لەشکرکێشیی ماد و بابل بۆ سەر ئیمپراتۆریەتیی ئاشووری
| لەشکرکێشیی ماد و بابل بۆ سەر ئیمپراتۆریەتیی ئاشووری | |||||||
|---|---|---|---|---|---|---|---|
نەخشەی ئیمپراتۆرییەتیی ئاشووریی نوێ لە ساڵی ٨٢٤ پێش زایین (سەوزی تۆخ) و لە لووتکەی دەسەڵاتیدا لە ساڵی ٦٧١ پێش زایین (سەوزی کاڵ)، لە سەردەمی پاشا ئەسەرحەدۆن | |||||||
| |||||||
| شەڕکەرەکان | |||||||
|
|
| ||||||
| فەرماندە و سەرکردەکان | |||||||
|
|
| ||||||
داگیرکردنی ئیمپراتۆرییەتیی ئاشوور لەلایەن ماد و بابل دوا شەڕ بوو کە ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی نوێ ئەنجامیدا، لە نێوان ساڵانی ٦٢٦ بۆ ٦٠٩ پێش زایین. ئاشوور-ئێتیل-ئیلانی (ح. ٦٣١–٦٢٧ پێش زایین) پادشای نوێی ئاشوور، کە جێگەی براکەی گرتەوە بە ناوی سین شار ئیشکون (ح. ٦٢٧–٦١٢ پێش زایین)، یەکسەر ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی یەکێک لە ژەنەڕاڵە سەرەکییەکانی براکەی بووەوە، بەناوی سین-شومو-لیشیر، کە ھەوڵیدا تەختی پادشایەتی بۆ خۆی دەستبەسەردا بگرێت.
ھەرچەندە ئەم ھەڕەشەیە تاڕاددەیەک خێرا مامەڵەی لەگەڵدا کرا، بەڵام ڕەنگە ئەو ناسەقامگیرییەی کە بەھۆی شەڕە ناوخۆیییە کورتەکەوە دروست بوو، بووبێتە ھۆی ڕێگا بۆ خۆشبوون بۆ بەرپرسێکی دیکە یان ژەنەڕاڵێکی دیکە، بەناوی نەبوپلاسەر (ح. نز. ٦٢٦ – ٦٠٥ پێش زایین)، بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە بابل.
بێتواناییی سین شار ئیشکون لە شکستپێھێنانی نەبوپلاسەر، سەرەڕای ھەوڵە دووبارەبووەوەکانی لە ماوەی چەند ساڵێکدا، ڕێگەی بە نەبوپلاسەر دا دەسەڵات بچەسپێنێت و ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ پێکبھێنێت. نەبوپلاسەر سەربەخۆییی بابلی گەڕاندەوە دوای زیاتر لە سەدەیەک لە حوکمڕانیی ئاشوورییەکان. ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ، لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتیی تازە پێکھێنراوی ماد لە سەردەمی پادشا کەیخەسرەو (ح. ٦٢٥–٥٨٥ پێش زایین)، ھێرشیان کردە سەر دڵی ئیمپراتۆرییەتیی ئاشوورییەکان. لە ساڵی ٦١٤ پێش زایین، مادەکان شاری ئاشوور کە دڵ و پایتەختی ئایینیی ئیمپراتۆرییەتیی ئاشوور بوو، گرتیان و تاڵان و وێرانیان کرد و لە ساڵی ٦١٢ پێش زایین، سوپایە یەکگرتووەکانیان ھێرشیان کردە سەر نەینەوای پایتەختی ئاشوور و ڕووخاندیان.
چارەنووسی سین شار ئیشکون نادیارە بەڵام گریمانە دەکرێت کە لە بەرگریکردن لە پایتەختەکەیدا مردبێت. دوای ئەوە لەلایەن ئاشوور-ئوبالیتی دووەمەوە وەک پادشا جێگای گیرایەوە (ح. ٦١٢–٦٠٩ پێش زایین)، کە لەوانەیە ئاشوور ئوبالیت کوڕەکەی بووبێت، کە ئەوەی لە سوپای ئاشوورییەکاندا مابوویەوە لە شاری حەڕان کۆی کردەوە و بە ھاوپەیمانیی لەگەڵ میسردا توانی بەھێزتریش ببێت، و بۆ ماوەی سێ ساڵ حوکمڕانیی کرد، تا دوا ھەوڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی ماد و بابل بۆ سەر شانشینەکەی.
