مێژووی ئەورووپا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە مێژووی ئەوروپاەوە ڕەوانە کراوە)
ئەورووپا ٨١٤

مێژووی ئەورووپا باسکردنە لە ڕابردووی ئەم کیشووەر و ئەو ڕووداوە و پێشھاتانەی لە سەردەمە جیاوازەکان ڕوویانداوە کە بەشێوەیەکی گشتی پڕە لە شەڕ و ململانێ و ھەوڵدان بۆ خۆفەڕزکردن بەسەر نەتەوە و نیشتیمانەکانی دیکەدا لەھەمانکاتدا باس لەو پێشکەوتن و گەشەساندنانە دەکات کە کاریگەری زۆری دانا لە سەر ڕەوتی ژیان لەسەر گۆی زەوی.

مێژووی ئەورووپا پێش زایین[دەستکاری]

دانیشتوانی ئەورووپا لە سەردەمی بلیۆبیی دا لەسەر ڕاوکردنی ماسی و ئاژەڵان دەژیان لەسەردەمی نیۆلیتیشدا ئاژەڵیان دەلەوەڕاندو کشتوکاڵیان دەکرد. کانزاکاری برۆنز لە کریت لە ساڵی (٣٠٠٠ پ، ز) دەستیپێکرد، ئەمەش لە میسری‌و فینیقییەکانەوە گوازرایەوە. پیشەسازی کانزاکاری لە ساڵی (٣٠٠٠پ، ز) دا گەشتە ئەڵمانیا و بەریتانیا یۆنانییەکان لە ساڵی (١٤٠٠پ، ز) دا یاری میسینیان دامەزراند. ئەو ژیارەش گوازرایەوە بۆ باکووری ڕۆژئاوای ئەورووپا.[١] لە ساڵی (٧٠٠ پ، ز) دا لەئەوروپا ئەبجەدی فینیقی‌و دراوی ئاسیای بچووک بڵاوبوویەوە، لەسەردەمی چوارەم‌و شەشەمی پ، ز. یشدا ژیاری ئیغریقی دامەزرا، لەسەدەی سێیەمی پ، ز. یشدا ژیاری ڕۆمانی لەنیمچەدوورگەی ئیتالیا دەرکەوت‌و تاسەدەی دووەمی پ، ز. مایەوەو تێیدا یەکانگیری ژیاری ئیغریقی بوو. ئیغریقییە کۆنەکان‌و ڕۆمانەکانیش چەند ژیارێکی گەورەیان بونیادنان کە بە فەلسەفە و ھونەری جوان و حکومەت و کارگێڕی بەناوبانگ بوون. لە بنەڕەتدا ئەوروپییەکان لە ڕۆژھەڵاتەوە لەشێوەی چەند شەپۆلێکی کۆچبەراندا بەخاکی ئاسیای بچووک بەرەو بەلقان بەرۆژھەڵاتی ئەورووپا یان لەدەوروبەری دەریای ڕەشدا کشان تا بەدوای گژوگیادا بگەڕێن، ئەمەش لەسەردەمی پێش مێژوودا بوو. مرۆڤی ژیر لەئەوروپا لەکۆتایییەکانی سەردەمی بەردیندا دەرکەوت، مرۆڤی ئەوێ قەرەوڵگرو کۆکەرەوەی بەرھەم بوو. لەداوی خۆشی ئەو کاریگەرییانەی بەجێھێشت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥ ھەزار تا ١٠ ھەزار ساڵ لەدەوروبەری دووسەد ئەشکەوتدا کە زۆربەیان لەئیسپانیاو فەرەنسا بوون. لەسەردەمی بەردینی نوێدا مرۆڤی ئەوروپی پەیڕەوی کشتوکاڵی دەستپێکرد تا شوێنی ڕاوچێتی بگرێتەوە، لەماوەی ھەزارەی شەشەمی پ، ز. یشدا کشتوکاڵ لەرۆژئاوای ئەورووپا بڵاوبوویەوە. ئەم ژیارە نێولیشیانە لە ساڵی ٥٠٠٠ی پ، ز دا دەستیانپێکرد، کاتێک پەیکەری بەردینی زەبەلاح ھاتەکایەوە لەو ماوەیەدا ڕۆشنبیری دانوب‌و بەلقان لەسربیاو یۆنانی کۆن کە خاوەن گوندی سەخت‌و پتەو بوو دامەزرا. پشکنینەکانی ئەو ناوچە ژیاریانەی بەلقان ئەوەیان نیشان داوە کە لە ٤٠٠٠ پ، ز. دا مس لە ژیاری فینشادا بەکارھاتووە، لەو ماوەدا لەدەریای بەلتیقەوە عتیر دەھێنرا کە گرنگی خۆی ھەبوو، لەماوەی ھەزارەی سێیەمی پ، ز. یشدا مس‌و قەڵایی بەشێوەیەکی زۆر لەبوھیما (تشیک) لەنێوەندی ئەورپا دۆزرایەوەو برۆنزیان لێ دروست دەکرا، گۆرستانی پاشاکان‌و چینی دەوڵەمەند لەو ماوەیەدا ئاماژەبوو بەگۆڕێک کە خۆڵی لەسەربوو، بەڵام لە کۆتایییەکانی ھەزارەکەدا پەنایان برد بۆ سووتاندنی مردووەکان‌و خۆڵمێشەکەیان دەخستە گۆزەوە، ئەم نەریتەش لەژیاری ئیبرنفلددا دەگیرایەبەر تا ئەمڕۆش نازانرێت زانی ھیندۆ ئەوروپی لەکیشوەری ئەوروپی چۆن پەیدابوو، دەڵێن ھیندۆ ئەوروپییەکان لەباکووری دەریای ڕەش لە ساڵی ٢٥٠٠ پ.ز. ژیاون‌و دوای ھێرش بردنە سەری لەبەلقاندا بڵاووبونەتەوەو لەگەڵ خۆیاندا لە ساڵی ٢٢٠٠ پ.ز. ئەسپییان بردووەتە ئەورووپا، دواتر لەماوەی نیوەی سەردەمی برۆنزی بەناوچەکانی تری ئەوروپیدا بڵاوبوونەتەوە. لەسەردەمی ئاسنیندا کە لە ساڵی ھەزاری پ.ز. دەسپێدەکات‌و ژیاری ئیرفلیند کە لایەنە سەرەکییەکانی بەلای ڕووبارەکاندا بڵاوبوونەوە بوویە ھۆی پێکھێنانی چەند کۆمەڵێکی مرۆیی وەک سلت‌و سلاق‌و ئەوانەی بەئیتاڵی قسەیان دەکرد لەگەڵ لیریاتییەکاندا. ھەروەک لەباکووری ئیتالیا ژیاری ڤیلانوڤان لەنێوان ھەزای پ.ز. بۆ حەوت سەدەی پ.ز. دەرکەوت‌و گرنگی خۆی ھەبوو. ژیارێکی ھاوشێوەش دەرکەوت کە ژیاری ھالشان بوو، لەنێوان سەدەی ھەشتی پ. ز بۆ پێنجی پ.ز. دابوو کە لەگەڵ سلتەکان لەزۆربەی ڕۆژئاوای ئەورووپا لەنێوان سەدەی حەوتی پ.ز. بۆ چواری پ.ز. بڵاوبوونەوە، ژیاری سلت بەژیاری لاتین ناسرا کە بەشێکی زۆری لەژیاری ھاللشت وەرگرت. گەلە جەرمانییەکانیش لەساڵانی پێنج سەدی (پ. ز) ەوە لەباشووری ئەسکەندەنافیاو بەلتیق بڵاودەبوونەوە، لەساڵانی ھەشت سەدی پ. ز دا پاش ھێرشی دوورییەکان ژیاری ئیغریقی ھەڵھات، بەڵام بەشێوەیەکی پێچەوانەی میسینییەکان، ئەمەش بەھۆی ئەو فینیقیانەوە کە چەند مەڵبەندێکی بازرگانی و ژیارییان لەدەریای سپی ناوڕاستدا دامەزراندو چەند ڕەگەزێکیان بەئاراستەی ڕۆژاوا بڵاوکردەوە، ئیغریقییەکانیش لەوانەوە ئەبجەدییان وەرگرت، بەڵام پیتەکانی (عیللە) یان بۆ زیادکرد. لەسەدەی ھەشتی پ. ز دا ئیغریقییەکان لەداگیرکەنیاندا بڵاودەبوونەوە بەتایبەت لەباشووری ئیتالیادا، لەسەدەی دوای ئەویشدا ژیاری ھیللی گەشتە لوتکە، ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان ئەو ناوچە داگیرکراوانەو ئیغریقییەکانیش بویە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڕۆشنبیری ئیغریقی، ئەوان لەمیراتی ژیاری خۆیان دەترسان‌و جگە لەخۆیان بە بەربەریان دادەنا، زۆربەی کۆمەڵە ڕەگەزییەکانی ڕۆژئاوای ئەورووپا لەوانیش ئیترو سکانک کە ژیاری فیلانۆ ڤانیان دامەزراند لەگەڵ ڕۆشنبیری ئیغریقی دا یەکانگیربوون.[٢]

یۆنانی کۆن[دەستکاری]

پەیکەری ئەسکەندەری مەزن

شارستانییەتیێک بوو سەر بە قۆناغی مێژووی یۆنانی کە کۆتایی ھات لە قۆناغی ھونەری یۆنانی کۆنی سەدەی ٨ بۆ ٦ پێش زایین تا کۆتایی سەردەمی کلاسیکی کۆن (٦٠٠ ز).[٣] ڕاستەوخۆ دوای ئەم قۆناغە سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی بێزەنتی دەستیپێکرد یۆنان بەمەترسی فارسی ھەرەشەی لێدەکرا بە تایبەت کە ئاسیای یچووک ملکەچی فارسەکان بوو بوو، فارسەکان لە ساڵی ٤٩٠ پ. ز دا ھێرشیان بردبوویە سەر یۆنان و دوای ڕاوەدوونانیان لە ٤٧٩ پ. ز ئەپینای دیموکراتی بوو بە ھێزی گەورەی جیھانی ئیغریقی‌و لەناوچەی دەریای ئیجە ئیمپراتۆرییەتی ئەپینا دامەزرا، ئەمە کامڵبوونێکی ڕۆشنبیری‌و ئابووری لەسەدەی پێنجەمی پ. ز بەدیھێنا، ئەو سەردەمە بەسەردەمی زێڕینی تەقلیدی ژیاری ئیغریقی دادەنرێت. دواتر ململانێ ناوخۆیییەکانی نێوان شارە یۆنانییەکان بڵاوبوویەوە تائەوەی ھێزی مەکدۆنیا لەباکووری یۆنان لەسەر دەستی فلیپی‌و ئەسکەندەری گەورەی کوڕی لەداوی ئەو لەسەدەی چوارەمی پ. ز دا دەرکەوت‌و یۆنان‌و مەکدۆنیا یەکیانگرت‌و ئەسکەندەر دەستیگرت بەسەر میسرو شام‌و وڵاتی فارس تا ھیند.[٤] پاشان ڕۆمانەکان ئەو ئیمپراتۆرییەتە ھێلینییەیان لەناوبرد داوی ئەوەی دەستیانگرت بەسەر مەقدۆنیادا، یۆنانی سەدەی دووەمی پ. ز وەک یۆنانی سەردەمی ئاسنین نەبوو، بەڵکو بەسەر چەند کۆمەڵێکی ڕەگەزی‌و زمانەوانیدا دابەش بوو بوو کە چاویان لەژیاری سەردەمی نیۆلیتی تازە پێگەشتوو بوو ئەو کۆمەڵانەش پێکھاتەی چەند جۆرێک ھیندۆ ئەوروپییەکان بوون، ئەمانە لەھەزارەی دووەمی پ. ز بەرەو باکووری ئیتالیا کشابوون‌و نیمچە دوورگەی ئیتالیاشی گرتەوە، زۆربەی ئەو کۆمەڵانەش لە ئیتاڵییەکان بوون. گەورەترین ژیاری سەردەمی ئاسنین ژیاری فیلانۆ فانالتی بوو کە لەباکووردا دامەزراو کاریگەری خۆی لەسەر ناوچەکانی دەوروبەر ھەبوو، ئیتروسکانەکانیش لەسەدەی دەیەمی پ.ز. ەوە لەئاسیای بچووکەوە کشان‌و لەنێوەندی ئیتالیا سەقامگیر بوون‌و ژیارێکی ئاوێتەی (فیلانۆڤی‌و ڕەگەزە ڕۆژھەڵاتییەکان‌و لەگەڵیشیاندا ژیاری ئیغریقی) یان پێکھێنا.

ئیمپراتۆرییەتیی ڕۆمی[دەستکاری]

ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی لە فراوانترین ئاستییدا

ڕۆمانەکان گەلێکی لاتینی سەر بەکۆمەڵەی ئیتالی بوون، ڕۆما لەسەرەتادا گوندێکی سەرەتایی بوو کە ئیتروسکانەکان تا کۆتایییەکانی سەدەی شەشەمی پ.ز.[٥] داگیریان کردبوو، دواتر ڕۆمانەکان کەوتنە داگیرکردنی ناوچەکانی دەروبەریان، لەسەرەتاکانی سەدەی چوارەمی پ.ز. دا ھێرشیان بردە سەر گالەکان، گالەکان چەند ھۆزێکی سەلتەکان بوون، لەسەرەتای سەدەی سێیەمی پ.ز. ڕۆمانەکان دەستیانگرت بەسەر چەند بەشێکی گەورەی ئیتالیاداو کردیان بەڕۆمانی، ڕۆمانەکان ڕێیان بڕی‌و زمانی لاتینی خۆیان‌و ژیاریشیان یەکخست‌و ئیتر ڕۆما بەرامبەر بەقرتاج وەستا. ڕۆمانەکان لەسەدەی دووەمی پ.ز. دا بەتەواوەتی دەستیانگرت بەسەر باکووری ئەفریقیاو دوورگەکانی ڕۆژئاوای دەریای سپی ناوڕاست‌و مەقدۆنیاو یۆناندا، دەریای سپی ناوەڕاست لەسەردەمی یەکەمی پ.ز. دا بوو بەدەریاچەیەکی ڕۆمانی، دواتر ڕۆمانەکان ڕێگەیان دامەزراند تا ئاسانکاری پەیوەندی نێوان بەشەکانی ئیمپراتۆرییەت ھەبێت‌و یەکبوونی ژیاری خۆیان بەدیھێنا. تێکەڵبوونی نێوان ژیاری ھێلینی‌و ڕۆمانی بوو بەھۆی دوانەبوونێکی زمانەوانی نێوان دانیشتوانی ڕۆژئاواو ئیغریقی لەرۆژھەڵات، بە چەند جەنگێکی ناوخۆیش ڕۆما لەرۆژانی دەسەڵاتی ئاب لەسەدەی یەکەمی پ.ز. لەکۆمارێکەوە بوو بەئیمپراتۆرییەتێک. لە ٢١٢ پ.ز. دا ڕەگەزەکانی ژیاری ئیغریقی ڕۆمانی کاریانکردە سەر ھۆزە جەرمانی‌و سەلتییەکان، لەسەدەی سێیەمی زاینیشدا ئیمپراتۆرییەتەکە بەرەو ھەڵوەشانەوە چوو.[٦] لەسەدەی چواەرمی زاینیشدا [[ئیمپراتۆریەتیی بیزەنتی |ئیمپراتۆر قوستەنتین]] پایتەختی لەڕۆمانەوە بۆقوستەنتینییە گواستەوەو ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی ڕۆژھەڵاتی دامەزراند. ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی ڕۆژئاوایش بەپایتەختەکەیەوە لەسەدەی پێنجەمی زاینیدا بەرەو ڕووی شاڵاوی جەرمەنەکان بوویەوە کە شانشینە جەرمەنییەکانیان پێکھێنا، کڵێساش میراتی ڕۆمانی پاراست، ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی کاریگەری زمانەوانی لاتینی خۆی بەجێھێشت‌و فەرەنسی‌و پورتوگالی‌و ئیتالی‌و ئیسپانی لەلاتینی کەوتنەوە.

