابی ھەیە بۆ ئەو ھەڵمەتانە، بەو بڕاویەی بۆ بڵاوکردنەوەی چاکە بوو و ھەندێک جار بە گشتی زاراوەکە لە چوارچێوەی ئایینیدا بەکاردێت، و ئەم زاراوەیە بەکارھات لەلایەن سەرۆکی ئەمریکییەوە جۆرج بۆش بۆ وەسفکردن ئەو شەڕەی بە شەڕ لەسەر تیرۆر ناوبراوە لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٠١ لە دەربڕینێکدا کە جێگەی گفتوگۆ و لێدوان بوو "This crusade، this war on terrorism is going to take a while." " واتە؛ ئەم ھەڵمەتی خاچھەڵگریە، ئەم شەڕ لەسەر ئیرھابە کاتی ئەوێت.[٤]

بابەتە پەیوەندیدارەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Biddle, Martin; Seligman, Jon; Tamar, Winter; Avni, Gideon (2000). The Church of the Holy Sepulchre, distributed by St. Martin's Press. ISBN 0-8478-2282-6.
  2. ^ اضطهاد الحاكم للأقباط ١٩ی شوباتی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، تاريخ الأقباط، 30 تشرين أول 2010.
  3. ^ The Jews of Arab lands: a history and source book By، Norman A. Stillman
  4. ^ لێدوانەکانی بۆش لە ویکی کۆگای ووتەکان