مێژووی سلێمانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بەردەرکی سەرای سلێمانی، ١٩٢٩.

شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان ەوە دروست کراوە. ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە. سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە.[١] زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین بە جۆرێک کە زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا بەرەو کەمبوون و نەمان دەچێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری ئێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا. بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە ٦٠ ھەزار کەس و نزیکەی ٧ ھەزار خانووی تیادایە. لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە ئەوانیش کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەکی جوولەکانی جارانیش کە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەکی سەرشەقام.

ئەو پیشانەی مۆرکی سلێمانیان پێوە دیارە[دەستکاری]

  • ئاسنگەری : ئاسنگەر ھەر لە دوکانەکەیدا (کوورەی ئاگر)ی ھەیە وەک تەنور ئاگری تێدا ئەکاتەوە بە خەڵوز یان خەڵوزی مەعدەنجۆشی دەدات ھەروەک تەنوری نان گوڵبێنەی ھەیە کە ئەویش مووشەدەمەی لەسەرە. مووشەدەمەش بریتییە لە ھەمانەیەکی کون بڕ دەسکێکی تەختەی پێوەیە شاگرد بەرزی ئەکاتەوە و نزمی ئەکاتەوە بەوە باوەشێنی خەڵوزی ناو کورەکەی پێ دەکات و ئەیگەشێنێتەوە بەم جۆرە ئەو ئاسنەی ئەخرێتە ناو کورەکەوە سوور دەبێتەوە وەک پشکۆی ئاگری لێدێت، ئینجا وەستاکە ھەر بە مقاشێکی گەورەی ئاسن دەری دەھێنێ و بە چەکوش پیا دەکێشێ، چی بوێ لە ئاسنەکە دروستی دەکات چونکە ئاسنەکە بەو سوور بوونەوەیە نەرم بووەتەوە. بەم جۆرە (دەمە بێڵ، دەمە خاکەناز، گاسنی جووت، پیکی بەرد شکاندن، سێپای سەر ئاگردان، چەکوش، داس، تۆراس، گوڵمێخ، دەمە تەور…)ی لێ دروست دەکات.
  • جۆڵایی : جۆڵایی بە مەکینەی دروستکردنی قوماشی ئەمڕۆ دائەنرێ. کە بەو ئامێرە سەرەتاییانەیان ئەو بەرھەمە جوان و نازدارانەیان پێشکەش ئەکرد. دەزگای جۆڵایی بریتی بوو لەم شتانە: (نەوەرد، لایەر، دانە، گورد، چۆلەکە، لالە، پێ تەقە و پردەڵە). جۆڵایش بریتی بوو لە دروستکردنی جاجم، پۆپەشمین، بەرماڵ، شاڵی ڕانک و چۆغە و گەلێک شتی تریان بەرھەم دەھێنا. ھەندێک جاجمیان دروست ئەکرد لە شێوەی چوار گۆشە یان درێژ کۆلە لە دەزوی لۆکە یا خوری ئەوەندە سفت و ڕێک و پێک و جوان، سیمیان تێکەڵ ئەکرد ڕەنگاو ڕەنگ، مەگەر مەکینە بتوانێ بەو شێوەیە دروستی بکات. جاجم و پۆپەشمین و پیشەی جۆڵایی وردە وردە ڕووەو نەمان دەچن.
  • موتابچییەتی : موتابچی ئەو کەسەیە کە مووی بزنی لە ئیشەکەیدا بەکارئەھێنا و (گوریس و قەیاسە و خەرار) یان لێ دروست ئەکرد لەو خەرارەش (تورەکەی ئالیکی وڵاخ و کۆپان و خەرار بۆ توتن داگرتن) کە لەلایەن قەتارچییەوە ئەو فەردە توتنانە ئەگوێزرانەوە. ئامێرەکانی موتابچییەتی مەندەف ئامێری شیکردنەوە و گرێ لابردنی مووە کە ئەمیش یارمەتیدەری ئامێری چەرخە چونکە موو دەکات بە گڵۆڵەیەکی ئەوتۆ کەبە ئاسانی بڕێسرێ.
  • چەرخی موو ڕستن : ئەو ئامێرەیە کە موو ئەڕێسێ و ئەیکا بە (بەن).
