بۆ ناوەڕۆک بازبدە

محەممەد نووری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە محەممەد نوریەوە ڕەوانە کراوە)
محەممەد نووری
لەدایکبوون١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٦
مردن١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩(٢٠٠٩-٠١-٠١) (٨٣ ساڵ ژیاوە)
زمانەکانی ئاخاوتنکوردیی ناوەندی
پیشەشاعیر

محەممەد نووری (١٩٢٦ -٢٠٠٩) ناسراو بە عەتری گڵۆڵانی شاعیر و نووسەر و کەسایەتی ناوداری کورد لە ساڵی ١٩٢٦ لە ناوچەی گەورکایەتی بۆکان لە دایک بووە. لە تەمەنی لاوییەوە تێکەڵاوی کار و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بووە. بەتایبەت لە ساڵانی ١٩٤٤ بەو لاوە تا ساڵانی ١٩٤٨ و ١٩٤٩ بەپێی سووڕی دەوران و ئاڵوگۆڕی زەمان، سەیر و سەمەرەی زۆری لە ژیاندا ھاتووەتە پێش، دیارە دوای کۆماری کوردستان وەک زۆربەی نووسەران و شاعیران و تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە تووشی دەربەدەری و چەرمەسەری ژیان دەبێ. ساڵی ١٩٧٥ لە ھەڵبژاردنی پارلمانی چوارەمی سەردەمای پاشایەتیدا وەک نوێنەری شاری بۆکان لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرا. بە گوێرەی ئەو کۆمەڵە شیعرانەی کە لێرە و لەوێ و بەتایبەتی لە گۆڤاری سروە و لەم دوایانەشدا لە دیوانەکەیدا چاپ کراون ھەڵدەگرێ وەک وێژەرێکی ڕەسەن و زمان پاراو و شاعیرێکی ناسک خەیاڵ لە قەڵەم بدرێ. شێواز و بیر و خەیاڵ و زمانی دەربڕین لە جیھانی شیعری مامۆستا نووریدا بە چەشنێک ئاوێتە بوون کە شێوازێکی شێعری تایبەت بە ئەم شاعیرەی خوڵقاندووە.

محەممەد نووری لە ماوەی ساڵانی ژیانی خۆیدا چەندین بەرھەمی جۆراوجۆری شیعری و نووسراوەی بەپێزی ھێنایە بەرھەم و لە بوارەکانی نووسین و شیعر و ھەڵبەست و پەخشان و زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا خزمەتێکی زۆری کرد. نووری ھاوتەمەن و ھاوبیری ھەژار، ھێمن، ئاوات، ھێدی و سەعید ناکام (عەبدوڵڵا مستەوفی) بووە.

محەممەد نووری لە ساڵی ١٩٢٧ (ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ١٣٠٥ی ھەتاوی) لە گوندی گڵۆڵانی خوارێ لە ناوچەی گەورکایەتی سەر بە شارستانی بۆکان لە داییک بووە. کوڕی «میرزا ئەبووبەکر» کوری خاڵە «حەمەزەندین» کە لەگەڵ چەند بنەماڵە لە ئێلی زەند ئاوارە بوون و ھاتوون لە گوندی قالوێی زەندان جێگیر بوون. ھەر لە تەمەنی منداڵیدا دڵ و مێشکی نووری بە بۆن و عەتری گوڵە جوانەکانی شلێرە و ونەوەشە و مێلاقە و گوڵە گەزیزەی وڵاتەکەی کوردستان زاخاو دراوە.

سەرەتاکانی کاری فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو ھەر لە تەمەنی گەنجێتیدا دەستی پێکرد و لە بارودۆخی فەرھەنگی ئەو ساڵانەی کوردستان و ئێراندا لە بوارەکانی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا خەریکی کار و چالاکی بووە. دواتر لە مەھاباد بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.ک و ناوی نھێنی «عەتری» بۆ دیاری کراوە. لە ناوەڕاستی ساڵانی ٤٠کان لە موکریان مامۆستای قوتابخانە بووە. لە میانەی ٧٠کان سەردەمێک نەخۆش کەوتووە و لە نەخۆشخانەی بووعەلی لە تاران ماوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٥ لە ھەڵبژاردنەکانی سەرتاسەری بیست و چوارەمین خولی پەرلەمان واتە ئەنجومەنی شۆڕای میللی لە تاران وەکوو پەرلەمانتار و نوێنەری خەڵکی شاری بۆکان و ناوچە ھەڵبژێردراوە و لەو ئەنجومەنە لە ٣ کۆمیسیۆندا ئەندام بووە.

تەرمی پاکی محەممەد نووری ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیران، نووسەران، زانایان، ھونەرمەندان و جەماوەر و چین و توێژەکانی جۆراوجۆری خەڵکی کوردستان دوای ڕێوڕەسمی بەڕێکردن بە ناو شەقامەکانی شاری بۆکاندا، لە گوندی ئەنبار سەر بە شارستانی بۆکان بە خاکی نیشتمان سپێردرا. لەو ڕێوڕەسمەدا شاعیری بۆکانی ڕەسووڵ چووپانی «شوانە» پارچە شیعرێکی سەبارەت بە کۆچی نووسەر پیشکەش کرد.

محەممەد نووری ئێوارەی دووشەممە ١٩ی ژانوییەی ٢٠٠٩ (ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٨٧ ھەتاوی) بەھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

بەرھەمەکان

[دەستکاری]

ھاوکات لەگەڵ کار و چالاکییەکانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە بەستێنی شێعر و ئەدەب و نووسین، بە زمانی کوردی بە شێوەیەکی بەردەوام کاری کردووە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە نازناوی «عەتری گڵۆڵانی» بەرھەمی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکردووەتەوە. لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا سەرجەمی بەرھەمەکانی ئەدەبی و کۆمەڵە شیعر و نووسراوە و نامە و بەسەرھاتی خۆی نووسیوە و بەشێکی ئەو شیعر و نووسراوانەی لە گۆڤاری سروە و گۆڤاری مەھاباد و گۆڤارەکانی ھەرێمی کوردستان لەوانە گۆڤاری ڕامان و گۆڤاری ئاییندە چاپ کراوە.

لە ھاوینی ساڵی ٢٠٠٥ (ڕێکەوتی خەرمانانی ١٣٨٤) لەلایەن کۆمەڵێک لە شاعیران و نووسەران و ڕۆشنبیرانی ناوچەی بۆکان کۆرێکی ڕێز لێنان لە پلە و پایەی بەرزی ئەدەبی محەممەد نووری لە شاری بۆکان بەڕێوە چوو.

ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆمەڵێک لە نووسراوە و شیعرەکانی بە ناوی «شەوێک و خەوێک»، «بستووی ژیان» واتە کتێبی بیرەوەرییەکانی محەممەد نووری لەلایەن بنکەی ژین لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە لە نووسینی محەممەد نووری و لە پێداچوونەوە و ئامادەکردنی سەلاحەدین ئاشتی لە ٣١٢ لاپەڕەدا و چاپی یەکەمی لە ھەژماری ١٠٠٠ دانەدا چاپ کراوە.

نووری لە بەرھەم و شێعر و نووسینەکانیدا زۆر بە جوانی نیشانی داوە کە بە دڵ و ھەستێکی زۆر پاکەوە لەو پەڕی جوانیناسی و خاوەن ھەستی دا دەنووسێت و عەشق و خۆشەویستی وڵات و پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی دەوڵەمەند و ڕەسەنی کوردی بۆ ئەو گرینگییەکی یەکجار زۆری ھەبووە.

ھەروەھا لە شیعر و ھۆنراوە و پەخشانەکانیدا چۆنییەتی دەربڕینی ھەست و بیری ئەدەبی و فیکریی تایبەت بە خۆی ھەیە و وەکوو شاعیرێک کە خاوەنی ھەستێکی جوان و ناسک بووە، خۆی دەردەخات و بەرھەمەکانی پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٥٥ تا ٦٠ ساڵ ھێشتا تازەن و مۆرکی تایبەتی ئەو شاعیرەیان پێوە دیارە و لە نێو جیھانی شیعری کوردیدا ھەر دەدرەوشێنەوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]