سەدەکانی ناوین[دەستکاری]

نەخشەی ئەورووپا٨١٤

تێبینی ئەوە دەکەین کەھەندێ لە مێژوونووسان جەنگی ئەدرنەی ساڵی ٣٧٨ ز، یان ڕووخانی ڕۆما لە ساڵی ٤١٠ دەکەنە کۆتایی سەردەمی کۆن‌و سەرەتای سەردەمی ناوەڕاست، لەکاتێکدا ھەندێکی تر ئەو گواستنەوەی نێوان دوو سەردەمە مێژوویییە بەھاتنە سەر دەسەڵاتی دیقلدیانوسی ئیمپراتۆری ڕۆمانی (٢٨٤ز-٣٠٥ز) دەستنیشان دەکەن، ئەمەش بەھۆی ئەو چاکسازییە گۆڕانکارییانەی کە سەردەمەکەی لە کارگێڕی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا بەخۆیەوە دی، لەکاتێکدا ھەندێکی تر دەیبەستنەوە بە سەرەتای سەردەمی قوستەنتینییەوە (٣٠٥ز-٣٣٧ز) کە پیاتەختی لەڕۆماوە بۆقوستەنتینییە گواستەوەو مەرسومی ناسراو بە (میلان) ی لە ساڵی ٣١٣ ز دەکرد کە بەو پێیە دانی نا بەئایینی مەسیحی لەئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا. ھەندێکی تر پێیان وایە سنورێکی جیاکەرەوەی نێوان دوو سەردەمەکە خۆی لەمردنی ئیمپراتۆر ئیۆدوسیوس لە ساڵی ٣٩٥ز دەبینێـەوە، چونکە مردنی ئەو بوو بەھۆکاری دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی لەنێوان ھەردوو کوڕەکەیدا (ئەرکادیۆس) و (ھۆنوریوس) و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی دابەشبوو بۆبەشی ڕۆژھەڵاتی‌و ڕۆژئاوایی. ژمارەیەکی کەمیش لەمێژوونووسان پێیان وایە سەردەمی ئیمپراتۆری ڕۆمانی (جستنیان) (٥٢٧ز-٥٦٥ز) سنووری جیاکەرەوەیە، چونکە ئەو کۆتا کەس بووە ھەوڵیداوە بەشی ڕۆژھەڵات‌و ڕۆژئاوای ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی یەکبخاتەوە، بۆیە سنووری جیاکەرەوەی سەردەمی کۆن‌و سەردەمی ناوەڕاستی ئەوروپایە. بەچاوپۆشی لەو ڕاو دیدە جیاوازانە لەدیدو نوسینەوەی مێژووی ئەوروپی‌و دیاریکردنی دیاردە مێژوویییەکانیدا، زۆربەی مێژوونووسان یەکدەنگن لەسەر ئەوەی ساڵی ٤٦٧ ز. کە ساڵی ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانییە لەسەر دەستی ئەدۆکەر، خاڵی گۆڕانی گرنگی گواستنەوەی ئەوروپایە لەسەردەمی کۆنەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست. دەکرێت بڵێین گواستنەوە لەسەردەمی کۆنەوە بۆسەردەمی ناوەڕاست لەنیوەی دووەمی سەدەی پێنجەمی زاینییەوە بووەو ئەو گواستنەوەش بەپێی ھەروەھا لەئەنجامی چەندین ھۆکاری بەشداربووەوە دێت کە لەپێش ئەو مێژووەدا بووە، ئەویش دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی‌و شلۆقی‌و داڕمانی‌و چوونە ناوی مەسیحییەتەوە وەک ڕەگەزێکی گرنگ لەپێکھێنانی مێژووی ئەوروپی‌و کەڵەکەبوونی شاڵاوی ھۆزە جەرمەنییە بەربەرەکان‌و ڕووخانی ئیمپراتۆیەتی ڕۆمانی لەرۆژئاواو سەپاندنی مۆرکێکی نوێیە بەسەر کیشوەری ئەوروپیدا. لەگەڵ ئەوەش مێژوو نوسان مێژووی سەدەی ناوەڕاستیان بۆ سەر سێ بەشی سەرەکی دابەش دەکەن بەم شێوەیە[١]

  • قۆناغی یەکەم: ئەم قۆناغە ماوەی حەوت سەدە لە خۆ دەگرێت لە سەرەتایی سەدەی چوارەمەوە تا کۆتایی سەدەی دەیەم لەم قۆناغەدا جەرمانییەکان توانیان ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی ڕۆژئاوایی ئەورووپییەکانی لە ناوبرد و چد شانشینێکی جەرمانی دروست بوون ئەم ڕووەداوە بە سەرەتایی دەست پێکردنی سەدەی ناوەڕاست دادەنرێت سەردەمێکی نوێ لە مێژووی ئەورووپا دەستی پێکرد
  • قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە لە سێ سەدە پێک دێت و چەندین ڕووداو ڕوویاندا
  • قۆناغی سێیەم: ئەم قۆناغە لە سەدەی چواردە و پانزدا قەتیس دەبێتەوە چەندین گۆرانکاری لە باری سیاسی و ئابووری و فکری و ئاینی ڕوویاندا

