بۆ ناوەڕۆک بازبدە

١٩٨٤ (ڕۆمان)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھەزار و نۆسەد و ھەشتا و چوار
بەرگی یەکەم چاپ
نووسەرجۆرج ئۆروێڵ
دانەری بەرگمایکل کێنارد
وڵاتشانشینی یەکگرتوو
زمانئینگلیزی
چەشنبەدبەختانە، خەیاڵی ڕامیاریی، زانستی کۆمەڵایەتی خەیاڵی
بڵاوکەرەوەSecker & Warburg
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
٨ی حوزەیران ١٩٤٩
جۆری کتێبچاپی بەرگی ڕەق
لاپەڕەکان٣٢٨
خەڵاتەکان
OCLC٤٧٠٠١٥٨٦٦
٨٢٣٫٩١٢[١]

ڕۆمانی ١٩٨٤ یەکێکە لە گەورەترین ئاسەواری وێژەی جیھان کە لەسەر چاندی خەڵک و میدیاکانی جیھان کاریگەر بووە. ئەم ڕۆمانە بە دەستی جۆرج ئۆروێڵ نووسەر، ڕۆژنامەنووس ڕەخنەگری ئەدەبی و شاعیری ئینگلیزی نووسراوە. ئەم پەرتووکە بە دەستی حەکیم کاکەوەیس لە زمانی سوێدییەوە کراوەتە کوردی.

ڕۆمانی ١٩٨٤، بە زیاتر لە ٦٥ زمان وەرگێڕدراوە. جۆرج ئۆروێڵ ئەم ڕۆمانەی لە ساڵی ١٩٤٨ نووسیوە و لە ١٩٤٩دا بڵاو کراوەتەوە. باسی کۆمەڵگایەک دەکات کە تایبەتمەندییەکانی ڕقی دووژمنەکان و خۆشەویستی ڕێبەری گەورەیە. لەم کۆمەڵگایەدا تۆمەتبار بە ئاسانی دەکوژرێت و ئازادییە تاکەکەسییەکان لەژێر پێی یاسادا پێشێل دەکرێن.

خوێنەر لە ڕێگەی یادەوەرییەکانی وینستن سمیس و کتێبەکەی ئیمانوێڵ گۆڵدشتاینەوە، ھەندێک لەو خەسڵەتە مێژووییانە دەناسێت کە بوونە ھۆی ھەڵگیرسانی شۆڕش؛ دەوڵەتی ئۆراسیا دوای جەنگی جیھانیی دووەم (١٩٣٩–١٩٤٥) دامەزرا، و بێگومان دوای نووسینی ڕۆمانەکە لە ساڵانی ١٩٤٨—١٩٤٩. وا دیارە کە ئەمە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئەورووپا ڕوویداوە، تا یەکێتیی سۆڤیەت بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ قوتی بدات. ویلایەتە یەکگرتووەکانیش لە لای خۆیەوە بەریتانیا و ئەمریکای لاتینی داگیرکرد، بەمەش بووە دەوڵەتی ئۆشیانیا کە دەستی بەسەر چارەکێکی ھەسارەکەدا گرتووە. ئەمەش لە دوای ئەو جەنگە ئەتۆمییانە ڕوویدا کە ئاگری شەڕی ناوخۆییان خۆش کرد، بەڵام لێڵییەک لەسەر ناسنامەی لایەنە ناکۆکەکان ھەیە؛ لەوانەیە تەنھا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەتۆمیی کورت بووبێت لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە فراوانخوازیی ھەردووکیان. لە گەرمەی شەڕەکەدا، ھەندێک بۆمب بەسەر بەریتانیادا کەوتنە خوارەوە، لە نێویاندا ھێرشێکی ئەتۆمی بۆ سەر شاری کۆڵچێستەر.

حیزب جەخت لەوە دەکاتەوە کە ھیچ شۆڕشێک ڕووی نەداوە، بەڵکو کودەتایەک بووە کە دەستەبژێرێکی ڕۆشنبیرانی گەیاندووەتە دەسەڵات. سەبارەت بە ئیستاسیا، کە دوا دەوڵەتی زلھێزە، وڵاتە ئاسیایییەکانی لەخۆدەگرت کە لەلایەن چین و ژاپۆنەوە داگیرکرابوون، و سەرەڕای بچووکیی ڕووبەرەکەی بە بەراورد لەگەڵ ئۆراسیا، بەڵام زۆریی ژمارەی دانیشتووانەکەی ئەمەی بۆ قەرەبوو دەکردەوە.

