لێدوانی بەکارھێنەر:Mansour Piroti

ناوەڕۆکی پەڕە بە زمانەکانی تر پشتگیریی لێ ناکرێت.
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پەڕگە:میرزا ڕەحمان پیرۆتی.jpg
شەهید ڕەحمان پیرۆتی (١٣٩٧-١٣٣١)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگه و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات، لە کاتی پێشکەشکردنی ووتارێک لە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان

ڕەحمان پیرۆتی[دەستکاری]

ڕەحمان پیرۆتی (فارسی: رحمان پیروتی،English: Rahman Piroti) پێشمەرگه، فەرماندەی نیزامی، سیاسەتمەدار، نووسەر و سەرکردەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، کە زیاتر لە چوار دەیە لە تەمەنی خۆی تەرخانی ئازادی، دێموکراسی، مافی نەتەوەیی و خۆشبژێوی گەلەکەی کرد و لە مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات بە دەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە کۆیە، باشووری کوردستان، شەهید بوو.

ژیانی تاکەکەسی[دەستکاری]

ڕەحمان پیرۆتی ناسراو بە میرزا ڕەحمان، کوڕی کاک فەقێ رەسووڵ لە ١٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٣١ی ھەتاوی لە گوندی "خڕێ بەرداشان"ی ناوچەی لاجانی سەر بە شارستانی پیرانشار لە بنەماڵەیەکی نیشتماندۆست و گەل خۆشەویست لەدایک بووە. قۆناغی ساوایی لەو گوندە تێپەڕاندووە، بەڵام زۆری پێ ناچێت که وێڕای بنەماڵەکەی پەڕێوەی گوندی گردکشانە دەبن و لەوێ درێژە بە ژیان دەدەن. وەک دەگێڕنەوە، منداڵێکی پیتۆڵ، چاوکراوە، لەسەر پێ و لەبەردڵان بووە. کەشی زاڵی ژینگەی منداڵی و مێرمنداڵی کاک ڕەحمان، کەشێکە کە تێیدا ساواکوژکردنی کۆمار و بە سێدارە داکردنی سەرداران پێشەوا قازی و هاورێیانی و کۆمەڵێک لە تێكۆشەرانی سیاسیی ونیزامی کۆمار وێردی زاری هەموو خەڵکە. ئەو لە تەمەنی زۆر کەمیشدا بووبێ، فرمێسکی هەڵوەریو بۆ شەهیدانی بینیوەو وەسییەتی پێشەوای نەمری کە "کورد نامرێ و دەست لە خەبات هەڵناگرێ" بیستووەو هەر لەو فەزایەدا گۆش کراوە، هەڵیداوە و گەورە بووە. هەر لە گردکشانە پیتەکانی ئەلف و بێی ناسیوە، و لەگەڵ دنیای فێربوونی زانست ئاشنا بووە. ژیرانە درێژەی بە خوێندن داوە و لە قوتابخانەکانی گردکشانە و گوندەکانی دیکەی لاجان و دواتر له پیرانشار قۆناغەکانی خوێندنی یەک لەدوای یەک بڕیوە و بڕوانامەی بەدەست هێناوە. لەگەڵ خوێندن بۆ ھاوکاری کردنی بنەماڵەکەی کاری کردوەو بەھۆی کێشەو گر ┐─────────────────────────────────└
فتی ماددی‌و رێگری بنەماڵەکەی نەیتوانیوە بچێتە زانکۆو لە ئاستی باڵای زانستی‌دا بخوێنێت. ساڵی ١٣٤٩ بۆ سەربازی زۆرەملی رەوانەی پادگانی شاپوری سەلماس کراوە. سەربازی بۆ کاک ڕەحمان دەبێتە دەرفەتێک تا لەگەڵ نەزم و دیسیپلینی پادگان خۆی بگونجێنی، تەجروبەی کاری نیزامی بەدەست بهێنێ، ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان بناسێ و لەسەر دابەشکاری و ئارایشی نیزامی ئەو ناوچانە زانیاری کۆ بکاتەوە. ساڵی ١٣٥١ و دوای تەواوکردنی سەربازی گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و بۆ دابین¬کردنی بژێەی ژیانی بووەتە بەرگدروو. هەر لەو ساڵانە دایە کە زوڵم و زۆری ئاغاکانی مڵکداری قبووڵ نەکردووە، کاتێک گوشاریان بۆ خۆی و بنەماڵەکەی هێناوە نەک بەرامبەریان وەستاوە بەڵکوو هاندەر و پێشەنگی خەڵکیش بووە که بۆ بەدەستهێنان و چەسپاندنی مافەکانی خۆیان دەروەست تر بن. ساڵی ١٣٥٥ ژیانی ھاوبەشی پێک ھێناوە که بەرهەمەکەی چوار کوڕ بە ناوەکانی رەحیم، فایەق، ناسر و مەنسوور و کچێک بە ناوی ئارەزووە.

پەیوەست بوونی بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگه[دەستکاری]

کاک ڕەحمان به هەموو شێوە ھاوکاری شۆڕشگێرانی باشووری کوردستانی کردووە کە بەھۆی نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٣ پەڕیبوونەوە رۆژھەڵات‌و بەتایبەت لە گوندەکانی ناوچەی لاجان خەڵک وەخۆی کردبوون. پەیوەندی لەگەڵ پێشمەرگەکانی باشوور ھەستی نیشتمان‌پەروەری کاک ڕەحمان دەجووