بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ناحیەی بادینان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کوردانی بادینان

بادینان یان بەھدینان یەکێک لە ناوچە کوردنیشینە کۆنەکان، و یەکێک بوو لە میرنشینە بەناوبانگەکانی کورد؛ بە یەکێک، یان کۆمەڵێک زاراوە و شێوەزاری کوردی قسە لێی دەکرێت کە پێی دەوترێت بادینی. بە گوتەی شەرەفخانی بەدلیسی «بادینان» لە ناوی میرێکی کورد، کە بە بەھائەددین ناسراوە وەرگیراوە؛ کە بە بادینان لە نێو ئەمیرەکانی کوردستان ناسراوبوو.[١] ھەروەھا ماکنزیش دەڵێت کە ناوی بادینان لە ناوی بنەماڵەی بەھائەددینەوە وەرگیراوە و ئەم بنەماڵەیە خۆی لە بنەڕەتدا ناویان شەمسەددینان (شەمدینان، شەمزینان) بووە.[٢]

ناحیەی بادینان. ناوچەیەکی شاخاوی و ساردە لە باکووری عێراق و تەنیشتی سنووری باشووری تورکیا و سنووری باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریایە. چیاکانی بادینان بە دار بەڕوو و ڕوەکی تایبەت بە چیای زاگرۆس داپۆشراون. ڕووباری بادینان کە لقێکی زێی گەورەیە و سنووری ڕۆژھەڵاتی بادینان پێکدەھێنێت. کوردەکانی بادینان لە ڕێگەی ئاژەڵداری و چاندنی دانەوێڵە و تووتن و چاندنی ترێوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن.[ژێدەر پێویستە]

مێژوو

[دەستکاری]

ھەروەھا بادینان بە میرنشینی بادینان بەناوبانگە کە لە نێوان سەدەکانی ١٣ و ١٤دا لەسەر دەستی بەھائەددین شەمدینی دامەزراوە. وەک دەزانرێت ئەم میرنشینە بەھێزترین میرنشین بووە لە ناوچە کوردییەکاندا لەو سەردەمەدا. میرنشینی بادینان لە نێوان ساڵانی ١٣٧٦ تا ١٨٤٣ حوکمڕانی کردووە. ھەروەھا سوپایەکی ڕێکخراوی ھەبووە کە لە ٤٠,٠٠٠ کەس پێکھاتبوو. پایتەختی ئەم میرنشینە ئامێدی بووە. شاری ئامێدی دەکەوێتە نێوان چیاکانی مەتین و گارە.[ژێدەر پێویستە]

مێژوو گەواھیدەری سەدەی ٢٠ و کارەساتەکانی ناوچەی بادینانە. بادینان لە ساڵانی ھەشتاکاندا کەوتبووە بەر شەپۆلەکانی کیمیاباران و ئەنفال. بە ھەزاران مرۆڤی بێگوناھ ببوونە قوربانی ئەم کارەساتە دڕندانانەی ئەنفال. بە سەدان کەس ببوونە قوربانی کیمیاباران و بە ھەزاران گوند وێرانکران.[ژێدەر پێویستە]

کارگێڕی و پارێزگای بادینان

[دەستکاری]

دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لە نێوان ٣,٠٠٠,٠٠٠ بۆ ٤,٥٠٠,٠٠٠ کەسن. لە پارێزگای دھۆک بە تەنھا نزیکەی ١,٥٠٠,٠٠٠ کەس دەژین. لەوانە ٦٠٠,٠٠٠ کەسیان لە ناوەندی پارێزگاکە دەژین، یان دەتوانین بڵێین ٢٦.١٩٪ی دانیشتووانی پارێزگاکە لە خودی شاری دھۆک دەژین. دھۆک دەکەوێتە ناوەندی ناوچەی بادینان. دھۆک نزیکەی ٧٥ کیلۆمەتر لە باکووری کوردستانەوە دوورە.[ژێدەر پێویستە]

ناوچە بادینییەکان لەمانە پێکھاتوون:

شاری شێلادزێ دەکەوێتە باشووری کوردستان و لەسەر سنووری باکووری کوردستانە و دەروازەیەکی گرنگە لە نێوان باشوور و باکووردا و ھەروەھا دەکەوێتە نزیک سنووری پارێزگای ھەولێر کە ڕێگای دھۆک و ھەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆک. دانیشتووانی شاری شێلادزێ نزیکەی ٥٠,٠٠٠ کەسن.

