بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ململانێی ئێران و عێراق ١٩٧٤–١٩٧٥

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ململانێی ئێران و عێراق ١٩٧٤–١٩٧٥
وڵاتئێران، عێراق
پۆتانی شوێن٣٠°٢٤′٢٦″N ٤٨°٩′٦″E
ئامانجی ھەیەشەتەلعەرەب
Map

ململانێی ئێران و عێراق لە ساڵانی ١٩٧٤–١٩٧٥ ئاماژەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و عێراق لە ڕێڕەوی ئاوی شەتولعەرەبی کەنداوی فارس لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. لە تێکھەڵچوونەکان لە ماوەی ١١ مانگدا ھەزار کەس کوژران. ئەمەش گرنگترین ناکۆکی نێوان عێراق و ئێران بوو لەسەر ڕێڕەوی ئاوی شەتولعەرەب لە سەردەمی ھاوچەرخدا، پێش شەڕی ئێران و عێراق لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.

پێشینە

[دەستکاری]

ئێرانی قاجاڕ ھێڵی سنووربەندنی کە لە کەنداوی فارس لەلایەن ڕێککەوتننامەی ئینگلیز-عوسمانیی ١٩١٣ جێگیرکرابوو ڕەت کردەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت سنووری ئێران-عێراق لە شەتەلعەرەب بەپێی پرەنسیپی تاڵوێگ دیاری بکرێت. لە ساڵی ١٩٣٤دا، شانشینی ھاشمیی عێراق بە ھاندانی شانشینی یەکگرتوو، ئێرانی پەھلەوی برد بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان، بەڵام ناکۆکییەکە چارەسەر نەکرا. لە ساڵی ١٩٣٧، ئێران و عێراق یەکەم پەیماننامەی فەرمیی سنوورییان واژۆ کرد، کە سنووری ڕێڕەوە ئاوییەکەی لە کەناری ڕۆژھەڵاتی ڕووبارەکە جێگیر کرد و ناوچەیەکی لەنگەرگرتنی چوار میلی لە نزیک ئابادان جیاکردەوە — کە بۆ ئێران تەرخانکرا — کە تێیدا سنوورەکە بە درێژاییی تاڵوێگ دەڕۆیشت. لە ساڵی ١٩٥٨، پادشایەتیی ھاشمیی عێراق لە کوودەتایەکدا کە بە شۆڕشی ١٤ی تەممووز ناسراوە ڕووخێنرا، کە یەکەم کۆماری عێراقی دامەزراند. لە ساڵی ١٩٦٨، کوودەتایەکی دیکە — کە لەلایەن پارتی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی ئەنجامدرا و بە شۆڕشی ١٧ی تەممووز ناسراوە — یەکەم کۆماری عێراقی لادا و بە توندی ڕژێمی بەعسی لە عێراق جێگیر کرد. ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، ئێران لە ساڵی ١٩٦٩دا شاندێکی دیپلۆماتی بۆ عێراق نارد، و کاتێک حکوومەتی پێشووی عێراق ڕەتی کردەوە وتووێژەکان بۆ پەیماننامەیەکی نوێ ئەنجام بدات، ئێران پەیماننامەی ١٩٣٧ی ھەڵوەشاندەوە. ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ١٩٣٧ لەلایەن ئێرانەوە سەرەتای قۆناغێکی گرژیی توندی لە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراقدا دیاری کرد. لە ساڵی ١٩٧٣، ھێرشێک بۆ سەر باڵیۆزخانەی عێراق لە پاکستان دەستوەردانی نھێنیی بەرفراوانی عێراقی لە دابینکردنی چەک و پارە بۆ چەکدارانی یاخیبوونێک دژی ئێران و پاکستان لە بەلووچستان ئاشکرا کرد، کە ئەمەش زیاتر گرژییەکانی نێوان ئێران و عێراقی زیاد کرد. ئەم قۆناغەی گرژییەکان تا ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ بەردەوام بوو.[١]

ڕووداوەکان

[دەستکاری]

لە ئازاری ١٩٧٤ تا ئازاری ١٩٧٥، ئێران و عێراق تووشی پێکدادانی سنووری بوون کە بەھۆی پشتیوانیی ئێران لە کوردانی عێراق سەریھەڵدا، کە خەریکی یاخیبوون بوون دژی دەوڵەتی عێراقی عەرەب –زۆرینە بۆ جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ–.[٢][٣] لە ساڵی ١٩٧٥دا، عێراقییەکان ھێرشێکی سەربازیی بچووکیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کە لەلایەن ستوونەکانی تانکەوە سەرکردایەتی دەکرا؛ ئەم ھێرشە لەلایەن ئێرانییەکانەوە شکستی پێھێنرا،[٤] کە دوای ئەوە چەندین ھێرشی دیکە ڕوویدا. بەڵام ئێران لەو کاتەدا پێنجەم گەورەترین سوپای جیھانی ھەبوو و دەستبەجێ بە ھێزی ئاسمانی خۆی شکستی بە سوپای عێراق ھێنا، لەکاتێکدا لە ناوخۆدا بەردەوام بوو لە بێزارکردنی عێراقییەکان لە ڕێگەی پڕچەککردنی جوداخوازە کوردییەکان لەگەڵ ھاوپەیمانە نزیکەکانی پێشووی: ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل. نزیکەی ١،٠٠٠ کەس لە ئەنجامی ململانێی ١٩٧٤-٧٥ لە دەوروبەری شەتەلعەرەب گیانیان لەدەستدا، و عێراق لە کۆتاییدا نەیتوانی ھیچ دەستکەوتێک بەرامبەر ئێران بەدەستبھێنێت.[٥]

لەبەر ئەوە، عێراق بڕیاریدا بەردەوام نەبێت لە ململانێکان، و لەبری ئەوە بڕیاریدا سازش بۆ ئێران بکات بۆ کۆتاییھێنان بە ڕاپەڕینی کورد.[٢][٣] لە ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥دا، عێراق سازشی زەوینی کرد — لەوانەش ڕێڕەوی ئاویی شەتەلعەرەب — لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.[٢] لە بەرامبەر ناساندنی ئەوەی کە سنووری سەر ڕێڕەوە ئاوییەکە بە درێژایی تەواوی تاڵوێگ دەڕوات بەپێی بەڵگەکانی ئێران، ئەمەی دوایی کۆتایی بە پشتیوانییەکانی بۆ گەریلا کوردەکانی عێراق ھێنا.[٢][٦][٧]

پاشھاتەکان

[دەستکاری]
لە چەپ بۆ ڕاست: محەممەدڕەزا پەھلەوی، ھواری بومێدیێن و سەددام حوسێن لە جەزائیر، ١٩٧٥

لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٨٠، عێراق ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ی ھەڵوەشاندەوە دوای ئەوەی ھێزەکانی ئێران لە ٤ی ئەیلوولدا دوای شۆڕشی ئێرانی ١٩٧٩، کە شای ڕووخاند و تیۆکراسییەکی ئیسلامیی دامەزراند، چەندین بنکەی سنووریی عێراقییان تۆپباران کرد.[٨] سەرۆک کۆماری عێراق سەددام حوسێن ئیدیعای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تازە دامەزراو ڕەتی کردووەتەوە پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی جەزائیر بێت و بۆیە عێراق بە پووچەڵ و بێبایەخیان دادەنێت. گرژییەکان لە نێوان ھەردوو دەوڵەتدا دەستیان بە بەرزبوونەوە کرد کاتێک حیزبی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی فەرمانڕەوای عێراق ترسا لەوەی ڕووحوڵڵا خومەینی ھەوڵ بدات شۆڕشی ئێران ھەناردەی عێراق بکات لە ڕێگەی ھاندانی دانیشتووانە زۆرینە شیعەکەی بۆ ڕاپەڕین دژی حکوومەتە عەلمانی و ناسیۆنالیستە عەرەبییەکە. پێنج ڕۆژ دواتر، ھێزە چەکدارەکانی عێراق ھێرشێکی گەورەیان دەستپێکرد و ھێرشیان کردە سەر ئێران، کە بووە ھۆی ھەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق.[٩]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Karsh, Efraim The Iran-Iraq War 1980–1988, London: Osprey, 2002 page 8
  2. 1 2 3 4 Karsh, Efraim (٢٥ی نیسانی ٢٠٠٢). The Iran–Iraq War: 1980–1988. Osprey Publishing. لاپەڕە ١–٨, ١٢–١٦, ١٩–٨٢. ژپنک ٩٧٨-١-٨٤١٧٦-٣٧١-٢.
  3. 1 2 Ranard، Donald A. (ed.). «History». Iraqis and Their Culture. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە.
  4. Farrokh، Kaveh (٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١). Iran at War: 1500–1988. Oxford: Osprey Publishing. لاپەڕە ?. ژپنک ٩٧٨-١-٧٨٠٩٦-٢٢١-٤.
  5. «CSP - Major Episodes of Political Violence, 1946-2013». Systemicpeace.org. لە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ھێنراوە.
  6. «Foreign Relations of the United States, 1969–1976, Volume XXVII, Iran; Iraq, 1973–1976 - Office of the Historian». history.state.gov. لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  7. Abadan 2009-08-08 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە., Sajed 7 October 2014 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە., Retrieved on March 16, 2009.
  8. «Iran-Iraq War | Causes, Summary, Casualties, & Facts». Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  9. «IRAQ vii. IRAN-IRAQ WAR». Encyclopædia Iranica. ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦. لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە.