بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ململانێی ماد و پارس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ململانێی ماد و فارسەوە ڕەوانە کراوە)
ململانێی ماد و پارس
ڕاپەڕینی پارس

قەڵای پاسارگاد
ڕێکەوت٥٥٣–٥٥٠ پ.ز (؟)
شوێن
ئەنجام Achaemenid_Falcon پارس سەرکەوتنی بەدەستھێنا
گۆڕانکارییە
ناوچەیییەکان
شەڕکەرەکان
شانشینی ماد Standard_of_Cyrus_the_Great ھەخامەنش
فەرماندە و سەرکردەکان
ئاستیاگ
ھارپاک (سەرەتا)
Standard_of_Cyrus_the_Great کورووشی مەزن
Standard_of_Cyrus_the_Great ئۆبارێس
Standard_of_Cyrus_the_Great ھارپاک (دواتر)
 

ململانێی ماد و پارس یان ڕاپەڕینی پارس ھەڵمەتێک بوو بە سەرکردایەتیی پادشای ماد ئاستیاگ دژی پارس لە ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی پێش زایین. سەرچاوە کلاسیکییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پارس ژێردەستەیەکی شانشینی ماد بووە کە دواتر دژی دەسەڵاتی مادەکان ڕاپەڕین، بەڵام ئەمە بە بەڵگەی ھاوچەرخ پشتڕاست نەکراوەتەوە. دوای ھەندێک شەڕ پارسەکان بە سەرۆکایەتیی کورووشی مەزن سەرکەوتوو بوون، دواتر خاکەکانی مادیان داگیرکرد و ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشییان دامەزراند.[١]

سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم ململانێیە بریتین لە پەڕتووکی مێژووی مێژوونووسی یۆنانی ھیرۆدۆت و دوو نووسراوی مێخیی پادشای بابلی نەبونید.[٢] دەقەکانی بابلی باس لەوە دەکەن کە شەڕی یەکلاکەرەوە و گرتنی ئەکبەتانای پایتەختی میدیا لووتکەی دووژمنایەتییەکانی ماد و پارس بووە کە لانیکەم سێ ساڵ (٥٥٣-٥٥٠ پێش زایین) بەردەوام بووە.[٣]

بەروارەکەی

[دەستکاری]
مێژووچکەی نەبونید، بەڵگەنامەیەکی کۆنی بابلییە کە ئێستا لە مۆزەخانەی بەریتانیا پارێزراوە

بەرواری ئەم ململانێیە تا ڕاددەیەک کێشەدارە. وەک لە سلندەری سیپاردا دەبینرێت، ململانێکان لە ساڵی سێیەمی حوکمڕانیی نەبونید دەستیپێکردووە، کە لە ساڵی ٥٥٣ پێش زاییندایە، و پێدەچێت مێژووچکەی نەبونید شکستی ماد لە ساڵی شەشەمی نەبونیددا (واتە ٥٥٠ پێش زایین) دیاری بکات.[٢] بەڵام ھەندێک لە زانایانی مۆدێرن ئەمە بە جێی متمانە نازانن. بە بڕوای ئەم زانایانە ھیچ ھۆکارێک نییە بۆ ئەوەی وا دابنێین کە مێژووی نەبونید شکستی مادی لە ساڵی شەشەمی دەسەڵاتی نەبونیددا دیاری کردووە. بەشی پێشووتری دەقەکە لەسەر مێژووچکەکەدا شێواوە و تێکچووە، ھەر بۆیەش، ساڵی ڕوودانی نادیارە. ڕاستە ڕاستەوخۆ دوای باسکردنی شکستی مادەکان، دەقەکە بە باسکردنی ڕووداوەکانی ساڵی حەوتەمی نەبونیددا بەردەوامە، بەڵام ھەموو ساڵێک لە مێژووچکەکەدا باس نەکراوە. ڕۆبێرت درێوس پێشنیاری کردووە کە بە پشتبەستن بە تەنیا بە مێژووچکەی نەبونید، شکستی مادەکان تەنیا دەتوانرێت ساڵەکەی بۆ ماوەی نێوان ساڵانی یەکەم و شەشەمی دەسەڵاتی نەبونید بگەڕێندرێتەوە، واتە لە نێوان ساڵانی ٥٥٤ بۆ ٥٥٠ پێش زایین چوونکە ئەو ژمارانەی ئاماژە بە شەش ساڵی یەکەمی دەسەڵاتی نەبونید دەکەن لە مێژووچکەکەدا پچڕاون و تێکچوون. جگە لەوەش، بە پشتبەستن بە سلندەری سیپار، درێوس مەیلی ئەوەی ھەبوو کە مێژووی سەرکەوتنی پارسەکان لە ڕاپەڕینەکەدا بۆ ساڵانی ٥٥٤-٥٥٣ پێش زایین بزانێت. بە پێی ئەم سەرچاوە تایبەتە، بەڕاستی سوپای ماد لە ساڵی ٥٥٣ پێش زایین لە لایەن پارسەکانەوە شکستی ھێنا. بەڵام پێدەچێت ئەم شکستە تەنھا یەک شکست بووبێت لە زنجیرەیەکی درێژخایەنی دووژمنایەتیدا و یەکلاکەرەوەترین شکست نەبووبێت. بۆیە ھێشتا ناتوانرێت وادەی سەرکەوتنی پارسەکان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دیاری بکرێت.[٤][٥]

پێشینە

[دەستکاری]

