هەزارئەسپیان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

هەزارئەسپییان(١٤٢٤-١١٥٥ز) ماڵەمیرێکی کورد بوو[١] کە حکومەتی ناوچەی زنجیرە چیاکانی زاگڕۆس لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتی عەجەم(ئێران)، بە تایبەت لوڕستان و بەشگەلی ئاقاری فارس کە پاش سەلجووقیان، ئیلخانیان، موزەفەریان و سەردەمانی تەیمووریان گەشایەوە، بەدەستەوە بوو.[٢]

ئێتیمۆلۆژی[دەستکاری]

ئەگەرچی بنیاتنەری حکومەتی هەزارئەسپیان ئەبی تاهیر کوڕی موحەممەد بوو، ئەم ماڵەمیرە دواتر بە ناوی کوڕی دووهەم و جێنشینی، مەلیک هەزار ئەسپ ناسرا. ناوی ئەم ماڵەمیرە ڕیشەی کوردیی هەیە و بە واتای خاوەنی هەزار ئەسپانە.[٣]

مێژوو[دەستکاری]

بنیاتنەری ماڵەمیرەکە ئەبی تاهیر کوڕی محەممەد بوو، لە تۆرەمەی شوانکارە سەرخێڵی فەزلەوییەی کورد، ئەو سەرەتا فەرماندەری سەلغورییەکانی فارس بوو و لە لایەن ئەوانەوە وەک پارێزگاری کوهگیلوویە دیاری کرابوو،[٤] بەڵام لە ئەنجامدا توانی لە لوڕستان سەربەخۆیی بەدەست بهێنێ و پەرە بە دەسەڵاتی خۆی تا نزیکی ئەسفەهان بدا و نازناوی شکۆمەندی ئەتابەگ بۆ خۆی مسۆگەر بکات.[٥] کوڕەکەی، مەلیک هەزارئەسپ لە هێرشێکی سەرکەوتووانە دژ بە سەلغوورییەکانی فارس شەڕی کرد و یارمەتی جەلالەدین خارەزمشای لە شەڕی دژ بە مەغۆل دا. تەکلە حاکم و میرێکی تری هەزارئەسپی، لە گەڵ هۆلاکۆ لە سپاکەی چوو بۆ بەغداد، بەڵام بە هۆی کوشتنی دوایین خەلیفەی عەبباسی بەجێیان هێشت. لە ئەنجامدا ئەو بە ئەمری هۆلاکۆ گیرا و لە سێدارە درا.

یووسف شای یەکەم لە لایەن ئیلخان ئەباقا وەرگیرا و حکومەتی ئەو پەژرێندرا و چەسپا و خووزستان، کوهگیلوویە، فیرووزان(نزیک ئەسفەهان) و گوڵپایەیەگان بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یووسف شای یەکەم زیاد کرا. ئەفراسیاوی یەکەم هەوڵی دەدا دەسەڵاتی خۆی بۆ ڕۆخ و کەنارەکانی کەنداوی عەرەبی درێژ بکاتەوە بەڵام ڕووبەڕووی دژایەتی توندی مەغۆلەکان بووەوە و سپاکەی لە کوهرودی نزیک کاشان تێک شکێنرا. حکومەتی ئەو لە لایەن ئیلخان گەیخاتوو دامەزراوە بەڵام لە لایەن غازانەوە لە ئۆکتۆبەری١٢٩٦ لە سێدارە درا.[٦]

پایتەختی هەزارئەسپیان ئیزەج بوو کە ئەمڕۆکە لە باکووری خووزستان هەڵکەوتووە. یووسف شای دووهەم شارگەلی شووشتەر، هۆوەیزە و بەسرەی لە نیوەی یەکەمی سەدەی چواردە پەیوەستی خاکی خۆی کرد.[٧] لە ماوەی دەسەڵاتی شەمسەدین پەشەنگ، هەزارئەسپیان ڕووبەڕووی هێرش و تاڵانی موزەفەرییان بوونەوە و ئیزەجی پایتەخت بۆ ماوەیەک کەوتە دەستی ئەوان، تا ئەوەی کە داگیرکەران بە هۆی شەڕی ناوخۆی خۆیان ناچار بە پاشەکشێ بوون.

ساڵی١٤٢٤.ز، حاکمی تەیمووری شاهروخ میرزا دوایین حاکمی هەزارئەسپی غیاسەدین دەبەزێنێت و لە ئەنجامدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم ماڵەمیرە کوردە دەهێنێ.

حاکمانی هەزارئەسپی[دەستکاری]

  1. ئەبی تاهیر کوڕی موحەممەد(ماوەی حکومەت. ١٢٠٣-١١٥٥.ز)
  2. مەلیک هەزارئەسپ( م. ح. ١٢٤٨-١٢٠٤.ز)
  3. عیمادەدین کوڕی هەزارئەسپ( م. ح. ١٢٥١-١٢٤٨.ز)
  4. نوسرەتەدین( م. ح. ١٢٥٧-١٢٥٢.ز)
  5. تەکلە( م. ح. ١٢٥٩-١٢٥٧.ز)
  6. شەمسەدین ئەلپ ئەرغوون( م. ح. ١٢٧٤-١٢٥٩.ز)
  7. یووسف شای یەکەم ( م. ح. ١٢٨٨-١٢٧٤.ز)
  8. ئەفراسیاوی یەکەم ( م. ح. ١٢٩٦-١٢٨٨.ز)
  9. نوسرەتەدین ئەحمەد ( م. ح. ١٣٣٠-١٢٩٦.ز)
  10. ڕوکنەدین یووسف شای دووهەم( م. ح. ١٣٤٠-١٣٣٠.ز)
  11. موزەفەرەدین ئەفراسیاوی دووهەم( م. ح. ١٣٥٥-١٣٤٠.ز)
  12. شەمسەدین پەشەنگ ( م. ح. ١٣٧٨-١٣٥٥.ز)
  13. مەلیک پیر ئەحمەد( م. ح. ١٤٠٨-١٣٧٨.ز)
  14. ئەبی سەعید ( م. ح. ١٤١٧-١٤٠٨.ز)
  15. شا حوسەین ( م. ح. ١٤٢٤-١٤١٧.ز)
  16. غیاسەدین ( م. ح. ١٤٢٤ز)

هەروەها بنواڕە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

Luzac, & Co (1986). "The Encyclopedia of Islam". The Encyclopaedia of Islam, Vol. III. London: E.J. Brill. pp. 1–1304

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ C. E. Bosworth, The New Islamic Dynasties: A Chronological and Genealogical Manual, (Columbia University Press, 1996), 205, ISBN 0-231-10714-5.
  2. ^ C. E. Bosworth,[١], Encyclopaedia Iranica
  3. ^ Luzac & Co 1986، پ. 336-337.
  4. ^ B. Spuller,Atabakan-e Lorestan[بەستەری مردوو][بەستەری مردوو][بەستەری مردوو], Encyclopaedia Iranica.
  5. ^ C. E. Bosworth, The New Islamic Dynasties: A Chronological and Genealogical Manual, 205.
  6. ^ ATĀBAKĀN‵E LORESTĀN, rulers of Lorestān, part of the Zagros highlands of southwestern Iran in the later middle ages[بەستەری مردوو][بەستەری مردوو][بەستەری مردوو]
  7. ^ S. Lane-Poole, The Mohammedan Dynasties: Chronological and Genealogical Tables with Historical Introductions, 412 pp., Kessinger Publishing, 2004 (originally 1894), ISBN 1-4179-4570-2, p.174