نەرمین قادر
نەرمین قادر | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٩٦٢ |
| مەرگ | ٥ی ئابی ٢٠٢٥ (٦٣ ساڵ ژیاوە) |
| ھۆکاری مەرگ | شێرپەنجە |
| شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی بازیان |
| نیشتەجێی | سلێمانی |
| نەتەوە | کورد |
| پیشە | ئەکتەر، شانۆکار |
| چالاکبوون | ١٩٧٥–٢٠٢٥ |
| ھاوسەر | ئازاد (کۆچی دوایی ١٩٩٤) |
| مناڵ(ەکان) | لۆلان ئازاد، ئیروان (ھەنگاو) |
نەرمین قادر (١٩٦٢ لە سلێمانی – ٥ی ئابی ٢٠٢٥ لە سلێمانی) خانمەکتەر و شانۆکارێکی کورد بوو.[١][٢] ئەو زیاتر لە چوار دەیە لە بواری شانۆ و تەلەڤیزیۆندا کاری کردووە[٣][٤] و بە تایبەتی بە ڕۆڵە کۆمیدی و ڕەخنەگرانەکانی لە بەرنامەی بەرنامەدا ناوبانگێکی بەرفراوانی لە سەرتاسەری کوردستاندا پەیدا کرد.[١][٥][٦]
نەرمین قادر لە ژیانی ھونەرییدا بەھۆی ڕۆڵە سیاسی و بوێرەکانییەوە ڕووبەڕووی فشاری ڕژێمی بەعس بووەوە، بەڵام ھەر بەردەوام بوو.[٧][٨] لە ساڵانی کۆتاییی ژیانیدا، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دواییی کرد.[١][٩]
ژیانی سەرەتایی و خوێندن
[دەستکاری]نەرمین کچی حاجی قادر یونس بەگە، لە ساڵی ١٩٦٢ لە گەڕەکی کانیسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە.[٨][١٠] بنەماڵەی باپیری لە دامەزرێنەرانی گەڕەکی کانیسکان بوون کە لە ناوچەکانی سورگان و سوتکەوە ھاتوونەتە سلێمانی.[٨]
لە منداڵیدا حەزی دەکرد ببێتە پارێزەر بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ستەمی ڕژێمی بەعس ببێتەوە، بەڵام باوکی ڕێگریی لێ دەکرد لە خوێندن.[٧][١١] سەرەڕای دژایەتییەکانی باوکی، ئەو بە نھێنی و بەبێ ئاگاداریی ئەو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو کرد.[٧] دواتر لە ساڵی ١٩٨٠ ڕووی کردە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی و لە ساڵانی ١٩٨٥–١٩٨٦ بڕوانامەی بەدەست ھێنا و بوو بە مامۆستا.[٨]
ژیانی ھونەری
[دەستکاری]شانۆ
[دەستکاری]نەرمین قادر لە ساڵی ١٩٧٥ بۆ یەکەمجار وەک ئەکتەر چووەتە سەر تەختەی شانۆ.[١][٣][١٢] یەکەمین شانۆگەریی ناوی «قوتابی دواکەوتوو» بوو لە دەرھێنانی تەھا خەلیل کە لە ساڵی ١٩٧٧ نمایش کرا و نەرمین ڕۆڵی دایکی قوتابییەکی تێدا بەرجەستە کرد.[٨]
یەکێک لە کارە ھەرە دیارەکانی، ڕۆڵی «زەینەب» بوو لە شانۆگەریی «تەنەکە» کە لەسەر بنەمای ڕۆمانێکی یەشار کەمال بوو و لە دەرھێنانی ئەحمەد سالار بوو.[٣][٧][٨] ئەم شانۆگەرییە بەھۆی ناوەڕۆکە سیاسییەکەیەوە کە داوای مافی کوردی دەکرد، بینەرێکی زۆری ھەبوو و پێشمەرگە لە شاخەوە دەھاتن بۆ بینینی.[٨]
نەرمین بەھۆی ھەڵوێستە نەتەوەییەکانییەوە چەندین جار ڕووبەڕووی مەترسی بووەوە. لە کاتی چاوپێکەوتن بۆ دامەزراندن لە ئەمنی سلێمانی، داوایان لێ کرد ناوی «موخەریب» (تێکدەر)یان پێ بڵێت، بەڵام ئەو لە وەڵامدا وتبووی: «موخەریب لە کوردا نییە».[٨] ھەروەھا لە شانۆگەرییەکدا کە دەبوو بڵێت «عێراقی خۆشەویست»، ئەو وتوویەتی «نیشتمانی خۆشەویستم»، کە بووە ھۆی ھاندانی بینەران و تووڕەیی دەسەڵاتداران.[٨]
ئەو بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ لە بواری شانۆدا کاری کرد[٩] و بەشداریی لە چەندین شانۆگەریی تردا کردووە، وەک «پۆنتێلا و ماتی»، «ئەفجینیا لە ئۆلێس»، «ئەو پیاوەی بوو بە سەگ»، «پەیكەرتاش»، «جەنابی وەزیر»، «سنوورداش» و «گۆڕستانێکی نوێ».[٨] دوایین کاری شانۆیی لە ساڵی ١٩٩٨ بوو.[١][١٣]