لەسەدەی حەوتەمی زاینیدا عەرەبە موسڵمانەکان لەرۆژانی خەلافەتی ئومەویدا ئیسپانیاو چەند بەشێکی باشووری فەرەنسایان گرت، باکووری ئەوروپاش بوو بە نشینگەی ھۆزە فرەنجەکانی ڕۆژئاوای ئەورووپا، ئەمەش لەنێوان سەدەی پێنجەمی زایینی تا نۆیەمی زایینی دا بوو، ئەوانە بتپەرست بوون‌و چوونە سەر مەزھەبی کاپولیکی‌و بەکارۆلینجییەکان ناوبران، دیارترین پاشایان مەلیک شارلەمان بوو، لەسەردەمی ئەمدا فرەنجەکان بوونە گەورەی ڕۆژئاوای ئەورووپاو کەوتنە موژدەبەری مەسیحییەت، جا شانشینی فەرەنجی توانی زۆربەی ئەورووپاو ڕۆشنبیرییەکەی بێنێتە ناو سنووری خۆی، ئەمەش لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانییەوە ڕووی نەدابوو تا ئەوەی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی پیرۆزی لەژێر دەستی کڵێسای کاپولیکی ڕاگەیاند. لە ساڵی ١٠٤٥ ز. دا ئەورووپا چوویە ماوەی گۆڕانێکی گەورەو کۆچی جەرمان‌و ئاسیایییەکان وەستاو ئەورووپا لەڕووی دانیشتوانەوە سەقامگیر بوو، بازرگانی بەشێوەیەکی زۆر لەئیتالیاو باشووری فەرەنساو ھۆڵەندا فراوانبوو، ئەو ڕێنیسانسەی لەسەدەی چواردەی زاینییەوە دەرکەوت، ماوەی دەستکەوتەکانی ھونەرمەندان‌و بیناسازە ئەوروپییەکان‌و سەردەمی دۆزینەوە گەورەکانی ئەوکات بوو کە لەسەدەی پانزەی زاینییەوە دەستیپێکردو بەدۆزینەوەی دەریایی بۆخاک‌و دەریا نەزانراوەکان دەرکەوت، پورتوگال‌و بەریتانی‌و فەرەنسی‌و ئیسپانییەکان کاری داگیرکارییان لەئەفریقیاو ئاسیاو ھەردوو ئەمریکادا گرتەبەر.

مێژووی نوێ و ھاوچەرخی ئەووروپا[دەستکاری]

وەک چۆن مێژوونووسان لەدیاریکردنی سەرەتای سەردەمی ناوەڕستدا ڕاجیاوازن، بەھەمان شێوە لەدیاریکردنی کۆتایی ئەو سەردەمەو سەرەتای سەردەمی نوێشدا ڕاجیاوازن، دەستەیەک ڕووخانی قوستەنتینییە لەسەر دەستی تورکە عوسمانییەکان لە ساڵی ١٤٥٣ز کە ساڵی دۆزینەوەی کۆلۆمبسە بۆ کیشوەری ئەمریکی (جیھانی نوێ) دەکەنە سنوورێکی یەکلاکەرەوەی سەردەمی ناوەڕاست‌و نوێ، دەستەیەکی تریش ساڵی ١٥١٧ز. کە ساڵی ڕاپەڕینی مارچن لۆپھری چاکسازی ئاینییە بەسەر کڵێسای کاپولیکدا دەکەنە سنووری یەکلاکەرەوەی نێوان دوو سەردەمەکە. دەکرێت بڵێین ماوەی کۆتایی سەردەمی ناوەڕاست چەند گۆڕانێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئۆگستووری‌و ڕۆشنبیری گەورەی بەخۆیەوە دیوە کە بووەتە ھۆی گواستنەوەی ئەورووپا بۆسەردەمی نوێ، ئەو گۆڕانانەش لەنیوەی دووەمی سەدەی پانزەدا ڕوویاندا، ئەو ماوەش چەند ڕووداوێکی گرنگی بەخۆیەوە دی وەک جەنگی سەد ساڵەی نێوان ئینگلتەراو فەرەنساو ڕووخانی قوستەنتینییەو دۆزینەوەی جیھانی نوێ لەکیشوەری ئەمریکی‌و ڕووخانی غەرناتە لە ساڵی ١٤٩٢ ز؛ و دۆزینەوەی ڕێگەی سەری ھیوای چاک (رڕس الرجاو الێالح) لە ساڵی ١٤٩٧ز. ئەو ڕووداوانە بوونە ھۆی دەرکەوتنی بەرەبەیانی سەردەمێکی نوێ کە ڕێئاپریلسی ئەوروپی‌و دۆزینەوە جوگرافییەکان‌و بزووتنەوەی چاکسازی ئایینی بەخۆیەوە دی کە دواتر بەسەردەمی نوێ ناسراو دواتریش بەدوورودرێژی قسەی لەسەر دەکەین. سەبارەت بەکۆتایی سەردەمی نوێ‌و سەرەتای سەردەمی ھاوچەرخ، خەریکە ھەموو مێژوونووسان لەسەر ئەوە یەکدەنگ بن کە کۆتایی جەنگی جیھانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ز سنووری یەکلاکەرەوەی نێوان ئەو دوو سەردەمەیە،

تابلۆیەک کە گوزارشت لە کریستۆڤەر کۆلۆمبۆس دەکات لە کاتی دۆزینەوە کیشوەری ئەمریکا

شەڕی مەزھەبی[دەستکاری]

