موحەممەد سیاد بەڕێ
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥) |
![]() | ئەم وتارە ھیچ بەستەرێکی بۆ وتارەکانی تری ویکیپیدیا نییە. (حوزەیران ٢٠١٧) |
![]() | ئەم وتارە ھیچ بەستەرێکی بۆ وتارەکانی تری ویکیپیدیا نییە. (نیسان ٢٠١٧) |

ژەنەڕاڵ موحەممەد سیاد باڕێ (لە دایکبووی ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩١٩ لە ئیتیۆپیا - ٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٥ لە لاگۆس، نێجیریا)[١][٢][٣] لە دوای بەدەستھێنانی سەربەخۆیی، سێیەم سەرۆکی سۆماڵیا بووە. پێش ئەوەی سووپای سۆماڵیا دابمەزرێت، بووەتە سەرباز لە ھێزە بەرگرییەکانی سۆماڵ و لە نێو دەستە سەربازییەکەی لە یەکەمدابووە کە مەشق، و ڕاھێنانیان لە ئیتاڵیا پێکراوە و پلەی بەرز کراوەتەوە و پلەی ژەنەڕاڵ و سەرکردەی سووپای سۆماڵی پێدراوە.
لە ساڵی ١٩٦٩ عەبدولڕەشید عەلی شەڕمارکی سەرۆکی سۆماڵ لەسەر دەستی یەکێک لە پاسەوانەکانی خۆی بەھۆی کێشەی خێزانییەوە تیرۆردەکرێت و پەڕلەمانی سۆماڵیش بەھۆی ناکۆکیی خێڵەکی و حیزبییە سەرکەوتوو نەبوو لە ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ سۆماڵیا، ھەربۆیە سووپای سۆماڵی بڕیاریدا دەست لەکارووباری وڵات وەربدات و بە سەرۆکایەتیی موحەممەد سیاد باڕێی سەرکردەی سووپا کودەتایەکی سپییان ئەنجام داوە و بەسەرۆکایەتیی بەڕێ ئەنجوومەنێک بۆ سەرکردایەتیی شۆڕشەکە پێکھێنراوە و پەڕلەمان و ھەموو حیزبەکانی ھەڵوەشاندەوە.
ژەنەڕاڵ موحەممەد سیاد بەڕێ و حکوومەتە سەربازییەکەی سەرکەووتوبوون لە بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەماوەیەکی زۆر کەمدا و حکوومەتەکەشی ھەتاوەكوو ساڵی ١٩٩١ بەردەوام بوو و پەیڕەویی ڕژێمی مارکسییەتی کردووە. سەردەمەکەی موحەممەد سیاد بەڕێ بە دەسەڵاتی تاک ڕەوانە ناسراوە و زۆر بەتوندووتیژی بەرپەرچی جمووجۆڵەکانی ڕۆژھەڵات و باکووری ڕۆژئاوای سۆماڵی داوەتەوە و جەنگێکی قوڕسیشی لەگەڵ ئیتیۆپیای دراوسێی سۆماڵ بەرپاکردووە بۆ گێرانەوەی ھەرێمی ئۆجادین بۆ سەر سۆماڵیا کە لەلایەن ئیتیۆپیاوە داگیرکرابوو. ھەروەھا زۆر بەتوندی بەرپەرچی جموجۆڵی گرووپە ئیسلامییەکانی داوەتەوە و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بەرھەڵستکارانی دەرکردووە و زۆربەی پلەکانی وڵاتی سۆماڵی بەدەستەوە بووە.
لەسەردەمی فەرمانڕەوایی موحەممەد سیاد بەڕێ، پڕۆژەی زۆر لەسۆماڵ ئەنجامدراوە و لە ساڵی ١٩٧٠ سۆماڵی کردووەتە ئەندام لە ڕێکخراوەی کۆنگرەی ئیسلامی، وە لە ساڵی ١٩٧٤دا سۆماڵ چووەتە ناو کۆمکاری عەرەبییەوە، جگەلەوەش موحەممەد سیاد بەڕێ تەلەڤیزیۆنی سۆماڵی دامەزراندووە و پاڵپشتی لە مافەکانی ئافرەتان کردووە و پەرەی داوە بە دەیان فڕۆکەخانە و لەسەرەتای ساڵانی ھەشتاکاندا سۆماڵ توانیوییەتی پشت بەخۆی ببەستێت لەھەموو بوارەکاندا و کاڵاکانی وەک گۆشت، میوە و سەوزەکان، شەكر و ماسی ھەناردەی وڵاتانی کەنداو و چەند وڵاتێکی ئەوڕووپی و ئەفریقی كردووە.
مەرگ
[دەستکاری]لەساڵی ١٩٩١ ڕژێمی ژەنەڕاڵ موحەممەد سیاد بەڕێ بەھۆی چەند ھێرشێکی چەکداری کە لەلایەن چەند گرووپێکەوە کە ئیتیۆپیا پاڵپشتی لێ دەكردن ھەرەسی ھێناوە و ھەر بەو ھۆیەشەوە ژەنەڕاڵ موحەممەد سیاد بەڕێ بەرەو نێجیریا ھەڵاتووە و لەساڵی ١٩٩٥ ھەر لەوێ لە لاگۆس کۆچی دوایی کردووە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «Somalia - Government». countrystudies.us. لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ^ «Wayback Machine» (PDF). www.wardheernews.com. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٣ی ئایاری ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ^ «Wayback Machine». tel.archives-ouvertes.fr. لە ڕەسەنەکە لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.