  • خەڕەک : ئەو ئامێرەیە کە بەن ھەڵدەکاتەوە سەر لوولە بۆ پۆی شاڵەکە ئەم پیشەیە زیاتر لە ناو (دیان)ەکاندا باوبوو.
  • کارگەچێتی : کارگەچی ئیشی بە خوری مەڕە دوای شتنەوەی خورییەکە و زۆر پاک بژار کردنی شی ئەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەوسەرەوە (لباد) ی لێ دەربێنن فەرەنجی، سەروکڵاوی دژی باران، شەپقە، سدارە، پوزەوانە، کیفی تفەنگ، قەنەواچەی سەر شانی چاکەت، پەستەک، سەرزین بۆ ئەسپ، نەرمەزین دیسانەوە بۆ ئەسپ، کەپەنک بۆ شوان، کوڵەباڵ ئەمانە ھەموو لە لبادی خوری مەڕ دروست ئەکران. کارگەچی لە ماڵی خۆیانا ئیشیان ئەکرد. زیاتر لە گەڕەکی چوارباخ، ئێستا ئەم پیشەیە و ناوەکەشی نەماون.
  • وەتراقچی : وەتراقچی ئەو کەسەیە کە شتی کۆنە دەفرۆشێت. واتا (کۆنە فرۆش). (اوتراق وشەیەکی تورکییە واتای کاروان و برید) دێت وەتراقچی (فەرش و بەڕەی کۆن و لبادو جاجم و مەوج و پۆپەشمین و گوریس و خورجی پاشکۆی وڵاخ و ھۆڕ و مەسینەی حەوت جۆش و گەلێک شتی تری لەم بابەتەی ئەفرۆشت.
  • چەخماخسازی : وشەیەکی سەردەمی عوسمانیەکانە. چەخماخساز ئەو کەسە بوو کە چەکیان چاک ئەکردەوە بە تایبەتی تفەنگ و تاپڕو دەمانچە. بەڵام ئەوانەی سلێمانی ھێندە بەتوانا بوون ئەو شتانەیان دروست ئەکرد جگە لە ساچمەزەنی ڕاو، فیشەک، مقاشی زەرد، قفڵی لوولە، ئەڵقەڕێز و دوولای دەرگا، شەکرشکێن، کلیل و کڵۆم و کەوچک و… زۆر شتی تر. لای خۆمان حەمە ساڵح بەگی ئەجەخان و لە ڕەواندز (وەستا ڕەجەب کە تۆپ و گولە تۆپی دروست ئەکرد و ئێستاش ئەو لوولە تۆپانە لە بەغداد لە (مۆزەخانەی سەربازی) ماون و ھەڵگیراون. ئیدمۆندز لەم بارەیەوە نوسیویەتی پێش جەنگی جیھانی یەکەم شاری سلێمانی بە مانیفاکتۆرەی چەک (چەخماخسازی) ناوی دەرکردبوو، چەخماخسازەکانی سلێمانی بەشێکی گەورەی پێداویستییەکانی ھەردوو کوردستانی عێراق و ئێرانیان دابین ئەکرد. مارک سایکس ساڵی ١٩٠٢ کە سەردانی سلێمانی کردووە زیاتر لە ١٥٠ دوکانی چەخماخسازی تۆمارکردوە کە بەرھەمەکانیان لەڕوی چۆنایەتییەوە ئاستێکی باشیان ھەبووە.
  • شیرگەری : شیرگەر ئەو کەسە بوو کە خەنجەری دروست ئەکرد. ناوەکەشی لە (شیر واتا شمشێر)ەوە ھاتووە تا کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابردووش خەنجەر کردن بە بەر پشتێنی جلی کوردیوە باو بوو. خەنجەر چەند جۆرێکی ھەبوو (دەبان لە ھەمووی باشتر و بەناوبانگ تر بوو) (خەنجەری خۆراسان و خەنجەری قەزوین و خەنجەری شینە تیغ).
  • مسگەری : لای ئێمە بە ھەڵە ناوی مسگەریان لەو کەسانە نابوو کە حاجەتیان سپی ئەکردەوە بەڵام ڕاستییەکەی مسگەر ئەو کەسەیە کە کەل و پەل لە مس دروست دەکات، ئەو کەل و پەلانەش وەک (مەنجەڵ، سینی، تەشت، مەسینە، لەگەن، یەغنیکێش، دەوری، تاوە، کەوگیر، جام، تاسی حەمام و گەلێک شتی تر) کە ھەموو لە مس دروست ئەکران.
  • خومچێتی : خوم وشەیەکی فارسییە لە کوپە یان مەرکانەی گەورەدا ڕەنگیان تیا ئەگرتەوە. خومخانەش ئەو شوێنە بوو کە قوماش و خام و بلوری و شاڵ و کڵافە بەن و جارجار خوری تیا ڕەنگ ئەکرا.
  • زین و کۆپان : زین لە پشتی وڵاخ (ماین و ئەسپ) ئەنرا بۆ ئەوەی خاوەنەکەی بتوانێ سواری بێ ھەروەھا لغاوو ڕەشمە ئەمانە ھەموو بۆ وڵاخ بوون کۆپانیش بۆسەر پشتی گوێدرێژ.

شوێنە مێژوویییەکان[دەستکاری]

چایخانە کۆنەکانی شار[دەستکاری]

مێژووی پەیدابوونی چا لە کوردستاندا زۆرکۆن نییە. پێشتر قاوە ھەبووە، ھەر بۆیە شوێنێکی وەک قاوەخانەی سەرچیمەن پەیدا بووە. یەکەم جار چا لە ساڵی ١٨٩٥ دا ھێنرایە سلێمانی. بازرگانێک کە ناوی محەممەد ئەمین مەحموود بوو، و لە نێوان سلێمانی و ئێراندا کاری بازرگانی دەکرد لەو ساڵەدا چای وشکی ھێنایە سلێمانی. سەرەتا ماڵە دەوڵەمەندەکان (بەتایبەت ماڵی عیزەت بەگی وەسمان پاشا) لەو چایەیان دەکڕی و لە دیوەخانەکانیاندا بە لێنراوی پێشکەشی میوانەکانیان دەکرد. وردە وردە دیاردەکە بڵاوبووە و گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە ئێستا چا لە سلێمانی و کوردستاندا زۆربەی کات دەخورێتەوە، بە تایبەت دوای ژەمە سەرەکییەکانی خواردن. ھەروەھا شوێنی تایبەتی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی چا کە بە چایخانەکان ناسراون بەشێکی دانەبڕاوی کەلتوور و مێژووی شاری سلێمانییە.

چایخانە کۆن و بەناوبانگەکانی شاری سلێمانی ئەمانەن:

