مێژووی جاف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

باسی جاف وتیرەکانیان لە سەردەمەکانی دواتردا بە شێوەیەکی فراوان نەھاتووە، مەگەر لە ھەندێک سەرچاوە و دەستنووسی ئیسلامیدا نەبێت کە ئاماژەیان بە بوونی جاف وەک عێلێکی سەربەخۆ و بە ھەمان ناوی ئێستای کردووە، ھەروەھا بە ڕاشکاوی و ئاشکرا ئاماژەیان بەناوی ھەندێک لە تیرە سەرەکییەکانی جاف داوە لە ھەردوو سەدەی حەوت و ھەشتی کۆچیدا وەک تیرەکانی، گڵاڵی و ھارونی.

ھەمیسان ناوی جاف لە پەرتووکە کۆنە ئایینییەکانی مەزەبی یارسانی ئەھلی حەقدا ھاتووە، وەک چۆن نور عەلی ئیلاھی لە کتێبەکەیدا (برھان حق لاپەڕەی ٣٨) ئاماژە دەکات، کە ناوی دایکی سوڵتان ئیسحاق- سوھاک (سھاک)ی نوێکاری مەزەبی یارسان دایراکی کچی حسێن بەگە (جلە جاف).

ھەروەھا بەپێی ئەوەی لەکتێبە ئایینییەکانی ئەھلی ھەقیشدا ھاتووە، ژمارەیەک لە زانا و مورشیدەکانی ئەو مەزەبە سەر بە عێلی جاف بوون، وەک چۆن سدیق زادە بۆرەکەیی لە کتێبەکەیدا (سرودھای دینی یارسان لا/ ٦) ناوی ئەوانە باس دەکات وەک، عێل بەگی جاف، عابدین جاف، ئیبراھیم جاف..

لەکاتێکدا شەرفخانی بەدلیسی لە کتێبە ناودارەکیدە ((شەرەفنامە ساڵی ١٠٠٥ ک )) باس لە جاف ناکات وەک عێلێکی ناسراوی کورد وەک ئەوانی تر، کەچی سەرچاوگەلێکی دیکە ئاماژەدەکەن بە فراوانبوونی ڕۆڵی سیاسی و سەربازیی جاف لەسەردەمی سەفەوییەکان و پاش ئەوسەردەمەدا. ھەرلەومیانەدا ناوی جاف لە پەیماننامەکەی نێوان سوڵتان مورادی چوارەم و شاسەفی سەفەوی (١٠٤٩ک) ھاتووە، بەم شێوەیە:..

لە عەشیرەتەکانی جاف ھەردوو عەشیرەتی زیائەدین و ھارونی لە پاڵ ئێمەدا دەمێننەوە (واتە لەگەڵ عوسمانییەکاندا)، ھەردوو عەشیرەتی پیرە و زەردۆییش لە پاڵ دەوڵەتی سەفەویدا دەبن.

لە کتێبەکەیدا (سەرجەم مێژووی ئەفشاری و زەندییەکان لا/ ٣٠٠) ئەبولحەسەن محەمەد ئەمین گلستانە ئاماژە بە ڕۆڵی جاف لە ڕووداوەکانی سەردەمی زەندەکاندا دەکات (ئەو سەردەمە لە ساڵی ١٧٥٣ تا ١٧٩٤ی خایاند).

ھەر وەھا ھاتنی زایەر بەگی جاف بە یاوەریی چوار سەد خێزان لە عێلە کۆچەرەکەی لە زێدی ڕەسەنیانەوە (جوانڕۆ) بۆ کوردستانی باشوور، بە ڕووداوێکی مێژوویی گرنگ لە ژیانی ئەم عێلەدا دەژمێردرێت.

زایەر بەگی جاف[دەستکاری]

زایەر بەگ بە خۆی و یاوەرانییەوە لە ڕووباری سیروان پەڕینەوە و لە بەری ڕۆژئاوایدا نزیک بە شوێنی دەربەندیخانی ئێستا دامەزران، ئیدی لەو شوێنەدا دەسەڵات و موڵک و سامانیان لە سەردەمی بابانییەکاندا بەردەوام زیادیان کرد.

لێرەدا مێژوونووسان لەسەر دیاریکردنی مێژووی ھاتنی زایەر بەگ و خزمانی بۆ کوردستانی عێراق کۆک نین، ھەندێکیان دەڵێن ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان مورادی چوارەم کە نازناوی (مورادی) وەک پاداشت بەو جافانە بەخشی لە ئەنجامی ئەوەی لە فەتحی بەغدادا ساڵی (١٠٤٨ک) ھاوکاری ئەویان (واتە مورادی چوارەم) لە دژی فارسەکان کرد.

بەڵام ھەندێکی دیکەش لە مێژوونووسان دەڵێن، ئەم ڕەوە بە کۆمەڵەی جاف بۆ کوردستانی عێراق لە سەردەمی نادر شای ئەفشاردا (ساڵی ١١٥٥ک) ڕوویداوە، ئەم زانیارییەش بەپێی باری مێژوویی زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە. جا ئەگەر ئێمە ئەم زانیارییەی دواییە پەسەند بکەین کە بەپێی ڕیزبەندی مێژوویی ڕووداوەکانی ڕابردوو زیاتر لەگەڵ ڕاستیدا دەگونجێت وەک ئاماژەمان بۆ کرد، ئەوە دەبێت دان بەوەدا بنێین کە نازناوی جافی مورادی بەو تیرە و ھۆزانەی دیکەی جاف بەخشراوە کە بەر لە ھاتنی زاھیر بەگ بۆ کوردستانی عێراق ھاتوون و ئەمانە یارمەتیی سوڵتان مورادیان لە فەتحی بەغدادا داوە. ئەمەش بە تەواوی لەگەڵ زانیارییەکەی باسیل نیکیتیندا دەگونجێت کە باس لەوە دەکات ھارونی و گڵاڵی (دوو تیرەی جافن- وەرگێڕ) یارمەتیی سوڵتانی ناوبراویان لە فەتحی بەغدادا داوە و، بەو ھۆیەوە نازناوی (مورادی)یان پێ بەخشراوە.

جەنگاوەری پیادە (تفەنگچی) جاف[دەستکاری]

بەھەر حاڵ ئێمە زیاتر لەسەر ئەوە ناڕۆین کێ و کەی و چۆن نازناوی جافی مورادیی وەرگرتووە، وەلێ گرنگ ئەوەیە ئەو نازناوە بوو بە نازناوێکی گشتی بۆ گشت جافەکانی خەڵکی کوردستانی عێراق کە ئەوانیش بە وێنەی باب و باپیرانیان بۆ ماوەیەکی زۆر کۆچەر بوون و ھاتووچۆی نێوان گەرمیان و کوێستانیان دەکرد.

ئەوەی دیقەت لە نووسین و بەرھەمی لێکۆڵەر و ڕۆژھەڵاتناس و گەڕیدە بیانییەکان بدات، ئەوانەی کە بە مەبەست و خواستی جیا جیا بەکوردستاندا گەڕان، دەبینێت چەند بەسەر سووڕمانەوە زۆربەی ئەمانە، بایەخیان بە باس و ھەواڵی جاف و شێوەی ژیانی خێڵەکی گەڕۆکیان و ڕەوشتی کوردانەی بەرزیان داوە.

ھۆکاری سەرەکیی ئەم بایەخدانەش دەگەڕێتەوە بۆ فراوانی ئەم عێلە و دەسەڵات و شۆرەتیان لە کۆن و ڕابردوودا، وەکو پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، جاف تەنھا عێلێکی مەزن و بە سام و شەوکەتی کورد نەبوون ، بگرە لەڕاستیدا وەک میرنشینییەکی خێڵەکی وەھا بوون کە لە چەندین تیرە و ھۆز پێکدەھاتن و، ئەم تیرە و ھۆزانەش یەکێتیی و یەکڕیزی خۆیانیان لە بۆتەی عێلە مەزن و یەکگرتووەکەیاندا دەپاراست کە میرەکان- بەگزادەکان- ی جاف لە قۆناغ و سەردەمە جیا جیاکاندا سەرۆکایەتییان دەکرد.

بەو شێوە مێژووی جاف بریتییە لەگشت ئەو بەسەرھات و ڕووداوانە کە ئەم عێلە، ھەر لە بەگزادە و تیرە گەورەکانییانەوە تا دەگاتە ھۆز و خێڵە بچووکەکانیان، تێیدا ژیاون و پێیدا تێپەڕ بوون.

مستەر ڕیچ کە ساڵی ١٨٢٠ گەشتی بە کوردستاندا کردووە و لە ٢٠ی ئابی ئەو ساڵەدا بووەتە میوانی ھەوارگەی ھاوینەی جاف لە مەریوان، زۆر سەرسام بووە بە داب و شێوەی کۆچەریی ژیانی جاف و سام و شۆرەت و سیمای نایاب و دڵگیریان و دانایی، و خۆشمەعشەریی کەیخسرەو بەگی میریان.

ھەروەھا ناوبراو (ڕیچ) زۆر مەتح و ستایشی پلە وپایەی ئافرەتانیان و ئەو ئازادییە دیارەی ھەیانبووە دەکات. ھەروەھا ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: سوارەکانیان باشترین جەنگاوەرانی کوردن و ھێزی شەڕکەریشیان بە دوو ھەزار سوار و چوار ھەزار جەنگاوەری پیادە (تفەنگچی) مەزەندە دەکرێت.

فرێزەریش ساڵی ١٨٣٤ ژمارەی عێلی جافی بە ١٠-١٢ھەزار خێزانی کۆچەریی مەزەندە کردووە، ھەروەھا ئاماژەشی کردووە کە ئەوان (واتە جاف) دەتوانن لە کاتی پێویستدا ھەزار سوار بە میری بابان سلێمان پاشا پێشکەش بکەن.

ھەروەھا ئەدمۆندزیش، جاف بە کوردە پوخت و ڕەسەنەکان وەسف دەکات و بە مەزنترین عێلی کورد لە باشووری کوردستاندا ناو دەبات، بە ڕادەیەک زۆر جار تەنھا بەوشەی کورد ناوزەد دەکرێن و بەو ناوە لە عێل و تیرە و دەشتەکییەکانی تر جودا دەکرێنەوە.

باسیل نیکیتین-یش ئاماژەی بە شۆرەت و جەربەزەیی جاف لە کوردستانی باشووردا داوە، مێجر سۆن- یش گوتوویەتی: جاف عێلێکی زۆر ناسراو و بەناوبانگن و ھەمیشە یەکێتیی و تەبایی و شێوەی سەربەخۆیی خۆیانیان لە نێو سنوورەکانیاندا لە قزەڕە بات (لە باشوور)ەوە تاکو پێنجوێن لە باکووردا پاراستووە.

ناوی جاف[دەستکاری]

سەبارەت بە ناوی جافیش، ڕاو بۆچوونگەلێکی گەلێک جیاواز لەم میانەدا ھەن یەکێک لەو بۆچوونانە دەڵێیت ناوەکە لە وشەی «جەفاکێش»ی لێکدراوی خۆماڵییەوە ھاتووە کە مانای مەینەتی و نەھامەتی دەبەخشێت، گوایە جافەکان بە زۆری پێشەنگی سوپای میر و فەرمانڕەواکان بوون و بەو ھۆیەوە کوێرەوەری و تاڵاوێکی زۆریان چەشتووە، ئیدی ئەو ناوە (جەفاکێش) پڕ بە پێستیان بووە، پاشانیش ناوەکە کورت کراوەتەوە بۆ (جەفا) و لەویشەوە بووە بە جاف. مامۆستا عەلائەدین سەجادی ئەگەر چی ئەم لێکدانەوەی بە پەسەند زانیووە، بەڵام بەڕای خۆی، وا دەبینێت، ناوی جاف لە جافرەوە (جعفر بە عەرەبی) وەرگێڕاوە، کە ڕەنگە ناوی یەکێک لە باپیرەکانی جاف بووبێت ، وەک ئاشکراشە کورد وا ڕاھاتوون جافر بە جافە ناوببەن.

شاعیری کورد قانع ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت، جاف پاشماوەی سوارەی ( جەفایی ) ین کە ھەڵبژاردەی سوپای شاە (سوڵتان) حسێن سەفەوی بوون (١٦٩٤- ١٧٢٢)، ئەم جەنگاوەرانە پێیان سپێردرا ئەسفەھانی پایتەخت و دەوروبەری لە دز و جەردە بپارێزن، ئیدی ناوی (جەفایی)یان وەرگرت کە زۆر بە ڕوونی تەعبیری لە سام و توندوتیژیی ئەو جەنگاوەرانە لە نێو خەڵکدا دەکرد،


سوارەی جەفایی[دەستکاری]

لەو ناوانەی لە ڕیزی ئەو جەنگاوەرانەدا بوون، ھارون، شاتر، میکائیل، کەماڵ، ڕۆغزاد، نه‌ژوێن، ئیسماعیل.... ھتد کە ئەمڕۆ لە نێو جافدا چەند تیرەیەکی دیار بەو ناوانەوە ھەن وەک: ھارونی، شاتری، میکائیلی، کەماڵەیی، ڕۆغزایی، نه‌ژوێنی.. ھتد (ڕۆژنامەی ھەتاو ژ: ١٨٦ ساڵی ١٩٦٠).