شاری زاخۆ دەکەوێتە سەر سنووری باکووری کوردستان بە دووری نزیکەی ٨ کم. زاخۆ دەروازەیەکی زۆر گرنگە لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ ناوچەی بادینان بە تایبەتی و باشووری کوردستان بە گشتی. دانیشتووانی شاری زاخۆ زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەسن. شاری ئاکرێ دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی ناوچەی بادینان. ئاکرێ بە یەکێک لە شارۆچکە گەورەکانی ناوچەی بادینان دادەنرێت. دانیشتووانی ناوچەی ئاکرێ نزیکەی ٢٠٠,٠٠٠ کەسن. شارۆچکەی سێمێل دەکەوێتە ڕۆژاوای شاری دھۆک بە دووری ٨ کم. ھەروەھا ڕێژەیەکی بەرچاو لەم شارۆچکەیەدا نیشتەجێن. شارۆچکەی ئامێدی لە سەردەمی میرنشینی بادیناندا پایتەختی ئەم میرنشینە بووە و مەڵبەندی وێژە و زانینی ئەم ناوچەیە بووە. تا ئەمڕۆش شوێنەواری ئەم قوتابخانەیە ماوەتەوە وەک «قوتابخانەی قوبادی» و چەندین قوتابخانەی تر لەم ناوچەیەدا. جگە لەمەش ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی ئامێدی نزیکەی ٦,٠٠٠ کەسن. شێخان شارۆچکەیەکی تازە ڕزگارکراوە. ئەم شارە دەکەوێتە نێوان ئەترووش و ئاکرێ. دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە پێکھاتووە لە موسڵمان، ئێزدی و مەسیحی.

ھەروەھا ناوچەی شنگال بە یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی بادینان دادەنرێت. بەڵام ئەم ناوچەیە ڕزگار نەکرابوو تا دوای جەنگی ڕزگاریی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣. بەپێی چەند سەرچاوەیەک زانراوە کە ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی شنگال نزیکەی ٤٠,٠٠٠ کەسن. ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە شارۆچکە، کۆمەڵگە و گوندەکان سەر بە سنووری ناوچەی بادینانن.[ژێدەر پێویستە]

ئایین

[دەستکاری]

لە ناوچەی بادیناندا چەندین ئایینی جیاواز ھەن وەک موسڵمان، زەردەشتی، ئێزدی، مەسیحی و ئەرمەنی. ھەروەھا دەزانرێت جووەکان لە کۆنەوە لەم ناوچەیەدا ژیاون. بەڵام ڕێژەی موسڵمانان گەورەترین ڕێژەیە لە ناوچەی بادینان، کە نزیکەی ٧٠٪ تا ٧٥٪ـە. چونکە لە شارە گەورەکانی وەک دھۆک، زاخۆ و ئاکرێ، زۆربەی ھەرە زۆری دانیشتووان لە ئایینی موسڵمان پێکھاتوون. ئایینی ئێزدی بە ئایینی دووەم دادەنرێت لەم ناوچەیەدا، چونکە ڕێژەیەکی بەرچاو لێرەدا دەژین. ژمارەیان لە ناوچەی بادینان لە نێوان ٥٠٠,٠٠٠ بۆ ٦٠٠,٠٠٠ کەسدایە. زۆربەی ئێزدییەکان دانیشتووی ناوچەی شنگال و شێخانن. ھەروەھا پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە کۆنەوە دانیشتووی ئەم ناوچەیەن. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ئاشوورییەوە تا ئێستا لەم ناوچەیەدا دەژین. ئەم ئایینە لە چەندین ناوچەی جیاجیای بادینان بڵاوەیە. زۆربەی دانیشتووانی مەسیحی لە شارەکانی دھۆک و زاخۆدا دەژین.[ژێدەر پێویستە]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. شەڕەفەددین بەدلیسی (لاپەڕە ١٤٦)
  2. د. اسلام، چاپی دووەم، ذیل مادھ