مرۆڤخۆری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مرۆڤخۆری لە مۆسکۆ و لیتوانیا ۱۵۷۱

مرۆڤخۆری (بە ئینگلیزی: cannibalism) خوو یا ڕەوەشتی خواردنی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤێکی ترەویە شوێنەوارناسان هێما و نیشانەگەلێکیان لەم خوو و ڕەوەشتە لە کۆمەڵگاکانی سەرەتاییدا دۆزیوەتەوە.

هۆکارەکان[دەستکاری]

تۆژینەوەی مرۆڤناسان پیشان ئەدا کە مرۆڤخۆری هۆکارگەلێکی جۆرواجۆری بووە کە گرنگترینەکانیان بریتین لە:

خواردنی گۆشتی مرۆڤ وەکوو چێشتێک[دەستکاری]

بڕێک لە خێڵە ڕەشپێستەکانی گینێ، لە ئافریقا گۆشتی مرۆڤیان دەخوارد و بۆ دابینکردنی هێرشیان دەبردە سەر خێڵەکانی تر و دیلیان دەگردن. دیلەکانیان، وەکوو مانگا و مەڕ دەلەوەڕاند تاکوو پەرواربن. ئیسکیموەکانیش کاتێک شتێکیان بۆ خواردن دەس نەدەکەوت گۆشتی مرۆڤیان دەخوارد.

خواردنی گۆشتی مرۆڤ، بۆ پیشاندانی سۆز یان دەرخستنی ڕق[دەستکاری]

بڕێک لە هۆزە مرۆڤخۆرەکان، بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی نزیکان و کەسوکاریان و سەرۆک هۆزەکانیان و هەروەها بەپێی بیرکردنەوەیان بۆ وەرگرتنی هێز و وزە و تایبەتمەندییە باشەکانیان، پاش مردنیان گۆشتیان دەخواردن.

ماساژێتـەکان کە دەوروبەری ۴۰۰ ساڵ پێش زایین لە کەنارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی زەریای خەزەردا دەژیان، بۆ بەرزڕاگرتنی خزم و کەسە بەساڵاچووەکانیان، قوربانییان دەکردن و گۆشتەکەیان دەخواردن. بڕێک لە هۆزە مرۆڤخۆرەکانیش بۆ نیشاندانی ڕق و قینی خۆیان، گۆشتی دوژمنەکانیانیان دەخوارد کە لەنێو عەرەبەکانیشدا نموونەی هەیە و دەتوانین بە هیند هاوسەری ئەبووسۆفیان ئاماژە بکەین کە پاش سەرکەوتن لە شەڕی ئەحود ـدا، جەرگی حەمزە، مامی محەممەد پەیغەمبەری موسوڵمانانی دەرهێنا و خواردی.

خواردنی گۆشتی مروڤ بۆ نزیک بوونەوە بە خودایان و وێنەخودایان و بەڵێن بەستن لە گەڵ ئەوان[دەستکاری]

خەڵکیی شاری حەڕان یەکێک لە شارە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا، لە سەردەمی بەر لە ئیسلامدا، هەموو ساڵێک منداڵێکیان پێشکەش و قوربانی خودای پارێزەری بتەکانیان دەکرد. گۆشتی قوربانیەکەیان لەگەڵ ئاردی سپی و زەعفەران و ڕۆنی‌ زەیتوون و سونبولدا بەشێوەی حەبگەلێ بەقەد دنکە ھەنجیرێک دروست دەکرد دەیانکوڵاند و بە خواردی نزاوێژەکانیان دەدا. خەڵکی هۆزێک لە هیندیش نەخۆش و بە ساڵاچووەکانی خێڵەکەیان بە نیشانەی حەزکردن بە وێنەخودای کالیی بەڕێز، هاوسەری قیناوی "شیوا"، یەکێک لە خودایانی هیندووەکان، و ڕازی و هێور کردنەوەی ئەو دەیانکوشت و گۆشتەکەیانیان دەخوارد.

دانیشتوانی ئوسترالیای ناوەندی[دەستکاری]

خواردنی گۆشتی مرۆڤ لەنێو دانیشتوانی ئوسترالیای ناوەندیدا باو بوو. دایکان لەو ناوچەیەدا لە ئەگەری مردنی منداڵەکانیاندا، گۆشتەکانیان دەخواردن و بەپێی بیرکردنەوەی خۆیان پێیان وابوو کە بەو کارە ئەو هێزەی کە لەکاتی هێنانەدنیای ئەو کۆرپە پێیان داوە، لێی وەردەگرنەوە.

خەڵکی گەلی باستان (باوباپیری فەرانسەویەکان) خواردنی گۆشتی بڕێک لە ئەندامانی لەشی مرۆڤیان ژبۆ چارەسەریی پزیشکیی بڕێ نەخۆشی بەسوود دەزانین. لە کۆتاییەکانی سەدەی پانزەی زایینیدا، کریستۆفەر کۆڵومبس لە دوورگەکانی ئانتیل - نێوان ئەمریکای باشوور و باکووردا - لەگەڵ هۆزێک بەناوی کارائیب ئاشنا بوو کە لە نێوانیاندا خواردنی گۆشتی مرۆڤ باو بوو. کولومب ناوی ئەوانی نایە، کانیبال . ئەم ناوە لە زۆربەی زمانە ئورووپاییەکاندا بە واتای مرۆڤخۆر بەکارهێنراوە. ئورووپاییەکان بە خوو، خەسڵەت و نەریتی ھاوچەشنخۆری دەڵێن کانیبالیزم. لە دنیای ئەمڕۆدا بەهۆی نزیکی نەتەوە و هۆزە جۆراوجۆرەکان لە یەکدی و بەرزبوونەوە و گەشەی زانست و شارستانییەت و هەروەها کلتوور، مرۆڤخۆری بەرەبەرە کاڵ و کاڵتر بووەتەوە و دەشێ وەکوو کلتوورێکی لەناوچوو ناوی لێ ببرێت.

مرۆڤخۆری لە سەردەمی سەفەوییەکاندا[دەستکاری]

مێژوونووسان ئاماژە بە دەستەیەک لە نۆکەرانی پاوشاکانی دەسەڵاتی سەفەوی دەکەن کە بە زیندوویی تۆمەتبارەکانیان خواردووە. پاوشاکانی دەسەڵاتی سەفەوی جگە لەوەش لە جۆرەها شێوازی دیکە بۆ سزادان کەڵکیان وەردەگرت و لەوانەش دەتوانین بەوە ئاماژە بکەین کە تۆمەتبارانیان دەخستنە بەردەمی سەگە مرۆڤخۆرەکان. دەوترێت کە زۆربەی ئەم شێوازگەلە کە لەو سەردەمە بۆ سزادان کەڵکیان لێ وەردەگیرا، لە نەریتە باو و ڕەسەنەکانی هەوارچییە تورکەکانی ئاسیای ناوەندی بوونە کە لە پشتیوانان و لایەنگرانی شا ئیسماعیلی سەفەوی بوونە و ئەویان لە بەدەسەڵات گەیییشتن یارمەتی کردووە و لەسەر کورسیی دەسەڵات جێگیریان کردووە.[١] لەو کۆمەڵە نەریت و خسڵەتە کە لەڕێگای لایەنگرانی شا ئیسماعیلی سەفەوییەوە هاوردەکران دەتوانین بە بەزیندووییخواردنی دوژمنەکانیان و کەڵکوەرگرتن لە کەڕاکە (کاسەی سەر)ـیان وەکوو خەڵات و شانازی، ئاماژە بکەین.[١] لە سەردەمی دەسەڵاتداریی سەفەوییەکاندا، دەستەیەک خوێنمژی مرۆڤخۆر بوون کە تۆمەتبارانیان بە زیندوویی دەخوارد. بڕێ جار پاوشاکانی دەسەڵاتی سەفەوی ئەو دەستە خوێنمژەیان بانگ دەکردن تا تۆمەتباران لە پێش چاویاندا بدڕن و هەڵیانپاچن. ئەم دەستە مرۆڤخۆرە لە کۆشکی شاعەباسدا ڕادەگیران و ناویان چیک (چگین) بوو. دەگێڕنەوە کە ئەم لەشکرە مرۆڤخۆرە هاوڕێ لەگەڵ شاعەباسدا دەگەڕان و بەردەوام لەگەڵیدا بوون تاوەکوو تۆمەتباران بە بەرچاویەوە ئەنجن ئەنجن بکەن و بیانخۆن. کەریم نەجەفی بەرزێگەر، شارەزا و لێکۆڵەری دیرۆکی سەفەوی دەنووسێت: سەفەوییەکان زۆربەی ئەم کردارانەیان لەژێر ناوی شیعە و ئیسلامدا دەکرد و پاساویان بۆ کارەکانیان دەهێنایەوە. بەگشتی سەفەوییەکان دەیانویست کە بۆ پاساوهێنانەوە و ڕەواییدان بە دەسەڵاتی خۆیان و جێگرەکانیان لە ئیسلام کەڵک وەرگرن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ^ a b Stewart R. Sutherland (1998). The World's Religions Published by G.K. Hall, Original from the University of California Digitized 8 Apr 2008 ISBN 0-8161-8978-1, 9780816189786، Page 362