نیکۆلای چاوشێسکوو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە نیکۆلای شاوشیسکۆەوە ڕەوانە کراوە)
نیکۆلای چاوشێسکوو

نیکۆلای چاوشێسکوو (بە ئینگلیزی: Nicolae Ceausescu) ( ٢٦- ژانیوە ١٩١٨ – ٢٥- دیسێمبەر- ١٩٨٩ ) سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی ڕۆمانیا و سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە، ھەر لە ساڵی ١٩٧٤ ھەتا ساڵی ١٩٨٩. بەیەکێک لە دیکتاتۆرە خوێن رێژەکانی سەردەمی خۆی ناسراوە. بە ئاگرو ئاسن دەسەڵاتی بەڕێوە دەبرد. ھەرچەندە ھەندێک دەستکەوتی زانستی و فەرھەنگی و ئابوری بۆ وڵاتەکەی تۆمار کردووە، بەڵام سەرەنجام لەسەروبەندی شۆڕشدا لەگەڵ ژنەکەی بەناوی ئێلینا ھەڵھات، بەڵام دواتر دەستگیرکراو لە دادگایەکی خێرا کە پۆلیسی وڵاتەکە ئەنجامیدا، حوکمی کوشتن بەسەر خۆیی و ژنەکەیدا دراو لەبەردەم کامیرای تەلەفیزیۆندا بەرگولە دران. لە دوای چاوشێسکوو ئیۆن ئیلیسکۆ شوێنی گرتەوە.

سەردەمی لاوی و سیاسەت[دەستکاری]

نیکۆڵا چاوشێسکوو لە گوندێکی رۆمانیا بەناوی سکۆرنسیشتی (Scorniceshti) لە خێزانێکی جوتیار لەدایک بووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٢ بۆتە ئەندامی پارتی کۆمۆنیست. بەھۆی چالاکی سیاسی لە ساڵی ١٩٣٦ خراوەتە زیندان. لە سەروبەندی جەنگی دووەمی جیھانیدا لە ترسی فاشیستەکان خۆی شاردۆتەوە. دوای ئەوەی ڕۆمانیا لە لایەن سوپای سورەوە لە ساڵی ١٩٤٤ ئازاد کرا، چاوشێسکوو بوو بە سەرۆکی رێکخراوی لاوانی کۆمۆنیست. ماوەیەکی کورت لە دوای جەنگی دووەمی جیھانی پاش قایل بوونی پارتەکەی ژیانی ھاوسەرگیری لەگەڵ ئێلینا پیترۆس (Elena Petrescu) پێکھێناوە. ساڵی ١٩٤٨ بوو بە کاندیدی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی رۆمانیا، کە پاشان کرا بە پارتی کۆمۆنیست. پاشان لە ساڵی ١٩٥٢ بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە ساڵی ١٩٥٤ بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیست.

سەرۆکایەتی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٦٥ دوای ئەوەی سەرۆکی پارتی کۆمۆنیست کۆچی دوایی کرد، چاوشێسکوو کرا بە سەرۆکی ئەو پارتە. ساڵی ١٩٦٧ کرا بە سەرۆکی ئەنجومەنی راوێژی وڵات. لەدوای ساڵی ١٩٦٨ ئیتر وردە وردە بە تەواوی دەستی بەسەر پارت و دەسەڵاتدا گرتبوو، ساڵی ١٩٧٤ بە تەواوی بووە بە دەسەڵاتداری یەکەم و سەرۆکی وڵات.

سیاسەتی ناوخۆ[دەستکاری]

سیاسەتی ناوخۆی وڵات زۆر توندوتیژ بوو. چاوشێسکوو و پارتەکەی بۆ ئەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی یەکێتی سۆڤیەت بدەنەوە دەبوو سیاسەتی ھەژارکردنی گەل و سکھەڵگوشین بسەپێنن، لە کاتێکدا خۆی و خێزان و دەسەڵاتدارەکانی چواردەوری خۆی زۆر بە رەفاھی و سەخاوەتەوە دەژیان. کارەبا تەنھا چەند ئەمپێرێکی زۆر کەم دەدرا بە ماڵان، پلەی گەرما نەدەبوو لە سەروو ١٤ پلە بێت لە وەرزی زستاندا. لەناوماڵدا تەنھا یەک گلۆپی ٤٠ واتی دەبوو بسوتێت، ھەروەھا ئامێری کارەبایی وەک جل شۆر قەدەغەبوو. لەناوەڕاستی ھەشتاکانی سەدەی بیستەم، بڕیارێکی گرنگی چاوشێسکوو لە دژی گوندەکان و زەوییە کشتوکاڵیەکان دەرچوو. بە گوێرەی ئەم بڕیارە دەبوو ھەموو گوندەکان تێکبدرێن و بکرێن بە گوندی ھاوچەرخ و ھەموو جوتیارەکانیش بکرێن بە کرێکاری کشتوکاڵ و لەناو جۆریک لە کۆمەڵەی ھەرەوەزیدا رێکبخرێن. چاوشێسکوو فریای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە نەکەوت... لەناوخۆی وڵاتدا ھەژاری زۆر بڵاوبوو، چەوساندنەوەی خەڵک لەلایەن حکومەت و دەزگا ھەوالگریەکان زۆر ترسناک بوو. لەبەر بێکاری خەڵکێکی زۆر کرابوون بە ھەواڵگرو جاسوس بەسەر یەکترەوە، بەجۆرێک کە لەناو ماڵدا ھیچ کەس لەناو خێزانی خۆشیدا دڵنیا نەبوو لە ژیانی خۆی و ئەندامانی ھەمان خێزان لەیەکتر دەترسان. گوێگرتن لە تەلەفۆن، زمانلیدان، راپۆرت نوسین، مایکرۆفۆنی نھێنی لە ھەموو سوچ و جێگایەکی گشتیدا کاری دەکرد. کەس و کارو ھاوڕیکانی خۆشی لە چواردەوری خۆی دادەنا و متمانەشی بەھیچ کەس نەبوو.

