محەممەد عابید سیراجەددینی
| محەممەد عابید سیراجەددینی | |
|---|---|
| نوێنەری خولی بیست و سێھەمی ئەنجومەنی ڕاوێژی نیشتمانی | |
| ناوچەی بەربژێری | سنە |
| وردەکاریی تاکەکەسی | |
| لەدایکبوون | ١٩٢٧ بیارە، باشووری کوردستان |
| نەتەوە | کورد |
| پیشە | کەسایەتی ئایینییەکانی ڕێبازی نەقشبەندی، شاعیر و سیاسەتوان |
| ئایین | ئیسلام، سوننی |
محەممەد عابید سیراجەددینی (١٩٢٧ لە بیارە - ) لە کەسایەتی ئایینییەکانی ڕێبازی نەقشبەندی، شاعیر و سیاسەتوانی کوردە. ئەو نوێنەری سنە لە خولی بیست و سێھەمی ئەنجومەنی ڕاوێژی نیشتمانیی ئێران بووە.[١]
ژیان
[دەستکاری]محەممەد عابید سیراجەددینی لە ساڵی ١٩٢٧ لە بیارە لە باشووری کوردستان لەدایک بوو. بنەماڵەی لە کەسایەتییە ئایینییەکانی ڕێبازی نەقشبەندی بوون و محەممەد عوسمان سیراجەدینی دووەم مامی بوو. ئەو پەیوەندییەکی ھەرە نزیکی لەگەڵ مامی ھەبوو و لە زۆربەی دانیشتەکاندا وتاری دەگوت.[٢] سیراجەددینی لە بواری یاسای دادوەری و دەروونناسیی پەروەردەیی وانەی خوێند و بڕانامەی دکتۆرای وەرگرت. ئەو لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا زەواجی کرد و چوار منداڵی ھەبوو.[٣]
بە دوای سەرکوتکردنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ حکوومەتی پاشایەتیی پەھلەوی بۆ کاریگەریدانان لە سەر بیری گشتیی کوردەکان ڕادیۆی کوردیی تارانی دامەزراند و محەممەد عابید سیراجەددینی بوو بە سەرپەرشتی ڕادیۆ.[٣] لەو سەردەمەدا بوو کە سیراجەددینی مۆلەتی کارکردن لە ڕادیۆی بە حەسەن زیرەک نەدا و ئەو بەناچار چوو بۆ بەغدا و لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا گۆرانیی وت.[٤]
ھەروەھا دواتر لەنێوان ساڵانی ١٩٥٩-١٩٦٣ حکوومەتی پەھلەوی لە تاران ڕۆژنامەیەکی کوردی بە ناوی کوردستانی بڵاو کرد کە عەبدولحەمید بەدیعوززەمانی کوردستانی بەڕێوەبەر و بەرپرس[٥] و محەممەد عابیدی سیراجەددینی سەرنووسەری بوون.[٣]
محەممەد عابید سیراجەددینی ھەروەھا نوێنەری سنە لە خولی بیست و سێھەمی ئەنجومەنی ڕاوێژی نیشتمانیی ئێران (١ی ئەیلوولی ١٩٧١ ھەتا ٧ی ئەیلوولی ١٩٧٥) بوو.[١]
شیعر
[دەستکاری]سیراجەددینی شیعریش نووسیوە و شیعرەکانی بە زمانەکانی سۆرانی، گۆرانی و فارسی لێ بەجێ ماوەتەوە. ئەو ھەروەھا ھەندێک لە شیعرەکانی سەعدی و حافزی لە فارسی وەرگێڕاندووەتە سەر زمانی کوردی. ھەندێک لە شیعرەکانی سیراجەددینی لەلایەن گۆرانیبێژانی کورد وەکوو مەزھەر خالقی، حەسەن زیرەک و ... خوێندرانەتەوە.[٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 ئەنجومەنی ڕاوێژی ئیسلامی: نوێنەرانی ناوچەی بەربژێریی "کوردستان"، خولی ٢٣ (پێش شۆڕش)؛ سەردان لە ٤ی ئابی ٢٠٢٥.
- ↑ نقشبندی، عثمان. ١٣٧٩[=٢٠٠٠]، بر پھنە یاد (فارسی)، سنە: پەخشانگەی کوردستان، چاپی یەکەم؛ پپ ٣١-٣٩.
- 1 2 3 4 کەناڵی تێلێگرامیی ناوەندی مێژووی کورد و کوردستان: دکتۆر محەممەد عابید سیراجەددینی (فارسی)، نووسراو لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٠؛ سەردان لە ٤ی ئابی ٢٠٢٥.
- ↑ کورتەیەک سەبارەت بە حەسەن زیرەک (فارسی)، نووسراو لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٣؛ سەردان لە ٤ی ئابی ٢٠٢٥.
- ↑ ئاژانسی ھەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): بەسەرھاتێک لە بەدیعەکەی زەمان و فرەیدوونەکەی سەردەم (فارسی)، نووسراو لە ١١ی کانوونی دوومی ٢٠٢٠؛ سەردان لە ٤ی ئابی ٢٠٢٥.
| ئەم ژیاننامە وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |