ویکیپیدیا:ھۆکارەکانی جیابوونەوەی ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بۆ ماوەیەکی درێژ وتارە سۆرانییەکان لە ماڵپەڕی ku.wikipedia.org دەنووسران. ئەم ھۆکارانەی خوارەوە بوون بەھۆی ئەوە کە داوای پڕۆژەیەکی زمانیی نوێ بکرێت بۆ شێوەزاری سۆرانی.

زمانناسی[دەستکاری]

زۆربەی زمانناسەکان، کوردی بە macro language دەزانن کە لە چەند شێوەزار یان ژێرزمان پێکھاتووە. تێگەیشتن و، بەتایبەت، قسەکردن و نووسین بە شێوەزارەکانی تر زۆر سەختە و فێرکاری و ڕاھێنانی دەوێت. بڕێک دەڵێن کە دەبێت زمانێکی دەستکردی کوردی «سۆرمانجی» بە تێکەڵکردنی شێوەزارەکان دروست بکەین، کە زۆر کەس دژ بەم بڕیارەن. ھەڵبژاردنی شێوەزارێک و نافەرمیکردنی شێوەزارەکانی تریش دوژمنی زۆری ھەیە. ئەم حاڵەتە بۆ چەند زمانی دیکەش ھەیە، وەک چینی و نرویژی، کە زمانەکەیان ئێستا چەند ستانداردییە. ئەو زمانانەش بۆ ھەر شێوەزارێکیان ویکیپیدیایەکیان داناوە.

دەبێت ئەوەش لەبیر نەکەین کە «مەبەست لە دروستکردنی ماڵپەڕی ویکیپیدیا چی بووە؟» ویکیپیدیا زانستنامەیەکی ئازادە کە دەیەوێت بە یارمەتیی ھەموو مرۆڤێک ھەموو زانیارییەکانی لەبەردەستی مرۆڤایەتی کۆ بکاتەوە و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە خۆڕایی و بە ھەر زمانێک کە بەکارھێنەر دەیزانێت پێشکەشی بکات. ویکیپیدیا شوێنی نیشاندانی باشتربوونی زمانێک یان کێبەرکێی زمانەکان نییە. ویکیپیدیا شوێنی تاقیکردنەوەی بیرۆکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش نییە، و بە باشی زانیاری گەیاندن بە بەکارھێنەران ئامانجییەتی.

ئەلفوبێ[دەستکاری]

سۆرانییەکان لە دوو وڵاتی ئێران و عێراق دەژین. لەم دوو وڵاتەدا لە مێژەوە ئەلفوبێی ئارامی بەکاردێت و کوردەکانیش ئەلفوبێی کوردییان لە ئەلفوبێی ئارامی وەرگرتووە. نووسەرە سۆرانییەکان، نووسراوەکانیان بە ئەلفوبێی ئارامی بڵاو دەکەنەوە. کتێبەکانی قوتابخانە لە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان و ماڵپەڕە سۆرانییەکان بە ئەلفوبێی ئارامی دەنووسرێن. خوێندن و نووسین بەم ئەلفوبێیە بووە بە عادەت و خوێندن و نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی بۆ زۆربەی سۆرانییەکان سەختە. بە تایبەت ئەگەر دەقێکی درێژ بێت. بەھۆی ئەم مەبەستانەوە بڕیارمان دانا لە ویکیپیدیا بۆ زۆرترکردنی بەشداری و نزیکترکردنەوەی بەکارھێنەران، وتارە سۆرانییەکان بە ئەلفوبێی سۆرانی بنووسین.

چەپ بۆ ڕاست بوونی ڕووکاری بنەڕەت لە ku.wikipedia.org کێشەیەکی گەورە بوو بۆ نووسین بە ئەلفوبێی سۆرانی. ئەم کێشەیە بە دروستکردنی دوو قاڵبی RTL و /RTL تا ڕادەیەک چارەسەر کرا، بەڵام کاتێک بەکارھێنەر زمانی ڕووکاری دەکرد بە سۆرانی، ئەم جارە وتارە کورمانجییەکان دەشێوان. ئەم جارە نەدەکرا بۆ ھەموو وتارە کورمانجییەکان (١٢٬٠٠٠ وتار) قاڵبی LTR دابنێین.

