مەلا سەید ئەحمەدی فەیلەسووف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ملا سید احمد الفیلسوف

ناوی تەواوی سەیید ئەحمەدی کوڕی سەیید ئەمینی کوری سەیید موحەممەدی کوری سەیید ئەمینی کوری سەیید خدری کوری سەیید بەوانی کوری سەیید خان عەلی خانە و فەیلەسوف و زانایەکی پایەبەرزی کوردە، نازناوی (فەیلەسووف) بوو،[١] وە بە مامۆستا مەلا سەیید ئەحمەدی فەیلەسوف ناسرابوو، ئەوەش لەبەر بلیمەتی و زیرەکی و شارەزابونی بە شێوەیەکی بێ وێنە لە زانستە شەرعی یەکان و فەلسەفە و عەقیدەی ئیسلامی و زانستە کانی تری وەک بەلاغەو مەنتیق و عیلمی کەلام و سەرف و نەحوی عەرەبی و فەلەک و ئوستورلاب و جوغرافیاو مێژوودا. ھەروەھا شارەزایی زۆرباشی ھەبوو لەزانستی زەوی ناسیدا.

نەسەبی[دەستکاری]

- مامۆستا مەلا سەیید ئەحمەدی فەیلەسوف لە نەوەی بابا شێخ ئەحمەدی باینچۆ[٢] ی کوری سەیید مەحمودی سەبزەواریە و لە سەیدەکانی (پیرخزری) یە[٣] پشتاوپبشت ئەچنەوە سەر ئیمام رەزا[٤] ی مەشھەد خوای لێ رازی بێت.

ژیان و بەسەر ھاتی[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩١١ ز بەرامبەر ١٣٢٩ک لە [کەرکووک] لەدایک بووە و ھەر منداڵ ئەبێت و لە تەمەنی چوار ساڵیدا باوکی ئەگوێزێتەوە بۆ بەغداو لەوێ نیشتەجێ ئەبێت، ھەر بۆیە مامۆستا فەیلەسوف لەوێ گەورە ئەبێ و پێ ئەگات و ھەر لە بەغداش فێری زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی ئەبێت. دوای ئەوە لە کرکوک و ھەندێ ناوچەی دەوروبەری و چەمچەماڵ و ھەولێر ژیان بەسەر ئەبات و ماوەیەکیش لە ئێران بوە. لە ژیانداھەژاری و کەم دەرامەتی و نەبونی زۆر بینیوە. چەندجارێک ماڵی تاڵان کراوەو ناخۆشی و دەربەدەری زۆری بینیوە و نوسراوو کتێب و پەرتووک و شیعرەکانی لەو نێوانەدا فەوتاون و لەناوچوون، تەنانەت لە ساڵی ١٩٦٣ دا کتێب و نوسراوەکانی بەر شاڵاوی تاڵان کردن ئەکەوێت و چەند کتێبێکی کەم نەبێت ھیچی بۆ نامێنێتەوە و ھەندێ کەسی خەڵکی کرکوک کە سەرباز ئەبن لە باشوری عێراق بە رێکەوت ھەندێ لە کتێبەکانی بەدەستی منداڵی عەرەبەوە ئەبینن لە شاری عیمارەو چەند دانەیەکی کەمی بۆ دێننەوە.

- لە ساڵی ١٩٧٩ دا سەفەری حەج ئەکات ئەو ئەرکە پیرۆزە جێ بەجیێ ئەکات.

خوێندنی[دەستکاری]

- مامۆستا سەیید ئەحمەد زانستە شەرعی یەکان و فەلسەفەو حیکمەت و بەلاغەو مەنتیق وعیلمی کەلام و فیقھو ئوسوڵی فیقھو حەدیس و باقی زانستەکانی ئەو سەردەمەی خوێندوە.

سەرەتای خوێندنی لە شاری بەغدا دەست پێکردووە، پاشان بۆ مەبەستی بەپایان گەیاندنی خوێندنەکەی رووی لەکەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری وەکو لەیلان و باواو فەرقان و کردووە، دواتر زۆر شوێنی تر گەراوە وەکو سولەیمانی و گەرمیان وخانەقین و زەھاو و چەند شوێنێکی تر.

