نێتۆچکا نێزڤانۆڤا
نێتۆچکا نێزڤانۆڤا (بە ڕووسی: Не́точка Незва́нова) ڕۆمانێکی تەواونەکراوی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکییە. لە سەرەتادا مەبەست لێی بەرھەمێکی گەورە بوو لە شێوەی 'دانپێدانان'، بەڵام پێشەکییەک لە سەردەمی منداڵی و ھەرزەکاریی پاڵەوانی چیرۆکەکە، کە ناوی ڕۆمانەکەش ھەر بە ناوی خۆیەوەیەتی، تەنیا شتێکە کە تەواو کراوە و بڵاو کراوەتەوە. بە گوتەی وەرگێڕ جین کێنتیش، ئەم بڵاوکراوە سەرەتایییە تەنیا بە مەبەستی «پێشەکییەک بۆ ڕۆمانەکە» بوو.[١] دۆستۆیڤسکی لە ساڵی ١٨٤٨دا دەستی بە کارکردن لەسەر ڕۆمانەکە کرد و یەکەم بەشی تەواوکراو لە کۆتاییی ساڵی ١٨٤٩دا چاپ و بڵاو کرایەوە. بەھۆی دەستگیرکران و دوورخرانەوەی دۆستۆیڤسکی بۆ گرتووخانە لە سیبیریا بەھۆی بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی بازنەی پێتراشێڤسکیدا ڕێ لە نووسرانی درێژەکەی گیرا. دوای گەڕانەوەی لە ساڵی ١٨٥٩دا، دۆستۆیڤسکی ھەرگیز دەستی بە کارکردن لەسەر نێتۆچکا نێزڤانۆڤا نەکردەوە و ئەم بەرھەمەی بۆ ھەمیشە ناتەواو ھێشتەوە.
ڕۆمانەکە لەسەر شێوازی Bildungsromanیە، کە ئەزموون و ھەستەکانی سەردەمی منداڵی و ھەرزەکاریی نێتۆچکا وێنا دەکات، کە لە پێگەیشتووییدا دەیانگێڕیتەوە.
پوختەی چیرۆکەکە
[دەستکاری]چیرۆکەکە لە سێ بەشی جیاوازدا دەگێڕدرێتەوە، کە سەبارەت بە ئاڵۆزییەکان و گۆڕانکارییەکانی ژیانی پاڵەوانەکەیە.
بەشی ١ ھەتا ٣ زیاتر پەیوەندییان ھەیە بە بیرەوەرییەکانی نێتۆچکا لە سەردەمی منداڵیی خۆی لەگەڵ دایکی و زڕباوکی لە سەنت پیترسبۆرگ، ھەتا کاتی مردنیان. سەرەتا بە چیرۆکی پێشینەی زڕباوکی، ئیفیمۆڤ، دەست پێ دەکات، کە کەمانچەژەنێکی بەتوانا بەڵام ئاشقەخۆیە، کە نێتۆچکا بە «سەیرترین و نائاساییترین کەس کە تا ئێستا ناسیومە» و پیاوێک کە کاریگەرییە بەھێزەکەی بەسەریدا کار لەسەر تەواوی ژیانی داھاتووی دەکا، وەسفی دەکات.[١] شێتییەکەی ئیفیمۆڤ خێزانەکە تووشی ھەژاری و ناتەبایییەکی پیس دەکا، منداڵەکەش بەرەو تێڕوانینێکی پێشوەختە و بەئازار بۆ لایەنی تاریکی ھەستەکانی مرۆڤ دەبا. کاتێک کە ئیفیمۆڤ دایکی نێرۆچکا دەکوژێت و بۆخۆشی بەدوایدا بەتەواوی شێت دەبێت و دەمرێت، ئەو بەشەی ژیانی نێتۆچکا کۆتاییی دێت.
