لەشکرکێشیی سۆران بۆ سەر بادینان
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |
| ھێرشی سۆران بۆ سەر بادینان | |||||||
|---|---|---|---|---|---|---|---|
| بەشێک لە شۆڕشی ڕەواندز، یەکەمین شەڕی سۆران و عوسمانی | |||||||
نەخشەی فراوانبوونەکانی سۆران لە سەردەمی میر محەممەد لە کاتی گرتنی میرنشینەکانی بادینان و داسنی و پەلھاوێشتن بۆ ناوجەرگەی باکووری کوردستان | |||||||
| |||||||
| شەڕکەرەکان | |||||||
|
|
| ||||||
| فەرماندە و سەرکردەکان | |||||||
|
|
| ||||||
| ھێز | |||||||
| زۆرتر | کەمتر | ||||||
| زەرەر و زیانە گیانییەکان | |||||||
| کەمتر | قوڕستر و زۆرتر | ||||||
لەشکرکێشیی سۆران بۆ سەر بادینان ئاماژەیە بۆ لەشکرکێشی و ھێرشە گەورەکەی میرنشینی سۆران بە سەرکردایەتیی میر محەممەدی پاشای ڕەواندز بۆ سەر میرنشینی بادینان (بەھدینان) لە ساڵی ١٨٣٢–١٨٣٣. لەشکرکێشییەکەی سۆران بۆ سەر بادینان بەشێک بوو لە ھەوڵەکانی میر محەممەد پاشای ڕەواندز بۆ یەکخستنی ھەموو میرنشینە کوردییەکان و فراوانکردنی سنوورەکانی میرنشینی سۆران بە ئامانجی یەکخستنی خاکە کوردییەکان و پێکھێنانی کوردستانێکی سەربەخۆ و ڕزگاربوون لەژێر دەستی ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاڕی.
پێشینە
[دەستکاری]لە ساڵی ١٨١٣دا میر محەممەد پاشای ڕەواندزی ناسراو بە پاشای گەورە یان پاشای کۆرە جێگەی مستەفا بەگی باوکی گرتەوە و مستەفا بەگیش لە ساڵی ١٨٢٦دا کۆچی دواییی کرد. ھەر کە میر محەممەد ھاتە سەر حوکم دەستی کرد بە پێشخستنی میرنشینەکەی لە ڕووی سەربازییەوە و سوپایەکی ڕێکخراو و پڕچەکی پێکھێنا و لە بوارەکانی دروستکردنی چەک و تەقەمەنیشدا چەندین کارخانەی دروستکردنی چەک و تۆپی دروست کرد. ئەم میرە دەستی کرد بە فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری بە ئامانجی یەکخستنی خاکی کوردستان. بەمەش لە سەرەتادا دەستی کرد بەوەی کە میرنشینە کوردییەکانی تر بھێنێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. سەرەتا دەستی کرد بە سەندنەوەی خاکەکانی سۆران لە میرنشینی بابان و لە سەرەتادا گەمارۆی ھەولێریدا و دەسەڵاتی خۆی بە تەواوەتی بەسەر ھەموو ناوچەکانی پارێزگای ھەولێری ئێستا چەسپاند سنوورەکەی گەیاندە سەر زێی بچووک و بەرەو پێشتریش و لەم لاوەش تاوەکوو پردێ و کەرکووک. لە ئەنجامیشدا زۆر بە سەرکەوتوویی ھەموو ئەو شوێنانەی گرت و میرنشینی بابانیش بەرامبەر ئەو سوپا گەورەیەی سۆران خۆی نەگرت و ھەموو ناوچەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی سۆران لە ماوەیەکی کەمدا.
لەم ماوەیەشدا لەشکری سۆران ڕووی کردە ناوچەکانی موکڕیان و بە سەرکەوتوویی لەژێر دەستی قاجاڕییەکان دەری ھێنا. تاوەکوو ساڵی ١٨٣١، ڕووی کردە لای زێی گەورە و ڕۆژھەڵاتی مووسڵ و دەڤەری ئێزیدییەکان و بە لەشکرێکی گەورەوە لەسەر زێی گەورە پەڕییەوە و تاوەکوو ساڵی ١٨٣٢ ھەموو ئەو ناوچانەی گرت و کوشتارێکی زۆریشی لە دەڤەری ئێزیدییەکان کرد.
ھێرشکردنە سەر بادینان
[دەستکاری]ھێرشی یەکەم
[دەستکاری]ساڵێک دواتر، واتا ساڵی ١٨٣٣، میر محەممەدی پاشای ڕەواندز لەشکرێکی گەورە و بە ھێزی وێکنا و بە یارمەتی و پاڵپشتییەکانی مووسا پاشای بادینان[ئ]، لەشکرەکە ڕووی کردە ئاکرێ و لە دوای چەند شەڕ و پێکدادانێک لە نێوان ھێزەکانی سۆران و ھێزەکانی ئیسماعیل پاشای بادینان شاری ئاکرێی گەمارۆدا و دوای ماوەیەکی کورت شارەکەی گرت و ئیسماعیل پاشاش ڕای کرد. لە پاش ئاکرێ، میر محەممەد چووە سەر دەڤەری زێبار و لەشکری سەعید پاشای شکاند و ئەوێشی گرت. دواتر لەشکری سۆران چووە سەر شاری ئامێدی، دواتر گەمارۆی ئامێدییان دا و بە سەرکەوتووانە شاری ئامێدی لەلایەن ھێزەکانی سۆران و میر محەممەدەوە گیرا و سەعید پاشای بە دیل گرت و لەو وڵاتەی دەرکرد و لە پاشدا مووسا پاشای کرد بە حاکمی ئامێدی. لە پاش گرتنی ئامێدی و دھۆک، ڕووی کردە شاری زاخۆ و ئەوێشی گرت. لە پاش زاخۆ ڕووی کردووەتە ئێزیدییانی لای بەعشیقە و کوشتارێکی زۆری بەسەریاندا ھێنا و عەلی بەگی سەرکردەیانی گرت و لە ڕەواندز بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کرا و کوژرا، دەشگوترێ لە دوای شەڕەکە لە گەلیی عەلی بەگ لە سێدارە دراوە و دواتر گەلییەکە ناوی ئەوی وەرگرتووە. دواتر ڕووی کردووەتە جزیرە و ماردین.