- سەرەتا لة بەغدا ئەچێتە لای (کتاب = کوتتاب)[٥] بۆ فێربوونی ئەلف و بێ ی عەرەبی و دوای ئەوە قورئانی پیرۆزی خوێندوە. ئینجا ئەچێتە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و ھەندیّک حەدیسی خوێندوە. دوای ئەوە دیوانی خواجە حافزی شیراز و گولستان و بوستانی شێخی سەعدی و چوار دەروێش و پەند عەتارو ھەندێکی تر فارسی ئەخوێنێت، پاشان ھەندێک کتێبی تورکی و ئینگلیزی ئەخوێنیّت. ئینجا ئەچێتە کەرکوک و لە مزگەوت ومەدرەسەکانی ئەو شارە دائەمەزرێت و دەست بە خوێندن ئەکات. دوای ماوەیەک رووئەکاتە لادێ و شارۆچکةکانی دەوروبەری و ماوەیەکیش لەو شوێنانەبەسەر ئەبات، دوای ئەوە ئەگەرێتەوە کەرکوک و درێژە بە خوێندنەکەی ئەدات. ئینجا ئەچێتە ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین و زەھاوو ماوەیەکیش لەوێ ئەمێنێتەوە و پاشان ئەگەرێتەوە بۆ کەرکوک و ئەمجارەیان لە (مەدرەسەی ئەوقافی ئایینی کەرکوک) وەرئەگیرێت. مامۆستا ئەم مەدرەسەیە بە پلەیەکی زۆر باش تەواو ئەکات. ئەوەی پێویستە بوترێت لەو کاتەدا لە نمونەی ئەو مەدرەسە ئایینی یەی کەرکوک کەسەر بە وەزارەتی ئەوقاف بوو، سێ مەدرەسەی ئایینی تر ھەبوو لە ھەریەک لە شارەکانی بە غداو موسل و بە سرە و کرکوک (نمونەی پەیمانگاو کۆلێژە ئایینی یەکانی ئێستا)، دەرچوانی ئەو جۆرە مەدرەسانە شارەزایی یەکی زۆر باشیان ئەبوو لە زانستە شەرعی و ئایینی یەکان و بروانامەی دەرچونیان (تخرج) پێ ئەدرا. دواتر مامۆستا فەیلەسوف رووئەکاتە شاری سولەیمانی و سەرەتا لە خانەقای مەولانا خالید دائەمەزرێ و ماوەیەک لەوێ ئەمێنێتەوە، دوای ئەوە چەند شوێنێکی تر ئەکات ھەر لەناو شاری سلێمانی بەڵام ئەو شوێنانەی بەدلّ نابێت و لەدواییدا لە خانەقای مەحوی جێگیر ئەبێت و ماوەیەکی زۆر لە خزمەت مامۆستا ئەسعەد مەحوی ئەخوێنێت و ماوەیەکی باش ئەمێنێتەوەو دۆستایی یەکی زۆرباشی لەگەڵدا پەیدا ئەکات. لە دوای ئەمە رووئەکاتە لادێ و ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی و ماوەیەکیش بەو شوەیە بەسەر ئەبات و ئینجا بەیەکجاری ئەگەرێتەو بۆ کەرکوک و لە خانەقای مامۆستا مەلا عومەری ئۆمەرگومەتی جێگیر ئەبێت و لە سالّی ١٩٣٧ دا ئیجازەی مەلایەتی وەر ئەگرێت و ئەبێت بە مەلا و مامۆستایەکی شارەزاو ناوداری ئەو شارە و دەست ئەکات بە خزمەت کردن و فەقێ یەکی زۆری لێ کۆئەبێتەوە.

- مامۆستا بۆ خوێندن زۆر شوێنی کوردستان و عێراق گەڕاوەو ناخۆشی ژیان و ئازارو بێ پارەیی و نەبونی و غەریبی زۆری چەشتووەو تەنانەت چەند جارێک بۆ سەردانی ماڵەوەیان لە کەرکووکەوە بۆ بەغدا بە پێ رۆیشتوە.

