مستەفا بەگ
| مستەفا بەگٔ مستەفا پاشا | |||||
|---|---|---|---|---|---|
| میر | |||||
| فەرمانڕەوایی | ~دەیەی ١٧٨٠ – ١٨١٣ | ||||
| پێشوو | میر ئۆغووز بەگی بچووک | ||||
| جێگر | میر محەممەد | ||||
| ھاوسەر | بووک شازەمان | ||||
| منداڵ(ەکان) | میر محەممەد ڕەسووڵ بەگ سلێمان بەگ ئەحمەد بەگ تەیموورخان | ||||
| |||||
| خێزان | |||||
| باوک | میر ئۆغووز بەگی بچووک | ||||
| مردن | ١٨٢٦ | ||||
| ئایین | ئیسلام | ||||
میر مستەفا بەگ کوڕی میر ئۆغووز بەگی بچووکی کوڕی میر ئەحمەدە ( ؟ – ١٨٢٦، میرنشینی سۆران) مستەفا بەگ یان مستەفا پاشا یەکێک بوو لە میرەکانی میرنشینی سۆران. لە دوای باوکی میر ئۆغووز بەگی بچووک بووە میری میرنشینی سۆران. بە نزیکەیی لە دەیەی ١٧٨٠ تاوەکوو ١٨١٣ لە ڕەواندزەوە حکومڕانیی سۆرانی کردووە. لە سەردەمی ئەودا بوو کە لە دوای شەڕی بابان و سۆران لە سەردەمی عەلی بەگی برازای میر خانزاد، دووبارە شەڕی بابان دەستی پێکردەوە. میر مستەفا چەند برایەکی ھەبوو بە ناوەکانی تەمەرخان (تەیموورخان)، یەحیا بەگ، بایز بەگ، ئەحمەد بەگ. میر مستەفا لەگەڵ براکانیدا کێشەی ھەبوو، بەو شێوەیەی کە براکانی لە دژی مستەفا بەگ دەوەستانەوە و دەیانویست مستەفا بەگ لە میرایەتی دووربخەنەوە.[١][٢] ئەوە بوو کە براکانی لەگەڵ بابانەکان ڕێککەوتن و بابانەکان ئەم شەڕەی برایەکانیان بە دەرفەت زانی و بەم شێوەیە ھەریر و کۆیە و ڕانیە و چەند ناوچەی دیکەی ھەولێریان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. بە نزیکەیی تەنھا شاری ڕەواندز و چەند ناوچەیەکی دیکە لەژێر دەسەڵاتی مستەفا بەگ مانەوە. لەشکری بابان ھەردەھات بەرەوپێش دەچوون، فراوانبوونەکەی بابان ھەڕەشەی لە ڕەواندزی پایتەخت دەکرد.[١][٣] مستەفا بەگیش بە ناچاری لەگەڵ بابانەکان ڕێککەوت.[١][٢][ئ]
براکانی میر مستەفا نەدەوەستان و دووبارە لەشکری بابانیان ھێنایەوە سەر سۆران و میر مستەفا توانی لەشکرەکەی بابان بشکێنێت و پاشەکشەی بە لەشکرەکەی بابان کرد. چەند ساڵێکی تریش مستەفا بەگ حکومڕانیی کرد و دواتر بەھۆی گێژاوەکانی نێوخۆی سۆران دەستی لە کار کێشایەوە.[١][٢] دەگوترێ ویستوویەتی حوکم بۆ براکانی جێبێڵێت، بەڵام بەھۆی کاریگەریی ھاوسەرەکەی (بووک شازەمان) حوکمی بۆ کوڕە گەورەکەی میر محەممەد جێھێشتووە و میر محەممەد لە ساڵی ١٨١٣ جێگای باوکی گرتەوە.[٣] میر مستەفا پێنج کوڕی ھەبووە: میر محەممەد، ڕەسووڵ بەگ، سلێمان بەگ، ئەحمەد بەگ و تەیموورخان. ھەر کە میر محەممەد ھاتە سەر حوکم، یەحیا بەگ و تەمەرخانی مامی و ئامۆزاکانی لەسێدارەدا.[١][٢] میر مستەفا لە ساڵی ١٨٢٦ کۆچی دواییی کرد.[٢]
تێبینییەکان
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 5 «شەڕەفنامە» (PDF). لاپەڕە ٣٥٠-٣٥١.
- 1 2 3 4 5 محەممەد ئەمین زەکی بەگ. «ئیمارەتی سۆران». ڤەژینبوکس (بە کوردی). لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 شێرکۆ، ھەژار. «ڕژێمی ڕەواندزی سەردەمی پاشا کۆرە» (PDF). لاپەڕە ١٣.
- ↑ محەممەد ئەمین زەکی بەگ. «ئیمارەتی سۆران». ڤەژینبوکس (بە کوردی). لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.