ئیبراھیم نادری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە میرزا ئیبراھیم خان نادریەوە ڕەوانە کراوە)
ئیبراھیم نادری
لەدایکبوون١٩١١
مەرگ١٩٥٦
ھۆکاری مەرگداکەوتنی فڕۆکە
نیشتەجێیکرماشان
نەتەوەکورد
پیشەسیاسەتوان
ڕێکخراوڕاوێژکاری قازی موحەممەد
بەرپرسی گشتی چاندی کۆماری کوردستان

ئیبراھیم نادری یان میرزا ئیبراھیم خان نادری (١٩١١ لە خانەقین - ١٩٥٦ لە قامیشلۆ) چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی ناوچەی کرماشان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو. ئیبراھیم نادری لە کۆماری کوردستان لە مەھاباد وەکوو ڕاوێژکاری قازی موحەممەد و بەرپرسی گشتی چاندی کۆماری کوردستان بوو.

ژیان[دەستکاری]

ئیبراھیم نادری لە ساڵی ١٩١١ لە دایک بوو. ناوی باوکی فەیزوڵڵا نادری ببوو. بنەماڵەی لە کوردە فەیلییەکان بوو و ھەموویان دانیشتووی شاری کرماشان بوون.[١] تا سەردەمی گەنجی لە شارەکانی کرماشان و بەغدا دەژی و لەم شارانە وانەی خوێندەوە. بە دوای کۆتایی ھاتنی خوێندنی لە بەغدا چوو بۆ ئەورووپا و لە ڕشتەی یاسا لە زانکۆ دەرچوو. ئیبراھیم نادری ئەندامی لژیۆنی زانکۆی فەڕەنسی بوو و بەدوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لە زانکۆی عەسکەریی تاران وانەی مێژووی دەدا.[٢]

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان[دەستکاری]

کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (کۆمەڵەی ژ.ک) کە لە سەردەمی جەنگی جیھانیی دووەم وەکوو مەکۆیی سەرەتاییی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دامەزرابوو، بەدوای دەستپێکبوونەوەی شەڕەکە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەکوو کرماشان، ئێلی کەڵھوڕ و پێشتکوو (ئیلام) نووسینگەکانی خۆی بەڕێخستبوو. بەرپرسی نووسینگەکانی سنە، کرماشان، پێشتکوو، ئێلی کەڵھوڕ و ھەروەھا لوڕستان میرزا عەبدوڵڵا مودەببێر بوو. لە نووسینگەی کرماشان جگە لە ئیبراھیم نادری، سەید محەممەد تاھیر ھاشمی و ڕەشید باجەلان چالاک بوون.[٢]

کۆماری کوردستان[دەستکاری]

لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ئیبراھیم نادری وێڕای میرزا عەبدوڵڵا مودەببێر چوو بۆ مەھاباد، و لەو کۆمارە بە ھۆی شارەزایی لە کاروباری عەسکەری و سیاسی و ھەروەھا زانینی زمانەکانی فەڕەنسی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی و زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی لە لایەن قازی موحەممەدەوە وەکوو سەرۆکی گشتیی چاندی کۆماری مەھاباد ھەڵبژیردرا و وەکوو ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار بوو بە سەرھەنگی ئەرتەشی کۆماری کوردستان.[٢]

چالاکیی ڕۆژنامەوانی[دەستکاری]

ئیبراھیم نادری لە چاپەمەنییەکانی وەکوو کوردستان (ئۆرگانی کۆماری کوردستان)، گەلاوێژ (بە زمانی کوردی) و کووھستان (بە زمانی فارسی) وتار دەنووسی. لە گۆڤاری کووھستان سەبارەت بە سەلاحەدینی ئەییووبی زنجێرەوتارێک نووسیو. ئەو ھەروەھا خوازیاری بڵاوکردنی گۆڤارێک بە ناوی ژیان بوو کە چاپ نەکرا، بەڵام بەدوای ماوەیەک بوو بە بەرپرسی گۆڤاری دەنگی کورد کە عوبەیدوڵڵا ئەیووبیان سەرنووسەری بوو و لە دواھەمین ژمارەکەی ھەواڵی داکەوتنی کۆماری کوردستانی بڵاوکرایەوە.[٢]

داکەوتنی کۆماری کوردستان و زیندان[دەستکاری]

ئیبراھیم نادری بە دوای داکەوتنی کۆماری کوردستان وێڕای موحەممەد ئەیووبیان (وەزیری تەندرۆستی)، جێگری سەرۆک کۆمار قازی موحەممەد و چەند کەسێکی دیکە دەستبەسەر کرا و لە دادگا خۆی وەکوو پارێزەر لە خۆی بەرگری کرد و بە دوو ساڵ زیندان سزا درا. بە دوای کۆتایی ھاتنی ماوەی زیندانەکە چۆن لە ژێری چاودێری و فەرمانبەرانی پاراستنی ڕەژیمی شاێ ئێران بوو، لە ساڵی ١٩٤٩ بەشێوەی نەھێنی لە ئێران دەرچوو و چوو بۆ سووریا.[٢]

ژیان لە سووریا[دەستکاری]

لە سووریا حوسنی زەعیم لە ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆماری سووریا و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو وڵاتە پێشوازی لە ئیبراھیم نادری کرد. لە ئەرتەشی سووریا و ھێزی ئاسمانی پێشەیەکی بۆ بە دەست کەوت و توانی خۆی تا بە ئاستی سەرلەشکەری بگەینێت. ئەم قۆناخە لە ژیانی ئیبراھیم نادری زۆر تار و نادیارە. ئیبراھیم نادری لە ساڵی ١٩٥٦ لە کارەساتێکی ئاسمانی بەھۆی داکەوتنی فڕۆکەکەی کۆچی دوایی کرد، بەڵام ھەندێک کەس مردنی بە پیڵانگێڕی دەزانێت و ئەم قسە زۆر بیستراوە کە نادری لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی دیکەی کوردی ئەرتەشی سووریا بڕیاری کوودەتایان کردبووە و لە لایەن دەمودەزگای پاراستنی سووریا کوژرانەتەوە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]