  • لە دەوروبەری سەرا:
  1. چایخانەی حاجی عەول
  2. چایخانەی حەمە ڕەق
  3. چایخانەی ئەوقاف
  4. چایخانەی مینە شەل
  5. چایخانەی عەلی غەمگین
  6. چایخانەی وەستا ساڵحی بستە
  • لە شەقامی مەولەوی:
  1. چایخانەی سەرچنار (ئەحمەدی سەعە بانەیی)
  2. چایخانەی حەمەی بەکر (لە بیناکەی تۆفیق قەزازدا)
  3. چایخانەی ئاشتی (لە دوکانەکەی ساڵحی ڕەشەدا)
  • لە سابونکەران:
  1. چایخانەی حەمەتۆلە
  2. چایخانەی سەعە کۆڵ
  • لە کانی ئاسکان (کانێسکان):
  1. چایخانەی ساڵحی ئەحەی خولە
  2. ھەروەھا لای حامییەی کۆنەوە (پارکی ئازادی ئێستا) چەند چایخانەیەک ھەبوو سەربازەکان لێی دائەنیشتن
  • لای بەر بەلەدێکە (ناو بازاڕ):
  1. چایخانەی کاک حەمەومین
  2. چایخانەی ڕەشەی ھەتیو
  3. چایخانەی مام دەروێش
  4. چایخانەی حاجی قادر
  5. چایخانەی سەعە تەھا کۆیی
  6. چایخانەی عەبە کۆپرلی
  7. چایخانەی عەلی حەمە ئەمین
  • لە مەیدانی ماست فرۆشەکان:
  1. چایخانەی حاجی ساڵحی حەمە بەنگکێش
  2. چایخانەی کاکە سوور
  3. چایخانەی عەبە خورشە
  4. چایخانەی عەلی خەلیفە
  5. چایخانەی قادر پێنجوینی
  6. چایخانەی مەلا بەکر
  • لای حەوزە وشکەکەوە:
  1. چایخانەی ھۆمەر
  2. چایخانەی کاک ساڵحء براکانی
  3. چایخانەی سەعە کوێر
  4. چایخانەی مام یوسف (بە زۆری حافزەکانی ئەچوونە ئەو چایخانەیە)
  • لە سەرشەقام:
  1. چایخانەی سمە شەل
  2. چایخانەی ڕەشۆل
  3. چایخانەی کاک ڕەزا
  4. چایخانەی کاک حەمە قادر
  5. چایخانەی فەرەجی حەمە مراد
  6. چایخانەی موشی لە گەڕەکی جولەکان

چایخانەی شەعب[دەستکاری]

چایخانەی شەعب ھەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و ھونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروست بوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دوا: لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی (شەعب) سەبارەت بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی: لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی (شەعب) بووە ھەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.

لە سەرەتادا چایخانەی شەعب بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە و وەھا گەورە نەبووە شوێنی کتێبخانەکەی ئێستا چایخانە بووە و حەوشەکەشی شوێنی خواردەمەنی بووە کە خاوەنەکی ناوی وەستا نەزەر بووە.. دواتر لە ساڵانی شەستەکاندا و پاش کۆچی دوایی وەستا نەزەر حەوشەکە دەبێتە شوێنی ئەرز و حاڵچییەکان.. دواتر لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا چایخانەکە تەشەنەی سەندوەو گەورە کراوە.. و لەو کاتەوە تا ئێستا دوو جار چایخانەکە نۆژەن کراوەتەوە جاری یەکەم لەسەر ئەرکی خۆمان و دوا جاریش ساڵی ٢٠٠٦ بووە لەسەر دەستی حکوومەتی ھەرێم کە ئەو کات عومەر فەتاح سەرۆکی حکوومەت بووە،

سەبارەت بەوەی کە لە سەرەتادا کێ سەردانی چایخانەکەی کردووە کاک عومەر وتی: کۆمەلێک کەسی ناودار سەردانی چایخانەیەکەیان کردووە ھەندێک لەوانە کە پێک ھاتبوون لە شاعیر و ھونەرمەندان و نووسەران سەردانی چایخانەکەیان کردووە وەک شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد ھەردی و حەمە ساڵح دیلانی شاعیر و عەبدوڵڵا جەوھەر و مامۆستا ئەخۆل و گەلێکی تر سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دا چەند جارێک چایخانەی شەعب کەوتووەتە بەر ھێرشی ملازم موحسین و ئیھانەی بە نووسەران و ئەو گەنجانە کردووە کە لە چایخانەکەدا دانیشتوون و کۆبونەتەوە. یەکێک لە شتە سەرنج ڕاکێشەکانی تری ئەم چایخانەیە (دەفتەری بیروەرییەکان) ە، کە بیرەوەری ئەو نووسەر و ھونەرمەندانە دەگێڕیتەوە کە سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە لاپەڕەیەکی ئەو دەفتەرەدا مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەم شێوەیە باس لە چایخانەی شەعب دەکات: (من ئەم چایخانەیە وەک چیرۆکێک دەبینم کە بەردەوام ژیانی ئەم شارەمان بۆ ئەگیڕێتەوە). و شاعیری گەورەی عەرەب سەردانی چایخانەی شەعبی کردووە و لە دەفتەری بیرەوەرییەکاندا شیعرێکی بۆ چایخانەکە نووسیوە کە دەڵێ: (چایخانەی شەعب لە باڵاییدا بژی و شیعرێک دابھێنە، بکشێ و بەرینی زەوی زیاد بکە). وەک کۆمەڵێک نووسەری بیانی سەردانی ئەم چایخانەیەیان کردوە وەک: ھینری دیلانی شاعیری فەڕەنسی و فازڵ سامر و عەلی حەسەن فواز و ئەردەشیری ڕۆستەمی و ڕۆبێرت کلایتەر).

