مەسعوود محەممەد
ئەم وتارە چەند کێشەیەکی ھەیە. تکایە یارمەتی باشترکردنی بدە یان ئەم کێشانە لەسەر پەڕەی لێدوانەکەی باس بکە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت)
|
| مەسعوود محەممەد | |
|---|---|
| لەدایکبوون | مەسعوود محەممەد عەبدوڵڵا جەلیزادە ١٩١٩ کۆیە |
| مردن | ١ی نیسانی ٢٠٠٢ (٨٢–٨٣ ساڵ ژیاوە) ھەولێر |
| شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە |
| پیشە | نووسەر و توێژەر |
| زمان | کوردی (سۆرانی) |
| نەتەوە | کورد |
| خزمەکان | مەلای گەورە (باوک) |
| ماڵپەڕی فەرمی | |
| https://www.mamosta.net/ | |
مەسعوود محەممەد (١٩١٩، کۆیە – ١ی نیسانی ٢٠٠٢، ھەولێر)[١] بیرمەند، توێژەر و نووسەرێکی کورد بوو کە بە زمانی کوردی و عەرەبی بەرھەمەکانی دەنووسی.
ژیان
[دەستکاری]مەسعوود محەممەد ساڵی ١٩١٩ لە کۆیە لە بنەماڵەیەکی دینی لە دایک بووە. گەشتی خوێندنی لە ساڵی ١٩٢٦ لە کۆیە دەست پێ کردووە و قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەییشی لە ساڵی ١٩٤٠ لە ھەولێر تەواو کردووە و ساڵی ١٩٤٥یش[١] کۆلێژی مافی لە بەغدا تەواو کردووە و بووەتە پارێزەر و یاساناس. لە خوێندنی کۆلیژی مافدا ھاوپۆل و دۆستی نزیکی دڵداری شاعیر بووە و بە یەکەوە زۆربەی ئێواران سەردانی ساڵۆنی وێژەی خاتوو (بەھیە فەرەجوڵڵا)ی کچە کوردی میسریان لە گەڕەکی ئەعزەمیەی بەغدا کردووە، ئەوسا ئەو خاتوونە زانایەی کورد مامۆستای کۆلێژی کچان بووە لە بەغدا. لەو ماڵەدا بەردەوام کۆڕ و گفتوگۆی فەلسەفی و ڕۆناکبیری ساز دەکران.
کارەکان
[دەستکاری]مەسعوود لەو دەمەوە ئارەزووی کەوتە سەر فەلسەفە و شیکردنەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەو لێھاتووە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا گەلێک کار و پۆستی گرتووەتە ئەستۆ وەک: نوێنەری خەڵکی ناوچەی کۆیە لە پەرلەمانی عێراق لە ھەردوو خولی ساڵانی ١٩٥٣ و ١٩٥٤ و لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨یش کرا بە ئەندامی لێژنەی چاکسازیی کشتوکاڵ لە عێراق و لەگەڵ چەند یاساناسێکی دیکەدا یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و ئاودێرییان دانا کە لە ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٥٨دا بە ناوی (یاسای چاککردنی کشتوکاڵ لە کۆماری عێراق) بڵاو کرایەوە. مەسعوود محەممەد لە ساڵی ١٩٦٤دا بە ناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان کرایە وەزیری دەوڵەت لە کابینەی (تاھیر یەحیا)،[١] تاکوو ساڵی ١٩٦٥ و لە کۆتاییی شەستەکانی سەدەی بیست کرا بە ئەندام لە (ئەنجومەنی گشتیی خزمەت) و لە پاش دامەزراندنی (کۆڕی زانیاریی کورد) لە ٢٩ی ئابی ١٩٧٠ لە شاری بەغدا کرا بە ئەندامی کارا و جێگری سەرۆکی دەستەی دامەزراوەکە. لە دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا (کۆڕی زانیاری عێراق - دەستەی کورد) مەسعوود وەک سەرۆکێکی کارای کۆڕ مایەوە.
پاش ڕاپەڕین
[دەستکاری]لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان لە بەھاری ساڵی ١٩٩١ و کشانەوەی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق لە کوردستان، گەڕایەوە کوردستان. مەسعوود محەممەد ڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠٠٢ لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد و ھەواڵی مەرگی ئەو ناودارە بە ھەموو لایەکی کوردستاندا بڵاو بووەوە و ڕۆژی ٢ی نیسانی ٢٠٠٢ لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە لە تەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوکی بە خاک سپێردرا.
بیر و بۆچوون
[دەستکاری]مەسعوود محەممەد جگە لەوەی بیرمەندێکی گەورەی کورد بوو؛ ڕووناکبیرێکی مەزنی کوردستانیش بوو، سەرچاوەکانی فەلسەفەی ھێگڵ و مارکسی بە وردی خوێندبۆوە و لەگەڵ باری ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان بەراوردی دەکردن و لەگەڵ ھەندێک لایەنی چاک (پۆزیتیڤ) و دژی ھەندێک لایەنی خراپ (نێگەتیڤ) بوو. مەسعوود محەممەد بە نووسین دەھاتە گۆڕەپانی دەمەتەقێ و وتووێژ و ڕاستیی باوەڕی خۆی بوێرانە دەردەبڕی. لە نووسینەکانیدا شێوازێکی تایبەتی خۆی ھەبوو کە لەگەڵ بەرنامەی لێکۆڵینەوەی زانستیدا نەدەگونجا چونکە ئەوەندە گوێی بە پۆلێنکردنی بابەتی نووسینەکانی نەدەدا؛ ناونیشانی سەرەکی و سەردێڕی لاوەکی بە سەر یەکەوە پێشکەش دەکرد و باکی نەبوو گەر پتر لە سەد لاپەڕە لە نووسینەکەی لەژێر یەک ناونیشان یاخود بێ ناونیشان بخاتە بەردەم خوێنەرەکانی. مەسعوود محەممەد لە بواری بیر و فەلسەفەدا چەند لێکۆڵینەوەیەکی بەپێزی لە کتێبی قەبارە گەورەدا بە چاپ گەیاندووە.
بەرھەمەکان
[دەستکاری]کتێبە کوردییەکان
[دەستکاری]- حاجی قادری کۆیی، بەشی یەکەم، بەغدا، کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٣
- حاجی قادری کۆیی، بەشی دووەم، بەغدا، کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٤
- حاجی قادری کۆیی، بەشی سێیەم، بەغدا، کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٦
- وردبوونەوەیەک لە چەند باسێکی ڕێزمانی کوردی، بەغدا، کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٤
- چەپکێک لە گوڵزاری نالی، بەغدا، کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٦
- چەند حەشارگەیەکی ڕێزمانی کوردی، بەغدا، کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٦
- مرۆڤ و دەوروبەر، بەغدا، کۆڕی زانیاریی عێراق - دەستەی کورد ١٩٨٤
- بەرەو شەقامی ئاخاوتنی کوردی، بەغدا، کۆڕی زانیاریی کورد ١٩٧٨
- زاراوەسازیی پێوانە - چاپی یەکەم: «گۆڤاری ڕۆشنبیریی نوێ»، ژمارەکانی ١١١ و ١١٢، ساڵی ١٩٨٦، چاپی دووەم: «زاراوەسازیی پێوانە»، بەغدا، کۆڕی زانیاریی عێراق - دەستەی کورد، ١٩٨٨
- بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە ھەر کوێیەک بێت! دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، کۆماری عێراق، بەغدا ١٩٨٤
- حەماغای گەورە - بەغدا ١٩٨٦
- دەستەودامانی نالی - سوێد - ستۆکھۆڵم - ١٩٩٧ چاپی یەکەم
- گەشتی ژیانم - سوێد - ستۆکھۆڵم - ١٩٩٢ چاپی یەکەم
کتێبە عەرەبییەکان
[دەستکاری](تێبینی: جگە لە کتێبی «من هموم الحياة»، ھەموو ئەوانی تر لەلایەن حەکیم کاکەوەیس کراونەتە کوردی و لەسەر ئینتێرنێت و لە سایتی تەرخانکراو بۆ ژیان و بەرھەمەکانی مەسعوود محەممەد mamosta.net بڵاو کراونەتەوە)
- اعادة التوازن الی میزان مختل، بغداد، المجمع العلمي الکردي، ١٩٧٧
- الى الزعيم غورباتشوف..تحية ورجاء، بغداد، مطبعة الحوادث، ١٩٨٨
- لسان الکرد، بغداد، مطبعة الحوادث، ١٩٨٧
- وجهة نظر في التفسير البشري للتاريخ، بغداد، الأمانة العامة للثقافة و الشباب، ١٩٨٥
- من هموم الحياة، بغداد، مطبعة حسام ١٩٨٨
- بیریسترویکا غورباتشوف – نقد وتحلیل، الجزء الأول، بغداد، مطبعة الحوادث، ١٩٨٩
- بیریسترویکا غورباتشوف – نقد وتحلیل، الجزء الثاني، بغداد، مطبعة الحوادث، ١٩٩٠
- المجتمع البشری؟ لماذا یشبە مستشفی المجانین؟، أربيل، دار ئاراس للطباعة والنشر، ١٩٩٩
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 ھەواڵی کۆچی دوایی ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، کوردسات ئۆنلاین، دوا سەردان ١١٫١٢٫٢٠١٣