بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ناوچەی پاراستنی باکووری سووریا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناوچەی پاراستنی باکووری سووریا
کارپێکەرھێزەکانی سووریای دیموکرات

ناوچەی پاراستنی باکووری سووریا (بە ناوچەی دابڕ، ڕێڕەوی ئاشتی یان میکانیزمی ئاسایش) ناوچەیەکی کاتی شەڕی ناوخۆی سووریا بوو کە لە ئابی ٢٠١٩ لە دیوی سووریای سنووری سووریا-تورکیا لە مانگی ئابی ٢٠١٩ دامەزراوە بۆ پاراستنی ئاسایش بەدرێژایی سنوورەکان و بۆ ڕێگریکردن لە لەشکرکێشییەکی ئاییندەیی تورکیا بۆ سەر ئیدارەی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا.[١] لەلایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) و ئەنجومەنە سەربازییەکانیانەوە بەڕێوەدەبرا و لەلایەن ھێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و کارمەندانی ھێزە چەکدارەکانی تورکیاوە جێبەجێ دەکرا.

ناوچەی پاراستن لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ داڕما، ھێشتا پێش ئەوەی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، ئەمەش کاتێک تورکیا لە ١ی تشرینی یەکەم ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ٦ی تشرینی یەکەم دەستبەرداری ھەوڵەکە بوو دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان فەرمانی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە باکووری سووریا دەرکرد، کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ لەشکرکێشییە زەمینییە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بۆ ناوچەکە. ھێرشەکەی دواتری تورکیا لە ٩ی تشرینی یەکەم، ناوچەی دابڕی بە تەواوی بێکاریگەر کرد.

ڕێکخستنە شکستخواردووەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا بە «دووەم ناوچەی دابڕی باکووری سووریا»ی جیاواز جێگەی گیرایەوە، کە لە نێوان ڕووسیا، تورکیا و حکوومەتەکەی ئەسەد دانوستانی لەسەر کرا.[٢]

پێشینە

[دەستکاری]

ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە - SDF) بەشدارێکی چەکداری شەڕی ناوخۆی سووریان و وەک ھێزە چەکدارەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا کار دەکەن. ھەسەدە لە چەندین گرووپ پێکھاتووە، کە دیارترینیان یەپەگە و یەپەژە و باڵە سیاسییەکەیانە، واتە پەیەدە، کە تورکیا وەک لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) سەیریان دەکات؛ ڕێکخراوێک کە تورکیا بە گرووپێکی تیرۆریستی دادەنێت و لەوەتەی تێکچوونی دانوستانەکانی ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەگەڵیدا لە ململانێی چەکداریدایە. لەبەر ئەم ھۆکارە، تورکیا تەواوی ھەسەدە تەنھا وەک درێژکراوەیەکی پەکەکە دەبینێت. ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی تورکیا تا ساڵی ٢٠١٩ دوو جار دەستوەردان دژی ئەو گرووپە بکات، سەرەتا بە داگیرکردنی باکووری سووریا بۆ ڕێگریکردن لە بەیەکەوەبەستنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە و دواتر بە دەستپێکردنی ھێرشێکی بەرفراوان دژی ھەسەدە لە عەفرین. لە ئەنجامی ئەم لەشکرکێشییانەدا، تورکیا ناوچەیەکی داگیرکراوی لە باکووری سووریا دامەزراند، کە بووە جێی سەرھەڵدانی یاخیبوونی ھەسەدە. ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا زۆرجار خواستی خۆی بۆ دوورخستنەوەی بەزۆری ھەسەدە لە سنووری سووریا-تورکیا دەربڕیوە.

لە لای خۆیەوە، ھەسەدە بووە یەکێک لە ھاوبەشە سەرەکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سووریا لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، کە بووە ھۆی جێگیرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە، و بەمەش ڕێگری لە داگیرکاریی تورکیا لە سنوورەکان دەکرد. لە ھەمان کاتدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نیازی خۆی بۆ کشانەوە لە شەڕی ناوخۆی سووریا دەربڕی، سەرەتا فەرمانی کشانەوەی ھەموو کارمەندانی ئەمریکای لە سووریا دەرکرد، پێش ئەوەی دواتر بڕیار بدات ھێزێکی بچووک بھێڵێتەوە، ئەوەش لەسەر داوای ڕاوێژکارە سەربازییەکانی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا سوور بوو لەسەر پاراستنی پەیوەندییە باشەکان لەگەڵ تورکیا، کە تا ئەو کاتە بەھۆی ڕەتکردنەوەی ئەمریکا بۆ ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن، ئۆپۆزسیۆنی تورکی، (کە تورکیا بە پلاندانەری کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ تۆمەتباری دەکرد) و کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس-٤٠٠ لە ڕووسیاوە لەلایەن تورکیاوە ئاڵۆز بوبوو، چونکە تورکیا بە ئەندامێکی سەرەکی ناتۆ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

