بۆ ناوەڕۆک بازبدە

لەبارچوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لەبارچوون
سۆنۆگرافییەک کە کیسەی دووگیانی پیشان دەدات بەبێ بوونی کۆرپەلە
تایبەتمەندیپیرکی لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
نیشانەکانخوێنبەربوونی زێ، ئازار، گرژیی سک
ئاڵۆزییەکانتووشبوون بە میکرۆب، خوێنبەربوون، خەمۆکی
دەستپێکردنی ئاساییپێش هەفتەی ٢٠ی دووگیانی
ھۆکارەکانکێشەی کرۆمۆسۆمی، کێشەکانی منداڵدان
Risk factorsتەمەنی بەرز، جگەرەکێشان، شەکرە...
ڕێگای دەستنیشانکردنسۆنۆگرافی، تاقیکردنەوەی خوێن
ڕێگەگرتنچاودێریی دووگیانی
چارەسەرکردنچاودێری، چارەسەری پزیشکی

لەبارچوون، یان لەبارچوونی منداڵ (بە ئینگلیزی: Miscarriage) کە لە دەربڕینی پزیشکیدا لەبارچوونی خۆنەویستانەی پێ دەڵێن، بریتییە لە کۆتاییهاتنی خۆبەخۆی ماوەی دووگیانیی پێش حەفتەی بیستەم، واتا بەر لەوەی کۆرپەلە توانای ئەوەی هەبێت لە دەرەوەی منداڵدانی دایکیدا، بە سەربەخۆیی بژییت.[١][٢] لەبارچوون ڕووداوێکی نەخوازراوی سرووشتییە و جیاوازە لە لەباربردن.

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دە تا بیست لە سەدی دووگیانییە تۆمارکراوەکان تووشی لەبارچوون دەبن و زۆربەی جاریش ئەم ڕووداوە لە سەرەتای دووگیانیدا ڕوو دەدات. لەبارچوون یەکێک لە گەورەترین و دیارترین کێشەکانی دووگیانییە و هۆکارەکەی زۆربەی جار گرفتی کرۆمۆسۆمی و کێشەکانی گەشەی کۆرپەلەیە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، ئەگەرەکانی لەبارچوونیش زیاد دەکەن.[٣]

نیشانەکان

[دەستکاری]

نیشانەکانی لەبارچوونی منداڵ دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگۆڕێت. بەڵام خوێنبەربوونی زێ لە نیشانە دیارەکانی لەبارچوونی منداڵە، کە دەکرێت بە شێوەی پەڵەی تەنک دەست پێ بکات و هەروەها هەندێک جار کڵۆخوێنیش دەبینرێت.[٤] کەسی دووگیان، هاوکاتی خوێنبەربوون، دەشێت هەست بە ئازار یان گرژیی بنەوەی سک، یان حەوز بکات. ئازارێک کە هەندێک جار وەک ئازاری سووڕی مانگانە یان بگرە سەخترە. ئازاری کەمەریش بەرەو خوار، یەکێکە لە نیشانە دیارەکانی لەبارچوون.[٥]

هەندێک جار ئەگەری هەیە مادەیەکی شل یان تەنراوێک لە زێوە دەربچێت، کە نیشانەیە بۆ کۆتاییهاتنی دووگیانی و سەلماندنی لەبارچوونە. یان ئەگەر نیشانە باوەکانی دووگیانی، وەک هەستیاری، ئازاری سینگ، دڵپڕی و ماندوویەتی، لە پڕ کەم بکەن یان نەمێنن، دەکرێت نیشانەی لەبارچوون بێت. هەڵبەت پزیشکی ئەمە بە مەرجێکی سەرەکی نابینێت.[٦]

ئەگەرێکیش هەیە کە لەبارچوون هیچ نیشانەیەکی نەبێت، کە پێی دەگوترێت لەبارچوونی خامۆش یان لەبارچوونی بێدەنگ؛ واتا گەشەی کۆرپەلە وەستاوە و هێشتاکە جەستە هیچ نیشانەیەکی دەرنەخستووە. ئەم حاڵەتە تەنیا بە سۆنۆگرافی یان پشکنینی پزیشکی دەردەکەوێت و کەسی دووگیان خۆی هەست بە هیچ ناکات.[٧]

هۆشداری! خوێنبەربوونی زێ، هەمیشە نیشانەی لەبارچوون نییە، بەڵکوو دەکرێت نیشانەی پەڵەخوێنی سەرەتای دووگیانی بێت، کە هەندێک جار ڕوو دەدات و جێی مەترسی نییە. یان نیشانەیە بۆ هەوکردن، هەستیاریی ناوپۆشی منداڵدان، دووگیانیی دەرەوەی منداڵدان، یان تەنانەت خوێنبەربوونێکی کەم، کە دووگیانی دوای ئەو حاڵەتانەیش بەردەوام دەبێت. کەواتە هەر خوێنبەربوونێک نیشانەی لەبارچوون نییە، بەڵام بە دڵنیایییەوە کەسی دووگیان پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکات.[٨]

هۆکارەکان

[دەستکاری]

زۆربەی هۆکارەکانی لەبارچوونی منداڵ پەیوەستە بە گرفتە کرۆمۆسۆمییەکانەوە، کە ڕێگریی لە گەشەی سرووشتیی کۆرپەلە دەکەن.

  • هەروەها لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی دایکدا ئەگەری لەبارچوون زیاتر دەبێت، بە تایبەت لە ٣٠ساڵییەوە کە کەمکەم مەترسییەکە دەست پێ دەکات و لە ٣٥ساڵیدا پەرە دەستێنێت.[٩] بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە لەو تەمەنە بە دواوە دووگیانی سەرکەوتوو نابێت.
  • هەندێک لە نەخۆشییە بنچینەیییەکانی وەک نەخۆشییەکانی تایرۆید(غودەی دەرەقی)، فشاری بەرزی خوێن و نەخۆشییەکانی بەرگریی جەستە، دەتوانن ئەگەرەکانی لەبارچوون زیاد بکەن.[١٠]
  • هەوکردن، مادەی کحوولی و مادەی هۆشبەر لە کاتی دووگیانیدا، ئەگەری هەیە زیان بە جەستەی دایک بگەیەنن و لەبارچوون ڕوو بدات.[١١]
  • کێشەکانی منداڵدان و جۆری پێکهاتەی ئەندازەییی منداڵدان، ئەگەری هەیە پڕۆسەی دووگیانی دژوار بکات و لەبارچوون ڕوو بدات.[١٢]
  • شەکرەی کۆنتڕۆڵنەکراو و کێشەی هۆڕمۆنی، لە هۆکارەکانی لەبارچوون هەژمار دەکرێن.[١٣]

دەستنیشانکردن

[دەستکاری]

بۆ دەستنیشانکردنی لەبارچوون، پزیشک سەرەتا نیشانە جەستەیییەکانی وەک خوێنبەربوون، ئازاری سک، گرژیی ماسوولکەیی و پێشینەی دووگیانی، تاوتوێ دەکات. ئەگەر پێویست بکات پشکنینی حەوز، بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی زارکی منداڵدان و ڕێژەی خوێنبەربوون، یەکێکە لە شێوازەکان.[١٤]

کەڵکوەرگرتن لە سۆنۆگرافی و پشکنینی خوێن باوترین و سەرەکیترین شێوازە. سۆنۆگرافی دەتوانێت کۆرپەلە، ترپەی دڵ و گەشەی دووگیانی، نیشان بدات.[١٥] دەرنەکەوتنی هەریەک لەمانە، نیشانەیەکی ئەوتۆیە بۆ لەبارچوون.

هەروەها ڕێژەی ھۆڕمۆنی کۆریۆنی ھاندەری توخمەڕژێن (hCG)ی خوێن، یارمەتیی پزیشک دەدات ڕەوشی دووگیانییەکە باشتر هەڵبسەنگێنێت.[١٦] لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەری هەیە ئەنجامی سۆنۆگرافی و پشکنینی خوێن دوای ٤٨ کاتژمێر دووبارە بکرێتەوە.

لە دووگیانییەکی سرووشتیدا ڕێژەی هۆڕمۆنی (hCG) لە حەفتەکانی سەرەتادا بەرز دەبێتەوە، بەڵام کەمبوونەوە یان بەرزبوونەوەی نائاساییی هۆڕمۆنەکە، دەکرێت وەک نیشانەی کێشە لە دووگیانیدا، یاخود وەک نیشانەی لەبارچوون وەربگیرێت.[١٧]

کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان

[دەستکاری]

کاردانەوە دەروونییەکانی لەبارچوون لە دایکێکەوە بۆ دایکێکی تر جیاوازە. بەڵام خەم و ماتەمینی، باوترین کاردانەوەی دەروونییە. زۆرێک لە خەڵکی وا هەست دەکەن ئەندامێکی داهاتوو، هیوا و بەرنامەکانیان لە دەست داوە. بۆ هەندێک کەس خەمەکان سووکەڵەن و بۆ هەندێکی تر سەختن و بەئازارن.[١٨]

باوترین کاریگەرییە دەروونییەکان

  • خەم و ماتەمینی
  • شۆک و باوەڕنەکردن
  • تووڕەیی
  • هەستکردن بە گوناه و خۆسەرکۆنەکردن
  • خەمۆکی
  • دابەزینی ئاستی متمانەبەخۆبوون[١٩]
  • دابەزینی ئاستی متمانەبەجەستەبوون[٢٠][٢١]

توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای لەبارچوون، ئەگەری حاڵەتەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی قووڵ و سترێسی پاش تراوما PTSD، زیاد دەکات، هەرچەند لە زۆربەی کەیسەکاندا، بە تێپەڕینی کات ئاستی کاریگەرییەکەیان دادەبەزێت.[٢٢]

خۆدەربازکردن لە کاریگەییە دەروونییەکان

دایکێک کە منداڵی لە بار دەچێت، پێویستە لە ڕووی دەروونییەوە زۆر ئاگای لە خۆی بێت و بە شێوەیەکی درووست ڕەفتار لەگەڵ حاڵەتەکەیدا بکات. هەروەها دەوروبەریش لەسەریان پێویستە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دایکێکدا بکەن کە منداڵی لە بار چووە.[٢٣]

  • پێویستە دەرفەتی ماتەمینی بدەیت بە خۆت و هەستەکانت سەرکوت نەکەیت.
  • لەگەڵ هاوژین، خانەوادە، یان هاوڕێ جێی متمانەکانت بدوێ.
  • بە پێی پێویست پشوو بدە بە خۆت و تەندرووستیی خۆت لە بیر مەکە.
  • ئەگەر پێویستی کرد، هاوکاریی لە پسپۆڕی دەروونی یان دەروونناس وەربگرە و سەردانی ئەو گرووپانە بکە، کە لە هەمان بارودۆخی دەروونیی تۆدان.
  • خۆت بە هۆکار مەزانە،[٢٤] چونکە زۆربەی کەیسەکانی لەبارچوون، بە هۆی کێشەکانی کرۆمۆسۆمەوەیە، یان هۆکارێکی هەیە کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دایکوباوکەوەیە.


کاردانەوەی خانەوادە و هاوڕێیان

ڕەفتارە گونجاوەکان[٢٥]

  • ڕێز لە ماتەمینی کەسەکە بگرە.
  • زیاتر گوێی لێ بگرە وەک لەوەی ئامۆژگاریی بکەیت.
  • ڕستەکانی وەک «بەداخەوەم کە ئەمە ڕووی داوە»، بەکار بێنە.
  • لە حەفتەکان و مانگەکانی دوای ڕووداوەکەش، هەوڵ بدە هەواڵی کەسەکە بپرسیتەوە.

ڕەفتارە نەگونجاوەکان[٢٦]

  • ڕووداوەکە بە کەم مەبینە.
  • خۆت لەم ڕستانە بپارێزە، «خۆ جارێ مناڵ درووست نەبووبوو.» یان «جارێکی تر دووگیان دەبیتەوە.»
  • سەرکۆنەی کەسەکە مەکە. بە دوای خەتاباردا مەگەڕێ.
  • کەسەکە ناچار مەکە بە خێرایی هەموو شتێک لە بیر بکات.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمەڵگە زۆر جار ئەم جۆرە خەم و ماتەمینییەی لەبارچوون بە هەند وەرناگرێت و بە شێوەی درووست مامەڵەی لەگەڵ ناکات، بۆیە کەسەکە سەرباری خەمی خۆی هەست بە تەنیایی دەکات.[٢٧]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «What is pregnancy loss/miscarriage?». NICHD.
  2. «Pregnancy loss (miscarriage)». Mayo Clinic.
  3. «Pregnancy loss (miscarriage)». Mayo Clinic.
  4. «Symptoms of miscarriage». NHS.
  5. «Pregnancy loss (miscarriage)». Mayo Clinic.
  6. «Symptoms of miscarriage». NHS.
  7. «Miscarriage». Cleveland Clinic.
  8. «Implantation Bleeding». Cleveland Clinic.
  9. «Trying to get pregnant». NHS.
  10. «Miscarriage». Cleveland Clinic.
  11. «Pregnancy loss (miscarriage)». Mayo Clinic.
  12. «Miscarriage». Cleveland Clinic.
  13. «Pregnancy loss (miscarriage)». Mayo Clinic.
  14. «Miscarriage». NHS.
  15. «Miscarriage». Cleveland Clinic.
  16. «Early Pregnancy Loss». American College of Obstetricians and Gynecologists.
  17. «Pregnancy loss (miscarriage) - Diagnosis and treatment». Mayo Clinic.
  18. «Your feelings and emotions after miscarriage». Tommys.
  19. «Your feelings and emotions after miscarriage». Tommys.
  20. «Your feelings and emotions after miscarriage». Tommys.
  21. «Emotional Healing After a Miscarriage». Georgetown University.
  22. «Post-traumatic stress, anxiety and depression following miscarriage and ectopic pregnancy». PubMed Central.
  23. «Your feelings and emotions after miscarriage». Tommys.
  24. «Miscarriage». NHS.
  25. «What to Say When Someone Has Had a Miscarriage». Parents.
  26. «What to Say When Someone Has Had a Miscarriage». Parents.
  27. «Women's experiences of social support following miscarriage». BMC Women's Health.