کاروچالاکی یەکانی[دەستکاری]

- مامۆستا فەیلەسوف سالاّنێکی زۆر و نزیکەی شەست سالّ خزمەتی بە دین و بەژین کردووە لە زۆر شوێنی کوردستان و عێراق، لەوانە کەرکوک و ناوچەی ساڵەیی و کوبێسەو سامەرا و چەمچەماڵ حاجی ئۆمەران ناوچەی قەڵاسێوکە و زۆر شوێنی تر. لەو ماوەیەشدا ئیمام وخەتیبی کردووەو دەرسی بە قوتابی و فەقێکانی داوە. لە زۆر شوێنەوە فەقێ روی لێکردوەو لە خزمەتیا زۆر بە شانازی یەوە خوێندویانەو دەیەھاو سەدەھا فەقێ ی کورد لەسەر دەستی خوێندنیان تەواو کردوەو بوون بە مەلاو مامۆستا.

- لەسالّی ١٩٧٤ بەشداری لە شۆرشی ئازادی خوازی گەلەکەی کردووەو بووە بە دادوەر لە دادگای تەمیزی شەرعی لە کوردستان

- نوسینی زۆری ھەبوە لە سەر زانستەشەرعی یەکان، بەلاّم زۆربەیان بەر تاڵان و سوتان کەوتون و فەوتاون، تەنھا جەند نوسراوێکی کەمی ماوە کە ھێشتا چاب نەکراون.

پلەو پایەو کەسایەتی مامۆستا[دەستکاری]

- مامۆستا فەیلەسوف زانایەکی ئایینی زۆر شارەزاو توانا بوو، فەلسەفەزان و حیکمەت زانێکی بێ وێنە بوو، زانایەکی زۆر لێ ھاتوو بوو لە فەلسەفەی ئیسلامیدا و ھەمیشە ھەوڵی ئەدا بۆ بەرپەرج دانەوەی ئەو فەلسەفە بیانیانەو ڕاو بۆچونانەی کە دژی فەلسەفەو بیرو بۆچونی ئایینی ئیسلام بوون، ئەم ھەوڵەشی لەکاتی وانەووتنەوەی بە فەقێ و قوتابی یەکانی دا زۆر بەروونی دیاربوو.

- زانایەکی بلیمەتی زمانی عەرەبی و عیلمی کەلام و بەلاغەو مەنتیق بوو. عەرەبی زانێکی زۆر سەیرو سەرنج راکێش بوو، کاتێک کە بابەتێکی ئەدەبی بە زمانی عەرەبی بنوسیایە دوبارە بەسەریدا نەئەچوەوە.

- شارەزایی یەکی زۆرباش و زانستیانەی ھەبوو لە مێژووی کوردو مێژوی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت لە مێژوی وولاّتانی ئەوروباو ئەمریکاشدا.

- زەوی ناس و ئەستێرە ناس و فەلەک زانێکی چالاک بوو.

- تواناو ئارەزویەکی زۆرچاکی ھەبوو لە خوێندنەوەدا، تەنانەت لە تەمەنی پیریشیدا رۆژانە نزیکەی ١٠ کاتژمێری بە خوێندنەوە بەسەر ئەبرد.

- ئەدەب دۆست وشیعر دۆست و رەوانبێژ بوو، شارەزایی یەکی زۆری ھەبوو لە ماناو شیکردنەوەی شیعرو ئەدەبی عەرەبی و کوردی و فارسی دا. زۆر حەزی لە شیعرەکانی مەولاناو حافز و خەیام و بابا تاھیر و مەحوی و نالی و سالم و مەولەوی ئەکرد.

- مامۆستا فەیلەسوف جگە لەوەی کە زاناو دانا بوو، پیاوێک بوو دەست پاک و سەرراست و دەم راست، زاھیدو بەوەرع، عاریف و با تەقوا، پیاوچاک و خواناس، قسەخۆش و قسەزان، دەم بەخەندەو شیرین زمان، بێ نەفس و خۆ بەگەورە نەزان، سەخی تەبع و میوان دۆست، ھێمن و لەسەر خۆ بوو.

