نوێبوونەوەی مەزن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
پەڵەستێرەی قڕژاڵ کە ئەستێرەیەکی پرتەکەری تیشکدەرە پەیوەندیدار بە نوێبوونەوەی مەزنی ١٠٥٤.

نوێبوونەوەی مەزن یان سوپەرنۆڤا ڕووداوێکی گەردوونیی توندوتیژە کە لەوانەیە لە قۆناغی کۆتاییی ژیانی ئەستێرەیەکی زەبەلاحدا ڕووبدات، کە بریتییە لە تەقینەوەیەکی زۆر گەورە تێیدا ئەستێرەیەکی زەبەلاح کە خاوەن بارستایییەکی گەورەیە دەڕووخێت و چینە دەرەکییەکانی فڕێ دەداتە بۆشاییی ئاسمان، ئەم تەقینەوەیە ھێندە بەھێزە بە جۆرێک زۆر درەوشاوەترە لە گەلەستێرەیەک بە تەواوی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک.[١]

چی دەبێتە ھۆی ڕوودانی نوێبوونەوەی مەزن؟[دەستکاری]

نوێبوونەوەی مەزنی ١٩٩٤د کە لەلایەن تەلیسکۆپی ئاسمانیی ھەبڵەوە گیراوە.[٢]

نوێبوونەوەی مەزن ڕوودەدات کاتێک گۆڕانێک لە کڕۆک یان لە ناوەندی ئەستێرەکە پەیدادەبێت، گۆڕانەکە دەکرێت بە دوو شێوە بێت بەڵام ھەردووکیان ھەمان ئەنجامیان ھەیە ئەویش بوون بە سوپەرنۆڤا.

جۆری یەکەمی نوێبوونەوە مەزنەکان لە سیستمە ئەستێرەیییە دووانییەکان ڕوودەدات. ئەستێرە دووانییەکان دوو ئەستێرە لەخۆدەگرێت کە بە دەوری ھەمان خاڵدا دەسووڕێنەوە. یەکێک لە ئەستێرەکان، کورتەبنەی سپیی کاربۆن-ئوکسجینی، ماددە لەئەستێرە ھاوەڵەکەی دەدزێت. دواجار، کورتەبنە سپییەکە بڕێکی زۆر ماددە کۆدەکاتەوە. ھەبوونی بڕێکی زۆر ماددە وادەکات کە ئەستێرەکە بتەقێتەوە، بەمەش نوێبوونەوەی مەزن ڕوودەدات.

جۆری دووەمی نوێبوونەوەی مەزنەکان لە کۆتاییی سووڕی ژیانی ئەستێرەیەک ڕوودەدات. کاتێک کە ئەستێرەکە سووتەمەنیی ناوەکی (ئەتۆمی) لێدەبڕێت، بەشێک لە بارستایییەکەی دەچێتەوە ناوەوە بەرەو کڕۆکەکەی. دواجار، کڕۆکەکە ھێندە زەبەلاح و قورس دەبێت بە ڕادەیەک کە ناتوانێت بەرگەی ھێزی کێشکردنی خۆی بگرێت. بۆیە کڕۆکەکەی دەڕووخێت، لە ئاکامدا تەقینەوەیەکی گەورەی لێدەبێتەوە کە ناسراوە بە نوێبوونەوەی مەزن. ئەستێرە خۆجێیەکەی خۆمان (خۆر) تاکە ئەستێرەیەکە، بەڵام بارستاییی پێویستی نییە تاوەکو ببێت بە نوێبوونەوەی مەزن.[٣]

پاش نوێبوونەوەی مەزن[دەستکاری]

لەدوای نوێ بوونەوی مەزن چەقی ئەستێرە لەناوچووەکە دەچێتەوەیەک و ئەستێرەیەکی نوێ دروست دەکات، بارستاییی ئەو ئەستێرە نوێیە نزیکەی دوو ئەوەندەی بارستاییی خۆر دەبێت، و پاڵ بە تەنۆلکەکانی نێو کڕۆکی ئەستێرەکەوە دەنێت بۆ ئەوەی یەک بگرن بۆ دروستکردنی نیوترۆنەکان. و کاتێک ئەو ئەستێرەیەی کە ڕووخاوە بەھۆی ھێزی کێشکردنەوە تا ڕادەیەک ھەموو تەنۆلکەکانی دەکاتە نیوترۆن ئەو کات پێی دەوترێت ئەستێرەی نیوترۆنی. و ئەگەر ئەستێرە نیوترۆنییەکە گەردەلوولی بێت پێی دەوترێت پرتەکەری تیشکدەر کە گورزەیەک لە تیشک دەنێرێت بۆ بۆشاییی ئاسمان و ئەو شوێنە ڕادەماڵێت و ئەو گورزە تیشکە لەسەر زەوی بەھۆی تەلیسکۆپە ڕادیۆیییەکانەوە دەدۆزرێنەوە بە شێوەی پرتەی خێرا.

تێڕوانینی ھونەرمەندێک بۆ نوێبوونەوەی مەزنی ١٩٩٣ج.

بەڵام ئەگەر چەقی ئەستێرە ڕووخاوەکە بارستایییەکی ھەبێت بگاتە سێ ئەوەندەی بارستاییی خۆر ئەوا ئەستێرەکە زیاتر دەچێتەوەیەک بەھۆی ھێزی کێشکردنەوە، ھێزی چوونەوەیەکەکە چەقی ئەستێرە چڕەکە تێکدەشکێنێت و لە شوێنەکەی کونێکی ڕەش بەجێدەھێڵێت کە تەنێکی بارستە قەبە و چڕە تا پلەیەک تەنانەت ڕووناکییش کە خێراترین شتە لە گەردووندا ناتوانێت دەربازی ببێت لە ھێزی ڕاکێشانەکەی.[٤][٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ پەرتووکی زانست بۆ ھەمووان بۆ پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی. وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. 2015. pp. ٣٢٤.
  2. ^ information@eso.org. "Artist's impression of supernova 1993J". www.spacetelescope.org. Retrieved 2021-11-21.
  3. ^ May, Sandra (2015-06-01). "What Is a Supernova?". NASA. Retrieved 2021-11-21.
  4. ^ Andrea Thompson (2018-02-09). "What Is a Supernova?". Space.com. Retrieved 2021-11-21.
  5. ^ Murdin, Paul (2011). Supernovae. Lesley Murdin (1st paperback ed ed.). Cambridge, U.K.: Cambridge University Press. ISBN 978-0-521-18979-8. OCLC 671710631.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]