ھۆلۆکۆست

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە هۆلۆکۆستەوە ڕەوانە کراوە)
کووشتارگەی ڕژێمی نازی.
جوولەکە ھەنگارییەکان کە لەلایەن نازییەکانەوە ھەڵبژێردران بۆ ئەوەی بنێردرێن بۆ ژووری غاز لە ئاوشڤیتز لە پۆڵەندا لە مانگی ئایاری ١٩٤٤.

ھۆلۆکۆست (بە ئەڵمانی: Der Holocaust) (لە یۆنانییەوە ὁλόκαυστος holókaustos: کە holólos بە واتای "ھەموو" و kaustós بە واتای "سووتێن") (بە عیبری: השואה ، بە "کارەسات" دەخوێندرێتەوە)،[١] کۆمەڵکووژییەک بوو کە ڕوویدا لەکاتی جەنگی جیھانی دووەمدا لەلایەن پارتی سۆشیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا ناسراو بە نازی بەسەرکردایەتی ئادۆڵف ھیتلەر دەستی پێکرا، نزیکەی شەش میلیۆن جوولەکەی ئەورووپی لەلایەن ئەڵمانیای نازی و ھاوپەیمانەکانییەوە کوژران. ھەندێک لە مێژوونووسان پێناسەی ھۆلۆکۆست بەکاردەھێنن بۆ پێنج میلیۆن کەسی دیکەی ناجوولەکە بگرێتەوە کە ئەوانیش قووربانی کوشتنی بەکۆمەڵی ڕژێمی نازی بوون، بەمەش کۆی گشتییان گەیشتە نزیکەی یازدە میلیۆن کەس. کوشتنەکان لە سەرتاسەری ئەڵمانیای نازی و ناوچەکانی ئەورووپای داگیرکراو لەلایەن ئەڵمانیاوە ڕوویانداوە. ڕژێمی نازی و ھاوکارەکانی بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ناوەڕاستی جەنگی جیھانی دووەمدا لە ساڵی ١٩٤١ تا ١٩٤٥ جوولەکەکانیان کردە ئامانج و کوشتیانن، لە یەکێک لە گەورەترین کووشتارگەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، چەوساندنەوە و کوشتنی جوولەکەکان بەشێک بوو لە کۆمەڵەیەکی بەرفراوانتر لە چەوساندنەوەکان و کوشتنی سیستماتیکی ڕژێمی ھیتلەر و ھاوکارانی لە دژی چەندین گرووپی نەتەوەیی و ڕامیاری جیاواز، بەتایبەتی کۆمەڵکوژی گەلی ڕۆما و کەمئەندامان و نەیارانی ڕامیاری و چەندانی تر.[٢][٣][٤][٥]

سەرەتاکان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٠٤ پزیشکی ئەڵمانی ئەلفرێد پلۆیتز بیرۆکەکانی خۆی ناوی لێنابوو باشترکردنی نەوەی مرۆڤ لە ڕێگەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکردەوە بە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی زیرەکتر و بەرھەمدارتر بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەوەی کە ناوی لێنا "ئازارەکانی مرۆڤ"، دوای ئەم نووسینانە، پەرتووکێکی بەناوی "مۆڵەتی نەھێشتنی ئەو زیندووانەی کە شایەنی ژیان نین" (Die Freigabe der Vernichtung Lebensunwertem Lebens) لە ساڵی ١٩٢٠ لە نووسینی نووسەر و پارێزەر کارل بینێندینک کە بە ھاوبەشی لەگەڵ پزیشکی دەروونی ئەلفرێد ھاوگ پەرتووکەکەی نووسیوە، پەرتووکەکە باسی بیرۆکەی خێراکردنی کوشتنی بێ ئازار (ئیۆتانازیا-euthanasia) بوو بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی چارەسەرنەکراویان ھەیە، لەم پەرتووکەدا بە ھیچ شێوەیەک باس لە لەناوبردنی ھیچ ڕەگەزێک یان گرووپێک نەکراوە بەھۆی پەیوەستبوونیان بە ئایینێکی دیاریکراوەوە.[٦]