پێشینە
[دەستکاری]لە نیوەی یەکەمی سەدەی حەوتەمدا، ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی نوێ لە لووتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو، تەواوی کەوانەی بەپیتی کۆنترۆڵکردبوو و ھاوپەیمانیی میسری کرد؛ بەڵام کاتێک پادشای ئاشووری، ئاشووربانیپاڵ، لە ساڵی ٦٣١ پێش زایین بە ھۆکاری سروشتی کۆچی دواییی کرد،[٤] کوڕەکەی، ئاشوور ئێتیل ئیلانی جێگەی گرتەوە و بەرەوڕووی دژایەتی و نائارامی بووەوە، ئەمەش ڕووداوێکی باو بوو لە مێژووی ئاشوورییەکاندا.[٥] بەرپرسێکی ئاشووری بە ناوی نەبو-ڕیتوو-ئوشوور ھەوڵیدا بە یارمەتیی بەرپرسێکی دیکە بە ناوی سین شار ئیبنی تەختی ئاشوورییەکان بگرێت، بەڵام پادشا، پێدەچێت بە یارمەتیی سین-شومو-لیشیر، نەبو-ڕیتوو-ئوشوور و سین-شار-ئیبنیی ڕاگرتبێت، کە پیلانەکەیان تاڕاددەیەک خێرا چەقێندرا و لەنێوبردرا.[٤][٥] بەڵام ئەگەری ئەوە ھەیە کە ھەندێک لە حاکم یان والییەکانی ئاشووری سەردەمی ئەو فەرمانڕەوا لاوازانەیان بەکارھێنابێت بۆ ئەوەی خۆیان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئاشوورییەکان ڕزگار بکەن و تەنانەت ھێرش بکەنە سەر بنکە ئاشوورییەکانیش. لە نزیکەی ساڵی ٦٢٨ پێش زایین، یۆشیا کە حاکم یان والییەکی ئاشووری و پادشای یەھوودا بوو لە شام، خاکەکەی فراوان و گەورەتر کرد تا گەیشتە کەناراوەکان، شاری ئەشدۆدی گرت و ھەندێک لە گەلەکەی خۆی لەوێ نیشتەجێ کرد.[٤] کۆتاییی ئاشور-ئێتیل-ئیلانی ڕوون نییە، بەڵام زۆرجار گریمانە دەکرێت، بەبێ ھیچ بەڵگەیەکی پشتگیریکراو، کە سین شار ئیشکۆنی برای شەڕی لەگەڵدا کردووە بۆ وەرگرتنی تەختەکەی[٤] و لە کۆتاییدا، لە ناوەڕاستی ساڵی ٦٢٧ پێش زایین بۆ سەر تەختی پادشایەتی بەرزبووەتەوە.[٦] بە نزیکەیی لە ھەمان کاتدا، پادشا و حاکمی بابل، کاندالانوو، مرد کە بووە ھۆی ئەوەی سین شار ئیشکۆن ببێتە فەرمانڕەوای تەواوەتیی بابل، وەک لە نووسراوەکانی ئەو لە شارەکانی باشوور وەک نیپوور، ئورووک، سیپار و خودی بابل دەیسەلمێنن.[٥] ھەروەھا لە دەوروبەری ئەم کاتەدا، ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی نوێ لە ناوەڕاستی وشکەساڵییەکی گەورەی ١٢٥ ساڵیدا بوو کە لە ساڵانی ٦٧٥ تا ٥٥٠ پێش زایین درێژبووەوە، ئەمەش ئیمپراتۆریەتەکەی زیاتر لاواز کردبوو.[٧]
شەڕەکە
[دەستکاری]سەرھەڵدانی بابل
[دەستکاری]
