ناسر فەکووھی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ناسر فه‌کووهیەوە ڕەوانە کراوە)
ناسر فه کووهی

ناسر فەکووھی (بە فارسی: ناصر فکوهی‎، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٦ لە شاری تاران) لە بنەماڵەیەکی چینی مامناوەند، مرۆڤناس، ڕۆژنامەوانێکی پسپۆڕ، نووسەر و وەرگێڕ و ھاوکات مامۆستای یاریدەدەری بەشی مرۆڤناسی کۆلێجی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تارانە. ھەروەھا بەڕێوەبەری سایتی زانستی مرۆڤناسی و ھەروەھا ئەندامی کۆمەڵەی نێو دەوڵەتی کۆمەڵناسی (ISA) و کۆمەڵەی نێودەوڵەتی موتاڵاتی ئێرانە (ISIS).

فەکووھی، دوکتۆرای لەسەر مرۆڤناسی ڕامیاری لە ساڵی ١٩٩٣ لە زانکۆی پاریس وەرگرت. لەنێوان کتێبە گرنگەکانی دەتوانین ئاماژە بە مانە بدەین: توندو تیژی سیاسی، مێژوو و تیۆریەکانی مرۆڤناسی، مرۆڤناسی شار، لە فەرھەنگەوە بەرەو گەشەپێدان، ناسنامەی میللی و قەومی ئێرانی. وەک وەرگێڕێک کتێبی نوسەرانێکی وەک رۆلان­بارت، (ئیمپراتۆری ھێماکان)، پیێر بۆردیۆ (دەربارەی تەلەفزیۆن)، مارک بلۆخ (مرۆڤناسی ناسین)، رۆلان بریتۆن (ئتنۆپۆلیتیکس)، دەیوید لو بریتون (کۆمەڵناسی لەش) و... کردووە بە فارسی.

رامین جەھان بێگلوو، ڕۆشنبیر و فەیلەسوفی ئێرانی، فەکووھی لە و گروپەدادەنێ کەکەسانی وەک جەواد تەباتەبایی و بابەک احمدی و فاتمە سادقی، تێدایە. بە ئاماژەی ئەو ئەم کەسانە لە ئێرانی ھاوچەرخ رۆشنبیرانی گوفتومانین.

بواری سەرەکی حەزی فەکووھی نەخۆشیناسی کۆمەڵایەتی ئێرانی ھاوچەرخ و بەتایبەت کێشەکانی پەیوەندی­دار لەگەڵ ناسنامەی قەومی و ناوچەیی لە پەیوەندییاندا لەگەڵ ئاستی جیھانیدایە. لەئێستادا پرۆژەیەکی گەورەی بەدەستەوەیە سەبارەت بەمێژووی فەرھەنگی ئێرانی مۆدێرن لە ڕێگای میتۆدی زارەکی و قەواڵە.

ژیان و خوێندن[دەستکاری]

ناسر فەکووھی لە مەیدانی کاخ (فەلەستینی ئێستا)، شەقامی موشتاق لەدایک بووە. باوکی (محمد عەلی فەکووھی) بازرگانێکی نەیشابوری، و دایکی (فاتمە عبادی) خەڵکی تاران بوو. فەکووھی لە ماڵێکی پر خێزان بە (٣) خوشک و (٥) برا لەدیک بووە، ھەرچەندە دایک و باوکی خوێندنێکی ئەوتۆیاننەبووە، بەڵام خوێندنی منداڵەکانیان بەلاوە زۆر گرنگ بووە. فەکووھی کە حەزی زۆر لە سینەما بوو زۆربەی کاتەکانی بە تەماشاکردنی فیلم و خوێندنەوەی کتێبی ھونەری و سینەمایی پڕکردۆتەوە، و ھەندێک جار رەخنەی فیلمی دەنوسێت کە چەندانەیان لە چاپەمەنیەکان وەک گۆڤاری فیردەوسی بڵاوبووە.