دۆخی ژێردەستەییی پارس

[دەستکاری]
پارس (بە زەرد) لەسەر نەخشەکە

پارسەکان کە پێدەچێت لە ژێر دەستی پادشا ھەخامەنشدا بووبن، دەوڵەتێکی بچووکیان لە نزیک سنوورەکانی ئیلامییەکان دامەزراند. جێنشینی ئەو، تێیسپێس، شانشینەکەی فراوانتر کرد بە داگیرکردنی ئەنشان و فارس.[٦] پێدەچێت تێیسپێس خاکی شانشینی پارسی دابەشکردبێت لە نێوان کوڕە گەورەکەی، کورووشی یەکەم، کە خاک و شاری ئەنشانی پێدرابوو، وە کوڕە بچووکەکەی، ئاریارامنێس، کە پارسی وەرگرتبوو.[٤] لە نیوەی دووەمی سەدەی حەوتەمدا ھەردوو شانشینی پارس لەلایەن مادەکانەوە ژێردەستە کران و بوونە ژێر دەستەی پادشای ماد.[٢] دڵنیا نییە کە ئایا پارسەکان بەڕاستی دانیان بە ھەر ملکەچبوونێکدا ناوە بۆ پادشاکانی ماد. ھیرۆدۆت و نیکۆڵاسی دیمەشق پارس بە وڵاتێکی ژێردەستەی میدیا دەزانن، لە کاتێکدا پێدەچێت زینۆفۆن و موسای کۆرین بە پێچەوانەوە پارس بە تەواوەتی سەربەخۆ لە ماد بزانن. ڕاستە کە پارس بە درێژاییی سەردەمی ماد لە لایەن پادشا ڕەسەنەکانی خۆیەوە بەردەوام بووە. تۆمارە پارسییەکان ئاماژە بە سەربەخۆییی پارس دەکەن، بەڵام شانازیی نەتەوەیی دەتوانێت ببێتە ھۆی شاردنەوە و بەھەڵە دەرخستنی ڕاستییەکان لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا. لەوانەیە ھەندێک دانپێدانان بە سەروەریی ماد لەلایەن پادشاکانی پارسەوە ھەبووبێت، ھەرچەندە لەوانەیە دانپێدانانێکی لەو شێوەیە زۆر فۆرماڵیزم نەبووبێت و ڕەنگە بە پابەندبوونێکی قوڕسەوە نەبووبێت.[٧] بیرۆکەی ئەوەی کە پارس دەوڵەتە ژێردەستەیەکی ماد بووە، لەسەر سەرچاوە کلاسیکییەکانی دواتر وەستاوە و لەلایەن ھەندێک لە زانایانەوە بە دووری دەزانرێت.[٨][٩]

سەرھەڵدانی کورووشی مەزن

[دەستکاری]

لە دوای کورووشی یەکەم، ئەنشان لەلایەن قەمبیزی یەکەمەوە فەرمانڕەواییی دەکرا (ح. ٦٠٠-٥٥٩ پێش زایین). ئەگەر متمانە بەو زانیارییانە بدرێت کە لەلایەن ھیرۆدۆت و زینۆفۆن و دیۆدۆرۆس و ھەندێک نووسەری کلاسیکی دیکەوە پێشکەش کراون، قەمبیزی یەکەم ھاوسەرگیریی لەگەڵ ماندانا کردووە، کچی پادشای ماد ئاستیاگ (ح. ٥٨٥-٥٥٠ پێش زایین). ھەربۆیە کوڕەکەی کورووشی دووەم نەوەى ئاستیاگ بوو. بە گوێرەی ھیرۆدۆت، ئاستیاگ خەونێکی بینیوە کە دواتر لەلایەن پیاوانی ئایینی و خەونزانەکانی ئاستیاگ و کۆشک بەو مانایە لێکدرایەوە کە نەوەکەی کە کوڕی ماندانایە، جێگەی ئاستیاگ دەگرێتەوە دێتە سەر تەختی پادشایەتی. دوای لەدایکبوونی کورووش، ئاستیاگ فەرمانی بە ژەنەڕاڵ ھارپاک کرد کە منداڵەکە بکوژێت. لەپاش ئەوە ھارپاک ئەم ئەرکەی بە شوانێک سپارد بە ناوی میتریداتس، بەڵام شوانەکە بڕیاریدا لەبڕی ئەوە کورووش وەک کوڕی خۆی پەروەردە بکات. دوای دە ساڵ، ئاستیاگ بۆی دەرکەوت کە کورووش لە ژیاندایە، ھەربۆیە ئاستیاگ دواتر سزای ھارپاکی دا بە پێشکەشکردنی گۆشتی کوڕەکەی ھارپاک وەک ژەم لە ئاھەنگێکدا. دوای ئەوەی لەلایەن ئاستیاگەوە ڕاپڕسی کرا بە جادووگەر و خەونزانەکان، جادووگەرەکان ئیدیعایان کرد کە چیتر پێویست بە ترسان ناکات لە مەترسییەکانی نەوەکەی، جەختیان لەوە کردەوە کە خەونەکە پێشتر ھاتۆتە دی، بەوەی کە کورووش بووە پادشا لەکاتێکدا یاریی لەگەڵ منداڵەکانی دیکەدا دەکرد، کە لە یارییەکەدا کورووش ڕۆڵی پادشایەتیی دەگێڕا. پاشان ئاستیاگ ئارام بووەوە و نەوەکەی نارد بۆ لای دایک و باوکی لە پارس.[٤]

لە ساڵی ٥٥٨ پێش زایین، کورووشی دووەم کە لەلایەن یۆنانییەکان بە «مەزن» (کورووشی مەزن) ناوی دەبردرا، بوو بە پادشای ھۆزەکانی پارس، لەگەڵ پاسارگادییەکان کە گرنگترین پێگەی لەنێویاندا ھەبوو. ناوەندی دەوڵەتی پارس لە دەوروبەری شاری پاسارگاددا بوو، کە لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتی کورووشدا، کورووش بەرنامەیەکی چڕ و پڕی بیناسازیی لەوێ دەستی پێکرد.[٤] لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا، دوو شانشینی پارس جارێکی تر یەکیانگرتەوە، بەڵام کورووش ھەر بەیعەتدار بوو بە پادشای مادەوە (ھەر ژێردەستەی پادشای ماد بوو).[٦]

دووژمنایەتی و پەیوەندییەکانی ماد و بابل

[دەستکاری]
زلھێزەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دەوروبەری ساڵی ٦٠٠ پێش زایین: لیدیا (بە ڕەنگی شین)، ماد (بە ڕەنگی زەرد)، بابل (بە سەوزی تۆخ) و میسر (بە سەوزی کاڵ)

لەو کاتەی کە کورووشی دووەم بوو بە پادشای پارسەکان، چوار دەوڵەتی بەھێز لە تەواوی ڕۆژھەڵاتی نزیکدا ھەبوون: ماد، لیدیا، بابل و میسر. ماد و بابل لە سەرەتادا ھاوپەیمان بوون، بەڵام پەیوەندییەکانیان دەستی بە تێکچوون کرد، بەھۆیەوە وایکرد ھەردوو پادشای بابل و ماد بە ئارەزووەوە پەنابەر لە ناوچەکانی یەکترەوە وەربگرن.[٢] نەبوخەدنەسری دووەم (ح. ٦٠٥-٥٦٢ پێش زایین) نیگەران بوو لەوەی کە ماد واز لە ھاوپەیمانی بھێنێت و ببێتە ڕکابەرێکی مەترسیدار. نامەیەک کە ئاراستەی نەبوخەدنەسر کراوە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٥٩١ پێش زایین پەیوەندیی نێوان ماد و بابل ئاڵۆز بووە. لە نامەکەدا ھاتووە کە چەند بابلییەک فەرمانی پادشایان پشتگوێ خستووە و بەرەو میدیا ھەڵھاتوون. بەڵام ئەگەر ھیرۆدۆت متمانەی پێ بدرێت، ئەوا پەیوەندییەکانی نێوان بابل و ماد ھێشتا تاڕاددەیەک باش بوون لە ساڵی ٥٨٥ پێش زایین کاتێک ماد و لیدیا پەیماننامەیەکی ئاشتییان ئەنجامدا بە نێوەندگیری سینێسیسی یەکەم، پادشای کیلیکیا و چەند لابینێتوسێکی دیاریکراو لە بابلەوە.[١٠]

دوای مردنی نەبوخەدنەسری دووەم لە ساڵی ٥٦٢ پێش زایین، بابل چووە قۆناغێکی قەیرانی سیاسییەوە کە بەشێکی بەھۆی ململانێی نێوان ھۆزەکانی کلدان و ئارامییەوە بوو، بەشێکیش بەھۆی گرژیی نێوان لایەنە قەشە و سەربازییەکانەوە بوو. لە چەند ساڵێکدا سێ پادشا یەک لە دوای یەک ھاتن تاوەکوو گەشتە نەبونید (ح. ٥٥٦-٥٣٩ پێش زایین) کە لە مانگی ئایاری ٥٥٦ پێش زایین دەسەڵاتی گرتە دەست.[١٠] نەبونید پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ مادەکاندا نەبوو. بەپێی نووسراوەکانی، لە ساڵی یەکەمی حوکمڕانیدا، نەبونید لە خەونێکدا فەرمانی لە خوداوەند مەردۆخ وەرگرتووە بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگای ئیھولھول لە حەڕان، شارێک لە باکووری میزۆپۆتامیا کە لە دوای ڕووخانی ئاشوورەوە کەوتبووە ژێر کۆنترۆڵی مادەکان. پەرستگاکە لە ساڵی ٦٠٩ پێش زایین لە کاتی شەڕەکانی ئاشووردا لەلایەن مادەکانەوە وێران کرابوو و لەو کاتەوە وێرانە بوو. مەردۆخ لە خەودا دڵنیایی دا کە چیتر مادەکان نابنە بەربەست لەبەردەم نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە.[٤][٣]

مادەکان ھەر لە سەرەتاوە خۆیان بۆ ھێرشکردنە سەر بابل ئامادە کردبوو و پەیوەندیی نێوان ھەردوو وڵات گرژییان لە نێواندا ھەبوو، ئەمەش لە بەڵگە نووسراوەکانی بابل لەم قۆناغەدا دەردەکەوێت کە تۆنی دژە میدیایی تێدایە. خراپتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە قسەکانی ئیرمیای پێغەمبەری عیبرەکانیشدا ڕەنگدەداتەوە کە چەند دەیەیەک پێش ڕاپەڕینی کورووش لە دژی ئاستیاگ نووسرابوون.[٤]

ململانێکە

[دەستکاری]
کارێکی ھونەری کە گەورەکانی ماد نیشان دەدات

گێڕانەوەی بەرفراوان لەبارەی ڕاپەڕین و شەڕەکانی دواتر لەلایەن نووسەرانی کلاسیکەوە گوازراونەتەوە. ھەندێک زانیاریی گرنگ، ھەرچەندە تا ڕاددەیەک کەمن، وە زانیارییەکان لەلایەن دەقە بابلییەکانیشەوە پێشکەش دەکرێن.[٤] سەرچاوە بابلییەکان ھەندێک خاڵ پشتڕاست دەکەنەوە و ھەندێکی دیکەش ڕوون دەکەنەوە کە لەو خاڵانەی کە نووسەرانی کلاسیک پێشکەشیان کردووە.[٣]

بەپێی مێژوونووسی یۆنانی ھیرۆدۆت، ژەنەڕاڵ ھارپاکی ماد کە لەلایەن ئاستیاگەوە بە شێوەیەکی دڕندانە سووکایەتیی پێکرابوو، بڕیاریدا تۆڵە لە پادشای ماد بکاتەوە و دەستی بە پیلانگێڕی کرد. ئەو گەورە و بەرپرسە ناڕازی و بەرھەڵستکارەکانی مادی بۆ لای خۆی کۆکردەوە، دواتر کورووشی ھان دا بۆ ڕاپەڕین. ھارپاک بە ھاوکاریی خزمەتکارێکی متمانەپێکراو نامەیەکی بۆ کورووش لە پارس نارد. لە نامەکەدا ھارپاک بەڵێنی بە کورووش دا کە ئەگەر ڕاپەڕین دژی ئاستیاگ ھەڵبژێرێت، ئەوا پشتیوانیی گەرەنتی کراوی زۆرێک لە گەورە و بەرپرسانی مادی دەبێت و ھارپاک خۆیشی لەگەڵ سەربازەکانیدا دەچێتە پاڵی. پێویستە بە ڕەخنەگرانە لە گێڕانەوەی ھیرۆدۆت بکۆڵرێتەوە، بەڵام وا دیارە کە بەڕاستی کۆمەڵێک گەورە و کاربەدەست و بەرپرس لە ماددا ھەبوون کە لە سیاسەتەکانی ئاستیاگ ناڕازی بوون و ئامادە بوون بۆ لادان بۆ لای دووژمنەکانیان و خیانەت بکەن. ئیگۆر دیاکۆنۆف و ئای جی ئالیێڤ ئەو گریمانەیەیان پێشنیار کرد کە ئەم گرووپە لە نوێنەرانی گەورە خێڵەکییەکان پێکھاتبوو کە ئاستیاگ لە ھەوڵەکانیدا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەھێز و ناوەندگەرایی لە دژی ئەوان شەڕی کردووە. لەوانەیە پیلانی گەورەکانی ماد تەنھا لە کاتی شەڕ لەگەڵ یاخیبووەکاندا بەدی ھاتبێت و ڕەنگە بە تەنیا نەبووبێتە ھۆکارێکی دەستپێکردنی یاخیبوونەکە، وەک ھیرۆدۆت ئیدیعای دەکات. بە گوێرەی ھیرۆدۆت، دوای زانینی ناوەڕۆکی نامەکەی ھارپاگ، کورووش کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست لەگەڵ ھۆزەکانی پارس و بانگھێشتیانی کرد، لەوانە پاسارگاد، مارافی و ماسپی، پاشان بە دەنگی بەرز فەرمانێکی بۆ خوێندنەوە کە دایڕشتبوو، ئیدیعای کرد کە لە ئاستیاگەوە وەریگرتووە. لەم فەرمانەدا کورووش جەختی لەوە کردەوە کە ئاستیاگ ئەوی وەک فەرماندەی سوپا دەستنیشان کردووە. پاشان کورووش دەستی کرد بە ڕازیکردنی پارسەکان بۆ لادان لە ئاستیاگ، بەڵێنی ئەوەی دا کە سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکە گەرەنتیی ژیانێکی ئاسانتریان بۆ دەکات. پارسەکان کە ناڕەزایییان لە دەسەڵاتی مادەکان ھەبوو، بە ئارەزووەوە وەڵامی بانگەوازی سەرکردەکەیان دایەوە. کاتێک ئاستیاگ زانی کە کورووش ڕاپەڕینێک ئامادە دەکات، نێردراوێکی نارد بۆ ئەوەی بانگی بکات بۆ کۆشکی ماد لە ئەکبەتانا. ڕەتکردنەوەی کورووش لە گوێڕایەڵیی ئاستیاگ ئاماژەیە بۆ یاخیبوونەکە. دەرئەنجامی ڕاپەڕینەکە لە دوو شەڕدا یەکلایی بووەوە. لە شەڕی یەکەمدا ئاستیاگ بەشداری نەکرد و ژەنەڕاڵەکەی، ھارپاک کە فەرماندەی سوپای ماد بوو لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەربازەکانی بەرەو لای کورووش ھەڵھاتن. پاشان ئاستیاگ فەرمانی دا کە ئەو جادووگەرانەی کە خەونەکەیان بە ھەڵە لێکداوەتەوە ھەڵبدڕێنرێن، کە ڕەنگە ھەندێکیان بەرکەوتنیان لەگەڵ پیلانگێڕییەکاندا ھەبووبێت و جگەلەوان ھەموو ئەو مادانەش بە پیر و گەنجەکانیشەوە چەکدار بکرێن. سەرەڕای ئەو تەمەنە گەورەیەی کە ھەیبوو، ئاستیاگ بە شێوەیەکی شەخسی لە شەڕی دووەمدا سەرکردایەتیی سوپاکەی کرد، بەڵام مادەکان شکستیان ھێنا و پادشا ئاستیاگ بە دیل گیرا. کورووش بە ھیچ شێوەیەک زیانی بە ئاستیاگ نەگەیاند؛ لە ڕاستیدا بە ڕەحمەوە مامەڵەی لەگەڵدا کرد. بەم شێوەیەش بە گوێرەی ھیرۆدۆت، کۆتایی بە حوکمڕانیی ٣٥ ساڵەی ئاستیاگ و ھەژموونی مادەکان کە ١٢٨ ساڵ لە ئاسیادا ھەیانبوو کۆتاییی ھات.[٤]

