ھەڵاڵەبرمە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە هه‌ڵاڵه‌ برمه‌ەوە ڕەوانە کراوە)

گوڵە شلێر[دەستکاری]

ناسنامە :-[دەستکاری]

شلێر يەكێكە لە گوڵە ڕەسەنەكانى كوردستان و لە زنجيرە چياى زاگرۆس و كوردستانى گەورە بەسروشتى دەڕوێت. ئەم گوڵە لە كوردستانەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەوروپا و وڵاتانى كەى ئاسيا .

لە زاراوەی سۆرانیدا بە بەشی باشور و ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە پێی دەڵین (شلێر) بەڵام بە زاراوەی ھەورامانی پێی دەگوترێت (ھەڵاڵە برمە و ھەڵاڵە برەیم ) ، لە بادینان بە گوڵە (شلێر) ناو دەبرێت، بەڵام لە ھەندێک ناوچە لە باكورى كوردستان بە (سەرنخوون و گولدەخوين) ناوی دەبەن و لە ناوچەی دۆسکی لە بادینان بە (گول نخوین) ناودەبرێت. ئەم گوڵە بە ئینگلیزی ناوە باوەکەی بریتیە لە  (crown imperial ) یا (Kaiser's crown) واتە تاجی فەرمانڕەوا. بەڵام ناوە زانستیەکەی یا دوانیەکەی پێی دەگوترێت (Fritillaria imperialis L ) سەربە خێزانی (Liliaceae)  و ڕووەکێکی یەک لەپە (Monocot)ە.

پۆلێنکردن:-[دەستکاری]

Kingdom : Plantae

Infrakingdom : Streptophyta  

Superdivision  :Embryophyta

Division  :Tracheophyta

Subdivision : Spermatophytina

Class : Magnoliopsida

Superorder : Lilianae

Order :  Liliales

Family : Liliaceae

Genus: Fritillaria L

Species :  Fritillaria imperialis L.


تایبەتمەندیەکانی[دەستکاری]

١- پێکھاتە :-[دەستکاری]

ئەم گوڵە خاوەنی سەلکە کە لە ژێر زەویدایە و ھەموو ساڵێک لەسەرەتای بەھارەوە دەست بە ژیانەوە دەکات. قەد و گەڵادروست دەبن و گەڵاکانی تا ٣٥%ی قەدەکەیان داپۆشیوە و قەدێکی درێژی سەوزی ھەیە تا کۆتایی گەڵاکان پاشان بە خاڵ یا پەڵەی ورد و پانەوەبووی ڕەنگ قاوەیی داپۆشراوە و بەمەش ڕەنگەکەی لە سەوزەوە گۆڕیوە بەرەو قاوەیی و تا دەگات بە گوڵەکەی دەبێت بە قاوەیی، ھەروەھا بەشی ناوەوەی قەدەکەی پتەوە واتە ناوەوەی بۆش نیە. لەسەرەتای مانگی چواردا لە کۆتای قەددا خونچەی گوڵەکان دروست دەبن و لە نیوەی مانگی چوارەوە خونچەکان دەکرێنەوە و گوڵ دروست دەبێت کە ژمارە و قەبارەیان لە گوڵێکەوە بۆ گوڵێکی کە دەگۆڕێت بە گشتی لە دوو تا پێنج گوڵی شۆڕەوە بوو واتە سەربەرەوخواریان ھەیە کە ھیچ گوڵێکیان پەڕەکانی کاسەیان نیە بەڵام شەشە پەڕەی گوڵیان ھەیە بە شێوەی دوو بازنەی سێ پەڕەیی، بەڵام لە ھەندێکیاندا ئەم دوو بازنە دەرناکەون بە جوانی و وەک یەک بازنە دەردەکەون.لە بنکەی ھەر پەڕە گوڵێکدا لە ناوەوەی گوڵەکە چاڵێکی ناو سپی چوارچێوە ڕەشی بازنەیی ھەیە کە ڕێژەیەکی زۆر شەونم(ئاوگ) کۆدەکاتەوە لە کاتی دەست لێدان یا تەکاندنی گوڵەکە ئەو شەونمە دەڕژێت. پێم وایە ئەم ئاوگە بۆ ئەوەیە کە سەرنجی مێروەکان بەتایبەت قالۆنچەی (scarlet lily بە ناوی زانستی  Lilioceris lilii) ڕاکێشێت تا یارمەتی پیتاندنی بدات، چونکە لە زۆر شوێنا من ئەم قالۆنچەیەم بینیوە لەناو ئەم گوڵەدا و خۆراکیشی ھەر لەسەر بەشەکانی گوڵەکەیە. لە ھەر گوڵێکیدا نێرەک و مێیەکی تایبەت بەخۆی ھەیە بەشێوەیەک یەک مێیەکی ھەیە، بەڵام ژمارەی نێرەکەکان ئەوەی من دیومە پێنج دانە بوون بەڵام ھەندێکیان شەش بوون و ھەندێکیان چوار بۆیە ناتوانم لە ژمارەی نێرەکەکەکان دڵنیاتان بکەمەوە.ھەرگوڵەی لە سەرەتای مانگی پێنجەوە و دوای پیتاندن دەستدەکات بە دروستکردنی تۆو و لە کۆتای مانگی شەش دا تۆوەکانی بەتەواوەتی پێگەشتوون کە دەتوانرێت بگواسترێتەوە و دووبارە لە شوێنی گونجاودا شلێرێکی نوێ لە ساڵی ئایندەدا سەوزببێت، بەڵام ئەم شلێرە نوێیە کە ساڵی یەکەمی تەمەنیەتی ئەگەری زۆرە کە گوڵ نەکات و بۆ ساڵی دووەم دەست بە گوڵکردن بکات.

