میر سەید کوڕی شا عەلی بەگ
| میر سەیدیی شا عەلی بەگٔ میر سیدی شاھ علی بگٔ | |||||
|---|---|---|---|---|---|
| میر | |||||
| فەرمانڕەوایی | سەرەتاکانی سەدەی ١٦یەم | ||||
| پێشوو | شا عەلی بەگی سۆران | ||||
| جێگر | میر سەیفەددینی سۆران | ||||
| منداڵ(ەکان) | میر سەیفەددینی سۆران میر عیزەددین شێری سۆران | ||||
| |||||
| خێزان | میرانی سۆران | ||||
| باوک | شا عەلی بەگی سۆران | ||||
| ئایین | ئیسلام | ||||
میر سەیدیی کوڕی شا عەلی بەگی سۆران یەکێک بوو لە میرەکانی میرنشینی سۆران. کە لە سەرەتاکانی سەدەی ١٦یەم لە شەقڵاوەوە حکومڕانیی دەکرد. بە نزیکەیی حکومڕانییەکەی لە دەیەی ١٥١٠ تاوەکوو کۆتایییەکانی دەیەی ١٥٢٠ بووە.[١][٢] میر سەید کوڕی بچووکی شا عەلی بەگ بوو، بەڵام پلە و پایەیەکی گەورەیشی ھەبوو.[٣] وەک میرێکی بە توانا و بەخشندە بۆ گەلی خۆی وەسفکراوە. میر سەید کوڕی شا عەلی بەگ تۆڵەی کوشتنی میر عیسای برای و ئەو ھەموو شەڕ و بەگژداچوونەی لە پیربۆداغ بەگی بابان کردەوە و کوشتی، و ناوچەی براکەیشی لەگەڵ ناوچەی خۆی تێکەڵ کردەوە. ئەم میرە پاش مردنی سێ کوڕی بە ناوەکانی میر سەیفەددین و میر عزەددین شێر و میر سلێمان لە دوای خۆی بەجێھێشت.[٢] وە ھەروەھا میر سەیدی کوڕی شا عەلی بەگ توانی زۆر سەرکەوتووانە لە ماوەی شەڕەکانی عوسمانی و سەفەوی و لە ماوەی شەڕی چاڵدێراندا لە ساڵی ١٥١٤ ھەولێر و کەرکووک لە ژێر دەستی پاشماوەی سەفەوییەکان و قزڵباشەکان ئازاد بکات.[٤][١][٥]
پێشینە
[دەستکاری]شا عەلی بەگی میری سۆران کاتێ کۆچی دواییی کرد، چوار کوڕی لە دوای خۆی بەجێھێشت بە ناوەکانی میر عیسا، میربۆداغ، میر حوسێن، میر سەیدی. شا عەلی بەگ ھەر لە ماوەی حکوومڕانییەکەیدا ناوچەکانی دەسەڵاتی وڵاتی بە سەر کوڕەکانیدا دابەش کرد، بۆ ئەوەی دوای خۆی کێشەی لێنەکەوێتەوە و بەیەکەوە وڵات بەڕێوەبەرن.[٦] لەوانەش ھەریری پایتەخت بوو، کە دای بە میر عیسا، کە میر عیسا لە ماوەی حکومڕانییەکەیدا لەگەڵ پیربۆداغ بەگی بابان کەوتە شەڕەوە و کوژرا. لە پاڵ بەشی براکانی، میر سەیدی بەشی شەقڵاوە و دەوروبەری وەبەر کەوت.[٤][٣][٦]
ھەڵمەتەکەی بۆ سەر ھەولێر و کەرکووک
[دەستکاری]لە شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ سەفەوییەکان شکان و لاوازبوون، ھاوکاتی شەڕەکە میر سەید کوڕی شا عەلی بەگ ئەمەی بە دەرفەت زانی بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی میرنشنی سۆران و ئەو ناوچانەش ڕزگار بکات کە لە ژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکان مابوونەوە و لە ئەنجامیشدا ھێرشی ھێنایە سەر شاری ھەولێر و کەرکووک و لە ھێز و پاشماوەکانی سەفەوییەکان پاکی کردنەوە و ئازادی کردن.[٧][٥][٢]
ھێرش بۆ سەر ھەولێر
[دەستکاری]میرنشینی سۆران بە سەرکردایەتیی میر سەید شا عەلی بەگ ھێرشیان ھێنایە سەر ھەولێر و دەوری شاری ھەولێر و قەڵای ھەولێریان دا. میر سەید گەمارۆی شارەکەی دا و قزڵباشەکان و ھێزەکانی سەفەوی چیڕ بەرگرییان دەکرد و قەڵاکەیان بە دەستەوە نەدەدا، گەمارۆدانی قەڵاکە شەش مانگی خایاند و لە کۆتاییدا کەوتە دەستی ھێزەکانی سۆران.[٤][٢]
دوای گرتنی ھەولێر و قەڵاکەی میر سەیدی کوڕی شا عەلی بەگ دەستی کردووە بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و لە خوار قەڵاشدا مزگەوتێکی گەورەی دروست کردووە و خەڵکی زۆری لە شارەکە نیشتەجێ کردووە و فەرمانی دا کە لە شارەکەدا دەست بکەن بە دروستکردنی خانوو. بەم کارانەش شارۆکەیەکی لێ بەرھەم ھات.[٤]
کوشتنی پیربۆداغ بەگی بابان
[دەستکاری]پیربۆداغ بەگی بابان لە ماوەی حکوومڕانییەکەیدا دەستی کرد بە فراوانخوازییەکی زۆر و میرنشینی بابان لە هەر چوار لایدا پەلی هاويشت. وە سەرکەوتنی زۆریشی وەدەستھێنا. مەڵبەندی لاجانی لە عەشیرەتی زەرزا سەند و سیوەلی لە سۆران جیا کردەوە و سوندسیشی لە قزڵباش و سەفەوی پاککردەوە و قەڵای مارانی سازدایەوە و ھۆزەکانی موکڕی و بانەی ھێنایە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و شارباژێڕی لە دەستی ئەردەڵان دەرھێنا و خستییە سەر وڵاتی خۆی. وە بە نیازی داگیرکردنی وڵاتی سۆران، لەشکری وێکنا و بردییە سەر میر سەیدی کوڕی شا عەلی بەگ و لە شوێنی خۆی وەدەرینا. وە زۆر پێشتر لەمەش بەگژ میر عیسای برای میر سەیدیش داچووبوو و ئەویشی کوشتبوو.[٢] میر سەید ڕووی کردە دەرەوەی ناوچەی خۆی و خۆی ئامادەدەکرد بۆ تۆڵەکردنەوە لە پیربۆداغی بابان. بەڵام پیربۆداغ بە شوێن ئەم سەرکەوتنانە کەمتر خۆی دەپاراست، و ڕۆژێک لەگەڵ دار و دەستە و پیاوەکانیدا بە نیازی چوونە دەر و ڕاو چووبوونە دەر. وە ھەر لەوێشدا لە ناکاو میر سەیدی کوڕی شا عەلی بەگ وەدەرکەوت و پیربۆداغ و ھاوەڵانی کوشت و لەناوی بردن.[٨][٩][٢]
پیر بۆداغیش چوونکی نێرینەی لێنەکەوتبووەوە، برازاکەی بە ناوی بۆداغی کوڕی ڕۆستەم جێی گرتەوە. بەڵام حکومڕانییەکەی لاواز بوو و نەیتوانی شوێنی مامی بە تەواوی بگرێتەوە و حکومڕانییەکەی لێک ھەڵوەشایەوە و ژێردەست و دار و دەستەی لە دەست و فەرمان چوونە دەر و وەچەی بابان لە ئارادا نەمان و ژێردەستە جێیان گرتنەوە.[٨][٩]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 «كۆمەڵایەتییەکان ٩». Google Docs. لاپەڕە ٤٤. لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 6 «میرانی سۆران». archive.kcac.org. لاپەڕە ٧. لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 شەڕەفنامە (PDF). لاپەڕە ٣٣٩.
- 1 2 3 4 شەڕەفنامە (PDF) (بە کوردی). لاپەڕە ٣٤٠.
- 1 2 «کۆمەڵایەتییەکان ٦». acrobat.adobe.com. لاپەڕە ٨٠. لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 شەڕەفنامە (PDF). لاپەڕە ٣٣٨.
- ↑ «كۆمەڵایەتییەکان ٩». Google Docs. لاپەڕە ٢٩-٣٠. لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 شەڕەفنامە (PDF). لاپەڕە ٣٥٨.
- 1 2 کورد و کوردستان. محەممەد ئەمین زەکی بەگ. مەھاباد، ١٩٣١. میرنشینی بابان