کە دەچیتە ناو چایخانەکەوە چاوت بە کۆمەلێکی زۆر لە وێنەی ھەڵواسراو دەکەوێت کە پێک ھاتوون لە وێنەی شاعیر و ھونەرمەند و رۆژنامەنووس و سەرکردە و پێشمەرگە نەمرەکان. لە بارەی ھەڵواسینی ئەم وێنانەوە بە چایخانەکەوە (عومەر شەریف) ی چایچی وتی: (ھەڵواسینی ئەم وێنانە لای ئێمە وەک وەفا و خۆشەویستییەکە بۆ ئەوانەی جێ دەستیان لە بوارەکاندا دیارە و ماندوبوون). ئێستا چایخانەکە کۆمەڵیکی زۆر لە گەنجان و ڕۆشنبیران ڕووی تێدەکەن و تێیدا بە یەکتر شاد دەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی ئەدەبیات و ھونەر و ڕۆژنامەوانییەوە دەکەن. یەکێکیان بۆبەسەربردنی کاتە و ئەوی دییان بۆ ئاگاداربوونەوە لەدنیای ڕۆژانەی کوردستان، بۆ شیکارکردنی ئەو دۆخەی کە پێیدا تێپەر دەبین، یان قسە و باسە لەسەر دنیای ئەدەب و فیکر. چایخانەی شەعب وەک فۆڕم ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ چایخانەکانی تردا نییە بەڵام ئەوەی کە جیاوازی پێ دەبەخشێ جۆری ئەو کەسانەن کە ڕووی لێدەکەن وەک ڕۆژنامەنوسان و ھونەرمەندان و شاعیران. ئەوەی جێی سەرنجە لەم چایخانەیەدا ئەوەیە کە ھەندێ جار ژنانیش ڕوو لە چایخانەکە دەکەن بەڵام بە شێوەیەکی کەم تەنھا ئەوانە نەبێ کە لە ئەوروپاوە دەگەرێنە یان ژنانی بیانی کە سەردانی سلێمانی دەکەن و دێنە چایخانەکە.

قەیسەری نەقیب[دەستکاری]

  • یەکێکە لە مەڵبەندە بازرگانییە ھەرە کۆنەکانی ناو شاری سلێمانی. ساڵی ١٩٠٠ شێخ مستەفای نەقیب کە دەکاتە مامی شێخ مەحموودی حەفید دروستی کردووە. زۆربەی وەستا و کرێکارەکان کە لە دروستکردنی ئەم قەیسەرییەدا ئیشیان کردووە لە سنە و کرماشانەوە ھاتن و شارەزایی زۆریان ھەبووە لە ھونەری بیناسازیدا. نەخشەی قەیسەرییەکەش ھەر ھەمان نەخشەیە کە لە قەیسەری و بازاڕەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا بەکارھاتوون.
  • کاسبکارەکانی ئەم قەیسەرییە جۆراو جۆر بوون وەک خەیاتی و دەلاکی و وشکەفرۆش. بەڵام لەدوای ساڵی چلەکانەوە شەقڵێکی تری بەخۆوە گرت و زیاتر بوو بە بازاڕی عەتارەکان. سەرچاوەی کەل و پەلەکانیش لە بەغدا و سووریا و ئێرانەوە دابینکراون و بازرگانەکانی ئەو سەردەمە خۆیان سەفەری ئەو وڵاتەیان کردووە و تازەترین کاڵایان بۆ دوکاندارەکانی ئەو قەیسەرییە ھێناوە.