٢- ڕەنگ :-[دەستکاری]

ئەم گوڵە بەشێوەیەکی گشتی پرتەقاڵی بەرەو سورە ( نارنجیە ) و زۆربەیان لەم ڕەنگەن بەڵام ڕەنگی کاڵتری ھەیە وەک پرتەقاڵی سادە و زەرد و تەنانەت سپیشان ھەیە. ئەو ڕەنگانەی کە لە کوردستان زۆر بڵاون نارنجی و پرتەقاڵیەکەیانە. بەڵام ڕەنگەکانی کەش بونیەتیان ھەیە جگە لە سپی کە پێم وایە ئەم ڕەنگەیان سروشتی نیە و ئەگەری زۆرە دەستکاری بۆماوە مادەی کرابێت بۆ بەدەست ھێنانی ئەو ڕەنگە جیاوازە بازرگانیە .

٣- بەرزی :-[دەستکاری]

کاتێک باس لە بەرزی ئەم گوڵە دەکەین باس لە گوڵێکی نمونەیی دەکەین چونکە بە شوێنی سەوزبونی و خۆراک و تیشکی خۆر کاریگەردەبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم گوڵە بەزۆری بەرزیان لە ڕووی زەویەوە دەگات بە سەروو مەترێک  و ھەندێکیان لەوە بەرزتر دەبن تا بگات بە مەتر و نیو. ھەروەھا ئەم ڕووەکە بەزۆری ١٥ بۆ ٢٥ سانتیمەتر بەناو خاکدا چوە بەمەش ئەکرێت بگوترێت ھەر لە سەلکەکەیەوە تا گوڵەکەی دەگات بە مەتر بۆ مەتر و نیو .

٤-بارودۆخی پێویست بۆ گەشەکردن:-[دەستکاری]

ئەم گوڵە پێویستی بە ناوچەیەکی کوێستانی ھەیە کە پلەی گەرمی لە خوار ٢٠ پلەوە بێت ، ھەروەھا پێویستی بە خاکێکی لمی ھەیە کە بە ئاسانی وشک ببێتەوە و خۆرێکی باشی دەوێت کە ڕۆژانە لێى بدات.

٥-شوێنی ژیان :- [دەستکاری]

لە زۆربەی ئەو سەرچاوانەی کە لەسەرى نوسراوە بەتەواوەتی ئاماژە بەو سنورە جوگرافیە دەدەن کە کوردستانی گەورەیە، بەڵام ھیچکات ناوی کوردستانیان لەو بابەتەدا نەھێناوە و ھەمیشە ئاماژەيان ناوی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان داوە. ھەرچەند وێنەکانیان کە لە سروشتدا گیراون تێکڕایان کوردستانن، بەڵام بەھۆی نەبوونی دەوڵەتەوە ئەم گوڵەشمان بێخاوەن ماوەتەوە و بەتەواوەتی وڵاتانی داگیرکەربوون بە خاوەنی. ھەرچۆن بێت توانیمان ناوی کوردستانیش بۆ ئەو بابەتە زیادکەین کە لە ویکی پیدیادا لەسەر ئەم گوڵە نوسرابوو. ئەم گوڵە بە ھەر ڕێگایەک بێت گواستراوەتەوە بۆ ئەفغانستان و دواتر چین و ئێستاش لە زۆرێک لە باخچە و پارکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا نێژراون بەشێوەی دەستکرد و لە ھەندێک ناوچەش لە سروشتدا بڵاوبونەتەوە و گەشەیان کردوە.

پاراستنی گوڵەکە :-[دەستکاری]

بەو پێیەی کە ئەم گوڵە تایبەتە بە کوردستان، بۆیە وەک چۆن خاک و گەل و سەرجەم پیرۆزیەکانی ئەم خاکە دەپارێزرێت  یا ھەوڵی پاراستنی دەدرێت دەبێت ئەم گوڵەش وەک ئەوان بپارێزرێت و ڕێگری بکرێت لە لەناوچونیان.چونکە بەھۆی گەشەی بەردەوامی مرۆڤ و پەلھاویشتنی بۆ زۆرێک لە ناوچە شاخاویەکان ئەم گوڵە لە زۆر ناوچەدا کەمبونەتەوە بۆ نمونە لە ناوچەی ھەورامان پێشتر ژمارەیان زۆربوو، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیان کەمبوەتەوە بۆ ٢٠% ئەو ژمارەیە کە بەداخەوە ئێستا بەهەر هۆكار و بيانو و مەبەستێكەوە بێت لە لایەن گەشتیار و سەردانکەرانی ئەو ناوچانەوە بەردەوام ھەڵدەکەندرێن یا دەبڕدرێن و دواتر لە سەر شەقام و ڕێگا سەرەکیەکان فڕێدەدرێن. بۆیە باشترە حکومەت و خەڵکی ئە ناوچانە بەرچاوڕوونی تەواو بدەن بە گەشتیارەکانلە پێناو پاراستنی ئەم گوڵانە تا ئەمانیش وەک دەیان جۆری ئاژەڵ و ڕووەکی کە نەبن بە بەشێک لە مێژوو.

پێشانگا[دەستکاری]

سەرچاوە[دەستکاری]