بەرنامەی بەرنامە
[دەستکاری]ھەرچەندە نەرمین قادر خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژ بوو لە شانۆ، بەڵام بەرنامەی بەرنامە بووە وێستگەی درەوشانەوەی و ناساندنی بە نەوەی نوێ و بینەرێکی بەرفراوانتر.[٦][٥] ئەم بەرنامەیە، بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی کۆمیدیی-ڕەخنەگرانە بوو کە لە ساڵی ١٩٩٨ لە تەلەڤیزیۆنی خاک و دواتریش لە کوردسات پەخش دەکرا.[٤][١٤][١٥]
لەم بەرنامەیەدا، نەرمین کە بە «تاقە ژنەکەی بەرنامەی بەرنامە» ناسرابوو،[٤][١٦] کارەکتەری ژنێکی سادە و دڵپاکی بەرجەستە دەکرد کە بە زمانێکی نزیک لە خەڵک، بوێرانەترین ڕەخنەی لە دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەگرت.[٦] ھەر لەو بەرنامەیەدا نازناوی «ڕەحە چل دەم»ی لێنرا، کە بە وتەی خۆی یادگاریی جەلال تاڵەبانی بووە و شانازیی پێوە دەکرد.[١١]
کارەکانی تر
[دەستکاری]دواین کاری ھونەریی نەرمین قادر، بەشداریکردنی بوو لە درامای «کەرکووک فۆر» لە دەرھێنانی ناسر حەسەن. لەو درامایەدا ڕۆڵی «پورە غوربەت»ی بەرجەستە دەکرد، کە دایکێکی جەرگسووتاوە و کوڕەکەی لەسێدارە دەدرێت.[٨][١٧]
ژیانی تایبەتی و ھەڵوێستەکان
[دەستکاری]نەرمین قادر لەگەڵ ئازادی ھاوسەری کە ئەندامێکی حزبی شیوعی کوردستان بوو، ژیانی ھاوبەشی پێکھێنا، بەڵام ھاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٩٤ شەھید بوو.[٧][٦][٨] ئەو دوو ھاوسەرە پێکەوە کاریان لە شانۆگەریی «فەرەج دەبێت بگەڕیتەوە» کردووە، کە لە نووسینی ھاوسەرەکەی و دەرھێنانی خۆی بوو.[٨] دوای کۆچی دواییی ھاوسەری، نەرمین بە تەنیا ئەرکی بەخێوکردنی کچ و کوڕەکەی (لۆلان و ئیروان)ی گرتە ئەستۆ.[٦][١٦][٨] کچەکەی، لۆلان ئازاد، بەشی سینەمای تەواو کردووە.[٧]
بنەماڵەکەی خاوەن پێگەیەکی نیشتمانی بوون؛ مامێکی بە ناوی عومەر لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن ڕژێمەوە لە حامیەی سلێمانی لەسێدارە دراوە و براکەشی لە قۆناغی چواری کۆلێژی ئاداب-فەرەنسی، بەھۆی ھەڕەشەی بەعسەوە وازی لە خوێندن ھێناوە.[٨]
نەرمین لە ساڵی ٢٠١١دا شاری سلێمانیی جێھێشت، ماوەیەک لە ھەولێر و دواتریش لە قەزای ڕانیە نیشتەجێ بوو.[١٧] لە ساڵانی کۆتاییدا وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و ھونەری چەمچەماڵ کاری دەکرد.[١٣][٧] ئەو ڕەخنەی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگرت سەبارەت بە گرنگینەدان بە ھونەر و دواکەوتنی مووچەی ھونەرمەندان و خانەنشینان.[٧][٨] کچەکەی ڕایگەیاندبوو کە بەھۆی دواکەوتنی مووچەوە، چارەسەرییەکانی دایکی دواکەوتوون، چونکە بۆ ماوەی ھەشت مانگ مووچەی وەرنەگرتبوو.[١٨][١٩]
نەخۆشی و کۆچی دوایی
[دەستکاری]نەرمین قادر ماوەی چەند ساڵێک بوو بەدەست نەخۆشیی شێرپەنجەوە دەیناڵاند.[١][٩] ئەو لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک نووسیبووی: «من و شێرپەنجە بووین بە ھاوڕێ».[٩][٢٠]
نەخۆشییەکەی بریتی بوو لە گرێی شێرپەنجەیی لە مێشک و دواتریش بڵاوبوونەوەی بۆ جگەری.[٩][٢١][٢٢] چەندین جار نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا، لەوانە دوو نەشتەرگەریی قورس بۆ سەری لە بەغدا،[٩][٢٣] چونکە ئەو ئامێرەی بۆ نەشتەرگەرییەکەی پێویست بوو لە ھەرێمی کوردستان بەردەست نەبوو.[٢١][٢٣] لە کاتی نەخۆشییەکەیدا، دوای ئەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی تەندروستی بڵاوکرایەوە، کۆمپانیای قەیوان ھاوکاریی دارایی پێشکەش کرد.[٢٤]
