بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ماجید مستەفا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ماجید مستەفا
لەدایکبوون١ی کانوونی دووەمی ١٨٩٦
سلێمانی، عێراق
مردن٢ی ئابی ١٩٧٤(١٩٧٤-٠٨-٠٢) (٧٨ ساڵ ژیاوە)
بەغدا، عێراق
پیشەسیاسەتوان
پۆستەکانوەزیری دەوڵەت، minister of social affairs، ئەندام پەرلەمان، ئەندام پەرلەمان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

ماجید مستەفا مەحموود سیاسەتمەدار و سەربازێکی کوردی عێراقی بوو، لە ساڵی ١٨٩٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٣٩ تا ١٩٤٢ ئەندامی پێشەنگی حیزبی ھیوا بووە. خوێندنی لە قوتابخانەی ڕووشدییە لە سلێمانی تەواو کردووە، پاشان بۆ تەواوکردنی خوێندن چووە ئەستەنبوڵ و لەوێوە چووە قوتابخانەی سەربازی و دەرچووە و وەک ئەفسەر لە سوپای عوسمانیدا کاری کردووە. لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا بەشداری شەڕی گالیپۆلی کردووە.

پۆستەکەی لە سوپای عوسمانی بەجێھێشت و لە سلێمانی پەیوەندی بە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیدەوە کرد. لەژێر فەرماندەیی ٢٠٠ چەکدار بوو لە ناوچەی مەرگە لە نزیک بنگرد لە قەزای دووکان. زۆر نزیک بوو لە شێخ مەحموودی حەفید و یاوەری بوو بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٧ چاوی بە شا فەیسەلی یەکەم بکەوێت، لەسەر ڕاسپاردەی شێخ مەحموودی حەفید، شا فەیسەڵی یەکەم لەو ساڵەدا وەک بەڕێوەبەری ناحیەی عەزیزییە لە قەزای کووت دەستنیشان کرد.

پاشان پۆستی جۆراوجۆری ھەبووە، لەوانە قایمقامی قەزای ئامێدی بۆ ماوەی ساڵانی ١٩٢٩–١٩٣١، ھەروەھا موتەسەڕیفی لیوای زیقار لە ساڵی ١٩٣٦، پاشان موتەسەڕیفی لیوای دیوانییە لە ساڵی ١٩٣٧، پاشان موتەسەریفی لیوای عەمارە بۆ ماوەی ساڵانی ١٩٣٨–١٩٤١. یەکێک لە گەڕەکەکانی عەمارە بە ناوی ئەوەوە ناو نراوە بەناوی گەڕەکی ئەلماجیدییە.

لە ساڵی ١٩٤١ بەھۆی ھاوسۆزی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕەشید عەلی گەیلانی لە خزمەت دوورخرایەوە.

ھەروەھا پۆستی جێگری (نوێنەرایەتی) پارێزگای سلێمانی (لیوای سلێمانی) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا وەرگرتووە: لە خولی نۆھەمدا لە ماوەی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٣. ھەروەھا لە خولی چواردەیەمدا لە ٩ی حوزەیرانی ١٩٤٥ بۆ ٣ی ئابی ١٩٤٥.

لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٣ تا ٤ی حوزەیرانی ١٩٤٤ وەک وەزیری بێ وەزارەت لە حکوومەتی نووری سەعیددا کاری کردووە لە سەردەمی بزووتنەوەی بارزانیدا وەک ناوبژیوانێک لە نێوان مستەفا بارزانی و حکوومەتی نووری سەعید ڕۆڵی گێڕاوە، کە لە ٧ی ١ی ١٩٤٤ لە گوندی ئەسپیندەر لە نزیک مێرگەسوور چاوی بە مستەفا بارزانی کەوتووە.

ھەروەھا لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩٥٠ لە حکوومەتی نووری سەعید وەک وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەستنیشانکرا.

ماجید مستەفا، مامی فواد عارف، یاریدەدەری مەلیک غازی بوو.

مەجید مستەفا لە ساڵی ١٩٣٦ خەڵاتی نیشانی ڕافیدەینی لە جۆری مەدەنی و پلەی سێیەمی پێبەخشرا و لە ساڵی ١٩٥٣دا مەدالیای کەوکەبی ئوردنی پێبەخشرا.

لە ٢ی ئابی ١٩٧٤ لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی ئەلغەزالییە بە خاک سپێردرا.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]