حوکمڕانیی سین شار ئیشکون لە بابل زۆری نەخایاند، چوونکە نزیکەی یەکسەر لە دوای ھاتنی بۆ سەر تەخت، ژەنەڕاڵ سین-شومو-لیشیر یاخی بوو.[٦] سین-شومو-لیشیر کەسایەتییەکی سەرەکی بووە لە سەردەمی ئاشوور-ئێتیل-ئیلانیدا، چەندین ڕاپەڕینی سەرکوتکردبوو، لەوانەیە سەرکردەی دیفاکتۆی وڵاتەکە بووبێت. ڕەنگە پادشایە نوێیەکە پێگەکەی خستبێتە مەترسییەوە، ھەربۆیە لە ھەوڵێکدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی ئاشوور بۆ خۆی، ڕاپەڕی.[٥] سین-شومو-لیشیر دەستی بەسەر ھەندێک شاردا گرت لە باکووری بابل، لەوانەش نیپوور و خودی بابل و بۆ ماوەی سێ مانگ لەوێ حوکمڕانیی کرد پێش ئەوەی لەلایەن سین شار ئیشکونەوە شکستی پێبھێنرێت.[٦] نەبوپلاسەر، کە لەوانەیە بە بەکارھێنانی ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییەی کە بەھۆی ڕاپەڕینەکەی پێشوو و بەردەوامیی حوکمڕانییە پچڕپچڕەکەی نێوانیان کە لە بەشی باشووردا دروست ببوو،[٦][٨] ھێرشی کردبێتە سەر ھەردوو نیپوور و بابل.[ئ] لە دوای ھێرشە پێچەوانە شکستخواردووەکەی ئاشوورییەکان، نەبوپلاسەر لە ٢٢–٢٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٦٢٦ پێش زایین بە فەرمی تاجی پادشای بابلی لەسەر دانرا و بابلی وەک شانشینێکی سەربەخۆ گەڕاندەوە.[٦]
لە ساڵانی ٦٢٥–٦٢٣ پێش زایین، ھێزەکانی سین شار ئیشکون جارێکی دیکە ھەوڵیان دا نەبوپلاسەر تێکبشکێننەوە، ھەربۆیە لە باکووری بابل ھەڵمەتێکیان ئەنجامدا. ھەڵمەتەکانی ئاشوورییەکان لە سەرەتادا سەرکەوتوو بوون، لە ساڵی ٦٢٥ پێش زایین دەستیان بەسەر شاری سیپاردا گرتەوە و ھەوڵی نەبوپلاسەریان بۆ داگیرکردنەوەی نیپوور بەرپەرچ دایەوە. ھەروەھا حاکم یان والییەکی دیکەی ئاشووریی ئیلام لەم ماوەیەدا باجدانی بە ئاشوورییەکان وەستاند و چەند شارێکی تری بابلیی دیکەش وەک دێر، یاخی بوون و پەیوەندییان بە نەبوپلاسەرەوە کرد. سین شار ئیشکون درکیکرد بەو مەترسییەی کە ئەم ئاژاوەیە دروستی دەکرد، ھەربۆیەش خۆی سەرکردایەتیی ھێرشێکی بەرپەرچدانەوەی گەورەی کرد کە لە ساڵی ٦٢٣ پێش زایین کە بە سەرکەوتوویی شاری ئورووک کۆنترۆڵکرایەوە.[٦] ڕەنگە لە کۆتاییدا سین شار ئیشکون سەرکەوتوو بووبێت، بەڵام ڕاپەڕینێکی دیکە بە سەرۆکایەتیی ژەنەڕاڵێکی ئاشووری لە پارێزگاکانی ڕۆژاوای ئیمپراتۆریەتەکە لە ساڵی ٦٢٢ پێش زایین ڕوویدا.[٦] ئەم ژەنەراڵە کە ناوی نادیارە، سوودی لە نەبوونی ھێزەکانی سین شار ئیشکون وەرگرت بۆ ڕێپێوانکردن بۆ سەر نەینەوا، چاوی بە سوپایەک کەوت کە بەبێ شەڕ خۆیان ڕادەست کرد و بە سەرکەوتوویی دەستی بەسەر تەختی ئاشووریدا گرت. تەسلیمبوونی سوپاکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە یاخیبووەکە ئاشووری بووە و لەوانەیە تەنانەت ئەندامی بنەماڵەی پاشایەتیش بووبێت، یان لانیکەم کەسێک بووبێت کە وەک پادشاش قبوڵکراو بێت.[٥] پاشان سین شار ئیشکون وازی لە ھەڵمەتەکەی بابل ھێنا بۆ شکستپێھێنانی دەستبەسەرداگرتنی تەختەکەی، دوای نزیکەی سەد ڕۆژ لە شەڕی ناوخۆ، ئەرکەکەی بە ئەنجام گەیاند؛ بەڵام نەبوونی سوپای ئاشوورییەکان وای کرد بابلیەکان دوا بنکە یان یەکەی ئاشووری کە لە بابل مابوونەوە لە ساڵانی ٦٢٢–٦٢٠ پێش زایین داگیر بکەن و دەستی بەسەردا بگرن.[٦] گەمارۆدانی بابل بۆ سەر ئورووک تا مانگی تشرینی یەکەمی ٦٢٢ پێش زایین دەستی پێکرد و ھەرچەندە کۆنترۆڵی شارە دێرینەکە لە نێوان ئاشوور و بابلدا دەگۆڕا، بەڵام تا ساڵی ٦٢٠ پێش زایین بە تووندی لەژێر دەسەڵاتی بابلیدا جێگیربوو،[١٠] و نەبوپلاسەر دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی بابلدا چەسپاند.[٦] لە ساڵانی دواتردا، بابلییەکان چەندین سەرکەوتنی دیکەشیان لە دژی ئاشوورییەکان بەدەستھێنا و تا ساڵی ٦١٦ پێش زایین، ھێزەکانی نەبوپلاسەر گەیشتنە ڕووباری بەلیخ. فیرعەون پسامتیکی یەکەم کە ھاوپەیمانی ئاشوورییەکان بوو، لەگەڵ ھێزەکانیدا بۆ یارمەتیدانی سین شار ئیشکون ڕێپێوانیان کرد. فیرعەونە میسرییەکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەڵمەتێکی کردبوو بۆ ئەوەی باڵادەستی بەسەر دەوڵەتە بچووکەکانی شام دابمەزرێنێت و لە بەرژەوەندیی ئەودا بوو کە ئاشوور وەک دەوڵەتێکی پارێزەر لە نێوان ئیمپراتۆریەتەکەی خۆی و دەوڵەتی بابل و مادەکانی ڕۆژھەڵاتدا بمێنێتەوە.[٦] ھەڵمەتێکی ھاوبەشی میسر و ئاشووری بۆ گرتنی شاری گابلینۆ لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٦١٦ پێش زایین ئەنجامدرا، بەڵام بە شکست کۆتاییی ھات، دوای ئەوە ھاوپەیمانانی میسر لە ڕۆژاوای فوراتدا مانەوە، تەنھا پشتگیرییەکی سنوورداریان پێشکەش دەکرد.[٦] لە ساڵی ٦١٦ پێش زایین، بابلییەکان لە ئەرابخا ھێزەکانی ئاشوورییان شکست پێھێنا و پاڵیان پێوەنان بۆ زێی بچووک.[١١] نەبوپلاسەر لە مانگی ئایاری ساڵی دواتردا نەیتوانی دەست بەسەر ئاشووری ناوەند و پایتەختی ئایینیی ئاشووردا بگرێت، ناچاری کرد پاشەکشە بکات بۆ تکریت، بەڵام ئاشوورییەکان نەیانتوانی تکریت بگرن و کۆتایی بە یاخیبوونەکەی بھێنن.[٦]
دەستێوەردانی مادەکان
[دەستکاری]
لە مانگی تشرینی یەکەم یان تشرینی دووەمی ساڵی ٦١٥ پێش زایین، مادەکان لەژێر سەرپەرشتیی پادشا کەیخەسرەودا، ھێرشیان کردە سەر ئاشوورییەکان و ناوچەکانی دەوروبەری شاری ئەرابخایان داگیرکرد وەک ئامادەکارییەک بۆ ھەڵمەتێکی کۆتاییی گەورە دژی ئاشوورییەکان.[٦] ھەر لەو ساڵەدا، لە شەڕی تاربیسوودا سین شار ئیشکونیان شکست پێھێنا و لە ساڵی ٦١٤ پێش زایین، ئاشووریان داگیرکرد و شارەکەیان تاڵان کرد و زۆرێک لە دانیشتووانەکەیان کوشت و سەریان بڕین.[١٢][١١][١٣][١٤] نەبوپلاسەر تەنھا دوای ئەوەی تاڵانکردنەکە دەستی پێکردبوو گەیشتە ئاشوور و لەگەڵ کەیخەسرەو کۆبووەوە و ھاوپەیمانیی لەگەڵیدا کرد و پەیمانێکی دژە ئاشووریی واژووکرد و نەبوخەد نەسر کوڕی نەبوپلاسەر لەگەڵ شازادەیەکی ماد، کچێکی کەیخەسرەو ھاوسەرگیریی کرد. دوای ماوەیەکی کەم، سین شار ئیشکون دوا ھەوڵی خۆی بۆ ھێرشی پێچەوانە دا، پەلەی کرد بۆ ڕزگارکردنی شاری گەمارۆدراوی ڕاھیلوو، بەڵام سوپای نەبوپلاسەر پاشەکشەی کردبوو پێش ئەوەی شەڕێک ڕووبدات.[٦] لە ساڵی ٦١٢ پێش زایین، مادەکان و بابلییەکان یەکیانگرت بۆ گەمارۆدانی نەینەوا، شارەکەیان گرتەوە دوای گەمارۆیەکی درێژخایەن و دڕندانە، لەگەڵ مادەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا لە ڕووخاندن و بە تاڵانبردنی شارەکە.[٦][١٥][١٦][١٧] ھەرچەندە چارەنووسی سین شار ئیشکون بە تەواوی دڵنیا نییە، بەڵام بە شێوەیەکی باو وا قبوڵکراوە کە لە بەرگریکردن لە نەینەوادا مردبێ.[١٨][١٩]
دوای لەناوچوونی ئاشوور لە ساڵی ٦١٤ پێش زایین، تاجە گوڵینەی نەریتیی ئاشوورییەکان مەحاڵ بوو،[٢٠] بۆیە ئاشوور ئوبالیتی دووەم لە حەڕان تاجی لەسەرنرا، کە کردییە پایتەختی نوێی خۆی. لەکاتێکدا بابلییەکان وەک پادشای ئاشووری دەیانبینی، بەڵام ئەو چەند ڕەعیەت و بەشانەی کە مابوونەوە کە ئاشوور-ئوبالیتی دووەم حوکمڕانیی لێی دەکرد، پێدەچێت ھاوبەشی ئەم بۆچوونە نەبووبن و نازناوی فەرمیی ئەو ھەروەک شازادەی جێنشین مابووەوە (mar šarri، بە واتای وشەیی بە واتای «کوڕی پادشا» دێت).[١٩] ھەرچۆنێک بێت، ئاشوور-ئوبالیت بە فەرمی پادشا نەبوو، ئەوە نیشان نادات کە ئیدیعای ئەو بۆ تەختی پادشایەتی چەواشە کراو بووە، تەنیا ئەوەندەیە کە ھێشتا بەو ڕێوڕەسمە نەریتییەدا تێنەپەڕیبوو کە وابکات ئەو ببێت بە پادشای مەزنی ئاشوور و پادشایەتی لە خوداوەندی گەورەی ئاشوور وەربگرێت.[١٩] ئامانجی سەرەکیی ئاشوور-ئوبالیت ئەوەبوو دەست بەسەر خاکی دڵی ئاشوورییەکاندا بگرێتەوە، لەوانەش ئاشوور و نەینەوا. ئەم تەماحە بە بەھێزکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانەکانی خۆی، میسر و مانناکان، تەواو مومکین بوو، دەسەڵاتە کاتییەکەی لە حەڕانەوە وەک شازادەی جێنشین، نەک بە شێوەیەکی یاسایی تاج لەسەرنراوی پادشا، زیاتر لە بارودۆخێکی کاتی دەچوو. بەڵکوو، دەسەڵاتی ئاشوور ئوبالیت لە حەڕان ساڵانی کۆتاییی دەوڵەتی ئاشووری بوون، کە لەم خاڵەدا، بە شێوەیەکی کاریگەر وەک ئیمپراتۆریەتێک بوونی نەمابوو.[١٥][١٩][٦] دوای ئەوەی خودی نەبوپلاسەر لە ساڵی ٦١٠ پێش زایین بە مەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٦١٠ پێش زایین دەستیان بە ھەڵمەتێک کرد لە دژی حەڕان.[٦] وە لە ترسی نزیکبوونەوەی سوپای ماد و بابل، ئاشوور ئوبالیت و بەشێک لە ھێزەکانی میسر لە شارەکە ھەڵھاتن و بەرەو بیابانەکانی سووریا ڕۆیشتن.[٢١] گەمارۆی حەڕان لە زستانی ساڵی ٦١٠ پێش زایین تا سەرەتای ساڵی ٦٠٩ پێش زایین بەردەوام بوو و لە کۆتاییدا شارەکە تەسلیم بوو.[٢٢] شکستی ئاشوور ئوبالیت لە حەڕان کۆتاییی بە دەوڵەتی ئاشووریی دێرین ھێنا، کە ھەرگیزیش نەگەڕایەوە.[١٩]
دوای ئەوەی بابلییەکان بۆ ماوەی سێ مانگ حوکمڕانیی حەڕانیان کرد، ئاشوور ئوبالیت لەگەڵ ھێزێکی زۆری سەربازانی میسری ھەوڵیاندا شارەکە بگرنەوە و لە مانگی حوزەیران یان تەممووزی ساڵی ٦٠٩ی پێش زایین گەمارۆیان دەستپێکرد.[٢١][٦] گەمارۆدانەکەی زۆرترینی دوو مانگی خایاند، تا مانگی ئاب یان ئەیلوول، پێش ئەوەی لەلایەن نەبوپلاسەرەوە ناچار بکرێت پاشەکشە بکات؛ لەوانەیە لە پێشتریش پاشەکشەیان کردبێت.[٦]
دەرئەنجام
[دەستکاری]چارەنووسی کۆتاییی ئاشوور ئوبالیت نادیارە و گەمارۆدانی حەڕان لە ساڵی ٦٠٩ پێش زایین دوایین جارە کە ناوی خۆی، یان ئاشوورییەکان بە گشتی لە تۆمارەکانی بابلیدا ھاتبێ.[٢١][٦] دوای شەڕی حەڕان، نەبوپلاسەر لە سەرەتای ساڵی ٦٠٨ یان ٦٠٧ پێش زایین دەستی بە ھەڵمەتەکەی کردەوە دژی پاشماوەکانی سوپای ئاشوور. وا بیر دەکرێتەوە کە ئاشوور ئوبالیت لەم خاڵەدا ھێشتا لە ژیاندا بووبێت، چونکە لە ساڵی ٦٠٨ پێش زایین فیرعەونی میسری نیکۆی دووەم کە جێنشینی پسامتیکی یەکەم بوو، بە شێوەیەکی شەخسی سوپایەکی گەورەی میسری بردە ناو خاکی پێشووی ئاشوورییەکان بۆ ئەوەی ھاوپەیمانەکەی ڕزگار بکات و شەپۆڵی زەریای شەڕەکە بگۆڕێت. ھیچ باسێک لە شەڕێکی گەورە لە نێوان میسرییەکان و ئاشوورییەکان و بابلییەکان و مادییەکان لە ساڵی ٦٠٨ پێش زاییندا نەکراوە، کە دەبوو لە سەرچاوە ھاوچەرخەکاندا باسی لێبکرایە بەو پێیەی ململانێی چوار گەورەترین ھێزی سەربازیی سەردەمی خۆیانی دیاری دەکرد، ھەروەھا ھیچ باسێکی دواتر لەبارەی ئاشوور-ئوبالیت نەکراوە، ئەگەری ئەوە ھەیە لە شوێنێکدا لە ماوەی ساڵی ٦٠٨ پێش زاییندا مردبێت، پێش ئەوەی شەڕێکی لەو شێوەیە ڕووبدات.[٢١] مێژوونووس ئێم بی ڕاوتن گریمانەی دەکرد کە ئاشوور-ئوبالیت تا ساڵی ٦٠٦ پێش زایین بژیایە،[٢١] بەڵام تا ئەم کاتە، ئاماژەکردن بە سوپای میسر لە سەرچاوە بابلییەکان ھیچ ئاماژەیەک بە ئاشوورییەکان یان پادشاکەیان لەگەڵیاندا ناکات.[٢٠]
ھەرچەندە لە دوای ساڵی ٦٠٩ پێش زایین باسی ئاشوور-ئوبالیت نەکراوە، بەڵام ھەڵمەتەکانی میسر لە شام بۆ ماوەیەک بەردەوام بوون تاوەکوو ئەوکاتەی شکستێکی گەورەیان لە شەڕی کەرکەمیش لە ساڵی ٦٠٥ پێش زایین بەرکەوت. بە درێژاییی سەدەی داھاتوو، میسر و بابل دوابەدوای کەوتنی ئاشوور ڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ یەکتردا ھەبووە، زۆرجار لەگەڵ یەکتردا شەڕیان دەکرد لەسەر کۆنترۆڵکردن لە ناوچەکانی مانگیلەی بەپیتدا.[٦][٢٣]
تێبینییەکان
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Liverani ٢٠١٣، لاپەڕە ٥٣٩.
- ↑ Frahm 2017، لاپەڕە 192.
- ↑ Curtis 2009، لاپەڕە ٣٧.
- 1 2 3 4 Ahmed 2018.
- 1 2 3 4 5 Na’aman 1991.
- 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 16 17 18 19 20 21 Lipschits 2005.
- ↑ Mary Caperton Morton (١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠). «Megadrought Helped Topple the Assyrian Empire». لە ٢١ی ئازاری ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ↑ Beaulieu 1997.
- ↑ Na’aman 1991، لاپەڕە ٢٥٦.
- ↑ Boardman 1992.
- 1 2 Boardman 2008.
- ↑ Liverani 2013.
- ↑ Bradford 2001.
- ↑ Potts 2012.
- 1 2 Frahm 2017.
- ↑ Dandamayev & Grantovskiĭ 1987.
- ↑ Dandamayev & Medvedskaya 2006.
- ↑ Yildirim 2017.
- 1 2 3 4 5 Radner 2019.
- 1 2 Reade 1998.
- 1 2 3 4 5 Rowton 1951.
- ↑ Bertman 2005.
- ↑ Edwards 1970.
کتێبنامە
[دەستکاری]- Ahmed، Sami Said (٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨). Southern Mesopotamia in the time of Ashurbanipal. De Gruyter. ژپنک ٩٧٨-٣-١١-١٣٩٦١٧-٠.
- Beaulieu، Paul-Alain (١٩٩٧). «The Fourth Year of Hostilities in the Land». Baghdader Mitteilungen. ٢٨: ٣٦٧–٣٩٤.
- Bertman، Stephen (١٤ی تەممووزی ٢٠٠٥). Handbook to Life in Ancient Mesopotamia. OUP USA. ژپنک ٩٧٨-٠-١٩-٥١٨٣٦٤-١.
- Boardman، John (١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢). The Cambridge Ancient History. Cambridge University Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢١-٢٢٧١٧-٩.