لە ساڵی ١٩٣٣، ژمارەی جوولەکەکان لە ئەورووپا گەیشتە زیاتر لە نۆ ملیۆن. زۆربەی جوولەکەکانی ئەورووپا لەو وڵاتانەدا دەژیان کە دەوڵەتی نازی لە کاتی جەنگی جیھانی دووەمدا داگیری دەکرد. پێش ساڵی ١٩٤٥ ئەڵمانییەکان و ھاوکارەکانیان لە ھەر سێ جوولەکەیەکی ئەورووپی نزیکەی دوو جوولەکەیان کوشت وەک بەشێک لە «کۆتا چارەسەر»، کە ڕامیاری نازییەکان بوو بۆ کوشتنی «جوولەکەکانی ئەورووپا». بەڵام ژمارەی قوربانییەکان گەیشتە ٢٠٠ ھەزار دۆم. و ٢٠٠ ھەزار کەمئەندامی دەروونی یان جەستەیی لە بەرنامەی "ئیۆتانازیا-کووشتنی بێ ئازار"دا کوژران.

ھەندێک پێیان وایە کە ئەو بڵاوکراوانە کە پێشتر باسمان کرد دواتر لەلایەن نازییەکانەوە بەکارھێنراون بۆ تەواوکردنی پلانە گشتگیرەکەیان بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان کە بە «کۆتا چارەسەر» یان (Endlösung der Judenfrage) ناسراون. لە ١ی نیسانی ساڵی ١٩٣٣، واتە دوای ماوەیەکی کەم لە سەرھەڵدانی نازییەکان بۆ سەر دەسەڵات لە ئەڵمانیا، پارتەکە ڕاگەیاند کە بایکۆتی تەواوەتی بۆ یەک ڕۆژ دەکات لەو کار و بەرھەمە بازرگانیانەی کە جوولەکەکان خاوەندارێتییان دەکرد لە ئەڵمانیا و وتەبێژانی نازییەکان بانگەشەیان کرد کە بایکۆتەکە بووە تۆڵەکردنەوەیەک لە جوولەکە ئەڵمانییەکان و بیانییەکان، لەوانەش ڕۆژنامەنووسانی ئەمریکی و ئینگلیزی، کە ڕەخنەیان لە ڕژێمی نازی دەگرت. لەو ڕۆژەی بایکۆتەکە ڕوویدا، سەربازە زریانەکان بە ھەڕەشەیەکەوە وەستابوون لەبەردەم ئەو فرۆشگایانەی کە خاوەنەکانیان جوولەکەکان بوون. «ئەستێرەی داود» شەش نووکە لەسەر ھەزاران دەرگا و پەنجەرە بە ڕەنگی زەرد و ڕەش نەخشێنرابوو. تابلۆی "لە جولەکەکان مەکڕن" و "جوولەکەکان بەڵای ئێمەن" دانرابوون، لە ھەندێک شاردا ھێزە تایبەتەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕانەوە و درووشمی دژە جوولەکەکانیان دەوتەوە و گۆرانی پارتەکەیان دەوتەوە. لە شارەکانی دیکەدا بایکۆتەکە توندوتیژیی لەگەڵدا بوو، لە شاری کیێل پارێزەرێکی جوولەکە کوژرا. بایکۆتی فەرمی لە نیوەی شەودا کۆتایی ھات، ئەم ڕێکارە لە ٧ی نیسانی ١٩٣٣دا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕیخی سێیەمەوە بڕیاریان دا بۆ دەرکردنی جوولەکەکان لە بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگاکانی دەسەڵات، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارتی نازی کە لە شاری نورنبێرگ لە ساڵی ١٩٣٥ ھەر لە شاری نورنبێرگ بەڕێوەچوو، چەندین یاسای ڕەگەزپەرستی دەرچوو کە دواتر ناویان لێنرا یاساکانی نورنبێرگ، لە یاساکاندا جوولەکەیەک ھاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی نا جولەکەدا بکات قەدەغەیە و بە پێچەوانەشەوە ڕەگەزنامەی ئەڵمانی لە جوولەکەکان وەرگیرا و مافی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانیشدا ھەڵوەشایەوە. لە ١٥ی تشرینی دووەم، ساڵی ١٩٣٨ یاسایەک دەرچوو کە خوێندکارە جوولەکەکانی چوونە ناو قوتابخانە حکوومییەکانی ئەڵمانیا قەدەغە دەکات.[٧]