لافاوە بەناوبانگەکەی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٧ دا زیانێکی گەورەی بەم قەیسەرییە گەیاندووە. ئەو سەردەمە لاوان و مامۆستایان و پیاوە ناودارەکانی کورد کۆمەکی ماددیان پێشکەش بە زیانلێکەوتووان کردووە. ساڵی ١٩٨٨یش لە ڕووداوێکی تردا قەیسەرییەکە سوتا و خەڵکەکەی تووشی زیانێکی قورس بوون. دەیان پیاوی ناسراو و کاسبکار و بازرگان لە موسوڵمان و فەلە و جولەکە لەم قەیسەرییەدا کاسبییان کردووە. تۆفیق قەزاز و حاجی شێخ عەلی و حاجی مەلا سەعیدی مامە خەلانی و حاجی عەزیزی شەرعی و شەلەمۆ عەزیز حەکیم و موشێی عەتار و سیمانە و سەلیم بەگی کوتاڵفرۆش ھەندێک لە کاسبکارە ناسراوەکانی سەرەتاکانی سەدەی ڕابردووی ناو قەیسەری نەقیب بوون.

گەڕەکی جوولەکان[دەستکاری]

ئەم گەڕەکە وەک دەگێڕنەوە لە سەردەمی کاک ئەحمەدی شێخدا دروست کراوە کاتێ ویستویانە خانوو دروست بکەن خەڵکی ئاینی شارەکە نەیھێشتووە، دواتر جولەکەکانی سلێمانی شکاتی خۆیان بردووەتە لای کاک ئەحمەدی شێخ و ئەویش پشتگیری کردون داوایی لێ کردون لەخوار شارەوە کە دەکاتە گەڕەکی جولەکانی ئێستا بۆ خۆیان ماڵا و خانوو دروست بکەن. دەگێڕنەوە کاک ئەحمەدی شێخ ھەم داری پێداون ھەم لە ناڕەزایی خەڵک پاراستونی.

یەکێک لەو سەرچاوانەی باسی جولەکەکانی سلێمانی کردبێت. گەشت نامەکەی (کلۆدیس جەیمس ڕیچ، ساڵی ١٨٢٠) کە لەبارەی شارەکەوە دەڵێت ژمارەی دانیشتووانی ١٠ ھەزار کەسێکەو ٢١٤٤ خانووشی تێدایە کە ١٣٠یان ھی جولەکەن. ئەگەر تێکڕایی ژمارەی دانیشتووانی ھەر خانوویەک وەربگرین ئەوا ھەر یەکەیان کەم‌و زۆر پێنج کەسی بەرئەکەوێ. بەو پێیە کۆی ژمارەی جوولەکەکان لەوساڵەدا دەوری ٧٥٠ کەس بووە.

«مێجەرسۆن» وەک لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێکردوە، دەڵێ شاری سلێمانی لە ساڵی ١٨٢٥دا ھەزار ماڵا بووە، لەوە ٨٠٠یان جوولەکە و مەسیحی و کلدان بوون. «لیک لامایش» ساڵی ١٨٦٨ نوسیویەتی سلێمانی شەش ھەزار ماڵا کورد و ٣٠ ماڵە کلدان و ١٥ ماڵە جولەکەیە. واتە ژمارەی جوولەکەکان بە دانانی تێکڕایییەکەی پێشوو ٧٥ کەس بووە. کە ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، ھەروەک مامۆستا سدیق ساڵح لە کتێبی تۆمارێکی شاری سلێمانیدا دەڵێ وای بۆ دەچم ئەو ژمارە (١٥)یە لە نووسینەوەدا یا چاپدا ھەڵەی تێدا کرابێ لەڕاستیدا (١٥٠) ماڵا بووبێ، سەرجەم ١٥٠  ٥ = ٧٥٠ کەسێک بوون.[٢]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ The Leading Suly Government Site on the Net. sulygov.com. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  2. ^ میجرسون "رحلە متنکر" الی بلاد مابین النھرین و کردستان.