ئەورووپا لە ساڵانی تووشی شەڕێکی مەزھەبی توند بووەوە کە بەشێکی زۆری وڵاتەکانی گرتەوە شەڕی سی ساڵە لەنێوان ساڵانی ١٦١٨ ھەتا ١٦٤٨ی زایینیدا ڕووی دا. ئەم شەڕە لە سەر گۆڕانەوەی سنوورەکانی ئەورووپایی بوو، لە لایەکی دیکەوە شەڕێک بوو لە نێوان دوو ڕێبازی کاتۆلیک و پرۆتێستانت. شەڕی سی ساڵە بوو بە ھۆی قەحتی و نەخۆشییەکی زۆر بەر فراوان و خەڵکێکی زۆر بوون بە قوربانی بەپێی ھەندێک لە خەمڵاندنەکان ٨ میلیۆن کەسی سڤیل زیانیان پێگەیشتووە. ئەنجامی ئەم شەڕە سەرکەوتنی ئایینی پرۆتێستانت بەھێزبوونی ئەو ئاینە سەرەوخواربوونی کاتۆلیک و بێ ھێزبوونی سەرکەوتنی بنەماڵەی ھەبسبۆرگ سەربەخۆیی بوونی ھۆڵەندا لە ئیمپراتۆرییەتی ئیسپانیا ئیسپانیا زاڵبوو بەسەر باشوری ھۆڵەندا و لۆکسمبۆرگ ڕژێمی دەرەبەگی تووشی بێھێزی بوو لە کیشوەری ئەورووپا.

شەڕەکانی خاچھەڵگری[دەستکاری]

شەڕی حەتین، لە نێوان موسڵمانان و خاچھەڵگران

بە شێوەیەکی گشتی بەو ھەڵمەت و شەڕانە ئەوترێت کە ئەوروپییەکان پێی ھەستان لە کۆتایییەکانی سەدەی ١١ تا سێیەکی کۆتایی سەدەی ١٣ (١٠٩٦–١٢٩١)،[٧] بەو ناوە ناسراوە لەبەرئەوەی ئەوانەی بەشداربوون تێیدا لە ژێر ناوی ئاینی مەسیحییەت و دروشمی خاچدا کۆبوونەوە لە پێناوی بەرگریکردن لێی و لەسەر سنگ و شانی جلەکانیان ھێمای خاچیان بە قوماشی سور ئەدووری. ئامانجی سەرەکیان دەستگرتن بوو بەسەر خاکەکانی ڕۆژھەڵات کە لەو کاتانەدا ڕۆژھەڵات سەرچاوەی سەروەتەکان بوو. ھۆکاری یەکەم لە ڕووخانی بیزەنتییەکان ئەو وێرانبوونە بوو کە لە ئەنجامی ھەڵمەتەکانی یەکەمی خاچھەڵگری کەوتەوە کە لە قوستەنتینییەی پایتەختی ئەو کاتەی بیزەنتییەکانەوە دەرئەچوون. شەڕی خاچھەڵگری زنجیرەیەک ململانێی سەربازی ئایینی بوو کە زۆربەی ئەوروپییە مەسیحییەکان لە ژێر ھەڕەشەی ناوخۆو دەرەوەدا چوونە ناویەوە لە دژی موسڵمانان. لە بنەڕەتدا ئامانجی شەری خاچھەڵگری داگیرکردنی قودس و زەوییە پیرۆزەکانی موسڵمانان بوو، و سەرەتای دەرچوونی ھەڵمەتەکان لە وەڵامی بانگەوازێکی ئیمپڕاتۆری بیزەنتی بوو بۆ یارمەتی دانی لە دژی فراوانبوونی موسڵمانە سەلجوقییەکان لە ئەنادۆڵ. ھەروەھا زارەوەی شەڕی خاگپەرستی بەکاردێت بۆ وەسفی ھەندێک لەشەڕەکانی چەرخە نوێکان و ئەوانەی دواتر. جیاکردنەوەی ڕووداوەکانی ماوەی شەڕەکانی خاچھەڵگری قورسە، بەڵام مێژوونوسان دابەشیانکردووە بۆ نۆ ھەڵمەت لە ساڵ و کاتی جیاوازدا کە ئەم جەنگە کاریگەرییەکی زۆری بەجێ ھێشت لە سەر وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتە موسڵمانەکان.[٨]

شۆڕشەکانی وڵاتانی ئەورووپا[دەستکاری]

شۆرشی فەرەنسا[دەستکاری]

تابلۆیەک لە شۆرشی فەرەنسا

شۆرشی فەرەنسا[٩] بە یەکێک لە شۆرشە مەزنەکانی مێژووی کۆن وھاوچەرخی مرۆڤایەتی دادەنریت. کودەتایەکی ڕامیاری و شۆڕشێکی جەماوەری بوو کە لە ساڵی ١٧٨٩دا لە فەڕەنسا دەستی پێکرد ئەم شۆرشە لە مێژووی جیھان و ئەورووپا گرینگی و تایبەتمەندییەکی زۆری ھەیە ئەمەش بەھۆی ئەو گۆڕانکاری و دەرئەنجامانەی لە دوای ئەو شۆڕشەوە دروست بوون کە کاریگەری زۆری خستە سەر وڵاتانی دیکە

جەنگە جیھانییەکان[دەستکاری]

جەنگی جیھانیی یەکەم[دەستکاری]

چەند دیمەنێک لە جەنگی جیھانی یەکەم

ئەو جەنگە لە ئەورووپا دەستی پێکرد و پاشان ناوچەکانی تری جیھانی گرتەوە لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ و ١٩١٨دا،[١٠] جەنگەکە دەستی پێکرد کاتێک ئیمپڕاتۆڕی نەمسا-مەجەڕ شانشینی سربیای گرت لە دەرئەنجامی کوژرانی شازادەی نەمسا و ھاوسەرەکەی لەلایەن خوێندکارێکی سڕبییەوە لەکاتی سەردانیاندا بۆ سەراییڤۆ. وە چەندەھا شەھیدو کوشتاری لێکەوتەوە لە مێژودا ڕووسیا ھەستا بە کۆکردنەوەی ھێزەکانی یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی جەنگی نەمسا لەسەر سربیا، ئەڵمانیا ھێزی کۆکردەوە لە ٣٠ی جولا و فەرەنسا ھێزەکانی کۆکردەوە لە ٣٠ی ئاب، ئەڵمانیا لە ھەمان ڕۆژدا جەنگی ڕاگەیاند لە دژی ڕووسیا دوای ئەوەی بینی ڕووسیا وەڵامی داوای ئەڵمانیا ناداتەوە بە ڕاگرتنی کۆکردنەوەی سوپا، پاشان جەنگی ڕاگەیاند لە دژی فەرەنسا، و بەلجیکای گرت کە ئەمەش وای لە بەریتانیا کرد بێتە ناو جەنگەکەوە، وڵاتەکانی ئەورووپا لە پێش شەڕ لە دوو سەربازگە پێک ھاتبوو، یەکەمیان یەکێتی سییانی بوو لە نێوان ڕووسیا و فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو، و دووەمیان ھاوپەیمانی سییانی بوو لە نێوان ئیمپڕاتۆری نەمسا-مەجەڕ و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا. بۆ یەکەم جار چەکی کیمیایی لە جەنگی جیھانی یەکەمدا بەکار ھات ھەروەھا بۆ یەکەم جار خەڵکی مەدەنی لە ئاسمانەوە بۆردومان کران لە میژوودا. شەرەکە قوربانی گیانی وای بە خۆیەوە بینی کە پێشتر مێژوو نەیبنیبوو، بنەماڵە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکانی ئەورووپا ڕووخان کە دامەزراندیان ئەگەڕایەوە بۆ ھەڵمەتە خاچھەڵگرییەکان، و نەخشەی سیاسی ئەورووپا گۆڕانکاری بەسەردا ھات. شەری جیھانی یەکەم بوو بە ھۆی ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە ساڵی ١٣٤١ک-١٩٢٤ز[١١] و کەوتنەوەی چەندین زیانی گەروەی ماڵی و گیانی و گەڕانە دواوەی ڕۆڵی ئەورووپا لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی جیھان، بەڵام گرنگترین ئەنجامی دامەزراندنی ئەو ئاشتییە کەموکوڕەدا بوو کە ھەموو ئەو ئامڕازانەی لە خۆ ئەگرت کە بوون بە ھۆی ھەڵایسانی شەڕی جیھانی دووەم ساڵی ١٩٣٩. و لە ماوەی شەڕەکەدا دەوڵەتە ئەوروپییە بەشەڕھاتووەکان ناچاری کڕینی پێویست و کەرەستەیەکی زۆر بوون لە وڵاتە نوێکان کە خاکەکانیان ھیچ زیانێکی شەڕی پێ نەگەیشت وەک وڵاتە یەکگرتووەکان و کەنەدا و ئوسترالیا و ئارجەنتین، کە ئەمەش وای لە ئەورووپا کرد شارێک بێت بۆ ئەو دەوڵەتانە لە دوای شەڕ، و ئەورووپا لە دوای شەڕ خۆی ناچار بینییەوە لە دانی ئاڵتونە یەدەکەکانی کە ھەیبوو بۆ دانەوەی قەرزەکانی و ئەمە بوو بە ھۆی گەڕانە دواوەی دراوی ئەوروپی. وڵاتە یەکگرتووەکان سوودمەندی یەکەم بوو لەم شەرە و قەرزدەری یەکەم بوو بە ئەورووپا لە پێش و لە کاتی شەرەکە، وڵاتە یەکگرتووەکان لە دوای شەر لە ئەنجامی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیدا %٤٥ی ئاڵتونی یەدەکی جیھانی بەدەستھێنا و بەوەش بوو بە یەکەم خاوەن قەرز لە جیھاندا.

نەخشەی ئەورووپا ١٩١٤

جەنگی جیھانیی دووەم[دەستکاری]

چەند دیمەنێک لە جەنگی جیھانی دووەم

دوای چەند ساڵیک لە کۆتایی ھاتنی جەنگی یەکەمی جیھان ئەڵمانیا بە ڕێبەرایەتی ھیتلەر دەستی کرد بە ھێرشکردن بۆ سەر وڵاتانی دیکە ئەمەش جارێکی دیکە وڵاتانی ئەورووپای ناچار بە جەنگێکی دیکە کردووە ئەم جەنگە لە ٧ی جولای ١٩٣٧ دەستی پێکرد لە ئاسیا و لە ١ی ئەیلوولی ١٩٣٩ لە ئەورووپا و لە ساڵی ١٩٤٥ کۆتاییی ھات[١٢] بە خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن لە دوای وێرانکردنی ھێرۆشیما و ناگازاکی لەلایەن ویلایتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، ھێزە چەکدارەکانی نزیکەی ٧٠ دەوڵەت بەشدار بوون لە شەڕە ئاسمانی و دەریایی و وشکانییەکاندا. جەنگی جیھانیی دووەم بە جەنگێکی گشتگیر دادەنرێت، و زۆرترین باجی ھەبوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەبەر فراوانیی ڕووبەری شەڕەکە و زۆریی شانۆکانی جەنگ و بەرەکانی. زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن سەرباز بەشدار بوون تێیدا، و لایەنە ناکۆکەکان چەندین دەوڵەت بوون، و زیانە گیانەکان ئێجگار زۆربوون. نزیکەی ٦١ میلیۆن کەس بوونە قوربانی لە سەربازی و مەدەنییەکان. مەدەنییەکان دوچاری زیانی گیانی بوونەوە لە جەنگی جیھانیی دووەمدا زیاتر لەھەر شەڕێکی تر لە مێژوودا، و ھۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ بۆمبارانە چڕەکانی سەر شار و گوندەکان کە سوپای بەریتانی ھێنایانە کایەوە بە ھاتنە سەر حوکمی وینستۆن چێرچیل و سوپای نازی ئەڵمانییش بە ھەمان شێوە وەڵامیان دایەوە، و زیانێکی مەدەنیی گەورە لە ھەردوو لایان کەوتەوە. ھاوکات لەگەڵ ئەمانە ئەو کوشتارگانەی کە سوپای ژاپۆنی بەرامبەر میللەتی چینی و کۆری کردیان، ژمارەی قوربانییە بێتاوانەکان و سەربازەکان بەرز بوویەوە بۆ ٥١ میلیۆن کوژراو، کە نزیکەی %٢ی دایشتوانی جیھان بوو لەو سەردەمەدا. دوای جەنگی جیھانیی دووەم بەھۆی ململانێی وڵاتان ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٦١ بە دروست کردنی دیوارێک کە بە دیواری بەرلین ناسراوە بۆ دووبەش دابەش بوو ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر دانیشوانی ئەم وڵاتە دروست کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٨٩ دیوارەکە ڕوخێندرا و ئەڵمانەکان بوونەوە یەک وڵات[١٣] دوای ئەو دوو جەنگە ئەورووپا بۆ دوو سەربازگە دابەشبوو، سەربازگەی ڕۆژھەڵاتی بە ڕێبەری یەکێتی سۆڤیەت‌و سەربازگەی ڕۆژئاوایی بە ڕێبەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دروست بوونی جەنگی سارد لە نێوان ئەو دوو زلھێزە.[١٤] لەساڵانی نێوان ١٩٨٩ تا ١٩٩١ز. دا بەرەی ڕۆژھەڵاتی بەلێکھەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت[١٥] داڕماو ئەورووپا چوویە ناو ئەو چەمکە ناسراوە بە تاک جەمسەری زاڵبوو بەسەر جیھاندا لەڕووی سیاسی‌و ئابووری‌و ڕۆشنبیرییەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێبەری ئەو ئاراستەیە دەکات.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا کتێبی پوختەیەک لە مێژووی ئەورووپا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ (سەردەمی کۆن، سەردەمی ناوەڕاست، سەردەمی نوێ، سەردەمی ھاوچەرخ) نوسینی پڕۆفیسۆر دکتۆر جڤری بڕۆن وەرگێرانی نھاد جلال حبیب اللە
  2. ^ کتێبی مێژووی ئەورووپا لە سەردەمی کۆن و سەردەمی ناوەڕاست نوسینی عسام یووسف [١] (بەزمانی عەرەبی)
  3. ^ لە بارەی یۆنانەوە ئەمانە بزانە لە ماڵپەڕی کوردیو
  4. ^ کتێبی ئەسکەندەری مەکدۆنی نوسینی ھارۆڵد لمپ وەرگێرانی علی ئەکبەر مەجیدی چاپی سێیەم خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما٢٠١٣
  5. ^ کتێبی مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی رۆما نوسینی پاتریک لورو ٢٠١٣بە زمانی عەرەبی
  6. ^ ھۆکاری ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی رۆما
  7. ^ کتێبی ماھیة الحروب الصلیبیة - دانانی: قاسم عبدە قاسم
  8. ^ شەڕی سەلیبییەت یاخود خاچپەریستەکان ھۆکارو دەئەنجامەکان (بەزمانی عەرەبی)
  9. ^ شۆرشی فەڕەنسی ١٧٨٩ لە ماڵپەری مێژووی کورد ئامادەکردنی سھام عمر
  10. ^ باسێکی مێژوویی لە یادی سەد ساڵەی جەنگی یەکەمی جیھاندا ١٩١٤–١٩١٨ ناونیشانی وتارێک لە ماڵپەڕی کوردستانی نوێ ئامادەکردنی دیار علی
  11. ^ مارک سایکس و پارچەکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی
  12. ^ ھەشتا ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیھانی تێپەڕی بابەتێک لە ماڵپەری ڕوداو ٢٠٠٩
  13. ^ چیرۆکی دروستکردن و ڕووخاندنی دیواری بەرلین بابەتێک لە ماڵپەڕی پەیسەر پرێس
  14. ^ جەنگی سارد ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. نێوان ئەمریکا و بەریتانیا
  15. ^ ھۆکارەکانی ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێت ڕێکەوتننامەی بیڵۆژیسکی یان ناکۆکییە ناوخۆیییەکان؟