سەرەڕای خیانەتەکەی ھارپاک، لەلایەن نووسەرانی کلاسیکەوە دەوترێت سەرکەوتنی کورووش زۆر قوڕس بووە و کاتێکی زۆری ویستووە تا بەدەست بھێنرێت. پۆلیانۆس باسی سێ شەڕی کردووە کە تیایدا کورووش شکستی ھێناوە، لە کاتێکدا لە شەڕی چوارەمدا سەرکەوتنی بەدەستھێنا. ھەروەھا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دوای شکستە سەرەتایییەکان «زۆرێک لە پارسەکان بەرەو لای مادەکان ڕۆیشتن و ھەڵھاتن». توندوتیژی و گێژاویی ئەو دووژمنایەتیانەی کە لە پارسدا سەریان ھەڵدا، بە ھەمان شێوە لەلایەن نیکۆڵاسی دیمەشقەوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە.[٣] ھەروەھا نیکۆڵاس باسێکی درێژی لەم ڕووداوانە گێڕایەوە، کە بە مۆتیڤی ئەفسانەیی ڕازاوەتەوە و لە بنەڕەتدا دەنگدانەوەی مۆتیڤی کتسیاسە. لە وەشانی خۆیدا، کورووش لەکاتێکدا لە خزمەت ئاستیاگدا بوو لە ماد، بەرکەوتەی لەگەڵ زاوایەکی دیاریکراو بوو بە ناوی ئۆبارێس کە کۆیلەی مادێک بوو. ئاستیاگ بە شێوەیەکی دڕندانە سزای ئۆبارێسی دا بەھۆی ھەندێک تاوانەوە. لە ئەنجامدا ئۆبارێس پیلانی لە دژی پادشا دانا و کورووشی ھان دا بۆ سەرکردایەتیکردنی ڕاپەڕینێک لە دژی مادەکان. و بەم شێوەیە، شەڕەکە دەستی پێکرد. شەڕی یەکەم بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و لە ئەنجامدا ئاستیاگ سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەستھێنا. فارسەکان بەھۆی ئەوەی کە ئەوەندە نزیک لە سنوورەکانیان لەگەڵ ماد شکستیان ھێنا، بەرەو پاسارگاد ھەڵھاتن. بە گوتەی کتسیاس، کورووش لە نزیک شارۆچکەی ھیربا (کە شوێنەکەی نادیارە) شکستی بە ھێزەکانی ماد ھێنا، بەڵام لە شەڕی دواتردا ئاستیاگ دەستی باڵای بەدەستھێنا و فارسەکان ھەڵھاتنەوە بۆ پاسارگاد. جەستن باس لەوە دەکات کە کاتێک ئاستیاگ دەستی دەکرد بە دۆڕاندن لە شەڕەکەدا، سەربازانێکی تایبەتی لە پشت ھێڵەکانییەوە دانا و فەرمانی کوشتنی ھەر کەسێکی لادەری دابوو. شەڕی دواتر بە گوتەی نیکۆڵاس لە نزیک پاسارگاد ڕوویدا و ھەروەھا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو. لە ڕۆژی یەکەمدا سەرکەوتن لەگەڵ سەربازانی مادەکان بوو، بەڵام لە ڕۆژی دووەمدا پارسە ھەڵھاتووەکان بە شەرمەزاربوونەوە، بە شێوەیەکی ئیرادەدارتر دەستیان بە شەڕ کردەوە. سوپای کورووش سەرکەوتنێکی تێکشکێنەر و چەقێنەری بەدەستھێنا و پارسەکان ئۆردووگای مادەکانیان گرت. پاشان ئاستیاگ ژەنەڕاڵەکانی لە سێدارە دا، بە پاساوی ئەوەی کە شکستەکە خەتای ئەوان بووە (ھەروەھا دیۆدۆرووسـیش، ڕاپۆرتی لەسێدارەدانی ژەنەڕاڵەکان دەدات). ئاستیاگ کە ھیچ پشتیوانییەکی لە نێو خوارووەکانی خۆیدا نەدۆزییەوە، بەرەو ئەکبەتانا ھەڵھات و لە کۆشکەکەدا خۆی حەشاردا.[٤][٣]

ئاستیاگ بە زنجیرەوە دەبرێتە لای کورووش

کورووش ھێرشەکانی بۆ سەر ماد دەستپێکردەوە و ئەکبەتانای گرت. ڕەنگە ئاستیاگ پشتی بە قەڵاکانی شارەکە بەستبێت بۆ ئەوەی بەرگرییەکی درێژخایەن پێشکەش بکات: بە گوێرەی کتسیاس، لە کاتێکدا کە لەگەڵ کچەکەی و زاواکەی سپیتاماس لە ژێرزەمینەکەی کۆشکی پاشایەتیدا خۆیان حەشاردابوو، گیران. بە گوێرەی نیکۆڵاسی دیمەشق، ئاستیاگ توانی ھەڵبێت و تەنھا لە ئەنجامی شەڕێکی دیکەدا گیرا.[٣] دەوترێت ئەم شەڕەی کۆتایییە زۆر لە نزیک پاسارگاددا ڕوویداوە. لە کاتێکدا ھیچ بەڵگەیەکیش نییە کە دژایەتی ئەوە بکات کە لە دەشتی مورغاب ڕوویداوە، بەھۆی نادڵنیایییەکانی دەوروبەری چوارچێوەی ڕاپەڕینەکە، ناتوانرێ متمانەیەکی زۆر بەم شوێنە دابنرێ.[١١] بە گوێرەی سترابۆ، دوای سەرکەوتنی کورووش، ئاستیاگ لەگەڵ ئەوەی کە لە سەربازەکانی مابووەوە، بەرەو خاکی ماد ھەڵھات و بە ئاسانی گیرا. زینۆفۆن لە کتێبی سیرۆپیدیای خۆیدا باس لەوە دەکات کە ئاستیاگ وەک پادشای ماد لە جێگاکەیدا مردووە و فەتحەکانی کورووش بە پلەی ژەنەراڵیی باپیرەی کە پادشای ماد بووە ئەنجام دراون. بەڵام دەبێ زینۆفۆن ئاگاداری وەرچەرخانی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان بووبێت چوونکە لە ئەناباسیسدا، باسی شەڕی نێوان پارس و مادەکانی کردووە، لە کاتێکدا لە کتێبی سیرۆپیدیادا، پێدەچێت ڕاستییە مێژوویییەکان بە مەبەست تەمومژاوی کرابن بۆ ئایدیاڵیزەکردنی کورووش.[٤]