پێشتر ئەمریکا و تورکیا لەسەر پرسی شاری مەنبج کە لەژێر دەسەڵاتی ھەسەدەدایە، پێکدادانی دیپلۆماسییان ھەبووە، کە تێیدا تورکیا دەیویست شارەکە لە یەکەکانی یەپەگە کە لەوێ جێگیر بوون پاک بکاتەوە. ئەنجامەکە ڕێککەوتن بوو لەسەر «نەخشەڕێگای مەنبج» لە نێوان تورکیا و ئەمریکا، کە دواجار کشانەوەی یەپەگە لە شارەکە لەخۆ دەگرت؛ بەڵام نەخشەڕێگاکە ھەرگیز جێبەجێ نەکرا و یەپەگە ھەرگیز نەکشایەوە. تورکیا ئەمریکای بە خاو و خلیچکی و تێکدانی جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکە تۆمەتبار کرد و بەڵێنی دا کە لە داھاتوودا ھەرگیز نچێتە ناو ڕێککەوتنێکی ھاوشێوەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەسەدە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر ئاڵۆز و دووژمنکارانە بوون، کاتێک ھەسەدە ھێزەکانی خستە پاڵ ھێزەکانی حکوومەتی بەشار ئەسەد بۆ بەرپەرچدانەوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا لە نزیک تەل ڕەفعەت.

شیکاری

[دەستکاری]

تۆڕی میدیایی ڕووداو جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا ھیچ «نیگەرانییەکی ئەمنی»ی بەپەلەی بۆ ناوچەی دابڕ نییە، و ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا توانیویەتی بە سەرکەوتوویی ڕێگری لە ھەر پەڕینەوەیەکی سنووری بکات لە کاتی گەمارۆدانی کۆبانیدا بەبێ ئەوەی پێویستی بە ناوچەی دابڕ ھەبێت.

ئاژانسی ئەحواڵی تورکی بڵاوی کردەوە کە دەورییە ھاوبەشەکانی ئەمریکا و تورکیا ئەوەیان پیشان دەدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان «مل بۆ داواکارییەکانی تورکیا دەدات» و بەمەش «دەروازەیەک» بۆ تورکیا دەکاتەوە بۆ داواکاریی زیاتر.

بڵاوکراوەی (Turkey Analyst)ی پەیمانگای ئاسیا-قەوقازی ناوەڕاست ڕای گەیاند کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەنگە ناوچەی دابڕەکەیان وەک ڕێگەیەک بۆ «تێپەڕاندنی قۆناغی کۆبانی» بینیبێت و بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە گرژەکانی ئەوکاتی نێوان ئەمریکا و تورکیا، لە ھەمان کاتدا پێدانی کارتێکی فشاری سیاسی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەردەوامبوون لە دواخستنی جێبەجێکردنی سزاکانی کۆنگرێسی ئەمریکا دژی تورکیا، کە بەھۆی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس-٤٠٠ لە ڕووسیاوە دەنگیان لەسەر درابوو.

دەزگای ھەواڵی کۆنەپارێزی ئەمریکی دامەزراندنی ناوچەی دابڕەکەی وەک «ڕازیکردن» وەسف کرد، کە بە «بیرۆکەیەکی ترسناک» ناوی برد. بڵاوکراوەکە ھەواڵگریی تورکیای بە «کەموکورتی قووڵ و بە سیاسی کراو» وەسف کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەندامانی خێزانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و تەنانەت خودی ئەردۆغانیش ڕەنگە «پشتیوانییان» لە داعش و قاعیدە کردبێت و جەختی لەوە کردەوە کە لەشکرکێشیی پێشووی تورکیا بۆ باکووری سووریا بە «پاکتاوی نەژادی دژی کورد» کۆتایی ھاتبوو.

ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆستی ئیسرائیلی دامەزراندنی ناوچەی دابڕی بەھۆی ھەڕەشەکانی تورکیاوە بە «نووسینەوەی یاسای نێودەوڵەتی» وەسف کرد، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان دەنێت بە «مافی داگیرکاری» و لێکەوتەی گەورەی دەبێت بۆ ململانێکانی دیکەی جیھان لە ڕێگەی ڕێگەدان بە وڵاتە بەھێزەکان لە ڕووی سەربازییەوە بۆ ئەوەی بە تاکلایەنە خۆیان بەسەر وڵاتە لاوازەکاندا بسەپێنن.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «US, Turkey agree on Turkish ceasefire with Syrian Kurds». Al Jazeera (بە ئینگلیزی). لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  2. https://www.timesofisrael.com/turkey-launches-assault-on-kurdish-fighters-in-syria-after-us-forces-step-aside/

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Northern Syria Buffer Zone»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦\ ٢٧ی بەفرانبار ٢٧٢٥.