لەخمییەکان
| لەخمییەکان | |
|---|---|
| دامەزران | ١ی کانوونی دووەمی ٠٢٦٨ |
| زمانەکانی ئاخاوتن | زمانی عەرەبی، زمانی سوریانی، زمانی پاڵەوی |
| ئایین | مەسیحییەتی ئۆرتۆدۆکس، دینی زەردەشتی، دینی عەرەبیی کۆن |
| وڵات | ئیمپراتۆریەتیی ساسانی |
| پایتەخت | حەیرە |
| پۆتانی شوێن | ٣١°٥٣′٠″N ٤٤°٢٧′٠″E |
| دەسەڵات | پاشایەتی |
| کۆتاییھاتن | ١ی کانوونی دووەمی ٠٦٠٢ |
![]() | |
میرنشینی لەخمییی یان لەخمییەکان میرنشینێکی عەرەبی بوو کە لەلایەن خانەدانی لەخمییەوە لە نزیکەی ساڵی ٢٦٨ بۆ ٦٠٢ی زایینی دامەزرا و فەرمانڕەوایی دەکرا. دەسەڵاتیان ڕۆژھەڵاتی عەرەبستان و باشووری مێزۆپۆتامیای دەگرتەوە و وەک قەوارەیەکی پاشکۆی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی بوونی ھەبوو، ھەرچەندە لەخمییەکان ئەلحیرەیان کردبووە پایتەختی خۆیان و لەوێوە بە سەربەخۆیی حوکمڕانییان دەکرد. ئەم میرنشینە بەشداربوو لە شەڕەکانی نێوان ڕۆم و فارس، کە تێدا وەک ھاوپەیمانی فارس دژی میرنشینی غەسانی دەجەنگان، کە ئەمانیش لەلایەن ھۆزێکی عەرەبی ڕکابەرەوە بەڕێوەدەبران و پاشکۆی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆم بوون. ھەرچەندە زاراوەی «لەخمییەکان» بۆ خانەدانی فەرمانڕەوای ئەم میرنشینە بەکارھاتووە، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان پێیان باشترە بە «نەسرییەکان» ئاماژەیان پێ بکرێت.
دەسەڵاتی خانەدانی نەسری درێژ دەبووەوە بۆ سەر ھاوپەیمانە عەرەبەکانیان لە بەحرەین (کەناراوەکانی ڕۆژھەڵاتی عەرەبستان) و یەمامە. لە ساڵی ٦٠٢دا، خوسرەوی دووەم (پەروێز)، پاشای فارس، دوایین فەرمانڕەوای نەسری بەناوی «نوعمانی سێیەم»ی لەسەر کار لابرد و لەسێدارەی دا و میرنشینی لەخمییەکانی لکاند بە خاکەکەیەوە، ئەمەش بووە ھۆی ھەڵگیرسانی شۆڕشێک لەلایەن ھاوپەیمانە عەرەبەکانیانەوە لە نەجد. ئەو پشێوییەی کە لە ئەنجامی شەڕی نێوان یاخیبووانی دژ بە فارس و لایەنگرانی فارس لە میرنشینەکەدا دروست بوو، گەیشتە لووتکە لە «شەڕی زیقار»، کە بە تێکشکانی سوپای فارس و لایەنگرانیان کۆتایی ھات، و بەمەش کۆتایی بە باڵادەستیی فارس ھێنا بەسەر ڕۆژھەڵاتی عەرەبستاندا. سەرکەوتنی شۆڕشەکە و بردنەوە لە دژی فارسەکان لە زیقار، متمانەی سیاسی و جۆش و خرۆش و ھۆشیاریی خودیی لەناو عەرەبەکاندا بەرزکردەوە. لەگەڵ زیادبوونی ناسەقامگیری لە ناوخۆی فارس دوای ڕووخانی خوسرەو لە ساڵی ٦٢٨دا، ئەم ڕووداوانە بوونە پێشەکییەک بۆ شەڕی یەکلاکەرەوەی قادسیە لە ساڵی ٦٣٦ و فەتحی فارس لەلایەن موسڵمانانەوە.[١][٢][٣][٤][٥][٦][٧]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ https://www.britannica.com/topic/Lakhmid-dynasty
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Cambridge_Ancient_History.html?hl=ar&id=Qf8mrHjfZRoC#v=onepage&q&f=false
- ↑ Fisher 2011, p. 258.
- ↑ Sauer 2017, p. 275.
- ↑ https://www.jstor.org/stable/30082945
- ↑ Shahîd 1995, p. 120.
- ↑ Bosworth 1983, pp. 3–4.