سلندەری نەبونید لە سیپار

جگە لەو باسانەی کە نووسەرانی کلاسیک پێشکەشیان کردووە، باسێکی ھاوچەرخیی ڕەسەن ھەیە سەبارەت بە ڕاپەڕینەکە بە شێوەیەکی زۆر کورت، کە لە دوو نووسراوی پادشای بابلی نەبونید دۆزراوەتەوە.[١٢] ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوە بابلییەکان پێشکەشی دەکەن، بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری لە چیڕۆکی ھیرۆدۆت دەکەن. سلندەری سیپار باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ٥٥٣ پێش زایین کورووش لە دژی مادەکان یاخی بووە و بە سوپا بچووکەکەیەوە سەربازە زۆرەکانی مادی تێکشکاندووە و ئاستیاگی گرتووە و بە زنجیر ھێناویەتییە سەر خاکەکەی. لەوانەیە دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕین لە ساڵی ٥٥٣ پێش زایین، مادەکان ھێزەکان و پارێزگارەکانیان لە حەڕان کشاندبێتەوە. بابلییەکان بە کەڵک وەرگرتن لەو سەختییانەی کە ئاستیاگ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە دەوروبەری ساڵی ٥٥٢ پێش زایین حەڕانیان گرتبێت.[٤] مێژوونووس پاوڵ-ئالین بیۆلیۆ پێی وایە ئەگەری ئەوە ھەیە کە نەبونید ھانی کورووشی دابێت بۆ یاخیبوون و شەڕکردن دژی مادەکان، تەنانەت ڕەنگە ھاوپەیمانیی لەگەڵدا کردبێت، چوونکە مانەوەی نەبونید لە تایما ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینی کورووش.[١٣] بەڵام کەمیی زانیاری ھەیە بۆ پشتگیریکردنی ئەم گریمانەیە. پێدەچێت شکستی ئاستیاگ لە ساڵی ٥٥٣ پێش زایین تەنھا یەکێک بووبێت لە زنجیرەیەکی درێژخایەنی دووژمنایەتی و یەکلاکەرەوەترین شکست نەبووبێت. مێژووچکەی نەبو نید کە ڕەنگە ڕووداوەکانی ساڵی ٥٥٠ پێش زایین باس بکات، باس لەوە دەکات کە ئاستیاگ سەربازەکانی بانگھێشت کردووە و دژی کوروش ڕێپێوانیان کردووە، بەڵام سوپاکەی لە دژی یاخی بووە و گرتوویانە و ڕادەستی کورووشیان کردووە. پاشان کورووش بە ڕێپێوان بەرەو پایتەختی ماد، ئەکبەتانا ڕۆیشت و داگیری کرد و غەنیمەتێکی زۆری بردە پارس.[٤] گرتنی خەزێنەی شاھانەی ماد نیشانەیەکی سەرنجڕاکێشی دەسەڵات و ھێزە تازە دۆزراوەکەی بوو و ئۆبارێس بەرپرسیار بوو لە گواستنەوەیان بۆ پارس. بە دڵنیایییەوە ئەم غەنیمەتە گرنگییەکی زۆری پراکتیکیی ھەبوو؛ ئەوەندەی دەزانرێ، ئەوە یەکەمجار بوو کە کورووش سەرچاوەی بێسنووری لەبەردەستدا بوو بۆ ئەو ھەڵمەتانەی کە لە پێشیدا بوون.[٣]

گێڕانەوەی بابلی لەگەڵ گێڕانەوەکانی ھیرۆدۆت دەگونجێت و ھاوڕابوونە و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئاستیاگ ھێرشی کردووەتە سەر کورووش و گیراوە. چۆن کورووش خاوەنی توانای شکستپێھێنانی مادەکان بووە و پاڵنەرەکانی پشت ھێرشی ئاستیاگ بۆ سەری، لایەنگەلێکن کە تا ئێستا نادیارن. لەوانەیە مادەکان جۆرێک لە سەروەرییان بەسەر ئەنشاندا دووپات کردبێتەوە، کە پارسەکان تەحەدایان کردبێت. یانیش ڕەنگە کردەوە فراوانخوازییەکانی پارس وەڵامێکی شەڕانگێزانەیان لەلایەن مادەکانەوە ورووژاندبێت.[١٤] لەوانەیە سەرھەڵدانی پارس و ڕووخانی میدیا ھۆکاری ئابووریی قووڵتری ھەبووبێت. وا دیارە لە ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی پێش زایین، کارێزەکان (کەناڵەکانی ئاودێری ژێر زەوی) لە فارس ھەڵکەندرابوون، بەمەش ئەم بەشەی ئێران پێشەنگێکی کێبڕکێی بەسەر ماددا بەخشیبوو. بەڵام ئەگەری ئەوە ھەیە ئەم پێشھاتە دوای سەرکەوتنی کورووش بەسەر مادەکاندا ڕوویدابێت.[١٥] جگە لە خیانەتەکەی سوپا، ڕووخانی ماد بەھۆی قەیرانێکی خانەدانییەوەش ئاسانکاریی بۆ کرا. بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیەی کە لەبەردەستدایە، ئاستیاگ میراتگری پیاوی نەبووە. لە ڕاستیدا ھیرۆدۆت و زینۆفۆن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاستیاگ کچێکی ھەبووە بە ناوی ماندانا کە بە دایکی کورووش وەسفی دەکەن (ھاوسەری قەمبیز)، لە کاتێکدا کستیاس ڕاستیی ئەم ئیدیعایەی ڕەتکردەوە و کچێکی بە ناوی ئەمیدیای بۆ گەڕاندەوە. وە ھەروەھا ماد ھاوکاریی لە لیدیا وەرنەگرت، وڵاتێک کە لە ساڵی ٥٨٥ پێش زایین ھاوپەیمانیی لەگەڵدا پێکھێنابوو، ڕەنگە لەبەر ئەوەی لیدیا زۆر دوور بووبێت لە ناوچەی ململانێکە بۆ ئەوەی یارمەتیی کاریگەر پێشکەش بکات.[٧]

