بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ماندانا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ماندانا
خەونەکەی ئاستیاگ
ھاوسەرقەمبیزی یەکەم
منداڵ(ەکان)کۆڕشی مەزن
خێزانھەخامەنشی
باوکئاستیاگ
دایکئاریەنیس (؟)
لەدایکبووننز. ٦٠٠ پ.ز
ماد
مردن٥٥٩ پ.ز ؟
پارس
ناشتنگۆڕ دۆختار (؟)
ئاییندینی ھیندۆ-ئێرانی[١]

ماندانا (بە یۆنانی: Μανδάνη، Mandánē) شازادەیەکی ماد بوو و دواتر شاژنە ھاوسەری پادشای فارس قەمبیزی یەکەم و دایکی کورووشی مەزن بوو کە دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی بوو. پێدەچێت ناوەکە لە زمانی ئێرانیی کۆن *Mandana- ەوە سەرچاوەی گرتبێت کە بە واتای «دڵخۆشکەر» دێت.[٢][٣]

ماندانا کچی ئاستیاگ بووە، بەڵام ناوی دایکی باس نەکراوە. دەوترێت ئاستیاگ لە ساڵی ٥٨٥ پێش زایین لەگەڵ ئاریەنیس ھاوسەرگیریی کردووە، بەڵام بەدووری دەزانرێت ئاریەنیس دایکی ماندانا بووبێت. لەوانەیە کچی ھاوسەرێکی پێشووی ئاستاگ بووبێت.[٤] بەپێی مێژوونووسی یۆنانی ھیرۆدۆت، ئاستیاگ خەونێکی بینیوە کە کچەکەی لەبەردەمیدا وەستابوو، لەناکاو ڕووەکێک لە پشتییەوە دەستی بە گەشەکردن کرد، ڕیشەکانی درێژکردەوە بۆ ئەوەی ھەموو ئاسیا بگرێتەوە. بانگەوازی لە جادووگەر و قەشەکان کرد کە خەونەکە لێکبدەنەوە، ئەوانیش ڕوونیان کردەوە کە ڕووەکی ترێ نوێنەرایەتیی نەوەکەی دەکات کە کوڕی ماندانایە، کە جێگەی خۆی دەگرێتەوە لەسەر تەخت و فەرمانڕەواییی ھەموو ئاسیا دەکات. لە ساڵی ٥٧٧ پێش زایین، کاتێک ماندانا گەیشتە تەمەنی ھاوسەرگیری، ئاستیاگ ماندانای دا بە قەمبیزی یەکەم و ھاوسەرگیرییان کرد، فارسێک کە ڕەچەڵەکێکی بەرزی ھەبوو و ڕەفتارێکی نەرم و نیانی ھەبوو و پێگەیەکی نزمتری لە مادەکان ھەبوو. بۆیە ئاستیاگ باوەڕی نەدەکرد کە قەمبیزی یەکەم مەترسی لەسەر شانشینی خۆی دروست بکات.[٥] ھاوسەرگیری ماندانا لەگەڵ قەمبیز لەلایەن ئاستیاگەوە ھاندرا بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ماد و فارسەکان.[٦][٧]

ماندانا کوڕێکی بە ناوی کورووش (کۆڕش) لەدایکبوو، کە ئاستیاگ فەرمانی دا کە لەلایەن ھارپاگەوە بکوژرێت. بەڵام ھارپاگ منداڵەکەی ڕادەستی شوانێک کرد و درۆی لەگەڵ ئاستیاگ کرد و وتی کورووش کوژراوە. کاتێک کورووش گەورە بوو، ئاستیاگی باپیرەی بۆی دەرکەوت کە لە ژیاندایە و ڕێگەی پێدا بگەڕێتەوە بۆ لای دایک و باوکی لە فارس. ھەروەھا زەینەفۆن لە بەرھەمەکەیدا بەناوی کۆڕشنامە باسی ماندانا دەکات. بەپێی چیڕۆکەکەی، ماندانا لەگەڵ کوڕەکەی گەشتیان کردووە بۆ شوێن و کۆشکی ئاستیاگ، لەوێ کۆڕشی ھەرزەکار باپیرەی تووشی سەرسوڕمان کردووە و باپیرە بڕیاریداوە لە شوێنەکەدا بمێنێتەوە. بەڵام ماندانا گەڕایەوە بۆ لای ھاوسەرەکەی قەمبیزی یەکەم لە فارس. دوای چەند ساڵێک، کورووش داوای لە ئاستیاگ کرد کە ڕێگەی پێبدات بگەڕێتەوە بۆ فارس، بەڵام ماوەیەک دوای ڕۆشتنی لە ئەکبەتانا، ڕاپەڕینی فارس دەستی پێکرد.[٨] خەونەکانی ئاستیاگ و لێکدانەوەکانیان بوونە واقیع کاتێک کورووش سەرکردایەتیی ئەو ڕاپەڕینەی کرد کە لە ئەنجامدا ئاستیاگ لە تەختی پادشایەتی دوورخرایەوە و ڕووخانی شانشینی ماد و سەرھەڵدانی ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشییەکانی بەدواداھات.

گۆڕ-دۆختار، گوایە گۆڕی ماندانایە

ماندانا وەکوو پەیوەندییەکی نەسەبی بوو کە پادشاکانی شانشینی ھەخامەنشییەکانی بە بنەماڵەی شاھانەی کۆنی مادەوە دەبەستەوە.[٩] ھەندێک لە زانایان پێشنیاریان کردووە کە گۆڕی گۆڕ-دۆختار کە لە ساڵی ١٩٦٠ دۆزرایەوە، دەکرێت شوێنی ناشتنی ماندانا بێت. بەڵام زانایانی دیکە پێیان وایە کە ڕەنگە گۆڕەکە ھی ئاتۆسا، تێسپس، یان کورووشی یەکەم بێت.[١٠]

ھەندێک گومانیان لە وردبینیی مێژووییی ھاوسەرگیریی نێوان قەمبیز و ماندانا ھەیە. ڕەنگە دایکە مادییەکەی کورووش بۆ پاساوھێنانەوە بۆ حوکمڕانیی دواتری فارسەکان بەسەر مادەکاندا داھێنرابێت.[١١] وا دیارە مەبەست لەم چیرۆکە دامەزراندنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیە لە نێوان ئاستیاگ و کورووش، واتە لە نێوان میدیا و فارسدا. بەھۆی تۆماری مێژووییی شەڕی نێوان ئاستیاگ و کورووش و داگیرکردنی میدیا لەلایەن کورووشەوە وەک لە مێژووی نەبو نیددا ھاتووە، چیڕۆکی ھاوسەرگیریی نێوان قەمبیزی یەکەم و ماندانا، ھەروەھا لەدایکبوونی کورووش لەم ژن و مێردەدا، لە ڕووی مێژووییبوونییەوە زۆر جێگەی پرسیارە.[١٢] ھەروەھا باسەکەی کتسیاسیش ھەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کورووش لەگەڵ کچێکی ئاستیاگ بە ناوی ئەمیدیا ھاوسەرگیریی کردووە. ئەگەر ھەردوو باسەکەی کتسیا و ھیرۆدۆت ڕاست بن، ئەوا ھاوسەرگیریکردنی کورووش لەگەڵ ئەمیدیا حاڵەتێکی نائاساییی ھاوسەرگیری یان زینا لەگەڵ مەحاریم دەبێت، وەک ئەوەیە کە ھاوسەرگیریی لەگەڵ پووری خۆی کردبێت.[٤] سەرەڕای ئەوەش، گێڕانەوەی ھیرۆدۆت لەلایەن زۆربەی زانایانی مۆدێرن وەک جۆرج جی کامیرۆن بە جێی متمانە دادەنرێت.[١٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ↑ https://www.britannica.com/topic/Zoroastrianism
  2. ↑ Rüdiger Schmitt, "Mandane" in Encyclopædia Iranica, January 1, 2000
  3. ↑ «Mandane - Enciclopedia». www.treccani.it (بە ئیتالی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  4. 1 2 «Astyages - Livius». Livius.org. لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ھێنراوە. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:1» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  5. ↑ Herodotus, Histories, Book I, Clio, 107 [pt] [el] [el/en] [ael/fr] [en] [en] [en] [es]
  6. ↑ «A brief history of ancient Iran». Iran Daily. ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢.
  7. ↑ L. Daniel، Elton؛ Mahdi، Ali Akbar (٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦). Culture and Customs of Iran. Bloomsbury Publishing. لاپەڕە ٩. ژپنک ٩٧٨٠٣١٣٠٦٠٤٣٤.
  8. ↑ «History of Iran: Cyropaedia of Xenophon; The Life of Cyrus The Great, Book 1». iranchamber.com. لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  9. ↑ Rudi Thomsen: Det Persiske Verdensrige, 1995.
  10. ↑ «Villagers threatening Achaemenid tomb in southern Iran». Tehran Times (بە ئینگلیزی). ١٠ی ئازاری ٢٠١٠. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  11. ↑ «Cambyses I - Livius». Livius.org. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  12. ↑ Rüdiger Schmitt, "Mandane" in Encyclopædia Iranica, January 1, 2000
  13. ↑ «CYRUS iii. Cyrus II The Great» (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ١٠ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.