زاراوەی «کۆتا چارەسەر» یان «چارەسەری کۆتایی» بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەدۆلف ئایخمانەوە بەکارھێنرا کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ھۆلۆکۆستی دەکرد و لە ١ی حوزەیرانی ١٩٦٢ لە زیندانی ئەیالۆن لەلایەن دادگای ئیسرائیلەوە دادگایی کرا و لەسێدارەدرا. پلانی کۆتا چارەسەر لە کۆنفرانسێکی ناوخۆیی پارتی نازی کە لە ناوچەی وانسی لە باشووری ڕۆژئاوای بەرلین لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٤٢ بەڕێوەچوو، باس لە میکانیزمی لەناوبردنی جوولەکەکانی ئەورووپا کرا، ھێنریک ھیملێر کە یەکێک بوو لە بەھێزترین و توندترین پیاوەکانی ئەدۆڵف ھیتلەر، بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا کرد. لە کورتە ڕستەی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە کە شێوازی پێشووی ھاندانی جوولەکەکان بۆ کۆچکردن لە ئەڵمانیاوە گۆڕاوە بۆ دوورخستنەوەی زۆرەملێ.[٨]

پڕۆسەی ھۆلۆکۆست و زاراوەی کۆتا چارەسەر بە فەلسەفەی نازی وەک ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لەو کەسانەی کە بە “لەخوار مرۆڤدا” دەیانزانی و نەتەوەی ئەڵمانی وەک ڕەگەزێکی پاکە مافی ئەوەی ھەیە دەسەڵاتداری جیھان بکات، ڕەوا بوو، و کە ڕەگەزی ئارییەکان لە ڕووی کوالێتییەوە لە ڕەگەزە تێکەڵە ئەورووپییەکان وەک دۆم، پۆلەندی، جوولەکە، سلاڤ، ئاڵت و ئەفریقییەکان باڵاترن و ھەندێک لایەنی کۆمەڵگا تەنانەت ئەگەر لە ڕەگەزی ئاریش بن، وەک ھاوڕەگەزبازان، تاوانباران، کەمئەندامانی جەستەیی یان دەروونی، کۆمۆنیستەکان، لیبراڵەکان، نەیارانی فەلسەفەی نازییەکان و گەواھیدەرانی یەھووە، بەپێی بیرۆکەی نازییەکان، ئەوان لە چینی "لەخوار مرۆڤ" بوون.[٩]

جگە لە جوولەکەکان ١٠٠ ھەزار کۆمۆنیست و ١٥-٢٥ ھەزار ھاوڕەگەزباز لەناوچوون و ١٢٠٠-٢٠٠٠ لە گەواھیدەرانی یەھووە لەناوچوون، ڕێوشوێنی نەشتەرگەری یان پزیشکی گیرا بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوونی ٤٠٠ ھەزار منداڵی کەمئەندامی دەروونی و نەخۆشی دەروونی T4 بەکارھێنرا بۆ کۆتایی ھێنان بە ژیانی ٢٠٠-٣٠٠ ھەزار لەو کەمئەندامانەی کە چارەسەریان نییە، کەمئەندامان، و نەخۆشانی دەروونی.[١٠]

زۆربەی مێژوونووسان پێیان وایە سەرەتای ڕاستەقینەی ھۆلۆکۆست شەوی ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ بووە، کاتێک خۆپیشاندانی توڕەیی دژی جوولەکەکان زۆرێک لە شارەکانی ئەڵمانیای گرتەوە.[١١]

پلانی ماداگاسکار[دەستکاری]