تابلۆی «شکستھێنانی ئاستیاگ»، کە وێناکردنی ھونەریی کورووشی مەزن نیشان دەدات کە شکستی بە ئاستیاگ ھێنا، کە ئاماژەیە بۆ سەرھەڵدانی ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشیی پارسی.
لە تابلۆکەدا کورووشی مەزن لە ناوەڕاستدا وەستاوە و فەرمان دەردەکات، کە لە پشتییەوە ھارپاک وەستاوە و لە پێش ھەردووکیان ئاستیاگ زنجیر لە دەستەکانی بەستراوە و بە دیل گیراوە.

شەڕەکان

[دەستکاری]

دەرئەنجام

[دەستکاری]
وێرانەکانی کۆشکی دێرینی کورووش لە پاسارگاد. کۆشکەکە بە گوتەی سترابۆ، دەبوو لە پاسارگاد دروست بکرایە وەک یادگارییەک بۆ سەرکەوتنی کورووش لە سەردەمی ئاستیاگ.[١١]

داگیرکردنی ماد لەلایەن کورووشەوە گۆڕانکارییەکی قووڵی لە دۆخی جیۆپۆلەتیکی لە سەرانسەری ڕۆژھەڵاتی نزیک کۆندا بەدوای خۆیدا ھێنا. ماد لەلایەن پارێزگارێکی فارسەوە بەڕێوەدەبرا و باج وەک ھەر خاکێکی داگیرکراو کۆدەکرایەوە. ئەکبەتانا بەھۆی گرنگیی ستراتیژییەکەی لە زاڵبوون بەسەر ئاسیای ناوەندیدا بووە یەکێک لە پایتەختەکانی ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشیی تازە دامەزراو.[٣] پارسەکان سیستەمی ئیدارەی دەوڵەتی مادیان گرتەبەر کە لە بەرامبەردا چەندین تایبەتمەندیی سیستەمی ئاشووریی لەخۆگرتبوو. لە ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشیدا، ماد پێگەی ئیمتیازاتی خۆی پاراست و لە دوای خودی پارسەوە پلەی دووەمی بەدەستھێنا. بەشێک لە گەورە بەرپرس و پلەدارەکانی ماد لە سەردەمی کورووش و ھەروەھا لە ژێر دەستی جێنشینەکانیدا پێگەی ئیمتیازاتی خۆیان پاراست. یۆنانیەکان و جوولەکەکان و میسرییەکان و گەلانی دیکەی جیھانی کۆن زۆرجار بە پارسەکانیان بە «ماد» ناودەبرد و پێدەچوو مێژووی پارسیان بە درێژەپێدەری مێژووی مادەکان بزانیایە.[٤]

بەپێی گوتەکانی کستیاس، کورووش ژیانی ئاستیاگی پاراست و کردی بە حاکمی بارکانیا (ڕەنگە ھیرکانیا بێت). دواتر ئاستیاگ بردرایە بیابان و بە ھاندانی ئۆبارێس، مردنێکی دڵنیای لێکەوتەوە. ئەگەری ئەوە ھەیە کە کورووش ڕاستەوخۆ بەرپرسیار نەبووبێت لە مردنەکەی، چوونکە دواتر بەرپرسیارەکان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و ئۆبارێس کۆتاییی بە ژیانی خۆی ھێنا.[٤] ئەگەر باوەڕ بە کستیاس بکرێت، ئاستیاگ کچێکی ھەبوو بە ناوی ئەمیدیا، کە ھاوسەرگیریی لەگەڵ سپیتاماس کردبوو، کە گەورەیەکی ماد بوو، کە بەم شێوەیە ئەو بوو بە جێنشینەکەی-زاوای. دوای کوشتنی سپیتاماس، کورووش ھاوسەرگیریی لەگەڵ ئەمیدیا کرد بۆ ئەوەی شەرعیەتی تەختی ماد بەدەستبھێنێت. ھەرچەندە ڕاستەقینەییی گێڕانەوەی کتسیاس جێگای پرسیارە، بەڵام ئەگەری زۆرە کە کورووش کچێکی پادشای مادی ھێنابێت.[١٦]

ھێڵی کاتیی ھەڵمەتەکانی کورووش دوای داگیرکردنی ماد بە تەواوی ڕوون نییە. لە ساڵانی ٥٤٩-٥٤٨ پێش زایین، پارسەکان ئەو خاکانەیان داگیرکرد کە سەر بە دەوڵەتی لەناوچووی ماد بوون، لەوانە پارتیا، ھیرکانیا و بەڕواڵەت ئەرمینیا. بەپێی زینۆفۆن (سیرۆپیدیا)، ھیرکانییەکان بە ئارەزووی خۆیان ملکەچی سەروەریی کورووش بوون. کتسیاس نووسیویەتی کە ھیرکانییەکان پەیوەندییان بە کورووشەوە کردووە پێش ئەوەی بەسەر ئاستیاگدا سەرکەوێت، لە کاتێکدا پارتییەکان دوای کەوتنی ئەکبەتانا بۆ دەستی پارسەکان ئەو کارەیان کردووە. بە گوێرەی جەستن ئەو وڵاتانەی پێشتر ملکەچی مادەکان بوون لە کورووش یاخی بوون و ناچاری کرد شەڕی زۆر ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بتوانێت ملکەچیان بکات.[٤] بە گوێرەی نیکۆڵاسی دیمەشق، دوای ئەوەی زانینی شکستی ئاستیاگ، ھیرکانییەکان، پارتییەکان، ساکایەکان، باکتریاکان و گەلانی دیکە کورووشیان وەک پادشای خۆیان ناساند.[١٧] لە کاتێکدا ھەندێک لە زانایان پێیان وایە کە ئیلام تەنھا لە دوای ساڵی ٥٣٩ پێش زایین لەلایەن پارسەکانەوە داگیرکراوە، بەڵام تەواو ئەگەری ئەوە ھەیە کە وڵاتەکە لە دەوروبەری ساڵی ٥٤٩ پێش زایین ژێردەستە بووبێت.[٤]

