ملوانکەی شین
ملوانکەی شین ناوی کتێبێکە کە کۆمەڵەشیعرێکی شەریف حوسێن پەناھیی لە خۆی گرتووە. پێشەکیی ملوانکەی شین نووسینی ھێمنە. ئەم کتێبە تەنیا بەرھەمی شیعریی شەریفە کە تا ئێستا چاپ بووە. کتێبەکە لە ساڵی ١٣٥٨ ک.ھ (١٩٧٩ ز) چاپ کرا و ھەر لەو ساڵە پێنج کەڕەت بە فەرمی لە چاپ دراوە:
- چاپی یەکەم: ٣٠٠٠ دانە، خەرمانانی ١٩٧٩ ز
- چاپی دووھەم: ٥٠٠٠ دانە، گەڵارێزانی ١٩٧٩ ز
- چاپی سێھەم: ٥٠٠٠ دانە، بەفرانباری ١٩٧٩ ز
- چاپی چوارەم: ٥٠٠٠ دانە، بەفرانباری ١٩٧٩ ز (لە مەھاباد)
- چاپی پێنجەم: ٥٠٠٠ دانە، رێبەندانی ١٩٧٩ ز
- چاپی شەشەم: ٥٠٠ دانە، بەفرانبار ٢٠٢٤ ز سلێمانی)
زۆربەی شیعرەکانی ئەم دیوانە شیعرە، لە لایەن گۆرانیبێژەکانەوە کراون بە گۆرانی.
وەرگێڕان
[دەستکاری]کتێبی ملوانکەی شین بە زمانی فارسی لەلایەن عەبدولڕەحمان فەھیمی وەرگێڕاوەتەوە و لە بڵاوکردنەوەکانی گوفتمان و ئابڕەنگی تاران چاپ کراوەتەوە.
پێشەکییەکەی مامۆستا ھێمن
[دەستکاری]لە یەکەم لاپەڕەکانی ملوانکەی شین دا وتەکانی مامۆستا ھێمن سەبارەت بە شەریف و کتێبەکەی وەکوو پێشەکی چاپ کراوە. ئەمە دەقی ئەو پێشەکییەیە:
یەکەم جار لە بەزمێکی شاعیرانی مەھاباددا ناسیم و شێعریم بیست و خۆشم ویست. دوایەش بۆ رەخنە لێگرتن زۆربەی شێعرەکانی بۆ خوێندمەوە. بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم خۆشم لێ ھاتن و بۆنی شێعرم لێ کردن. خەیاڵی ناسک و ھەستی ھونەرمەندانە و مەزموونی شاعیران ەم تێدا بەدی کرد. ھەر کەسە جۆرە بۆچوونێکی لە شێعردا ھەیە. من زیاتر لە خەیاڵی ناسک و مەزموونی ورد و نوێ دەگەڕێم، تا رواڵەتی جوان و رازاوە و کێش و قافیەی سەیر و سەمەرە، یا باشتر بڵێم شێعرم لە نەزم خۆشتر دەوێ. شێعرێکم پێ باشترە کە لە دڵەوە ھەڵقوڵێ و بە دڵەوە بنووسێ.
بەشی زۆری شێعرەکانی شەریف وان. سۆز و عاتیفە و کوڵ و کۆی دەروونی خۆنی. ھەستی خوێنەر یا گوێگر دەبزوێنن و حاڵەتی شاعیر لە کاتی نووسینی شێعرەکەیدا لە پیاوی ورد دەگەیەنن. بە بڕوای من ئەگەر ئەم شاعیرە زیاتر خۆماندوو بکا و پتر ھەوڵ بدا، شاعیرێکی نەک باش، بەڵکوو گەورەشی لێ پەیدا دەبێ. ھونەر سنووری بۆ نییە، ھیچ ھونەرمەندێک نەگەیشتووەتە دوندی ھونەر و ناشگاتێ، بەڵام ھی وا ھەیە زۆر بەرەو ژوور دەچن.
وەک تێگەیشتووم شەریف دەزانێ تازە وردە ھەنگاو بەرەو مەنزڵ ھەڵدێنێتەوە بۆیە بە ھیوام زۆر بەرەو ژوور بچێ. وا ھەست د ەکەم شەریف وەک من لەو بڕوایە دایە کە شێعر کۆن و نوێی نییە و باش و خراپی ھەیە. نەزم نە بە وشەی جوان و وەزنی سەنگین و قافیەی گران دبێتەوە شێعر، و شێعریش نە بە وشەی ساکار و کێشی سووک و لە کار نەھێنانی قافیە نزم دەبێتەوە بۆ نەزم. شێعر و نەزم دوو جۆرە ھونەرن کە دەبێ خوێنەری ورد، حوکمیان لە سەر بدا. بەڵام چەن خۆشە شێعر ئەوەندە باش بێ کە ھەم فۆڕمی لێک و لووس و رێک و پێک بێ و ھەم ناوەرۆکی ھەست بزوێن و دڵڕفێن.
خۆزیا شەریف ئەو ئامۆژگارییانەی ھەمیشە لە پێش چاو بێ: ھەرگیز لە شێعری خۆی رازی نەبێ و پێی وابێ کە دەتوانێ لەوەش باشتر شێعر بڵێ. تا شێعر دنەی نەدا، لە خەوی رائەپەڕێنێ و ھەستی نەبزوێنێ دەست نەداتە قەڵەم. ئەوەشی لە بیر بێ کە زمانەکەمان پێویستی بە خزمەت ھەیە و ھەوڵ بدا وشەی رەسەنی کوردی بەکار بێنێ و لە وشەی دەسکرد و داتاشراو بپارێزێ. تەنانەت لەکارھێنانی وشەی بێگانەی لە وشەی ناڕەسەنی کوردی پێ باشتر بێ. ھیوادارم دیوانی دووەمی ئەم شاعیرە زیاترم رازی بکا.
ھۆنراوەکانی ملوانکەی شین
[دەستکاری]- دیل
- نامەیەک بۆ فەلەستین
- یادێ
- قوتابخانە
- نامەیێ بۆ کۆڕی شاعیران
- ئامانجی قەڵەم
- بۆ گۆران
- کۆچ
- ڕووبار
- تەنیا
- ژار
- دێ
- بگری
- فەلسەفەی گەردوون
- ھەڵاڵە
- ھەنسک و فرمێسک
- لانەی بایەقووش
- وێنە
- پەپوولەی خەیاڵ
- بادە
- خێراب
- زرێبار
- خوداتان لە گەڵ
- ملوانکەی شین
- شوان
- نیگارێ
- چوارێنە
- تابووتی سوور
- خاک و خۆر
- شینی مامۆستا ھەژار
- پەری شێعر
- سازی ئاوارە
- کۆچ
نموونە شیعر
[دەستکاری]دیل
[دەستکاری]دیل یەکێکە لە شیعرەکانی ملوانکەی شینە کە حسەین شەریفی بەشێکی لە ئەلبۆمی رۆژدا خوێندوویەتی.
| وەکوو ئاوی بنی گۆمێ کە جێمابێ لە رووبارێ | وەکوو بەردی سەری شاخێ کە دانرابێ لە دیوارێ | |
| وەکوو کاتێ گەڵای زەردێ دەسی بەربێ لە سەر دارێ | دڵم تەنگە لە تەنیایی نە ھاوڕازێ نە خەمخوارێ | |
| من ئەو بەردەی گرفتارم، کە دیلی چینی دیوارم | من ئەو ئاوەی بنی گۆمم کە جێماوم لە رووبارم | |
| گەڵای زەردم، مەلێ پیرم، منم دڵداری زنجیرم | لە بیرم دێ کە سی ساڵە لە بەندیخانە یەخسیرم | |
| لە تاریکی ژیانم دا لە سووچی سەردی زیندانا | بە مۆرەی بەردی ناکامی بە جارێ عومری خۆم دانا | |
| بەڵێ ئەو ساتە لاوێ بووم وەلێ ئێستا وەھا پیرم | ھەیە جارێ بەسەرھاتی خەمینی خۆم نییە بیرم | |
| قەرەوڵ دێت و رادەبرێ، شەوانی عومرم ئەژمێرێ | شەوێکیش وا منی دیل، بە دەستی مردن ئەسپێرێ |
کۆچ
[دەستکاری]کۆچ یەکێکە لە شیعرەکانی ملوانکەی شینە کە عەدنان کەریم لە ئەلبۆمی بیرتان دەکەمدا خوێندوویەتی.
| کۆچی کوردان وا بە کاروان دێ لە رێی شارانەوە | ڕۆژ بە باری قورس و برسی، شەو لە بەر بارانەوە | |
| نیشتمانی خۆمە دەیپێوم، پێم دەڵێن ئاوارەیە | گەرچی بێ ڕەشماڵ و پێخواس، سەر بە کۆسارانەوە | |
| ڕێگە دوور و خێڵ ماندوو و لێوبەبار و پێ پەتی | چاو بە ئەسرین دێنە پیری کۆچەکەی یارانەوە | |
| نایە سۆزی دەنگی گۆرانی، ھەوارە و کۆچی سوور | کاروان گوێی داوە بە ناڵەی بریندارانەوە | |
| بۆ مناڵێ تەرمی دایکی خۆی بە جێ دێڵێ و ئەچێ | ئاسمان دەگری، مەلان دەگرین بە سەر دارانەوە | |
| دەنگی تۆپ و تیری دوژمن دێ لە شوێنی کۆچەوە | جێ ھەواران وا بە دەستی سووری زۆردارانەوە |
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ملوانکەی شین، شەریف حسەین پەناھی، چاپی شەشەم، ١٩٧٩ ز.