خوێندنی سەرەتای و مامناوەندی لە قوتابخانەی بەھەشت لە تاران لە شەقامی (ئەبو رەیحانی بیروونی) تەواوکردووە و قۆناغی دواناوەندی لە قوتابخانەی (ھەدەف) لە شەقامی ئنقلاب بردەسەر. لەساڵی ١٣٥٣ ھەتاوی دیبلۆمی وەرگرتووە و ساڵێ دوای ئەوە (١٣٥٤ ە) بۆ بەردەوامبون لە خوێندن دەڕوات بۆ شاری (ساوس ھەمبتون) و لەوێ لە کۆلێجی (سەنت جەمیز) دەستدەکات بە خوێندن. بەڵام ماوەیەکی زۆر بە سەردانەچوو کە حەزی لە کۆمەڵناسی کرد و رۆیشت بۆ فەڕەنسا. لە زانکۆی ھونەرە جوانەکانی پاریس (بوزار) یەکساڵ تەلارسازی و شارسازی خوێند. ھەر لە فەڕەنسا لەگەڵ (ماگنۆلیا میر ھاشم زادە) کە ئەویش خوێنکار بوو ئاشنا بوو، لە ساڵی ١٣٥٨ ە. زەماوەندیانکردوو (٢) منداڵیان بوو.

لە ساڵی ١٣٥٩ بە کالۆریۆس، لە ساڵی ١٣٦١ ماستێری لە کۆمەڵناسی لە زانکۆی پاریس وەرگرت، دوای وەستانێکی (٥) ساڵە، لە ساڵی ١٣٦٦ دەستی کرد بە خوێندنی دکتۆرا و توانی دکتۆراکەی لە ساڵی ١٣٧٣ بە نوسینی تێزەکەی لەسەر " مانای رامیاری لە مەزدەیەسنای ساسانی "وەربگرێت. تێزەکەی (٤) ساڵ دوای ئەوە لە لایەن وەزارەتی فەرھەنگ و رۆشنبیری، خەڵاتی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی وەرگرت. فەکووھی لە ساڵی ١٣٧٣ دوای (٢٠) ساڵ ژیان لە ئەوروپا، گەڕایەوە بۆ ئێران.

چالاکیە زانستیەکان[دەستکاری]

ناسر فەکووھی ھاوکاری پسپۆڕیانەی خۆی لەگەڵ چاپەمەنیەکانی تایبەت بە شارسازی دەستپێکرد و ئێستاکەش مامۆستایە لە کۆلیجی زانستە کۆمەڵایەتیەکانی زانکۆی تاران. بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران وپێشکەشکردنی وتار و دانیشتنی زانستی بە شێکن لە چالاکیەکانی.

تائێستا کتێب و نوسراو وتار و گفتوگۆی زۆر لە بواری مرۆڤناسی و فەرھەنگ؟ ناسر فەکووھی چاپکراوە. لە ستوونی پرسیار لە فەرھەنگ، لە ڕۆژنامەی شەرق لاپەڕەی کۆمەڵناسی بابەتی نوسیوە و لە ڕۆژنامەکانی: سەرمایە، ھەمشەھری، گۆڤاری تایبەتی میھرنامە، و وتار و گفتوگۆی، لە بواری پسپۆڕی خۆی، چاپکردووە.

فەکووھی لەبواری رەخنەی فیلمی دۆکۆمێنتی و سینەمایی رەخنەو لێدوانی لە کۆبونەوەی جیاواز جیاواز، بۆ نمونە لە دانیشتنەکانی رەخنەی فیلم کۆلیجی زانستە کۆمەڵایەتیەکانی زانکۆی تاران و دانیشتنەکانی ئەنجومەنی مرۆڤناسی و فەرھەنگ بەبەشداری رەخنەگران و دەرھێنەرانی بەناوبانگی سینەمایی ئەنجام داوە.

