مەموندی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

هۆز یان عەشیرەتی مەموندی یەکێکە لە عەشیرەتە دێرینەکانی کوردستان، بەڕێژەیەکی زۆر لە پارێزگای هەولێری باشووری کوردستاندا دەژین. گوندەکانی دەشتی شەمامک زۆربەیان هی ئاغاو کوێخاکانی عەشیرەتی مەموندین. کەسێکی ناوداری وەک رەمزی نافیع رەشید ئاغا کە لەسەرەتای 1940ەوە هەوڵی داوە لەرێی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەڵمانەکان دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنێ، لەبنەماڵەیەکی مەموندی بووە. نووسەرانی وەک عەبدولخالیق سەرسام و جەوهەر کرمانج و رێکار ئەحمەد لە عەشیرەتی مەموندین، هەورەها هونەرمەندی ناسراو سەعدون یونیس ئەویش هەر مەموندییە. تیرەکانی عەشیرەتی 'مەموندی' بریتین لە (مەموندە رەشکە، گەنجانی، شێخ مەموندی، قڕان، دزگر، نانبدەر، کەور زەرد، هیزانی، مەلازادە، مەمانی، پیرخدری، مام غەزایی، قورەیشی و مامڕەشان) عەشیرەتی مەموندی، لە نەوەی میرەکانی دەوڵەتی مەڕوانین کە ساڵی 983ی زاینی دامەزرابوو، شاری میافارقینیان کردبوو بە پێتەختی خۆیان، ئەو دەوڵەتە کوردیە هەتا نزیک بەغداد فەرمانڕەوایەتی دەکرد، بەڵام ساڵی 1085 لە کاتێکدا کە میری دەوڵەتی مەڕوانی بەسەردان چووە لای مەلەکشای سەلجوقی، دەستگیر کراو وەک دیل رەفتاری لەگەڵدا کرا، لەشکری سەلجوقیەکان ئەوەیان بە دەرفەت زانی هێرشیان کردە سەر شاری میافارقین و ئامەد (دیاربەکر) بەڵام ئەوان خۆیان رادەست نەکرد، پاشان بە فێڵ و تەڵەکەبازی وایان پێگەیاندن کە ئەوە فەرمانی میر نەسر کوڕی مەنسور کوڕی نەسرولدەولەیە، کە پادشای دەوڵەتی مەڕوانی بوو، ئیدی ئەوانیش دەرگەی شارەکانیان کردەوە، بەوشێوەیە دەوڵەتی مەڕوانی داگیرکرا. وشەی مەموندی لە 'مەم'+'وند'ەوە هاتووە، مەم ناوی کەسێکی ناوداری بنەماڵەی میرەکانی مەڕوانیە بەناوی (مەم کوڕی ئەسکۆ کوڕی دەرباس کوڕی ئەسکۆ کوڕی نەسرولدەولە) هەروەها 'وند' واتای وەچە، نەوە و ژیر دەدات. کەواتە مەموندی یان بە واتای نەوەی 'مەم'ەوە بەکار هاتووە یان ئەوەتا بە واتای 'مەم'یژیرەوە بەکارهێنراوە. دیارە دواتر بوونە بە مەموندی.


سەرچاوە: ١- مەموندی و بۆچوونەکانی سەبارەت بە پەیدابوونی. رێکار ئەحمەد. ٢٠١١ باشووری کوردستان

٢- مێژووی دەشتی هەولێر. عەباس سلێمان سمایل.

٣- تاریخ الفارقی. احمد بن یوسف بن الازرق الفارقی