- Boardman، John (٢٨ی ئازاری ٢٠٠٨). The Cambridge Ancient History: Volume 3, Part 2, The Assyrian and Babylonian Empires and Other States of the Near East, from the Eighth to the Sixth Centuries BC (PDF). Cambridge University Press. ژپنک ٩٧٨-١-١٣٩-٠٥٤٢٩-٤. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- Bradford، Alfred S. (٢٠٠١). With Arrow, Sword, and Spear: A History of Warfare in the Ancient World. Greenwood Publishing Group. ژپنک ٩٧٨-٠-٢٧٥-٩٥٢٥٩-٤.
- Curtis، Adrian (١٦ی نیسانی ٢٠٠٩). Oxford Bible Atlas. OUP Oxford. ژپنک ٩٧٨-٠-١٩-١٦٢٣٣٢-٥.
- Edwards، Iorwerth Eiddon Stephen (١٩٧٠). The Cambridge Ancient History. Cambridge University Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢١-٢٢٨٠٤-٦.
- Frahm، Eckart (١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٧). A Companion to Assyria. John Wiley & Sons. ژپنک ٩٧٨-١-٤٤٤٣-٣٥٩٣-٤.
- Lipschits، Oded (٢٠٠٥). The Fall and Rise of Jerusalem: Judah Under Babylonian Rule. Eisenbrauns. ژپنک ٩٧٨-١-٥٧٥٠٦-٠٩٥-٨.
- Liverani، Mario (٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣). The Ancient Near East: History, Society and Economy. Routledge. ژپنک ٩٧٨-١-١٣٤-٧٥٠٨٤-٩.
- Na’aman، Nadav (١٩٩١). «Chronology and History in the Late Assyrian Empire (631—619 B.C.)». Zeitschrift für Assyriologie. ٨١ (١–٢): ٢٤٣–٢٦٧. doi:١٠.١٥١٥/zava.١٩٩١.٨١.١-٢.٢٤٣. S2CID ١٥٩٧٨٥١٥٠.
- Potts، Daniel T. (١٥ی ئابی ٢٠١٢). A Companion to the Archaeology of the Ancient Near East. John Wiley & Sons. ژپنک ٩٧٨-١-٤٤٤٣-٦٠٧٧-٦.
- Radner، Karen (٢٠١٩). «Last Emperor or Crown Prince Forever? Aššur-uballiṭ II of Assyria according to Archival Sources». State Archives of Assyria Studies. ٢٨: ١٣٥–١٤٢.
- Reade، J. E. (١٩٩٨). «Assyrian eponyms, kings and pretenders, 648–605 BC». Orientalia (NOVA Series). ٦٧ (٢): ٢٥٥–٢٦٥. JSTOR ٤٣٠٧٦٣٩٣.
- Rowton، M. B. (١٩٥١). «Jeremiah and the Death of Josiah». Journal of Near Eastern Studies. ٢ (١٠): ١٢٨–١٣٠. doi:١٠.١٠٨٦/٣٧١٠٢٨. S2CID ١٦٢٣٠٨٣٢٢.
- Yildirim، Kemal (٢٠١٧). «Diplomacy in Neo-Assyrian Empire (1180-609) Diplomats in the Service of Sargon II and Tiglath-Pileser III, Kings of Assyria». International Academic Journal of Development Research. ٥ (١): ١٢٨–١٣٠.
- وتارە باشەکان
- شەڕەکان
- بابل
- ماد
- مێژووی ڕۆژھەڵاتی ناوین
- مێژووی ئاشوورییەکان
- مێژووی کوردستان
- مێژووی میسر
- مێژووی عێراق
- مێژووی سەربازیی ئیمپراتۆریەتیی ئاشووری
- شەڕەکان بە بەشداریی بابل
- شەڕەکان بە بەشداریی ئیمپراتۆریەتیی ئاشوری
- شەڕەکان بە بەشداریی شانشینی ماد
- ململانێکانی سەدەی ٧ەمی پێش زایین
- سەدەی ٧ەمی پێش زایین لە ئیمپراتۆریەتیی ئاشوور