مەنسوور موستەنسیر بیللا
| ئەلمەنسوور موستەنسیر بیللا المنصور المستنصر باللە | |
|---|---|
| خەلیفە ئەمیری ئیمانداران | |
درھەمێکی ئەلموستەنسیر | |
خەلیفەی عەبباسی لە بەغدا | |
| فەرمانڕەوایی | ١٠ی تەممووزی ١٢٢٦ – ٥ی کانوونی یەکەمی ١٢٤٢ |
| پێشوو | محەممەد زاھیر بیئەمریللا |
| جێگر | موستەعسیم بیللا |
| پیشەی سەربازی | |
| پێکدادانەکان/جەنگەکان | |
| ھاوسەر | شاھان ھاجر[١] |
| منداڵ(ەکان) | موستەعسیم بیللا |
| خانەدان | |
| باوک | محەممەد زاھیر بیئەمریللا |
| دایک | زەھرا |
| لەدایکبوون | ١٧ی شوباتی ١١٩٢[٢] بەغدا، خەلافەتی عەبباسی (عێراقی ئێستا) |
| مردن | ٥ی کانوونی یەکەمی ١٢٤٢ (لە ٥٠ ساڵی) بەغدا، خەلافەتی عەبباسی |
| ناشتن | بەغدا |
| ئایین | ئیسلام |
ئەمیری باوەڕداران و خەلیفەی موسڵمانان ئەبوو جەعفەر ئەلمەنسووڕ ئەلموستەنسیر بیللا کوڕی محەممەد ئەلزاھیر کوڕی ئەحمەد ئەلناسڕ کوڕی حەسەن ئەلموستەزیء کوڕی یووسف ئەلموستەنجید ئەلعەباسییل ھاشمییل قورەشی (بە عەرەبی: أمِیرُ اَلْمُؤْمِنِین وَخَلِیفَةُ المُسْلِمِین أبُو جَعْفَر مَنْصُور المُسْتَنْصِر باللَّەِ بن مُحَمَّد الظَّاھِر بن أحمَد النَّاصِر بن الحَسَن المُسْتَضِیء بن یُوسف المُسْتَنْجِد اَلْعَبَّاسِیِّ اَلْھَاشِمِیِّ اَلْقُرَشِیِّ؛ ١٧ی شوباتی ١١٩٢ – ٢ی کانوونی دووەمی ١٢٤٢)، کە بە شێوەیەکی گشتی بە ئەلموستەنسیری یەکەم ناسراوە، ٣٦ـەمین خەلیفەی عەبباسی بووە، لە ساڵی ١٢٢٦ تا ١٢٤٢ فەرمانڕەواییی کردووە. لە ساڵی ١٢٢٦دا لە شوێنی ئەلزاھیر بووە خەلیفە، کە لە بەغداوە حوکمڕانیی کردووە. خەلیفەی پێش کۆتای خەلافەتی عەبباسی بووە.
ژیاننامە
[دەستکاری]
ئەلموستەنسیر لە ساڵی ١١٩٢ لە بەغدا لەدایکبووە. کوڕی ئەبوو ناسڕ محەممەد بووە. دایکی تورک بووە.[٤][٥] ناوی تەواوی مەنسووری کوڕی محەممەد زاھیر بووە. لە کاتی لەدایکبوونیدا باوکی شازادە بووە. کاتێک باوکی لە ساڵی ١٢٢٥دا سەرکەوتە سەر تەختی پادشایەتی. باوکی، باجی لەسەر دانیشتووانی عێراق کەم کردەوە و سوپایەکی بەھێزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشکرکێشییەکان دروستکرد. لە ١٠ی تەممووزی ساڵی ١٢٢٦ کۆچی دواییی کردووە، واتە دوای نۆ مانگ لە دەستبەکاربوونی.
لەسەر کۆچی دواییی باوکی لە ساڵی ١٢٢٦ لە شوێنی باوکی ئەلزاھیر بووەتە سی و شەشەمین خەلیفەی عەبباسی لە بەغدا. موستەنسیر بەتایبەتی بە دامەزراندنی مەدرەسەی موستەنسیرییە (لە ئێستادا بەشێکە لە زانکۆی موستەنسیرییە) لە ساڵی ١٢٢٧/٣٢/٣٤ ناسراوە. مەدرەسەکە، لەو کاتەدا چەندین بابەتی دەوتەوە لەوانە پزیشکی، بیرکاری، ئەدەب، ڕێزمان و خوێندنی ئایینی ئیسلامی، بووە ناوەندێکی دیار و پلە بەرز بۆ خوێندنی ئیسلامی لە بەغدا.[٦]
مەدرەسەکان لە سەردەمی عەبباسییەکاندا وەک ئامرازێکی باڵادەست بۆ پەرەپێدانی بڵاوبوونەوەی بیری ئیسلامی و ھەروەھا ڕێگەیەک بۆ درێژکردنەوەی ئایدیاڵە خواپەرستەکانی دامەزرێنەر بەکاردەھێنران.[٧]

حاکمی ھەولێر، موزەفەرەددین کۆکبری بێ میراتگری پیاو کۆچی دواییی کرد، کۆکبری وەسیەتی کرد کە شاری ھەولێر بچێتە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەی عەبباسی موستەنسیر بیللا.[٨] دوای مردنی کۆکبری لە ساڵی ١٢٣٣ شاری ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی عەبباسیەکان.
ئەلموستەنسیر لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٢٤٢ کۆچی دواییی کردووە.[٩] موستەعسیم بیللای کوڕی بوو بە جێنشینی موستەنسیر و سی و حەوتەم و کۆتا خەلیفەی خەلافەتی عەبباسی.
کەوتنی ھەولێر
[دەستکاری]دوای ئەوەی سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل گەیشتە ئازەربایجان و دەوروبەری لە ساڵی ٦٢٩ی کۆچی / ١٢٣١ی زایینی، ھێزەکانی مەغۆل بەرەو شارەزوور پێشڕەوییان کرد کە ناوچەیەکی مێژووییی گەورە بوو و ھەولێریشی دەگرتەوە. حاکمی ھەولێر داوای ھاوکاریی لە خەلیفەی عەبباسی مەنسوور موستەنسیر بیللا کرد، بۆیە خەلیفە پارەی بۆ دابینکرد و سەربازانی ئامادەکرد لە ژێر فەرمانی جەمالەددین قەشتمەر ئەلنەسیری، کە پەیوەندییان بە سەربازەکانی فەرمانڕەوای ھەولێرەوە کرد بۆ یارمەتیدانی، و ھەموویان بەرەو گوندی موغان ڕێپێوانیان کرد، بەڵام نەیانتوانی لەوێ بمێننەوە، و ھێزەکانی خەلافەت بەدەست نەبوونی ئاوەوە دەیانناڵاند، بۆیە زۆرێکیان گیانیان لەدەستدا و سەربازەکان لە فەرماندەی ھێزەکانی خەلیفە بڵاوبوونەوە و کاتێک مەغۆلەکان پێشڕەوییان نەکرد بۆ شەڕکردن لەگەڵیان، بەمەش ھێزەکان گەڕانەوە بۆ بەغدا.[١٠]
دواتر شاری ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی عەبباسییەکان و مەغۆلەکان دواتر ھاتنە ھەولێر و دوای چەندین ھێرش و پێکدادان مەغۆلەکان شکان و پاشەکشەیان کرد. خەلیفە موستەنسیر بیللا فەرمانی ئامادەکردنی سەربازەکانی دەرکرد، بانگەوازێکی دەرکرد بۆ کۆکردنەوەی بەدەوییەکان لە بیابانەکانەوە، و سەربازە پیادەکان لە قەزاکانەوە، و فەرماندەی خۆی جەمالەددین قەشتمەری بەسەریاندا دانا. پاشان سوپای عەبباسییەکان بە دوای مەغۆلەکاندا ڕۆیشتن، بەڵام ئەوان ڕوویان لە بەغدادەوە کردەوە، چوونکە مەغۆلەکان کشانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لە شاخەکاندا کۆنتڕۆڵیان دەکرد.[١٠]