  • پڕۆژەی مرۆڤ ناسی مێژووی فەرھەنگی ئێرانی ھاوچەرخ

پڕۆژەی مرۆڤ ناسی مێژووی فەرھەنگی ئێرانی ھاوچەرخ (لەسەردەمی مەشروتە ھەتاوەکو ئێستا)، ئامانجی ئەو لەم پرۆژە یە کەلە چوارچێوەیەکی زانستیانە و نەک پلانێک کە دەسپێک و کۆتاییەکەی زۆر بە زەقی ڕونکرابێتەوە، ئەوەیە کە پەیوەندیەک لەگەڵ ئەم ڕەوتە لەنێوان ڕوانینە مێژوویەکان درووستبکات، لانی کەم لەیەکێک لە بەشەکانی واتە مرۆڤناسی مێژوویانە و ئەویش لە چوارچێوەی مێژووی ھاوچەرخی وڵاتی ئێران. چوارچێوەی تیۆرییەک کە بۆ ئەم پرۆژەیە ھەڵبژێردراوە زۆرتر ئیلھامی لە تێوریەکانی پۆست ئانال وەرگرتووە. پرۆژەی مرۆڤناسی مێژووی فەرھەنگی ئێرانی ھاوچەرخ (چ لە بەشی فەرھەنگی ڕەسمی و چ لە بەشی فەرھەنگی قەومە ئێرانیەکان) ڕای لەسەر ئەوەیە بەپاڵپشتی بە پشتیوانیەکی شارومەندیانە و سەربەخۆ لە سیستەمە دەسەڵاتدارەکان، دەستبکات بە دروستکردنەوەی ھەنگاو بە ھەنگاوی ئەم مێژووە. بە شێک لەم پرۆژە ھەڵدەگەڕێتەوە بۆ یادداشتکردنی بیرەوەری ئەو زانایانەی کە لە نیوسەدەی رابردووی ئێران لە سەر بیرکردنەوەی ئێرانی کاریگەریان ھەبوە. ئەم گفتوگۆیانە شێوازێکی زۆر ئازادیان ھەبووە و بە شێوەیەکی نیوە بنیاتدار، کراون. یەکەم دەرئەنجامەکانی ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی سایتی تایبەتی (مرۆڤناسی و فەرھەنگ) و ھەروەھا لە چوارچێوەی کتێبی تایبەت بە ھەریەکە لەم کەسایەتیانە لە ١٣٩٠ ە. چاپدەکرێت.

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم پرۆژەیە گفتوگۆیەکی زۆر چڕۆپڕ دەربارەی (مێژووی فەرھەنگی ئێرانی ھاوچەرخ) ە کەبە گفتوگۆ لەگەڵ (جەلال سەتاری) دەستیپێکرا و تەواویش بوو. زۆرتر لە (٧٠٠) لاپەڕە لە بیرەوەریەکانی ئەو لە منداڵی ھەتاوەکو ئێستای تیا باسدەکرێت کەئەم ئیشە ووردبوونەوە و شیکاری بیرەوەریەکانی دەربارەی ئیشەکانی بوو.

  • کۆمیتەی زمان، چەمک و زاراوەکانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان

کۆمیتەی زمان، چەمک و زاراوەکانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان، لە کۆمیتە نوێیەکانی ئەنجومەنی کۆمەلناسی ئێرانە کە لە سالی ١٣٨٩، لەسەر بەرپرسیاریەتی ناسر فەکووھی دەستی بە کارکردوە. لە ھەواڵێکدا کە لەم­ بوارەدا لە سایتی مرۆڤناسی و فەرھەنگ بڵاوبۆوە، دروستبونی ئەم کۆمیتە وەک ھەنگاوێکی­تر بۆ رێگەخۆشکردنی ھاوکاری کاریگەری مامۆستایان و لێکۆلێنەرانی ئێرانی، لە دونیای فرە زمانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەبینرێت.

چاپکراوەکان[دەستکاری]

فەکووھی ژمارەیە کی زۆر کتێبی بە زمانی فارسی دەرکردووە وە ھەروەھا لە ھەنێک چاپتەری ئینگلیزی وفەرەنسیش بەژداری کردوە نزیکەی (٢٠) کتێبی لە ئینگلیزی و فەڕەنسییەوە کردووەبە فارسی. زۆرتر لە (٣٠٠) سمینار، پێداچونەوە، وتار، و چاوپێکەوتن و... لە ژوورناڵە زانستی و گشتیەکاندا ب فارسی و چەندانەیەکیش ئینگلیزی و فەڕەنسی نوسیوە.

