بۆ ناوەڕۆک بازبدە

لەیلا قاسم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لەیلا قاسم

لەدایکبوون١٩٥٣[١]
گوندی بامیل، خانەقین،  کوردستان[٢]
مەرگ١٢ی ئازاری ١٩٧٤(١٩٧٤-٠٣-١٢) (٢٠–٢١ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگلە سێدارەدان
پیشەچالاکوانی سیاسی
کاربووکی کوردستان

لەیلا قاسم (لەدایکبووی ١٩٥٢ لە خانەقین، کوردستان–مردووی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لە بەغدا، عێراق)[٣] چالاکوانێکی سیاسیی کورد بوو، کە ڕژێمی بەعسی عێراق لە بەغدا لە سێدارەی دا. لەیلا قاسم وەک یەکەم کچی شەھیدی خەباتی کورد وە زۆر جاریش بە بووکی کوردستان ناوی دەھێنرێت.[٣][٤]

وێنەی پەیکەری لەیلا قاسم لە داون تاون لە هەولێر

ژیانی لەیلا قاسم

[دەستکاری]

لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەری کورد، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە،[٥] لەیلا سێ برا و خووشکێکی ھەبووە بەناوەکانی سەبیحە، سەلام، سەفا، سەڵاح.[٥] قاسم حەسەنی باوکی لەیلا، کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەلوەند بوو. دوای ئەوەی قاسم خانەنشین کراوە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا.[٦] ھەموو خوشک و براکانی لەیلا (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح) خەریکی خوێندن بوون. سەرباری خوێندن ھەریەکەیان لەپای خوێندنەکەیان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەکەیان کاریان کردووە.

لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو کردووە. لەیلا لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە.[٧][٨]

بەشداری سیاسەت

[دەستکاری]

لەیلا ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیداکرد. ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە. لەیلا ساڵی ١٩٧٠ بوو بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کردستان.[٣][٩] لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان. لە کاتێکدا کە دەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ و لە دێھاتەکاندا خەبات بکات، لەیلا بە پێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە کوڕەکانی کورد خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان بوو، بەتایبەتیش کە بۆ خودی خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورددا تێگەیشتبوو.

لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بە ناوی جەواد ھەمەوەندی کە بەیەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، زۆر یەکتریان خۆشدەویست. ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغدا بوو، بەڵام خۆشەویستییەکی بێسنووریان لەنێواندا ھەبوو. لەیلا ھەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسی کورد و بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی ڕێکخستن بوو لەنێو شارەکاندا.

لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی ھەردووکیان ھاوبیر و کۆک بوون لە پرسەکاندا لەپێناو سەرکەوتنی دۆزی گەلەکەیاندا. لەیلا بە خەبات و تێکۆشانی خۆی سەلماندی کە ژنانیش شانبەشانی پیاوان دەتوانن خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەیان بەڕێوەببەن.

لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠ کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە قۆناخێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانیان سەرباری نکۆڵیکردنی ڕژێمی بەعس لە ھەبوونی گەلی کورد، ئەوان سوور بوون لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلەکەیان. ھەروەھا لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٤ بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی زانستییان لەسەر کۆمەڵگەی کورد ئەنجامدابوو و لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە. بەڵام بەھۆی تێکچوونی گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و ڕێژیمی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پاشانیش بەھۆی گیرانی لەیلا قاسم و جەواد و ھاوڕێکانی تریان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەشیان لەلایەن سیخوڕەکانی حکومەتی عیراقەوە لەناوبردرابوو.

فراوانکردنی چالاکییەکان

[دەستکاری]

لە ئازاری ١٩٧٤دا دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و ھێرشکردنەوەی ڕێژیمی عێراق بۆسەر ناوچەکانی کوردستان، ڕێژیمی بەعس دەستیکرد بە کۆچبەرکردنی ھەزاران کورد و بۆردومان کردنی ھەر دوو شاری قەڵادزێ و ھەڵەبجە و ڕاوەدوونان و گرتنی ڕۆشنبیران و قوتابیان و ئازادیخوازانی کورد. ھەر لەو کاتەدا ھەزاران کەسیش لە تاکەکانی کۆمەڵ بۆ بەرگریکردن لە مافی نەتەوەکەیان ڕوویان لە شاخەکان کرد و چەکی پێشمەرگەیاتییان ھەڵگرت. لەو کاتەدا لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی و نەریمان فوئاد و ھەندێک لە ھاوڕێکانی تریان پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵکو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا پێویستییەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناخەیە، بۆیە ڕوویان نەکردە شاخەکان و لە بەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان مانەوە.

دەستگیرکردنی

[دەستکاری]

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک‌بەیەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی ١٩٧٤/٠٤/٢٨دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکران.[٦][١٠]ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.[١١]

لەیلا لە وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: «بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم.» ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.

لەسێدارەدانی لەیلا قاسم

[دەستکاری]

ڕێژیمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد. ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران. تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێکی نەجەف شاردرایەوە.[١٢] سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کە وێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە کۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.

ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە کوردستاندا بڵاو بۆوە. ھەروەھا ھەندێک لە چاپەمەنییەکانی ئەوساکەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەک لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوکردۆتەوە.

دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای کوردستان ھەزاران منداڵی کورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆک و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی کوردی وەک جگەرخوێن و ھێمن و زۆری تر. ھەروەک ھێمن لەسەر قارەمانی لەیلا دەڵێ:

کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی منلە بسکت ڕەشترە مانگەشەوی من
برۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازەکە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من
بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری!بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم
ئەوە پەت نییە میدالی ئیفتخارەکە بوومە قارەمانی میڵەتی خۆم

لەیادنەچوون

[دەستکاری]

چەندین خێزانی کورد بەھۆی لەیلا قاسمەوە ناوی منداڵەکانیان ناوە لەیلا.[٥] ھەموو ساڵێک یادی مردنەکەی لەلایەن کوردەوە دەکرێتەوە.[١٣] لە کەلار پاڕکێک بەناوی لەیلا قاسم کراوە.[١٤]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ مومتاز حەیدەری؛ ھێرش سنجاوی؛ کاروان قاسم (٢٠١٤). قامووسی ناوە نەمرەکان. Vol. بەرگی یەکەم (یەکەم ed.). p. ٦٠.
  2. ^ «ئەمڕۆ 46مین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم کچە تێکۆشەری کوردە». خەبات. لە ڕەسەنەکە لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  3. ^ ئ ا ب Leyla Qasim: Bride of Kurdistan، ماڵپەڕی pcdn، ڕۆژی ٢١ی ئایاری ٢٠١١ لەلایەن پاتریک ماک مانوس بڵاوکراوەتەوە.
  4. ^ لەیلا قاسم؛ یەکەم ژنە کورد کە لەسێدارە درا[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی ژیان، ١٢ی ئایاری ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  5. ^ ئ ا ب لەیلا قاسم لە ماڵێکی ھەژارەوە گەیشتە لوتکەی تێکۆشان، ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستان، ١٢ی ئایاری ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە.
  6. ^ ئ ا لەیلا قاسم، ماڵپەڕی خەڵک، ڕۆژی ٢ی تەممووزی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  7. ^ ٤٥ ساڵ لەمەوبەر لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی لە سێدارە دران[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی خەندان، ١٢ی ئایاری ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  8. ^ لەیلا قاسم، ماڵپەڕی کوردستانی نوێ، ١١ی ئازاری ٢٠١٩ لەلایەن لەتیف فاتیح فەرەج نووسراوە.
  9. ^ Leyla Qasim: symbol of freedom, and Independence ١٢ی ئایاری ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی kurdistantribune، ٨ی ئازاری ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە.
  10. ^ لەیلا قاسم؛ سیمبولی ژنی شۆڕشگێری کورد، ماڵپەری سبەی، ١٢ی ئایاری ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  11. ^ مێژوو ھەڵگری ناسنامە و تێکۆشانی لەیلا شۆڕشگێڕەکانە[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی ڕۆژنیوز، ١٢ی ئایاری ٢٠١٩.
  12. ^ بارزانی: لەیلا قاسم فێری ژیان بۆ ئازادی کردین، ماڵپەڕی ڕووداو، ١٣ی ئایاری ٢٠١٣.
  13. ^ «Leyla Qasim: Bride of Kurdistan». Peace and Collaborative Development Network. ٢١ی ئایاری ٢٠١١. لە ڕەسەنەکە لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ ھێنراوە. ٢٣ی ئایاری ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  14. ^ «Parties in South Kurdistan react to US decision». ANF News (بە ئینگلیزی). لە ١٢ی ئایاری ٢٠١٩ ھێنراوە.