دوای شکستی ھەڵمەتەکانی پێشوویان دژی ھەولێر، دواجار مەغۆلەکان بڕیاریان دا بە سی ھەزار سوارەوە داگیری بکەن، بە سەرۆکایەتیی تجتکای. لە زولقەعدەی ٦٣٤ کۆچی / ١٢٣٧ی زایینی ھاتنە ھەولێر. زۆرێکیان لە خەڵک کوشت، شارەکەیان تاڵانکرد و ئەوانەی تێیدا بوون کوشتیان و ژنانیان بەدیلگرت و دەستیان بەسەر پارەکاندا گرت، تا شارەکە وێران و پیس بوو بەھۆی زۆریی تەرمی مردوو و لاشە مردووەکانەوە. ئەو خەڵکەیشی کە دەیانتوانی لە دەستی مەغۆلەکان دەرباز ببن، پەنایان دەبردە بەر قەڵای ھەولێر، بۆیە مەغۆلەکان گەمارۆیان دا. ھاوکات لە نێو ھەواڵی ئەوەی بەسەر خەڵکی ھەولێردا ھاتووە، خەلیفە مەنسوور موستەنسیر بیللا لەشکرێکی لە سوپای خۆی بە فەرماندەییی شەرەفەددین ئیقبال ئەلشەرابی نارد بۆ ھەولێر. لەشکرەکە بەرەو تکریت ڕێپێوانیان کرد دواتر تاوەکوو باشووری ھەولێر ھاتن و کاتێکیش مەغۆلەکان ئاگاداری ھاتنی سوپای خەلافەت بوون، بڕیاریان دا واز لە گەمارۆدانی قەڵای ھەولێر بھێنن. تەنانەت ئەو پارە و غەنیمەتەشیان بەجێھێشت کە لە خەڵکی ئاسایی تاڵانیان کردبوو و کشانەوە بۆ تەورێز و سوپای عەبباسیش گەڕانەوە بەغدا.[١١][١٢][١٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Al-Hawadith al-Jami'a . Ibn al-Fuwaṭi
- ↑ Ibn Kathir: Albidayah Wa-Nahaya, V. XIII. p. 147
- ↑ Contadini، Anna (١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢). A World of Beasts: A Thirteenth-Century Illustrated Arabic Book on Animals (the Kitāb Na't al-Ḥayawān) in the Ibn Bakhtīshū' Tradition. Brill. لاپەڕە ١٥٥. doi:١٠.١١٦٣/٩٧٨٩٠٠٤٢٢٢٦٥٦_٠٠٥.
- ↑ Rizvi، Sayyid Saeed Akhtar؛ Shou، Salman (٢٠٠٥). Utumwa: Mtazamo wa Kiislamu na wa Nchi za Magharibi. Al-Itrah Foundation. لاپەڕە ٦٤. ژپنک ٩٧٨-٩٩٨٧-٩٠٢٢-٤-٨.
- ↑ Hasan، M. (١٩٩٨). History of Islam: Classical period, 571-1258 C.E. Islamic Publications. لاپەڕە ٣٠٤.
- ↑ Hillenbrand، Robert (١٩٩٤). Islamic architecture : form, function, and meaning (چاپی Casebound). New York: Columbia University Press. ژپنک ٠٢٣١١٠١٣٢٥. OCLC ٣٠٣١٩٤٥٠.
- ↑ Bloom, Jonathan M. (١٩٩٧). Islamic arts. Blair, Sheila. London: Phaidon Press. ژپنک ٩٧٨٠٧١٤٨٣١٧٦٣. OCLC ٣٧٢٦٥٧٧٨.
- ↑ Morray, p. 85
- ↑ 10 Jumada ath-thani 640 A.H.
- 1 2 H̱aṣbāk, Ǧaʿfar Ḥusayn (١٩٦٨)، العراق في عهد المغول الأيلخانين، 656-763هـ - 1258-1335م (الفتح.الأدارة.الأحوال الأقتصادية.الأحوال الأجتماعية) (بە عەرەبی)، بەغدا: زانکۆی بەغدا، OCLC ٤٧٧٠٠٧٠٣٥٣، Wikidata Q126680995 لاپەڕە ٩
- ↑ Woods، John E. (١٩٧٧)، «A note on the Mongol capture of Isfahān»، Journal of Near Eastern Studies، ٣٦ (1): لاپەڕە ٤٩–٥١، doi:١٠.١٠٨٦/٣٧٢٥٣١، ISSN ٠٠٢٢-٢٩٦٨، JSTOR ٥٤٤١٢٦، S2CID ١٦١٨٦٧٤٠٤
- ↑ H̱aṣbāk, Ǧaʿfar Ḥusayn (١٩٦٨)، العراق في عهد المغول الأيلخانين، 656-763هـ - 1258-1335م (الفتح.الأدارة.الأحوال الأقتصادية.الأحوال الأجتماعية) (بە عەرەبی)، بەغدا: زانکۆی بەغدا، OCLC ٤٧٧٠٠٧٠٣٥٣، Wikidata Q126680995 لاپەڕە ٩-١٠
- ↑ «Erbil Citadel». Chaldean News (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). ٣١ی ئایاری ٢٠٢٥. لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.