چاپکراوە فارسی

  • توند و تیژی: تیۆریەکان، چەمکەکان و شێوازەکان، ١٩٩٨، تاران، چاپی قەتر.
  • ئەفسانە ناسی سیاسی: ھونەر و دەسەڵات، ١٩٩٨، تاران، نەشری فیردەوس.
  • لەفەرھەنگەوە بەرەو گەشەپێدان، ١٩٩٩، تاران، نەشری فیردەوس.
  • مرۆڤناسی ئەپلاید و گەشەپێدان، ٢٠٠٣. تاران، نەشری ئەفکار.
  • مێژووی بیرۆکەی مرۆڤناسانەو تیۆریەکانی، ٢٠٠٣، تاران، نەشری نەی.
  • مرۆڤناسی شار، ٢٠٠٣، تاران، نەشری نەی.
  • لە لابیرینسی جیھانی بوون، ٢٠٠٤، تاران، نەشری نەی.
  • پارچەگەلێک لە مرۆڤ ناسی، ٢٠٠٥، تاران، نەشری نەی.
  • کێشە و ئارتیکیولەیشن: ناسنامی ئێرانی و قەومییەت، ٢٠٠٩، تاران، نەشری گولازین.
  • مرۆڤناسی ھونەر، ئەفسانەکان و سیاسەت، ٢٠١٢، تاران، نەشری سالیس.
  • گوفتوگۆی مرۆڤناسانە، ٢٠١٢، تاران، میھرنامە، چاپی چوارەم. بەشداری لە چاپکراوەی بەکۆمەڵ بە ئینگلیزی و فەرەنسی.

ھەروەھا گفتوگۆ گەلی فراوانی لەگەڵ زانایانی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ مرۆڤناسی و بەشە پێوەنددارەکان لەگەڵ مرۆڤناسی ئەنجامداوە. لەوکەسانەی کە ئەو گفتوگۆی لەگەڵ کردوون دەتوانین لە عبداللە کەوسەری، رامین جەھانبیگلوو، عەلی بلوکباشی، و شەھلا حائیری ناوبەرین. فەکووھی لە گفتوگۆکانی بە چاوێکی مرۆڤناسانە دەربارەی بابەت گەلی جیاواز وەی گەنجان و ھاوسەرکردنیان، ژنان، کێشەکانی سیستەمی خوێندنی باڵا، رەخنەی فیلمی داستانی و دوکۆمێنتی، ڕووداوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دوواوە و ھەروەھا بەم دواییانە تێڕوانینی خۆی دەربارەی قەومییەتەکان و بەشە جیاوازەکانی فەرھەنگ و شوناسی قەومی و... لە گۆڤار و رۆژنامە و سایتی ھەواڵ و کۆمەڵناسی، لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، بڵاوکردۆتەوە و دانیشتنی زۆری لەبوار ڕەخنەو پێداچونەوە فیلم ئەنجامداوە.

فەکووھی و بواری کۆمەڵناسی[دەستکاری]

  • فراوانبوونی سایتی پۆڕنۆ ڵە ئێران

فەکووھی دەربارەی جموجۆڵی سایبیری لە بواری پۆرنۆگرافی لە نێوان گەنجانی ئێرانی، پێی وایە کەزۆربوونی ژمارەی کەسانی گەنج لە کۆمەڵگای ئێران و نەبوونی ئیمکانیەت و نەبوونی زەمینە بۆ ھاوسەرگیری، بۆتە ھۆی تەقینەوەی پۆڕنۆ لە نێوان گەنجان لە سایتە ئینتەرنێتیەکان. ئەو یەکێک لە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی تەمەنی ھاوسەرگیری دەزانی. بەبڕوای ئەو لە ھەر کۆمەلگەیەک تەمەنی ھاوسەرگیری بەرزبێتەوە، لەو کۆمەلگەیەدا شۆڕشی سێکسی ڕودەدات، کە لە دەرئەنجامەکانی ئەم شۆڕشە لە ئێراندا دەکرێت ئاماژە بە بەرەو زیادچوونی سایتەکانی پۆرنۆگرافی بکەین، کە ئەنجامی ئەمەش پەیوەندی نادیار و سەرلێشێواو نێوان ڕەگەزەکان، زۆربوونی نەخۆشی ئایدز، پۆرنۆی ژێرزەمین، توندو تیژی دژ بە ژنان و منداڵان و نەخۆشیەکانی پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکانە. فەکووھی پێی وایە ئەم جۆرە سایتانە لە ئێران ھۆگرێکی زۆری ھەیە. کە ھەروەھا ئەو شتەی کەلە م جۆرە پۆرنۆگرافیە ناوخۆییە زۆرتر بەدیدەکرێت، زنا لەگەڵ مەحارمە کە زۆرتر بە شێوازی نوسراوە و نەک رەسم یان فیلم، دەردەبڕێت. بە بڕوای فەکووھی ئەم گۆڕانکاریانەی پەیوەندی نێوان دوو ڕەگەز، دەرەنجامی چاک و خراپی ھەبووە. لە دەرئەنجامە چاکەکان دەکرێت ئاماژەبکرێن بە بەژداری ژنان لە زۆربەی ھەرە زۆری چالاکیەکانی پانتای گشتی، قبوڵکردنی رادەیی پەیوەندی نێوان دووڕەگەز لە ھەندێک لە گروپەکانی شار، لە نا یاسایی دەرچوونی ھەنێک لەو کردارانەی پێشتر بە تا وان لە قەڵەم دەدران. لە دەرئەنجامە خراپەکانی دەتوانین ئاماژە بکەین بە خۆکوژی کچان، زۆربوونی لەش فڕۆشی وگۆڕانی لەش­فرۆشی لە شێوازی تایبەت بۆ شێوازی ھەمەگیر، زۆربوونی جودابونەوەی ژن وپیاو، ناسک بوونی پەیمانی ژن و مێردایەتی بە ھۆی زۆربوونی پەیوەندی لە دەروەی ھاوسەرایەتی.

  • زاراوەکانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان

فەکووھی دەربارەی زاراوەکانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان ک ەلە زمانی فارسیدا جۆراوجۆری و بەرامبەری زۆریان ھەیە، ئاوا دەدوێت: زمان، ھەڵگری بیروبۆچونە بۆ زانستە کۆمەڵایەتیەکان و کەرەستەی سەرەکییە ئەگەر نەڵێین کە تەنھا کەرەستەیە. بۆیە دەبێت بە لاستیکیەکی زۆر و لەھەمانکاتیشدا بە قورسی ولە ڕێگای کۆمەڵێ میتۆدی ھزری بێنە نێو ئەم بوارەوە، ڕای ئێمە وابوو کە زۆرێک لە کێشەکان سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەک ڕای دەربارەی خودی پێناسە و چەمک و ھەروەھا نەبوونی یەک رایی سەبارەت بە سیاسەتی ھەڵبژاردنی زاراوەکان. ھەر لەم ڕووەوە باشتر وایە بە جێگای ئەوەی کە زۆرتری کاتی خۆمان لە دانیشتنی پشت دەرگا داخراوەکان ببەینە سەر، بابەتەکە لە پانتای گشتی زانست لەو بوارەدا، باس لێبکەین و ئەمە ببێتە بیانویەک بۆ باسکردن لە چەمکەکان و کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی زانستە کۆمەڵایەتیەکان، چونکە پێمان وایە ئەگەر ئەم ڕێگایە بەردەوامبێت، بێگومان ئیشی ھەڵبژاردنی وشە و زاراوە ئاسانتر دەبێت و نابێتە تەنھا ئیشی زمانەوانەکان بەڵکو دەبێتە ئەمرێکی ھزری وبنەمایی.

  • زاڵنەبوونی کەسانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان بەسەر زمانە دەرەکییەکان:

زاڵنەبوونی کەسانی زانستە مرۆڤایەتیەکان و زانستە کۆمەڵایەتیەکان، بەسەر زمانە گرنگە دەرەکییەکان، یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی چالاکوانانی زانستە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێران. بە بۆچونی فەکووھی ھەمیشە ئەمە بووە کە ئەم پلانانە دەبێت ڕاستەوخۆ بڕۆن بەرەو زیادکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی دانیشتنەکان، کۆڕ و سیمینار و بەکارھێنانی زمانگەلێک جگە لە زمانی فارسی و بەتایبەتی ئینگلیزی. پلانەکانیش دەبێ ھەر لەسەر ئەم ڕێگایەدابێت. بە بڕوای ئەو ئەگەر چالاکوانانی بواری زانستە مرۆڤایەتیەکان، زانیارییەکی زۆریان دەربارەی زمانە دەرەکییەکان نەبێ، تەنانەت ناشتوانن بە درووستی لە زمانی فارسی تێبگەن و بەکاری بھێنن.