مامۆستا و زانا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسیش وای بۆ چووە، ناوی جاف لە زاراوەی (ژاڤ)ەوە وەرگیراوە کە مانای تەڕ و تەرچک دەدات، گوایە جافە کۆچەرەکان بە دوای گژوگیای تەڕ و کاڵدا بۆ ئاژەڵەکانیان گەڕاون.

لەلایەن خۆیشیانەوە توێژەر و مێژوونووسان، مینۆرسکی و مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی و د. حەسەن جاف ڕایان وایە وشەی جاف لە ناوی عێلی (جاوان)ی کوردیی دێرینەوە، سەرچاوەی وەرگرتووە. ئەم عێلە لە دێر زەماندا لە شاخەکانی دەماوەندی باکووری شاری تاراندا نیشتەجێ بوون، پاشان چەند گرووپێکیان بەرەو ڕۆژئاوای ئێران ڕەویان کرد و ناوی خۆیان سەپاند بەسەر ئەو شوێنەی لێی نیشتەجێ بوون ، (ناوی جاوان ڕود) بە مانا ڕووباری جاوانییەکان. لە ڕاستیشدا ئەو شوێنە (جوانڕۆی ئێستا) بە شوێنی یەکەم و ڕەسەنی گشت جاف (جافی مورادی لە عێراق، جافی جوانڕۆیی و گۆران لە ئێران) دەژمێردرێت.

ئەدیب و مێژووناسی بەناوبانگ مستەفا جەواد لە کتێبەکەیدا (جاوان، العشیرە الکوردیە المنسیە، جاوان عەشیرەتی کوردی لەبیر کراو) دەڵێت: جاوان یەکێ بووە لە عەشیرەتە مەزنەکانی کورد کە ناویان لە لایەن مێژوونووسە ئیسلامییەکانەوە ھاتووە، وەک: مەسعوودی (لە ھەردوو کتێبەکەیدا، مروج الژھب و التنبیە و الاشراف) قەلقەشەندی لە کتێبەکەیدا (صبح الاعشی). پاشان ھەندێک لە جاوانەکان بەھۆی جیا جیاوە لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق لە سەدەی چواری کۆچیدا گواستیانەوە و ڕۆڵێکی دیاریان لەو شوێنانەدا بینی .

دواتر لە کۆتایی سەدەی پێنجی کۆچیدا بەرەو باشووری عێراق شۆڕ بوونەوە و لەگەڵ عێلی (بەنی ئەسەد)ی عەرەبیدا لە دامەزراندنی شاری حیللەدا بەشدارییان کرد، ھەروەھا میرنشینی (جاوان)یشان لەو دەڤەرەدا دامەزراند، تا ئێستاش گۆڕی ھەندێک لە میر و سەرۆکەکانیان لەوێندەر ماون و بە دی دەکرێن (وەک: وارام جاوانی). وا پێدەچێت ئەو جاوانییانە لە پاش ١٢٠ ساڵ بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان (جاوان رود- جوانڕۆ) گەڕابێتنەوە و لەوێندەر دەستەملانی عێل و عەشرەتە ڕەسەنەکەیان بووبێتنەوە کە لەو سەردەمەدا بە ناوی جاف دەناسران.

سەبارەت بە چۆنییەتی گۆڕینی ناوی جاوان بۆ جاف، مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی شرۆڤەیەکی لۆژیکیانەی پەسەند لەو بارەیەوە دەخاتە ڕوو و دەڵێت:

ناوی جاوان بە گوێرەی شێوەزاری کرمانجی باوی ئەو سەردەمە بە «جاڤان» دەخوێندرایەوە، لەم شێوەزارەدا پیتی «و» بە دەنگی «ڤ» دەخوێندرێت، زمانی عەرەبی دەنگی «ڤ»ی تێدا نییە و بە «ف» دەخوێندرێتەوە، ئیدی جاڤانیش ھەر بە جافان خوێندراوەتەوە و پاشان بە درێژایی کات بۆ جاف کورتکراوەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]