شازادە X کە ناسیاوی زڕباوکییەتی، نێتۆچکا وەک منداڵی خۆی دەگرێتە خۆ و بەشی چوارەم و پێنجەم پەیوەندییان بە نوقمبوونی کچە ھەتیوەکەوە ھەیە لەم جیھانە ئەرستۆکراتییە نامۆیە، بەتایبەت بە سەرنج لەسەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ کاتیای کچی شازادە. نێتۆچکا یەکسەر عاشقی کاتیا دەبێت، کە زۆر جوانیشە، بەڵام کاتیا سەرەتا لەو تازەھاتووە سەیرە بێزارە و بەرامبەری دڵڕەق و خەمسارد دەبێت؛ بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم بێزارییە ئاشکرایە دەبێتە ھەستێکی سۆزدارانەی ڕێک وەک ھەستەکانی خودی نێتۆچکا. خۆشەویستییە منداڵانە و بێشەرمانەکەیان دەبێتە ھۆی نزیکییەک کە دایکی کاتیا نیگەران دەکا و لە کۆتاییدا ھەوڵی جیابوونەوەیان دەدا. خێزانی کاتیا دەچن بۆ مۆسکۆ و نێتۆچکا دەخرێتە ژێر سەرپەرشتیی زڕخوشکە گەورەکەی کاتیا، ئەلێکساندرا میخایلۆڤنا. بە گوتەی گێڕەرەوە، نێتۆچکا و کاتیا بۆ ماوەی ھەشت ساڵی دیکە یەکتر نابینن، بەڵام بەو پێیەی ڕۆمانەکە بە تەواونەکراوی ماوەتەوە، قەت باسی یەکگرتنەوەیان ناکرێت.
بەشەکانی کۆتایی باسی ساڵانی ھەرزەکاریی نێتۆچکا دەکەن کە لە ماڵی ئەلێکساندرا میخایلۆڤنای دلۆڤان و نەرمونیان و پیۆتر ئەلێکساندرۆڤیچ، ھاوسەرە ساردوسڕ و نەدوێنەکەیدا گەورە دەبێ. نێتۆچکا پەیوەندییەکی قووڵی ھاوسۆزانە لەگەڵ ئەلێکساندرا میخایلۆڤنا دروست دەکا، بەڵام بەھۆی ھەڵوێستی دڵنیگەرانانە و بەئازاری ھاوڕێکەی بەرامبەر بە ھاوسەرەکەی و ئەوەی کە پێ دەچێت خەمساردی و خۆدزینەوەیەکی حیسابکراوی مێردەکەی سەبارەت بە ئەو بێت، تووشی خەم و نیگەرانی دەبێت. نێتۆچکا گومانی لە ھەندێک نھێنیی ڕابردوویان ھەیە و سەرەنجام سەرەداوێک خۆی لە شێوەی نامەیەکدا دەخاتە ڕوو کە بەھەڵکەوت لەنێوان لاپەڕەکانی پەڕتووکێکی کۆن لە کتێبخانەکەدا دەیبینێتەوە. نامەیەک بۆ ئەلێکساندرا میخایلۆڤنا لەلایەن خۆشەویستێکی شێواوەوە، کە خەمباری بۆ جیابوونەوەی کۆتایییان دەر دەبڕێ و دڵتەنگە بەو زیانە بێگەڕانەوەیەی کە بە ناوبانگ و ژیانی ھاوبەشی ئەلێکساندرای گەیاندووە. دۆزینەوەی نامەکە لەلایەن نێتۆچکاوە دەبێتە ھۆی ڕوودانی زنجیرەیەک ڕووداو کە ئەلێکساندرا میخایلۆڤنا دەگەیەنێتە ئاستی داڕمانێکی سۆزەکی، نێتۆچکاش دەگەیەنێتە ئاستی ژنییەتی چونکە پیۆتر ئەلێکساندرۆڤیچ لەگەڵ ڕاستیی ئەو دۆخەی کە بەسەر ھاوسەرەکەی ھێناوە ڕووبەڕوو دەکاتەوە.