  • نا زاڵبوون بەسەر ھونەری نوسین و چونیەتی دەربڕینی باسی زانستی:

بە ڕوای فەکووھی، بیرمەندانی زانستە مرۆڤایەتیەکان، کەرەستەیەک جگە لە نووسین و قسەکردنیان نییە و بە بێ تەمرین ومەشق کردن لە­م­ بوارانەدا نووسین، بێ سوودە و ئەمەش لە حاڵێدایە کە گۆڤارێکی زانستی لێکۆلەری جێگای تەمرینکردن نییە. ھەربۆیە پێویست بە بۆشایی گەلی تر وەک سایتەکان، ھەواڵنامەی پەرتوکی یان ئەلیکترۆنی ھەیە، تاکوو ئەم تەمرینانە لە واندا بکرێ و بتوانین لەم لاوازییە دوورکەوینەوە. بە کارھێنانی زمانەکانی تر تەنیا ڕێگای ناردنی زانیاری و باسەکان بۆ دەرەوەیە، بەڵام بۆ ئەم کارە دەبێت سەرەتا شارەزای تەواوی زمانەکەی خۆت بی، بەو مانایە کە کێشەیەکت لە نووسین و قسەکردن لە زمانی خۆتدا نەبێت. ئەمە لە حاڵێکدایە ئێمە ھێشتا لەم ئاستەدا نین و دەبێ ڕێگە چارەیەکی بۆ بدۆزینەوە. ئەگەر بتوانین کێشەی یەکەم چارەسەر بکەین، کێشەی دووەم ڕێگە چارەسەری زۆری ھەیە، بەکورتی بڵێین دەبێ یەکەم ھەنگاو قسەیەکمان بۆ وتن ھەبێت و جا ئەمجار توانای ئەوەمان ھەبێت کە بە زمانی خۆمان دەری بڕین و لە کۆتایدا ھەوڵبدەین کە بۆ خەڵکانی تری باسبکەین.

  • ژنان وکۆمەڵگا

ڕای فەکووھی دەربارەی کاریگەری خوێندنی باڵا لەسەر سازوکاری سوننەتی و مۆدێرن لە سەردەمی ئێستا، ئەوەیە کە ئەوشتەی کە لە کۆمەڵگای ئێران ڕوویداوە نەک تەنیا لەم ڕووەوە کە ئەمڕۆ ژنان لە زۆربەی ھەرەزۆری بوارەکان، سەرەڕای ھەژموونی سیستەمە دژە ژنەکان، لە پێشەوەن و زۆرێک لە گۆڕانکاریەکان بە دەستی ئەوان ڕودەدەن، بەڵکو لەو ڕووەوە کە ئامادە بوونی ژنانی دارای خوێندنی باڵا کە خۆی بە مانای دارا بوونی سامانی زۆری فەرھەنگی و زیادبوونی بەکاربردنی فەرھەنگی ژنەکانە کە ئەمەش بە مانای بنیاتنەری ژیانی ڕۆژانە و گۆڕانکاری پێوەندی لەگەڵ کات و لە بوارەکانی رۆژانەیە، خۆی دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کۆمەڵگا نەتوانێت کە لە ئاستێک زۆرتر توند و تیژی و زاڵبوون بەسەر ژنان بەکاربێنێ. کۆمەڵگایەک کە ژنان بەشدارییەکی بەرچاو و فرەلایەنیان تێیدا ھەبێت، ھەرگیز ناتوانێت وەک کۆمەڵگایەک کە ژنان تێیدا بەشداری کۆمەڵایەتیەکان نییە، بنیاتەکانی توندوتیژی، بێ عەدالەتی و بێ رەحمی، بەرەو زیادبوونی ببات. خوێندنی ژنان لەم ڕووەوە دەبێتە ھۆی جۆرێک خودناسین، و جم و جۆڵی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگا کە بێ شک جێگرەوەکانی گۆڕانکاری و چاکبوون لەگەڵ خۆی دێنێت. بە بڕوای فەکووھی ئەو شەپۆلە نوێ و بەردەوامە کە لە دوای ١٩٦٠ ھەتاوەکو ئەمڕۆ بەتایبەتی لە زانکۆکان درووست بووە، کۆمەڵێک تیۆری تریان باسکرد کە فیمینیزمی کلاسیکی پشتگوێ خست وڕەخنەیان لێگرت وچاکتریانکرد، بۆ نمونە دەتوانین ئاماژەبکین بە (لەیلا ابو لەقوت) کەلە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان حیجاب بە شێوازێک لە دەرفەت بۆ ژنان دادەنێ کە بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگا ببن، کە بە ژنان دەرفەت وئازادییەکی زۆرتر دەبەخشێت ھەتاوەکو بتوانن لە ناو پێکھاتە نێرینەکان ئامادەبونیان ھەبێ و حیجاب بەربەستێک بۆ ئەم ئامادەبوونە نازانێ.

