محەممەدحوسێن شەھریار
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. (ئازاری ٢٠٢٦) |
| محەممەدحوسێن شەھریار | |
|---|---|
| بە South Azerbaijani: سید محمدحسین بهجت شهریار | |
| لەدایکبوون | ١ی کانوونی دووەمی ١٩٠٦ تەورێز، ئێران |
| مردن | ١٨ی ئەیلوولی ١٩٨٨ (٨٢ ساڵ ژیاوە) تاران، ئێران |
| شوێنی ناشتن | Maqbaratoshoara |
| زمانەکانی ئاخاوتن | زمانی تورکی، زمانی فارسی، زمانی ئازەربایجانی |
| زمانی نووسین | زمانی ئازەربایجانی، زمانی فارسی |
| پیشە | شاعیر، نووسەر، literary scholar |
| پەروەردە | زانکۆی تەورێز |
| ئایین | ئیسلام |
سەید محەممەدحوسێن بەھجەت تەورێزی (٢ی کانوونی دووەمی ١٩٠٦ – ١٨ی ئەیلوولی ١٩٨٨) ناسراو بە «شەھریار»، شاعیرێکی ئێرانی بوو کە بە زمانەکانی فارسی و تورکیی ئازەربایجانی شیعری نووسیوە. شەھریار لە نووسینی جۆرە جیاوازەکانی شیعر وەک قەسیدە، مەسنەوی، غەزەل، قیتعە، چوارینە و شیعری نیمایی دەستڕەنگین بوو؛ بەڵام زیاتر لە جۆرەکانی دیکە لە غەزەلدا بەناوبانگ بوو، لە غەزەلە ناسراوەکانی دەتوانرێت ئاماژە بە «عەلی ئەی ھوومای ڕەحمەت»، «خان نەنە»، «حەیدەر بابایە سەلام» و «آمدی جانم بە قربانت» بکرێت. شەھریار دڵسۆزییەکی تایبەتی بۆ عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب ھەبوو، ھەروەھا شەیدایییەکی زۆری بۆ حافز و فیردەوسی ھەبووە.
ئەو لە تەورێز لە خێزانێکی بۆستان ئابادی لە گوندی «خوشکەناب» لەدایکبوو و بەپێی وەسێتی خۆی لە «مەقبەرەتوولشوعەرا»ی تەورێز بە خاک سپێردرا. ڕۆژی ١٨ی ئەیلوول بەھۆی ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو، وەک «ڕۆژی نیشتمانیی شیعر و ئەدەب» ناودێر کراوە. گرنگترین بەرھەمەکانی شەھریار بە زمانی تورکی مەنزوومەی «حەیدەربابایە سەلام» و مەنزوومەی «سەھەندییە» ن، کە لە بەناوبانگترین بەرھەمەکانی ئەدەبیاتی تورکیی ئازەربایجانی ئەژمار دەکرێن و شاعیر تێیان دا باسی ڕەسەنایەتی و جوانییەکانی گوندی سەردەمی منداڵی و کێوی سەھەند دەکات.
شەھریار لەو شاعیرانەیە کە شیعر بە شوێنێکی گونجاو دەزانێت بۆ دەربڕینی ئەم بیرکردنەوە قووڵ و پەندئامێزانە، و زۆرێک لە ئامۆژگارییە ئەخلاقی و پەروەردەیییەکان لە قاڵبە جیاوازەکانی شیعردا (بەتایبەت لە قیتعە، چوارینە و دووبەیتییەکان) دەڵێتەوە. بینەری ئەم بیرۆکە و چەمکانەش مرۆڤایەتی و مرۆڤە لە درێژایی مێژوودا، نەک تەنھا بۆ کەسێکی تایبەت. پێویستە ڕوونبکرێتەوە کە باوکی ناوی حاج میرئاغا بەھجەت تەورێزی بووە کە لە تەورێز پارێزەر بووە. شەھریار سەردەمی منداڵی بەھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە شاردا، لە گوندەکانی «قایش قۆرشاق» و «خوشکەناب»ی بۆستان ئاباد بەسەر برد. ھەروەھا دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی لە تەورێز، لە ساڵی ١٣٠٠ی ھەتاوی (١٩٢١–١٩٢٢) بۆ درێژەدان بە خوێندن بەرەو تاران بەڕێکەوت و لە قوتابخانەی «دارولفەنوون» تا ساڵی ١٣٠٣ (١٩٢٤–١٩٢٥ز) و دوای ئەوەش لە بەشی پزیشکی درێژەی بە خوێندن دا. نزیکەی شەش مانگ پێش وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا، بەھۆی نەگەیشتن بە مەعشووقەکەی و ناڕەحەتیی دەروونی و ھەندێک ڕووداوی دیکە، دەستی لە خوێندن ھەڵگرت. ھەروەھا ناوبراو دوای گەشتێکی چوار ساڵە بۆ خۆراسان بۆ کارکردن لە فەرمانگەی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکانی مەشھەد و نەیشابوور، گەڕایەوە تاران. ئەو لە ساڵی ١٣١٥ (١٩٣٦–١٩٣٧)ز لە بانکی کشتوکاڵ دامەزرا و دوای ماوەیەک بۆ تەورێز گوازرایەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زانکۆی تەورێز شەھریاری وەک یەکێک لە پارێزەرانی شیعر و ئەدەبی نیشتمان ناوبرد و نازناوی دکتۆرای شانازیی پێ بەخشی. لە گەلاوێژی ١٣٣٢ (تەممووز یان ئابی ١٩٥٣ی زایینی) ھاتە تەورێز و لەگەڵ یەکێک لە خزمەکانی خۆی بە ناوی «عەزیزە عەبدولخالقی» ھاوسەرگیری کرد کە بەرھەمی ئەم ھاوسەرگیرییە سێ منداڵ بوو.[١]