پلانی ماداگاسکار پێشنیاری حکوومەتی نازی بوو لە ئەڵمانیا بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی جوولەکە لە ئەورووپاوە بۆ دوورگەی ماداگاسکار، فرانز ڕادێماخەر سەرۆکی بەشی جوولەکەکان لە وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی نازی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٠ بیرۆکەکەی پێشنیار کرد پێش ڕووخانی فەڕەنسا لە شەڕی فەڕەنسا. لە پێشنیازەکەدا داواکرابوو کە ماداگاسکار کە ئەوکاتە ناوچەیەکی داگیرکراوی فەڕەنسی بوو، وەک بەشێک لە مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدانی فەڕەنسا ڕادەستی ئەڵمانیا بکرێت. پلانەکە لە ساڵی ١٩٤٠دا دواخرا پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٢ وازی لێبھێنرێت.

ئامراز و شێواز[دەستکاری]

ھەندێک پێیان وایە کە ھۆلۆکۆست یەکێک بووە لە کۆمەڵکوژییە ڕێکخراو و ئاڵۆزەکان، بەو پێیەی دەسەڵاتدارانی نازی زانیاری وردیان ھەبووە سەبارەت بەو ناوانەی کە بۆ پاکتاویکردن کراونەتە ئامانج و ژمارەی وردی ئەو کەسانەی کە پاکتاوی کرابوون ھەڵدەگیران، بۆ نموونە ئەو تێلێگرامە بەناوبانگە پارێزراو بوو کە ھێرمان ھۆڤێل بۆ ھیتلەری ناردبوو، ھێرمان پیاوی دووەم بوو لە ئۆپەراسیۆنی ڕینھارد کە پاکتاویکردنی جوولەکەکان بوو لە پۆڵەندا، ئەم بەڵگەنامەیە بە ھۆڤێل تەلەگراف ناسرا، کە تیایدا ھۆڤێل باس لەوە دەکات کە لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٢دا ٢٤ ھەزار و ٧٣٣ جوولەکە لە گرتووخانەی مەجدانێک گیانیان لەدەستداوە، ٤٣٤،٥٠٨ لە گرتووخانەی سۆبیبۆر، و ١٠١،٣٧٠ لە گرتووخانەی ترێبلینکا، ھەموو ئەم ناوەندە دەستبەسەرکردنانە لە پۆڵەندا بوون، لەلایەن ھاینریچ ھیملێرەوە سەرپەرشتی دەکران و لەژێر فەرماندەیی مەیدانی ئەفسەر ئۆدیلۆ کلۆبوسنیکدا بوو.

مێژوونووسی ھاوچەرخی بەریتانی (ریچارد ئۆڤەری) لە پەرتووکی شەڕی ڕووسیادا باس لەوە دەکات کە نازییەکان جوولەکەکانیان وەک ئاژەڵێکی تاقیکاری بەکارھێناوە بۆ پەرەپێدانی چالاکیی و تواناکان کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانن زۆرترین جوولەکە بکوژن، بۆ نموونە ڕووداوی ڕیزکردنی دەستگیرکراوان لە پشت یەکتری و تەقاندنی یەک فیشەک بۆ کوشتنی زیاتر لە کەسێک، بەڵام ئەم تاقیکردنەوەیە سەرکەوتوو نەبوو. ھەروەھا باسی تاقیکردنەوە فڕێدانی بۆمب دەکات بەسەر جەماوەرێکی دەستگیرکراو، کە ئەویش سەرکەوتوو نەبوو چونکە ژمارەی برینداران لە مردووان زیاتر بوون، و باسی تاقیکردنەوەی بەکارھێنانی دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەکات لە ژووری داخراودا.