زمانی ڕووکار[دەستکاری]

لە حاڵەتی بنەڕەتدا (Default) زمانی ڕووکاری (interface) لە ku.wikipedia.orgدا کورمانجییە. بۆ بە سۆرانیکردنی دەبێت ئەندامی ویکیپیدیا بیت و لە پەڕەی ھەڵبژاردەکانتدا زمانەکەی بکەیت بە ku-arab. کێشەکانی ئەمە بوو کە بەکارھێنەرە تۆمارنەکراوەکان، کە بەشێکی زۆری بەشدارییەکانی ھەموو ویکپیدیایەک دەکەن، نەیاندەتوانی بە ئاسانی لە ڕووکاری سۆرانی کەڵک وەربگرن و و یارمەتییان بدات. زۆر جاریش تازەکارەکان تا پەڕەیەکیان دەدی، وایان دەزانی کە ئەم ماڵپەڕە ھەمووی کورمانجییە.

وتارە دوو زاراوەیییەکان[دەستکاری]

کاتێک کە وتارێک بە ھەردوو زاراوە دەنووسرا، دەبوا بە شێوەیەک ئەم دووانە پێوەندی بدرێن بە یەکەوە. بۆ ئەم مەبەستە دوو داڕێژە دروست کرا کە بە شێوەی پەیامێک لەنێو دەقی وتارەکە، کە بەکارھێنەری ئاگادار دەکردەوە کە ئەم وتارە بە زاراوەی دیکەش لەبەردەستدایە و بەستەرەکەی ئەمەیە. کێشە لەسەر شوێنی ئەم پەیامە بوو. ئەگەر لە سەرەتای وتارەکەدا دەبوو کە شێوازی ستانداری وتارەکانی ویکیپیدیا دەشێوا (لە ویکیپیدیا تەنھا بۆ کێشە گرینگەکانی وتارەکە لە سەرەتای وتار پەیام دادەندرێن). ئەگەر لە کۆتاییی وتارەکە دادەندرا (وەک ویکیپیدیای ئازەربایجانی) لە بەرچاودا نەبوو و دێر دەدۆزرایەوە. لە ئاکامدا، پێش لە دەستپێکردنی دەقی وتارەکە و لە لای ناوی وتارەکە دامان نا، کە ئەمەش لە بڕێک لە وێبگەڕەکاندا بە جوانی دەرنەدەکەوت و کاتێک بەکارھێنەر ستایلی ویکیپیدیای دەگۆڕی ئەم پەیامە دەکەوتە شوێنێکی نەخوازراوەوە.

زمانەکانی تری ویکیپیدیا[دەستکاری]

لە گەورەترین چاکییەکانی ویکیپیدیا ئەوەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانیت زمانەکانی تری ھەموو وتارێک ببینی. کێشەیەک کە لە ku.wikipedia.org بوو ئەوە بوو کە زمانەکانی تر بەستەر بۆ وتارە کورمانجییەکان دابنێن یان سۆرانییەکان. ئەگەر بۆ کورمانجیمان دادەنا (بەھۆی زۆرتربوونی وتارەکان) کەسێک کە وتاری سۆرانیی دەویست دەبوا سەردانی وتارە کورمانجییەکەی بکردایە و ئەگەر داڕێژەی «بەسۆرانی» ھەبووایە ئەوا وتارە سۆرانییەکەی دەدۆزییەوە، ئەگەر نا ھیچ. کە ئەمە بە خۆڕایی کاتی بەکارھێنەری دەگرت.

ناوی مانگەکان[دەستکاری]

ناوی مانگەکان بە شێوەیەکی ھاوبەش بە لاتینی بوو و لە کاتی واژوونووسین دەقە سۆرانییەکانی ناڕێک دەکرد.