بۆ ناوەڕۆک بازبدە

نەوال سەعداوی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نەوال ئەلسەعداوی

لەدایکبوون٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٠
مەرگ٢١ی ئازاری ٢٠٢١ (٨۹ ساڵ)
پەروەردەکۆلێژی پزیشکی
پیشەپزیشک، نووسەر، چالاکوان
ھاوسەرشەریف حتاتە
مناڵ(ەکان)٢


نەوال ئەلسەعداوی (٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٠ – ٢١ی ئازاری ٢٠٢١) پزیشکی نەخۆشییەکانی سنگ و پزیشکی دەروونی، نووسەر و ڕۆماننووسێکی میسری بوو. هەروەها داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ بوو، بەتایبەتی مافەکانی ژنان. چەندین کتێبی دەربارەی ژن لە ئیسلامدا نووسیوە و بە خەباتی دژی دیاردەی خەتەنەکردنی کوڕان و کچان ناسراوە.

نەوال ئەلسەعداوی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٠ لە عەباسیەی قاهیرە لەدایک بووە. لە کانوونی دووەمی ١٩٥٤دا کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی قاهیرەی تەواو کرد و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکی و نەشتەرگەریدا بەدەست هێنا. لە ساڵی ١٩٥٥دا پسپۆڕیی لە نەخۆشییەکانی سنگدا وەرگرت. لە هەمان ساڵدا وەک پزیشکێکی پلەبەرز لە نەخۆشخانەی قەسر ئەلعەین دەستی بە کار کرد.

لە ماوەی ژیانی کاریدا، ئەلسەعداوی چەندین پۆستی گرنگی وەرگرت. لە ساڵی ١٩٦١دا بوو بە بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی تەندروستی. لە ساڵی ١٩٦٤دا وەک ئەندامی لیژنەی ژنان لە وەزارەتی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبژێردرا. لە ساڵی ١٩٦٥دا سەفەری کردە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ خوێندنی "ڕۆشنبیریی تەندروستی". لە ساڵی ١٩٦٦دا گەڕایەوە بۆ قاهیرە پاش وەرگرتنی بڕوانامەی ماجستێر لە ڕۆشنبیریی تەندروستی و ڕاگەیاندنی جەماوەریدا.

ئەلسەعداوی زیاتر لە ٤٠ کتێبی لە بوارەکانی ئەدەب و زانستدا نووسیوە. بەرهەمەکانی بۆ زیاتر لە ٣٥ زمان وەرگێڕدراون. هەروەها ناوبراو ڕەخنەگر و داکۆکیکارێکی مافەکانی مرۆڤ و ژنانە. لە ژیانیدا، ئەلسەعداوی ڕووبەڕووی چەندین گرفت و ئاستەنگ بووەتەوە. لە ساڵی ١٩٧٢دا لە وەزارەتی تەندروستی لەسەر کارەکەی لابرا بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی "ژن و سێکس". لە ساڵی ١٩٨١دا لە سەردەمی سەرۆک ساداتدا زیندانی کرا. هەروەها چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە و لە ساڵی ٢٠٠٨دا داوای لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی میسری لەسەر تۆمار کرا.

لە ساڵی ١٩٨٢دا ئەلسەعداوی کۆمەڵەی هاوپشتیوانانی ژنی عەرەبی دامەزراند کە گرنگی بە کاروباری ژنان دەدات لە جیهانی عەرەبیدا. ئەم بیرمەندە و چالاکوانە بەناوبانگە لە ٢١ی ئازاری ٢٠٢١ لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەرهەمەکان

[دەستکاری]
  • دوو ژن لە ژنێکدا
  • پیاو و سێکس
  • ژن و سێکس
  • لاپەڕەکانی ژیانم
  • ژنێک لە خاڵی سفردا
  • یادەوەریەکانم لە گرتووخانەی ژناندا
  • زینە
  • مێ بنەڕەتە
  • گۆرانییەکی بازنەیی
  • یادەوەرییەکانی ژنە پزیشکێک
  • کەوتنی ئیمام
  • خۆشەویستی لە سەردەمی نەوتدا

سەرچاوەکان

[دەستکاری]