زۆربەی مێژوونووسان پێیان وایە کە ھۆلۆکۆست ھەڵمەتێکی ڕێکخراوی بەرفراوان بووە کە ئەو کەسانەی کردووەتە ئامانج کە بە کەمتر لە مرۆڤ دادەنران لە سەرانسەری ئەورووپا کە لەژێر ھەژموونی نازییەکاندا، یان ڕەوانەی ئۆردوگاکانی کرێکاری یان ئۆردوگاکانی کوشتن کرابوون، و ژمارەکان جێی مشتوومڕن لەبارەی کوژراوان، کە ٥–٧ ملیۆنە. و تەنیا لە پۆڵەندا ٣ ملیۆن جوولەکە، بەڵگەش ھەیە کە تاقیکردنەوەی زانستی لەسەر دەستگیرکراوەکان ئەنجامدراوە، بەتایبەتی لە خێوەتگەی ئاوشڤیتز-بیرکێناو لە پۆڵەندا، کە دکتۆر یۆزێف مێنگلێی نازی تاقیکردنەوەی جۆراوجۆری کردووە، لەوانە دانانیان لەناو دەفری داخراودا کە پەستانێکی زۆری ھەێە، و تاقیکردنەوەی بە سەھۆڵکردنیان تا مردن. تاقیکردنەوەکانی تر کە یۆزێف ئەنجامی داوە بریتی بوون لە ھەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕەنگی چاو لە منداڵاندا بە دەرزی لێدانی ماددە بۆ ناو گلێنەی چاو، ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک بۆ مەلاریا دوای دەرزی لێدانی کەسێکی تەندروست بە ژەمێک لە لیکی ئەو مێشوولەی کە نەخۆشییەکە ھەڵدەگرێت، نەشتەرگەرییەکانی گواستنەوە یان چاندنی ئەندامەکان بۆ ناو جەستە، تاقیکردنەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی و منداڵبوون، و تاقیکردنەوەکانی تر.[١٢]

ئۆردوگاکان[دەستکاری]

ئەو شوێنانەی کە بەشێ لە مێژوو نووسانی جیھانی پێیان وایە ئۆردوگای نازییەکانی لێبووە، بەشێک لە ئۆردووگاکانیش لە ئێستادا دیارن

کووشتارگەکە تەنیا بۆ جوو نەبوو[دەستکاری]

کووشتارەکانی نازییەکان جگە لە شەش میلیۆن جوولەکە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دیکەشی گرتەوە لەوانە: سەدان ھەزار دۆمی ئەورووپایی ناسراو بە (ڕۆما)، سەدان ھەزار (سێرب) کە بەشیکی زۆریان بە ھاوکاری جاشەکانی (کروات) لەناوچوون، نزیک بە دوو میلیۆن کریستیانی لەھستانی (وێڕای سێ میلیۆن جوولەکەی ئەو وڵاتە) وەکو لەھستانی نەخوازراو دەناسران، دیلەکانی شەڕ و خەڵکی ئاسایی ڕووس و میللەتەکانی سلاڤی ڕۆژھەڵات (ڕووسیای سپی، ڕووس، ئۆکرانی)، ھۆمۆسێکسۆێلەکان، خەڵکی پەککەوتە (ئیفلیج) و نەخۆشی ڕەوانی، کۆمۆنیستەکان و نەیارانی ڕامیاری، ڕووناکبیران و ئەندامانی یەکێتیی کرێکاری، ئافریقایی، ئاسیایی، فراماسیۆنەرەکان و پیاوە ئایینییەکان سەر بە کڵیسای ئۆرتۆدۆکس و کاتۆلیک و پرۆتستانت و ئەو کریستیانانەی کە بە ناوی شەھیدانی (یەھووڤا) دەناسرێن. لەلایەن ژماریەک لێکۆڵەر وشەی ھۆلۆکۆست ھەموو ئەو خەڵکانە دەگرێتەوە کە لەسەرەوە باس کران لە کاتێکدا لەلایەن ھەندێکی تریان تەنیا بە کووشتاری جوولەکە و دۆم و پەککەوتەکان دەگوترێت، ھەر بۆیە لەسەر ژمارەی سەرجەمی قووربانیانی ھۆلۆکۆست لە ناویاندا کێشە ھەیە لەکاتێکدا بەشێکیان ئەو ژمارەیە بە ٩ تا ١١ میلیۆن دادەنرێن بەشەکەی تریان باسی ٢٦ میلیۆن دەکەن.

پێشانگا[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]