سەرەڕای ھەوڵەکان بۆ چارەسەری، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٥ی ئابی ٢٠٢٥، لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دواییی کرد.[١][٥][٦] گەزیزە عومەری ھاوڕێی ڕایگەیاند کە لە دوایین پەیوەندییاندا پێی وتووە: «دۆخی تەندروستیم زۆر خراپە و ڕێگە نادەن کەس بمبینێت».[٥]
وەسیەت و بەخاکسپاردن
[دەستکاری]کچەکەی، لۆلان ئازاد، سێ وەسیەتی دایکی ئاشکرا کرد:[٢٥][٢٦]
- بەخاکسپاردن: داوای کردبوو لە باخچەی ماڵەکەی خۆیدا بنێژرێت.
- پرسە: داوای کردبوو پرسەی بۆ دانەنرێت.
- کەیسی برازاکەی: داوای کردبوو یاسا سەروەر بێت لە کەیسی برازا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەیدا.
سەرەتا بڕیار بوو لەسەر وەسیەتی خۆی لە ماڵەکەیدا بەخاک بسپێردرێت،[٢٧] بەڵام دوای وتووێژ لەگەڵ ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، و لەبەر ڕەچاوکردنی بنەما ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، بڕیاردرا لە گۆڕستانی بازیان بەخاک بسپێردرێت، کە نزیکە لە ماڵەکەیەوە.[٢٨][٢٦] تەرمەکەی لە ڕۆژی ٦ی ئابدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ھونەرمەندان و کەسایەتییەکان بەخاک سپێردرا.[٢٢][٢٩][٣٠] کۆچی دوایییەکەی دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لەنێو ھونەرمەنداندا ھەبوو و زۆربەیان لە پەیامی جیاوازدا ھاوخەمیی خۆیان دەربڕی.[٢٢]
لۆلان ئازادی کچی ڕایگەیاند کە ئامادەیە ڕێگای دایکی بگرێتە بەر بۆ کاری ھونەری، بەڵام جەختی کردەوە کە «لە کوردستان کاری ھونەری ناکات» بەھۆی بایەخ پێنەدانی ھونەرمەندانەوە.[٢٦]
ڕەخنە و بۆچوونەکان
[دەستکاری]نەرمین قادر خاوەنی بۆچوونی تایبەت بە خۆی بوو لەسەر ھونەر و کۆمەڵگە. ئەو پێی وابوو کە «کۆمیدیای ئامانجدار دەبێت مخاتەبەی ئەقڵ بکات» نەک تەنھا بۆ پێکەنین بێت.[٨] ھەروەھا ڕەخنەی لە کەمبوونەوەی دەقی باش و دەرھێنەری باش لە بواری ھونەریی کوردیدا دەگرت و دەیوت: «ژیان ئەوەندە قورس بووە... ئەوەندە خەریكی كارەكانی رۆژانەین... ئەوەندە خەریكی هونەر و خۆ ئەكادیمی كردن نین».[٨]
ئەو ھەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە مرۆڤ نابێت ستەم قبووڵ بکات و دەبێت جەستەی خۆی بکاتە قەڵغان بۆ بەرەنگاربوونەوە.[٧]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 5 6 7 «نەرمین قادر هونەرمەند و شانۆکاری کورد کۆچی دوایی کرد». NRT TV. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «نەرمین قادر کۆچی دوایی کرد». 964media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 «ژنە هونەرمەندی مەزنی کورد نەرمین قادر کۆچی دوایی کرد». Zamen Press. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 «هونەرمەند نەرمین قادر ئەكتەری دیاری بەرنامەی بەرنامە كۆچی دوایی كرد». Lvin Press. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 «نەرمین قادر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد». AVA News. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 6 «نەرمین قادر؛ ئەو ژنەی بە پێکەنینەوە روبەڕوی تراژیدیا بوەوە». Newjin. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 6 7 8 9 «نەرمین قادر: یەکەم شەڕی ژیانم بەرامبەر بە باوکم بوو». Rojnews. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 16 17 18 «هونەرمەند نەرمین حاجی قادر، لە داپیرەزینۆی تەنەكەوە بۆ پورە غوربەتی كەركوك 4». Gulan Media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 6 «هونەرمەند نەرمین قادر کۆچی دوایی کرد». PUKmedia. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «هونەرمەند نەرمین قادر كۆچی دوایی كرد». Esta Media Network. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 «نەرمین قادر، ئەستێرەی دیاری شانۆ و شاشە». KNWE. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «ژنە هونەرمەندی مەزنی کورد نەرمین قادر کۆچی دوایی کرد». Rojnews. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 «هونەرمەند نەرمین قادر کۆچی دوایی کرد». Channel 8. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «هونەرمەند نەرمین قادر ئەكتەری دیاری بەرنامەی بەرنامە كۆچی دوایی كرد». Kurdsat News. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «هونەرمەند نەرمین قادر كۆچی دوایی كرد». Westga News. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 «ژنە هونەرمەندی کورد نەرمین قادر کۆچی دوایی کرد». Zoom News. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 «نەرمین قادر باری تەندروستی ناجێگیرە». Spee Media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «کچەکەی نەرمین قادر: هەر کەسێک بەرپرس بووە لە دواکەوتنی مووچە لە مردنی دایکم بەرپرسیار دەبێت». Esta Media Network. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «نەرمین قادر هونەرمەندی دیاری کورد کۆچی دواییکرد». Spee Media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «نهرمین قادر خانمه هونهرمهندی دیاری كوردستان ژیانئاوایی كرد». Kirkuk TV. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- 1 2 «"دایکم تەندروستی خراپە و گرێ لە سەریدایە"». 964media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 «پەیامی ماڵئاوایی هونەرمەندان بۆ کۆچی دوایی خانمە هونەرمەند نەرمین قادر». Westga News. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 «هونەرمەند نەرمین قادر خانمەکەی بەرنامەی بەرنامە تەندروستی ناجێگیرە». Kirkuk TV. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «دوای بەرنامەکەی پۆڵەتیک پرێس هاوکاری گەیەندرایە هونەرمەند نەرمین قادر». Politic Press. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «کچی هونەرمەندی کۆچکردوو نەرمین قادر سێ وەسێتی دایکی ئاشکرا دەکات». Politic Press. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 «كچەكەی نەرمین قادر: دایكم وەسیەتی كرد پرسەی بۆ دانانەێین». 964media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «"وەسیەتی کردووە لە حەوشەی ماڵەکەی خۆی بنێژرێت"». 964media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «نەرمین قادر لە گۆڕستانی بازیان بەخاک دەسپێردرێت». 964media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «سبەی تەرمی نەرمین قادر بە خاک دەسپێردرێت». 964media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «"تا نەمرین کەس رێز و قەدرمان ناگرێت"». 964media. ٥ی ئابی ٢٠٢٥. لە ٦ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.