سیاسەتی دەرەوە[دەستکاری]

سیاسەتی دەرەوەی رۆمانیا لە سەردەمی چاوشێسکوو جۆرێک سەربەخۆیی لە یەکێتی سۆڤیەت پێوەدیاربوو، ھەرچەندە رۆمانیا لە بلۆکی خۆرھەڵاتیەکاندا لەنێو جەمسەرگیریی یەکێتی سۆڤیەتدا بوو، بەڵام چەند جارێک سیاسەتی جیاوازی جێبەجێ دەکرد بەتایبەت لە سەردەمی نیکیتا خرۆشۆف، بۆ نمونە ئامادە نەبوو گرێبەستی تاڵانفرۆشتنی خەڵوز و گاز لەگەڵ سۆڤیەت مۆربکات، ھەروەھا ئامادە نەبوو ساڵی ١٩٦٨ سوپاکەی شانبەشانی ھێزەکانی پەیمانی وارشۆ بەشداری بکات لە ھێرشی سەربازیدا لە دژی چیکۆسلۆڤاکیا بۆ کپکردنەوەی یاخی بوونی بەھاری پراگ. ھەروەھا لە ململانێی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و چیندا، چاوشێسکوو بێلایەن مایەوە.

ڕاپەڕین لەدژی چاوشێسکوو[دەستکاری]

لە مانگی دیسێمبەری ١٩٨٩ راپەڕێنێک لەلایەن کەمینەی ھۆنگاریەکانەوە بەرپاکرا، بەڵام خێرا سەرکوتکرا. بەڵام چەند رۆژێکی کەم دوای سەرکوتکردنەکە کاتێک چاوشێسکوو و ئێلینای خێزانی سەردانی ئێرانیان دەکرد، دیسانەوە راپەڕین سەریھەڵدا و چاوشێسکوو بەر لەجەژنی کرێسمس گەڕایەوە بۆ بوخارست. لە رۆژی ٢٠ی ھەمان مانگدا، چاوشێسکوو وتارێکی پێشکەش بە ھاوڵاتیەکانی خۆی کرد و تیایدا ئیمپریالیستی جیھانی بە ھۆکاری راپەڕینەکان تاوانبارکرد. رۆژی دواتر بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ھەمان حزبەکەی چاوشێسکوو کۆبوونەوەیەکی گەورەیان سازداو داوای دەست لەکارکێشانەوەی چاوشێسکوویان کرد. ئەو رۆژە بۆ یەکەمجار بوو کە پۆلیسی نھێنی خۆپشاندەرانی دایە بەر گولە و ئیتر بارودۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی رۆشت.

جەژنێکی جیاواز لەسەری ساڵدا[دەستکاری]

مەسیحییەکانی دنیا ھەموو ساڵێک لە ئێوارەی ٢٤ی دیسێمبەردا جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەگێڕن و رۆژی دوای ئەویش واتە ٢٥ی مانگ بەرۆژی جەژن و پشووی لەدایک بوون و خۆئامادەکردن بۆ پێشوازی لە ساڵی تازەی زاینی بەسەر دەبرێت ... ئەم جەژنە لە رۆمانیای ساڵی ١٩٨٩ بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە نەچوو، رۆژی ١٦ی ھەمان مانگ، شوڕشی گەل لەدژی دیکتاتۆری ئەو وڵاتە نیکۆڵای چاوشێسکوو ھەڵگیرسا، تەنھا لەماوەی یەک ھەفتەدا شۆڕش بەتەواوی سەرکەوت و چاوشێسکوو و ئیلینای ھاوسەری جگە لە ھەڵھاتن ھیچی دیکەیان لەبەردەمدا نەمایەوە. گەلی رۆمانیا لە جەژنی لەدایکبووندا خۆی بۆ یەکەم جەژنی مێژوویی ساز دەکرد، جەژێنێک کە پازدەساڵ بوو تەنھا دیکتاتۆری وڵات و ھاوسەرەکەی بە سکی تێرو دڵێکی خۆشەوە بەسەریان دەبرد، کەچی لەوساڵەدا ھاوکێشەکان بە حوکمی مێژوو، بەشۆڕش و بەرخودانی خەڵک ھەڵگەڕانەوە. چاوشێسکوو و ئیلینای ھاوسەری کون نەمابوو خۆیانی تێدا حەشار بدەن، سەرەنجام جوتیارێک لە کێڵگەکەی خۆیدا ھەردوکیان دەناسێتەوەو دەستگیریان دەکات و ھێزەکانی شۆڕشیان لێئاگاداردەکاتەوە. ھەمان رۆژ لە دادگایەکی سەربازی زۆر خێرادا، دیکتاتۆرو ھاوسەرەکەی دادگایی کران و درانە بەر گولەو کوژران. یەکەمجار بوو لە رۆمانیا زایەڵەی زەنگی کەنیسەکان و شریخەی فیشەک پێکەوە سەمفۆنیایەکی تازە بۆ مێژووی وڵات بژەنن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]