ھەموو ئەمانە لە نێوان ساڵانی چلەکان و شەستەکانی سەدەی بیستەمدا ڕوویانداوە، بەبێ دیاریکردنێکی ڕوونی ڕیزبەندیی ڕووداوەکان؛ بەڵام دەکرێت بە ھەندێک ڕێکەوت بگەین؛ وینستۆن ڕۆژێک جوولیا لە کەلاوەکانی کڵێسایەکدا دەبینێت کە سی ساڵ پێشتر بە ھێرشێکی ئەتۆمی وێران کراوە، واتە ئەو جەنگە ئەتۆمییەی کە سەقامگیریی کۆمەڵگەی تێکدا و ڕێی بۆ حیزب خۆش کرد کە دەسەڵات بگرێتە دەست، لە ساڵی ١٩٥٤دا ھەڵگیرساوە. ھەروەھا لە ڕۆمانەکەدا باسکراوە کە چارەکی چوارەمی ساڵی ١٩٨٣ دەکەوێتە چوارچێوەی نۆیەمین پلانی سێ ساڵییەوە، واتە یەکەمین پلان لە تەممووزی ١٩٥٨ دەستی پێکردووە، بەمەش ئەو ڕێکەوتە دیاری دەکرێت کە تێیدا پارت دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە لە ئۆشیانیا.

بەراوردکردنی ١٩٨٤ بە کتێبی جیھانی نوێی ئازا

[دەستکاری]

لە دەیان ساڵی دوای دەرچوونی "١٩٨٤"، چەندین بەراورد لە نێوان ڕۆمانی ئۆروێڵ و ڕۆمانی «جیھانی نوێی ئازا»ی ئالدۆس ھەکسلیدا کراوە، کە لە ساڵی ١٩٣٢ دەرچووە، واتە حەڤدە ساڵ پێش ڕۆمانەکەی ئۆروێڵ. ھەردوو ڕۆمانەکە لە پێشبینیکردنی داھاتوویەکدا ھاوبەشن کە تێیدا حکوومەتە ناوەندییەکان دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگەکاندا ھەیە؛ بەڵام "١٩٨٤" وێنای چینێکی فەرمانڕەوا دەکات کە لە ڕێگەی ھێزی دڕندانە و ئەشکەنجەدان و کۆنترۆڵکردنی مێشکەوە کۆنترۆڵی خەڵک دەکات بۆ ملکەچکردنی تاکە یاخیبووەکان، لەکاتێکدا "جیھانی نوێی ئازا" فەرمانڕەوایانێک نیشان دەدات کە ھاووڵاتییانیان لە ڕێگەی ماددە ھۆشبەرەکان و شێوازەکانی سەرگەرمی و خۆشییەوە ملکەچ دەکەن.

لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٩، دوای خوێندنەوەی "١٩٨٤"، ھاکسلی نامەیەکی بۆ ئۆروێڵ نارد و پێی ڕاگەیاند کە پێی وایە فەرمانڕەوایانی داھاتوو لە گرتنەدەستی دەسەڵاتدا کاراتر دەبن ئەگەر واز لە ھێزی دڕندانە بھێنن و ڕێگە بدەن ھاووڵاتیان بە دوای چێژدا بگەڕێن، ئەمەش ھەستێکی درۆزنانەی ئازادییان پێدەبەخشێت. ھاکسلی نووسیوویەتی: "پێموایە لە نەوەی داھاتوودا فەرمانڕەوایانی جیھان بۆیان دەردەکەوێت کە خەواندنی موگناتیسی بە ماددە ھۆشبەرەکان و ھاوشێوەکانی، وەک ئامرازی دەسەڵات، کاراترن لە داردەست و زیندانەکان، و ئارەزووی دەسەڵات ئەوەندە سەرنجڕاکێشە کە وادەکات خەڵک خۆبەخۆ گۆرانی بەسەر کۆیلایەتیی خۆیاندا بڵێن بەبێ ئەوەی پێویستییان بە ناچارکردن ھەبێت بۆ گوێڕایەڵی لە ڕێگەی ھێزی جەستەیییەوە."

دەکرێت ھاتنەدی پێشبینییەکانی ھەردوو نووسەر لە کۆمەڵگە ھاوچەرخەکاندا ببینرێت. وێناکردنەکەی ھاکسلی زاڵە بەسەر ڕۆژاوادا و وێناکردنەکەی ئۆروێڵ لە وڵاتانی کۆمۆنیستیی پێشوو و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا باوە. ئەمەش لە چەندین وتاری بەراوردکاریدا ئاماژەی پێکراوە، لەوانەش وتارێکی خودی ھاکسلی بە ناونیشانی: «سەیرکردنەوەیەکی جیھانی نوێی ئازا».[٢][٣][٤][٥][٦][٧]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «OCLC Classify». classify.oclc.org. لە ڕەسەنەکە لە ٢ی شوباتی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٧ ھێنراوە.
  2. The Telegraph September 2015 15 February 2018[Date mismatch] لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.
  3. Juxtapoz Magazine January 2011 23 November 2015[Date mismatch] لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.
  4. Truthdig December 2010 21 July 2017[Date mismatch] لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.
  5. Study.com 10 August 2017[Date mismatch] لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.
  6. Letter from Aldous Huxley to George Orwell, Retrieved 6 December 2015. 24 January 2018[Date mismatch] لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.
  7. Aldous Huxley;s Brave New World Revisited 30 January 2018[Date mismatch] لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.

کورتەیەک سەبارەت بە ڕۆمانی ١٩٨٤ و داگرتنی کتێبەکە