ناوچە (DNS)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ناوچەی DNS (بە ئینگلیزی: DNS Zone) بەشێک لە ناوخانە (namespace) -ی سیستەمی جیھانیی ناوی پاوانە کە بەرپرسیارەتیی بەڕێوەبردنی ڕادەست کراوە.

پێناسە[دەستکاری]

ناوخانەی DNS بەھۆی RFC 1034 و RFC 1035 -ەوە پێناسە کراوە. ئەو ناوخانەیە لە شێوازێکی دار-ئاسای زنجیرەپلیکانەییدا دابەشکراوەتە سەر پاوانگەلی ئاست-خوارتری یەکلەسەریەک کە وەکوو ڕیزێکی پێچەوانە-یەکەمایەتیپێدراو لە ناوەکان (بە یەکەمایەتیی بەرەوخوار، لە ڕاستەوە بۆ چەپ، ھەر ئاست بە خاڵێک لە ئاستی سەرتر جیا دەکرێتەوە، بۆ نموونە، sub-b.sub-a.example.com) سەروبەریان پێدراوە.

لە ڕووی کارگێڕییەوە، ھەر ئاست یان گرێ لە زنجیرەپلیکانەکەدا نیشاندەری سنوورێکی دەسەڵاتدارییە بۆ بەڕێوەبردنی ناوخانەکە. دەسەڵاتی سەر ھەریەک لە ئاستەکانی ھەریەک لە لقەکانی داری ناوخانەکە ڕادەستی بنکە یان ڕێکخراوەیەک (وەکوو تۆمارگەی پاوانی ئاست-سەری وڵات، یان وەکوو کۆمپانیا یان تاکێک کە مافی بەکارھێنانی ژێر-پاوانێک لە سیستەمەکەی کڕیوە) کراوە. بە ئەم بەشانەی سیستەمی ناوی پاوان دەوترێ "ناوچە". لەوانەیە ناوچەیەک تەنھا داگری یەک پاوان بێ، یان دەشتوانێ لە زۆر پاوان و ژێر-پاوان پێک ھاتبێ. بەڕێوەبەری ھەر ناوچەیەکیش، بە نۆبەی خۆی، بۆی ھەیە دەسەڵاتی سەر بەشەکانی ناوچەکەی خۆی بسپێرێتە کەسانی تر.

ناوچەی ڕیشە و پاوانە ئاست-سەرەکان[دەستکاری]

لە سەرترین ئاستی خۆیدا، سیستەمی جیھانیی ناوی پاوان بریتییە لە تەنھا یەک ناوچە، ناوچەی ڕیشە. ئەم ناوچەیە بێناوە و زۆرتر لەلایەن یەک دانە خاڵەوە (".") لە زنجیرەپلیکانەکەدا نوێنەرایەتیی دەکرێ. ئێستاکە، ١٣ ڕاژەکاری ناو کە لە سەرانسەری جیھاندا بڵاون کار بۆ ناوچەی ڕیشە دەکەن. ناوچەی ڕیشە داگری ھەموو پاوانە ئاست-سەرەکانە.

پاوانەکانی ئاستی دووھەم[دەستکاری]

زۆرێک لە تۆمارگە ئاست-سەرەکان دەرگەی ناوخانەکەیان بۆ تۆمارکردنی پاوانەکانی ئاستی دووھەم لە ھەمووان کردۆتەوە. ھەر تۆمارکردنێک پارێزگاریکردن لە ژێرخانێکی تەکنیکی و کارگێڕی بۆ بەڕێوەبردنی بەرپرسایەتیی ناوچەکەی دەخاتە ئەستۆی تۆمارکەرەوە. بەڕێوەبردنی ناوچە، سپاردنی پاوانگەلی ئاست-خوارتر بە کەسانی دیکەش لەخۆ دەگرێ. ھەر سپاردنێکیش بە واتای دانی دەسەڵاتی بێسنوور بەسەر پاوانە ڕادەستکراوەکەیە.