- لە کاتی قسە کردن و گفتووگۆکردنی لەگەڵ کەسی بەرامبەریدا، ھەوڵی ئەدا ئاستی زانیاری ئەو کەسەی بۆ دەربکەوێت تا بە گوێرەی خۆی قسەی لەگەڵدا بکات و بە شێوەیەکی جوان تێ ی بگەیەنێت و زۆرجاریش بە نمونەو بەڵگەی بەھێزەوە پشتگیری لە قسەو ووتەکانی خۆی ئەکرد.

مردن[دەستکاری]

- مامۆستا فەیلەسوف لة تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و لە ١٧\٩\١٩٩٧ بەھۆی جەڵتەی دەماغی یەوە توشی شەلەل ئەبێت و نزیکەی حەوت ساڵ بەو شێوەیە لە سەر جیّگا ئەکەوێت. لە ٩\٤\٢٠٠٤ بۆجاری دووەم جەڵتە لێ ی ئەدات و پاش شەش رۆژ و لە رۆژی چوارشەممە لە رێکەوتی ١٤/٤/٢٠٠٤ بەرامبەر(٢٤/ ٢ / ١٤٢٥ ک) لە نەخۆشخانەی فێرکاری لە شاری ھەولێر و لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا گیان پاکی بە یەزدانی مەزن ئەسپێرێ و بۆ ھەتا ھەتایە مالّ ئاوایی لە ماڵ ومنداڵ و خزم و کەس و کارو گەل و نیشتمانەکەی ئەکات و ھەر ھەمان رۆژ تەرمە پیرۆزەکەی ئەگوێزرێتەوە بۆ شاری کەرکوک و لەوێ بەخاکی ئەسپێرن، بەو جۆرە ئەو چرایەش ئەکوژێتەوە لە خوازیارانی شەرع و دین.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئەم نازناوەی پێ بەخشراوە لە لایەن یەکێک لە مامۆستاکانی یەوە لە شاری بەغدا، ئەوەش لەبەر بلیمەتی و پلەو پایەو زانیاری مامۆستا بوو لە فەلسەفەو عەقیدەی ئیسلامی و ھەموو زانستە شەرعی یەکانی تردا.
  2. ^ بابا شێخ ئەحمەدی باینچۆ یەکێک بووە لە زاناو عاریفەکانی کوردستانی ئێران و مەرقەدی ئێستا لەدێی باینچۆ کە ئەکەوێتە باکوری رۆژئاوای شاری سنە (سنندج).
  3. ^ مەبەست لە نةوەکانی سەیید موحەممەدی زاھدە کە بە (پیرخدری شاھۆ[بەستەری مردوو] ناسراوە و مەرقەدی لە ئاوایی پیرخزرانی ناوچەی مەریوانە لە کوردستانی ئێران.
  4. ^ ئیمام رەزای مەشھەد کوری([ئیمام موسای کازم]ە و مەرقەدی موبارەکی لە شاری [مەشھەد]ە لە رۆژھەڵاتی ئێران.
  5. ^ (کوتتاب) ئەو شوێنانە بووە کە سەرەتا منداڵیان فێری خوێندن و نوسین کردووە وەکو (حوجرە) لە مزگەوتە کانی کوردستان.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

١- کورتەیەک لە ژیاننامەی زانا ئایینیە کۆچ کردوەکانی سەدەی بیستەم لە ناو شاری ھەولێر. چاپی ١ ٢٠٠٤. عمر شێخ لەتیف.

٢- گۆفاری پەیامی راستی. ژمارە ٧١، ٢٠٠٤.

٣-رۆژنامە ی الاصلاح ژمارە ٦٣ و ٦٤. ٢٠٠٥.

٤-رۆژنامە ی کەرکوکی ئە مرو ژمارە ٢٥. ٢٠٠٤.

٥-راپۆرتێکی دە سنوسی مامۆستا عبدالکریمی کوڕی مامۆستا سەید ئەحمەد.