ناڕەزایەتییەکانی عێراق ٢٠١٩–٢٠٢١

ناڕەزایەتییەکانی عێراق ٢٠١٩–٢٠٢١ یان بە شۆڕشی تشرین ناسراوە، ئەو خۆپیشاندانانە بوون کە لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی باشووری عێراق لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە تێکچوونی بارودۆخی ئابووری وڵات و بەربڵاوی گەندەڵی دارایی و ئیداری و بێکاری سەریھەڵدا. داواکاری خۆپیشاندەران بریتی بوون لە ڕووخانی ڕژێمی دەسەڵاتدار، دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی، پێکھێنانی حکوومەتی کاتی، و ئەنجامدانی ھتبژاردنی پێشوەختە. ھەروەھا خۆپیشاندەران دەستوەردانی ئێرانیان لە عێراق شەرمەزار کرد و بەشێکی زۆریان ئاڵای ئێرانیان سووتاند و دروشمی «نا ئەمریکا، نا ئیسرائیل، نا سعوودیە، نا ئێران»یان بەرزکردەوە. [١] ھێزە ئەمنییەکان بە توندوتیژییەکی ئەوتۆ ڕووبەڕووی ئەو خۆپیشاندانانە بوونەتەوە، بە بەکارھێنانی قەناس بەدەست و بە گوللەی زیندوو خۆپیشاندەرانیان کردە ئامانج. ژمارەی ئەو خۆپیشاندەران کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە کوژراون، نزیکەی ٧٤٠ کەس بووە [٢] [٣] و زیاتر لە ١٧ ھەزار کەس لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بریندار بوون، لەنێویاندا ٣٠٠٠ کەس تووشی «کەمئەندامی» جەستەیی بوون جگە لە دەستگیرکردنی زۆرێک لە خۆپیشاندەران و بڕینی ئینتەرنێت. ئەم نائارامیانە بە کوشندەترین نائارامی لە عێراق دادەنرێت لە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی ناوخۆی داعش لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧. خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەیەک دواخران بەھۆی سەفەری ئەربەعین بۆ ئیمام حسێن، پاشان لە ڕۆژی ھەینی ٢٥ی تشرینی یەکەم نوێکرایەوە و دوای سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، دەیان کەس کوژران و بریندار بوون، و خوێناویترین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان بوو، بە تایبەت لە پارێزگای زیقار، کە کۆمەڵکوژیی ناسریە تێیدا ڕوویدا، کە بووە ھۆی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق نیازی خۆی بۆ پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند. لە ٣٠ی تشرینی دووەمدا عادل عەبدولمەھدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکوەزیران پێشکەش کرد لە وەڵامی داواکارییەکی گەورەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ھەڵبژاردنی نوێ بۆ کەمکردنەوەی دۆخی وڵات. کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بۆ ٤٩٥ کوژراو و زیاتر لە ٢١ ھەزار بریندار بەرزبووەتەوە. ھەروەھا کۆمسیۆن ڕفاندنی ١٧٠ خۆپیشاندەر و خۆپیشاندەرانی ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستا شوێنیان نادیارە.[٤]



سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ جريدة تكتك، جريدة أصدرها مجموعة من الصحفيين من ساحة التحرير. (١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩). «جريدة تكتك». جريدة تكتك العدد ٦، صفحة الغلاف (6): ٨. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ «Radware Captcha Page». لە ڕەسەنەکە لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ KULLAB، SAMYA. «Iraqi officials raise toll to 25 killed in Baghdad bloodshed» (بە إنجليزية). لە ڕەسەنەکە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ «مفوضية حقوق الإنسان: مقتل 490 شخصاً بتظاهرات العراق». لە ڕەسەنەکە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە.