مەلا مارف کۆکەیی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مەلا مارف کۆکەیی
لەدایکبوون١٢٥٣ کۆچی ھەتاوی
حاجی خۆش،شاروێران، مەھاباد،کوردستانی ڕۆژھەڵات
مەرگ١٣٢٤ کۆچی ھەتاوی
شاری مەھاباد
شوێنی گۆڕمەھاباد، گۆڕستانی مەلا جامی
نەتەوەکورد
پەروەردەمامۆستایی ئایینی
پیشەشاعیر و مامۆستای ئایینی
شارمەھاباد
ئایینئیسلام، سوننە
ھاوسەرئامینە خانم
منداڵەکان٦ مناڵ، چوار کوڕ و دوو کچ - عەلی، مەعسوومە، عەبدوڵڵا، محەممەد، تووبا و ئەحمەد

مەلا مارفی کۆکەیی (١٢٥٣- ١٣٢٤ی ھەتاوی)(١٨٧٤- ١٩٤٥ی زایینی) شاعیر.

ژیان[دەستکاری]

مەلا مارف کۆکەیی لە ساڵی ١٢٥٣ ھەتاوی ڕێکەوتی ١٢٩٣ی کۆچی مانگی لە گوندی حاجی خۆش لە ناوچەی شاروێران لە دەوری شاری مەھاباد لە دایک بووە. بنەماڵەکەیان بە پەڕبڵاو ناودارە. مەلا مارف لە ٢٥ ساڵیدا لە ڕێکەوتی ١٢٧٨ی کۆجی ھەتاوی لە ئامینە خانمی کچی مەلا رەزای بانەیی خەڵکی گوندی سوتوو و بەردەڕەش لای شاری بانە خوازبێنی کردووە و مارەی بڕیوە و گوێزراوەتەوە بۆ گوندی قوڵغە تەپە ھەرێمی ئیل تەیموری لای مەھاباد کە لەوێ مەلای مودەریس بوە و ماوەی ٣٨ ساڵ پێکەوە ژیاون.
ئامینە خانمی ھاوسەری مامۆستا لە ساڵی ١٣١٧ ی کۆچی مانگی لە شاری مەھاباد کۆچی دوایی ئەکات و مەلا مارفیش لە ٧٣ ساڵی دا لە ١٩ ی رەمەزانی ١٣٦٤ ی کۆچی مانگی لە کاتژمێر ٦ی سەر لە بەیانی لە رێکەوتی ساڵی ١٣٢٤ کۆچی ھەتاوی دا لە شاری مەھاباد کۆچی دوایی ئەکات و ھەر لە وێش نێژراوە. لە رێو و رەسمی بە خاک سپاردنی تەرمی مەمۆستا دا خەڵکی زۆربەی شارەکانی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی و و کەسایەتیەکانی ئەو دەم بەشداریان کروە، کەسانێک وەک مامۆستا سدیق سدقی و مەلا محەممەد لاھیجی و سەید عەبدوڵڵا ئەتھەری کوڕی جەنابی شێخ عەبدولقادر بەرزنجی و ھتد بەشداری رێورەسمەکەیان کردووە.

بە پێی گۆڤاری "ھاواری کورد"، کە بە مەودای مانگێک پاش مەرگی مەلا مارف دەرچووە، مەلا مارف لە دووھەمین ڕۆژی بەفرانباری ساڵی ١٢٥٤ی ھەتاوی ڕێکەوتی ٢٣ی دیسامبری ١٨٧٥ لە دێی "حاجی خۆش"ی ناوچەی "شاروێران"ی موکریان، کە دەکەوێتە ٣٠ کیلۆمیتریی باکووری مەھاباد، لە دایک بووە. ئەمە نیزیکترین سەرچاوەیە

لە سەردەمی ژیانی مەلا مارف، کەچی لەگەڵ ئەو زانیارییەی کە لە دیوانە چاپکراوەکە و وتارەکاندا نووسراوە ڕێک ناکەوێ. بۆ دڵنیایی‌ی پتر لەم‌بارەوە، پێویست بوو سەردانی ئیدارەی ئاماری شاری مەھاباد بکرێ. لەم سەردانەدا دەرکەوت کە مێژوویەکەی "ھاواری کورد" ڕاستە و جگە لەمە ئەو ساڵانەی ئاماژەیان پێکراوە ھەڵەن و پێویستە ڕاست بکرێنەوە.

باوکی ناوی "یۆسف" لە تایفەی "پەڕبڵاو" و دایکی "زبێد" لە بنەماڵەیەکی ئایینی ناوچەی بانە بووە. بە وتەی بەساڵاچووانی بنەماڵەی کۆکەیی، تایفەی پەڕبڵاو سەر بە عەشیرەتی "مووریک"ن، کە ئەویش دەکەوێتە چوارچێوەی عەشیرەتی "پیران". یۆسف بە کاروباری لادێ و کشتوکاڵەوە خەریک بووە و مارفیش ھەتا تەمەنی ١٢ ساڵی لە گوند ژیاوە و بەپێی توانا یارمەتیی باوکی داوە. ھەر لەم تەمەنی مێرمنداڵییەوە ڕۆژێک بێھەواڵ و لە ناکاو ماڵی باوکی، کە ئەودەم لە گوندی "شاگێلدی" بووە جێ دێڵێ و ھەڵوەدای خوێندن ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان. براکانی پێوشوێنی ھەڵدەگرن و پاشی دوو ساڵ و نیو، لە "خانەقای مەحوی"ی شاری سلێمانی دەیبیننەوە و لەگەڵ خۆیان دەیھێننەوە. دوای گەڕانەوە، لە تورجان و سەردەرئابات، لای مامۆستایانی بنەماڵەی تورجانی‌زادە (قزڵجی) درێژە بە خوێندن دەدا و ڕەنگە ھەر لەوێش ئیجازەی وەرگرتبێ. ساڵی ١٢٨٠/١٩٠١ لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا لەگەڵ ئامینەخانمی کچی مەلا ڕەزای بانەیی خەڵکی گوندی "سووت و بەردەڕەش"، زەماوەند دەکا و پاشی ٣٨ ساڵ ژیانی ھاوبەش، خێزانی لە بەفرانباری ١٣١٨ / دیسامبری ١٩٣٩ کۆچی‌دوایی دەکا و ئیدی مەلا مارف ژن ناھێنێتەوە. بەرھەمی ئەم ژیانە ھاوبەشە چوار کوڕ و دوو کچ دەبێ کە لە گەورەوە بۆ بچووک: "عەلی، مەعسوومە، عەبدوڵڵا، محەممەد، تووبا و ئەحمەد"ن. عەلی، کوڕە گەورەی مەلا مارف، لە ھەڕەتی مێرمنداڵیدا، کە تەمەنی ١٦ ساڵان بووە، بەھۆی ڕووداوێکی نەویستە تووشی چارەنووسێکی تاڵ دەبێ و پاشی شێ چوار ساڵ ژیانی نھێنی و پڕکارەسات، دەکووژرێ. ئەم ڕووداوە دەبێتە سەرەتای دەربەدەری و غەم و پەژارەی شاعیری ھەستیار و لە ئاکامدا بە نابینایی سەردەنێتەوە.

نەداری و تەنگدەستی[دەستکاری]

مەلا مارف لە ھەل و مەرجێکی زۆر ئەستەم و لە نەداری و چەرمە سەریدا ژیاوە و ھۆنراوەی ھۆنیوەتەوە، تەنانەت ئەو نەداریە بە ئاشکرا لە بەرھەمەکانیا رەنگ ئەداتەوە و کاریگەری کردۆتە سەر شێوازی نوسینی. بۆ نموونە مەلا مارف زۆر شێعری ھەن کە بەسەر کەسایەتی گەورەو و نزم دا ھۆنیونی و سکاڵا و داوای خۆی نوسیوە.[١][٢][٣][٤][٥]

چەن نموونە لەو شێعرانە لە ژێرەوە ئەبینن:

گەر دەپرسی حاڵ و ئاحواڵات و وەزعی زیندەگی * موودەتی سێ مانگە وەک مردوو لە قەبرا بووم تخێڵ
قافڵەی یار و رەفیقان چوونە بازاڕی عەدەم * من لەبەر بێ قودرەتی کەوتوومە دوای کاروان و خێڵ
خاترت جەم بێ ھەتا ئەو رۆژە دەس ھەڵناگرم * دێتە گوێم دەنگی قەبر ھەڵقەن زرینگەی پاچ و بێڵ

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. ^ (زانایانی کورد: محەمەد ساڵح ئیبراھیمی "شەپۆل" - لاپەڕەی ١٩٥-٢١٢، چاپەمەنی محەممەدی، سەقز، ١٣٧٩)
  2. ^ (چێشتی مچێور: بیرەوەریەکانی مامۆستا عەبدولرەحمان شەرەفکەنی "ھەژار" - چاپی پاریس ١٩٩٧- لاپەڕەی ٤٧)
  3. ^ (تاریخو فرھنگ و ادب موکریان، ابراھیم افخمی، چاپەمەنی محەممەدی، سەقز)
  4. ^ (نگاھیبە تاریخ مھاباد، سید محمد صمدی -نشر رھرو، مھاباد- ١٣٧٧ - ص ٢٤١)
  5. ^ (تاریخ مشاھیر کُرد - بابا مردوخ روحانی (شیوا) - جلد دوم - انتشارات سروش ١٣٦٦ - تھران - ص ٢٧٥)

زیاتر[دەستکاری]

  • گزیدە اشعار ملا مارف کوکە ای - مھپارە لاھیجی -تحقیق و تفحص در اشعار - رھرو مھاباد ١٣٨٧ ی ھەتاوی
  • دیوانی مەلا مارفی کۆکەیی، گردوکۆی: مستەفا کۆکەیی، ئامادەکردن و ڕاستکردنەوە: عەبدوڵڵا سەمەدی، مەھاباد ٢٠١٦-١٣٩٥، - ھیوا (عەبدولقادر قادری)
  • http://watmani.blogfa.com/post/130