چەندین بابەت، وەک پەیوەندیی نێوان نێتۆچکا و کاتیا، بەبێ چارەسەر ھێڵراونەتەوە، بەڵام لە چیرۆکەکەدا چەند ئاماژە ھەن کە دەری دەخەن بڕیارە لە بەشەکانی داھاتووی ڕۆمانەکەدا دەست پێ بکرێنەوە. ئەلێکساندرا میخایلۆڤنا یەکەم کەسە کە بەوە دەزانێ کە نێتۆچکا دەنگێکی خۆش و جوانی بۆ گۆرانیگوتن ھەیە و ڕێک دەخرێ کە نێتۆچکا فێرکاری وەربگرێت. حەزی گۆرانیگوتن و پەیوەندییەکەی بە ژیانی سۆزداریی نێتۆچکاوە لە چەند جێدا ھەڵدەسونگێندرێ، بەڵام بەڕوونی دیارە کە ئاستە ھونەرییەکەی لە قۆناغە سەرەتایییەکاندایە. ڕۆمانەکە بە وتووێأێکی نھێناوی لەنێوان نێتۆچکا و ئۆڤرۆڤ، یارمەتیدەرەکەی پیۆتر ئەلێکساندرۆڤیچدا کۆتاییی دێت، کە ئاماژەیە بۆ درێژەی زیاتری چیرۆکەکە لە پەیوەندی لەگەڵ نامەی سۆزدارییەکەدا.
تەوەرەکان
[دەستکاری]ھونەر و ھونەرمەند
[دەستکاری]پێگەی ھونەر و ھونەرمەند، بەتایبەتی ھونەرمەندی ڕۆمانسی، لە کۆتایییەکانی ساڵانی ١٨٤٠دا بابەتی زۆر باسی ئەدەبی بوو و بڕیار وا بوو کە نێتۆچکا نێزڤانۆڤا لێدوانی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی بێت بۆ تێڕوانینی خۆی سەبارەت بەو پرسە. بە گوێرەی جۆزێف فرانک، ئامانجی سەرەکیی دۆستۆیڤسکی، گەرچی نەھاتە دی، «وێناکردنی کارەکتەرێک بوو کە خۆبەخشیی بۆ ھونەر لەگەڵ پابەندبوونێک بە ھەمان شێوە پتەو بە بەرزترین ئایدیاڵە ئەخلاقی-کۆمەڵایەتییەکان یەک بخات».[٢] نێتۆچکا لە سەردەمی منداڵیدا لە سایەی خولیای ھونەریی ھەمەلایەنەی ئیفیمۆڤدا دەژیی، کە لە سەرەتادا ھەستیاریی ئەخلاقیی دەشێوێنێت، بەڵام دەبێتە پاڵنەرێک بۆ گەشەکردنی ویژدانێکی بەسۆز و چاونەترس کە بەستراوەتەوە بە حەزی خۆی بۆ دەربڕینی ھونەری. بەم شێوەیە دۆستۆیڤسکی ویستویەتی ھەم خۆپەرستیی ڕۆمانسیزم، کە لە ڕێگەی ئیفیمۆڤەوە وێنا دەکرێت، ھەم ماتریالیزمی ئەو کەسانە ڕەت بکاتەوە کە وەک بێلینسکی، کە دەیانویست سەرنجیان تەنیا لەسەر ئامانجە سوودبەخش و پراکتیکییەکان بێت بە زیانی ھونەر.[٢]
پرسی ژن
[دەستکاری]بابەتێکی دیکە کە لەو سەردەمەدا زۆر باسی دەکرا، پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا یان ئەوەی کە بە "پرسیاری ژن" ناسرا. ئامانجی دۆستۆیڤسکی کە لەو سەردەمەدا لە ڕووسیا کەسنەدیو و نەبیستراو بوو، بریتی بوو لە "وێناکردنی ژنێکی بەبەھرە و خاوەن ئیرادەی بەھێز کە ڕێ بە وردبوونی خۆی نادا - کە دەبێتە پاڵەوانی سەرەکی و ئەرێنیی ڕۆمانێکی گەورە"، نەک تەنیا ژن وەک قوربانیی نادادپەروەری یان نابەرابەری وێنا بکات. سەردێڕی لاوەکیی ڕۆمانەکە لە سەرەتادا "مێژووی ژنێک" بوو.[٢]