  • ڕەخنە لە ھەندێک لە تیۆریەکانی فیمینیزم

فەکووھی دەربارەی رەخنەی فیمینیزمی دەڵێت باوەڕ یان نەبوونی باوەڕ بە جیاکردنەوەی ئیشەکان بەپێی ڕەگەزەوە، یەکێکە لە باسە سەرەکییەکان کە ئێمە لە گفتووگۆی فیمینیزمی دوور دەخاتەوە. زۆرێک لە فیمینیستەکان چەمکی "بەرابەری" بە ئەفسانەیەک دەزانن کە خۆی لە خۆیدا جۆرێک دژایەتی تێدایە و بۆیە زۆر زوو لە وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک دەمێنێتەوە. بۆ نمونە ئەم پرسیارە کە بۆچی دەبێت بەرابەریمان تەنھا لە خاڵە ئەرێنییەکاندا ھەبێت ولایەنە نەرێنییەکانی ڕەش بکەینەوە. بۆ نمونە درووستە کە ژمارەی ژنانی دکتوری نەشتەرگەر کەمە بەڵام بەھەمان­شێوە ژمارەی ژنانی بکوژ کەمە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایە دەتوانین تەنھا ژمارەی ژنانی نەشتەرگەر زۆر بکەین بەڵام لەھەمان کاتدا ژمارەی ژنانی تاوانبار بە کەمی ڕابگرین؟. وەڵامی فەکووھی ئەوەیە کە: نەشتەرگەری خۆی لە خۆیدا پێکھاتەیەکی توندوو تیژە ھەرچەندە لە چوارچێوەیەکی فەرھەنگی نەرم کراوەتەوە. ھەرچەند ئەمە بەو مانایە نییە کە ژنانی نەشتەرگەر، کەسانی تووندوتیژن بەڵکو بەومانایە کە ئەگەر ژمارەی ژنانی نەشتەرگەر کەمە تا ئاستێکی زۆر (لەپاڵ ھۆیەکانی­تر) ھەر بەو ھۆیەش ژمارەی ژنانی تاوانبار کەمە. ئەگەر لەناو سوپا و ھەموو ئەو بەشانەی کەبە جۆرێک ناچارن توندووتیژی بەکاربێنن ژمارەی ژنان کەمە، ھۆکەی ھەر ئەوەیە کە لەو بوارانەی کە تووندوتیژی تێدا کەمە وەک پەرستاری پەروەردە و...، ژمارەیەکی بەرچاو، ژنمان ھەیە. لە پەیوەندی ژنانە یان پیاوانە بوونی ھەنێک لە بوارەکانی خوێندن، فەکووھی دەڵێت: ئێمە ئیدانەی ناکەین کە بنیاتەکانی کۆمەڵگەی ئێران نێرینە بوون کە ئەمە بۆتە ھۆی ئەوەی کە رێگە بە ژنان نەدرێت کە بەرەو ھەندێ ئیش بڕۆن، بەڵام ئەمە نابێتە چاوپۆشانن لە ئەوەی کە ژنان خۆشیان ھەندێک جار حەزیان لەو جۆرە ئیشە پیاوانە نەبووە. ئەزموونی دەروون­ناسان لەم­ساڵانەی دوایدا نیشانیداوە کە پەروەردە کردن تەنھا یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە کەسایەتی ژنانە و پیاوانە دروست دەکات، بڕوای من سرووشتی مێینە و نێرینە گرنگترن لە بنیاتەکۆمەڵایەتیە کان کە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی درووست­دەکەن و دەبەخشن.