ھێرشی دووەم
[دەستکاری]
لە پاشدا، خەڵکی ئامێدی و بادینان مووسای پاشای حاکمیان وەدەرنا و دووبارە سەعید پاشایان کردەوە بە حاکم و ئەم ھەواڵەش گەیشت بە میر محەممەد پاشای ڕەواندز و دووبارە و سەرلەنوێ لەشکرێکی گەورەی ئامادە کرد و دەوری شاری مووسڵی دا و دواتر ڕووی کردەوە ئامێدی و بۆ ماوەی سێ مانگ گەمارۆی ئامێدیی دا و لە دواییدا شارەکە خۆی بە دەستەوە دا و سەعید پاشاشیان ڕادەستی میر محەممەد کرد. دواتر میر محەممەد باجی ناگوێڕایەڵی و دژایەتیکردنی خەڵکی ئامێدیی بە خراپە دا و زۆری لێیان کوشت. لە پاشدا میر محەممەد ڕەسووڵ بەگی برای خۆی کرد بە حاکمی ئامێدی و ئیتر بادینان بە تەواوەتی لکێنرا و پەیوەست کرا بە ڕەواندز.
لە شەڕە گرنگەکان
[دەستکاری]دەرئەنجام
[دەستکاری]
میرنشینی سۆران کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی میرنشینی بادینان و دەڤەری ئێزیدییەکان ھەموو ناوچەکانی و تاوەکوو مووسڵیشی گرتە دەست. ئامێدیی پایتەختی بادینانیش کەوتە ژێر حوکمی ڕاستەوخۆی ڕەواندزەوە. لە شوێنی مووسا پاشا کە یەکەم جار لەلایەن میر محەممەدەوە کرا بە حاکمی ئامێدی، ڕەسووڵ بەگ کرا بە حاکمی ئامێدی کە برای میر محەممەد پاشای ڕەواندز بوو. میر محەممەدیش بەردەوام بوو لە فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی دژ بە ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و قاجاڕی و پاڵپشتیشی لە ھاوپەیمانەکەی کە میسری محەممەد عەلی پاشا بوو دەکرد لە دژی دەوڵەتی عوسمانی و ھەموو میرنشینەکانیشی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
لە دوای دووەمین شەڕی سۆران و عوسمانی و سەرکەوتنی عوسمانییەکان و لەناوچوونی میر محەممەد، ئیسماعیل پاشای بادینان ھاتە مەیدان و میرنشینەکەی گرتە دەست؛ بەڵام زۆری پێ نەچوو، سەدری ئەعزەم مستەفا ڕەشید پاشا بەخۆی و لەشکرەکەیەوە ھاتە سەری و گەمارۆی ئامێدییدا و ناردییە بەغدا و لەوێ حەپسکرا و لە حەپسخانەدا گیانی لەدەستدا و میرنشینی بادینان بە تەواوەتی ھەڵوەشایە و لەناوچوو لە ساڵی ١٨٤٣.
تێبینییەکان
[دەستکاری]- ↑ مووسا پاشای بادینان یەکێک بوو لە ئەندامانی بنەماڵەی میرانی بادینان؛ بەڵام دووژمنی سەعید پاشا بوو، ھەر بۆیە لایەنی میر محەممەد پاشای ڕەواندزی گرت و پاڵپشتیی کرد لە دژی سەعید پاشا.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- تاریخی کورد و کوردستان، محەممەد ئەمین زەکی بەگ، بەرگی (١)، تەشەبووسی محەممەد پاشای ڕەواندزی.
- تاریخی کورد و کوردستان، محەممەد ئەمین زەکی بەگ، بەرگی (٢)، حکوومەتی پاشا کۆرە.
- چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی بابان و سۆران و بۆتان، کاوس قەفتان، میرنشینی پاشای کۆرە، ھۆی بەرزبوونەوە و ڕووخانی.
- کۆمەڵایەتییەکان (٩)، بەشی مێژوو. لا ٤٦.
- شەڕەفنامە. لاپەڕە ٣٥١.
- Ates، Sabri (٢٠٢١)، Gunes، Cengiz؛ Bozarslan، Hamit؛ Yadirgi، Veli (eds.)، «The End of Kurdish Autonomy: The Destruction of the Kurdish Emirates in the Ottoman Empire»، The Cambridge History of the Kurds، Cambridge: Cambridge University Press، لاپەڕە ٧٦، ژپنک ٩٧٨-١-١٠٨-٤٧٣٣٥-٤، لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.