وێنەی کرۆسوس لەسەر گوڵدانێکی یۆنانی

لە ساڵی ٥٨٥ پێش زایینەوە ڕێککەوتنێک لە نێوان میدیا و لیدیادا ھەبوو کە تێیدا ڕووباری ھالیس وەک سنووری نێوان ھەردوولا دیاریکرا. لە سەردەمی ڕووخانی ماددا، پاشای لیدیا کرۆسوس بوو، کە لە سەرانسەری ڕۆژھەڵاتی نزیک و یۆنان بەھۆی سامان و دەسەڵاتی سەربازییەوە بەناوبانگ بوو. کرۆسوس بە تامەزرۆیییەوە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی بۆ ڕۆژھەڵات، ئۆپەراسیۆنەکانی دواتری وەک ھەڵمەتێک خستەڕوو کە مەبەست لێی تۆڵەسەندنەوە بوو بۆ شووبراکەی (برای ھاوسەرەکەی).[٣] کورووش نەیارێکی ترسناک بوو، بۆیە کرۆسوس ھاوپەیمانیی لەگەڵ فیرعەونی میسر و ئاماسیسی دووەم و سپارتاکانی یۆنان کرد. ڕەنگە پادشای بابلی نەبونیدیش سەر بە ھەمان ھاوپەیمانی بووبێت[١٨] چوونکە سەرەڕای بینینی سوودەکانی لە ململانێی ماد و پارس، گەشەسەندنی دەسەڵاتی کورووش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ دروستکرد.[٣] لیدییەکان لە ساڵی ٥٤٧ پێش زایین شکستیان ھێنا و پایتەختەکەیان ساردیس گەمارۆدرا و گیرا.[١٨] دوای داگیرکردنی لیدیا، ڕەنگە کورووش کیلیکیای داگیرکردبێت و لە ساڵی ٥٣٩ پێش زایین، بابلی گرت. لەگەڵ داگیرکردنی ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ، ئێستا کورووش بوو بە فەرمانڕەوای شامیش. دواتر کورووش دەستی کرد بە ھەڵمەتی زیاتر بۆ ڕۆژھەڵات و ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشیی زیاتر فراوانتر کرد.[١٩]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Jacobs، Bruno؛ Rollinger، Robert (٣١ی ئابی ٢٠٢١). A Companion to the Achaemenid Persian Empire, 2 Volume Set (بە ئینگلیزی). John Wiley & Sons. ژپنک ٩٧٨-١-١١٩-١٧٤٢٨-٨.
  2. 1 2 3 4 Dandamayev & Medvedskaya 2006.
  3. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 Briant 2002.
  4. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 16 Dandamaev 1989.
  5. «CYRUS iii. Cyrus II The Great» (بە ئینگلیزی). لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  6. 1 2 «ACHAEMENID DYNASTY». iranicaonline.org (بە ئینگلیزی). لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:0» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  7. 1 2 Rawlinson 2007.
  8. Boucharlat، Remy (١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥). «« The Rise and Fall of Media », in : G. B. Lanfranchi, M. Roaf, R. Rollinger, eds., Continuity of Empire (?) Assyria, Media, Persia. Padova, S.a.r.g.o.n. Editrice e Libreria, 2003, pp. 1-12. (History of the Ancient Near East / Monographs – V)». Abstracta Iranica.
  9. Brosius، Maria (٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠). A History of Ancient Persia: The Achaemenid Empire (بە ئینگلیزی). John Wiley & Sons. ژپنک ٩٧٨-١-١١٩-٧٠٢٥٣-٥.
  10. 1 2 «BABYLONIA i. History of Babylonia in the Median and Achaemenid periods». iranicaonline.org. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:3» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  11. 1 2 «Pasargadae - Livius». Livius.org. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:2» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  12. «ASTYAGES». www.iranicaonline.org.
  13. Beaulieu 1989.
  14. Kuhrt، Amélie (١٥ی نیسانی ٢٠١٣). The Persian Empire: A Corpus of Sources from the Achaemenid Period (بە ئینگلیزی). Routledge. ژپنک ٩٧٨-١-١٣٦-٠١٦٩٤-٣.
  15. «Medes - Livius». Livius.org. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  16. «AMYTIS». iranicaonline.org. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  17. Duncker 1881.
  18. 1 2 «Croesus - Livius». Livius.org. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  19. «Cyrus the Great - Livius». Livius.org. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.

کتێبنامە

[دەستکاری]

سەرچاوە کۆنەکان

[دەستکاری]

سەرچاوە مۆدێرنەکان

[دەستکاری]
  • Dandamayev، M.؛ Medvedskaya، I. (٢٠٠٦). «MEDIA». Iranicaonline.org.
  • Ilya Gershevitch, ed., The Cambridge History of Iran. Vol. 2: The Median and Achaemenian Periods. Cambridge University Press (1985) ISBN 0-521-20091-1
  • Laymon، Charles M. (١٩٧١). The Interpreter's One Volume Commentary on the Bible: Introduction and Commentary. Abingdon Press. لاپەڕە ٤٤٠–٤٤٢.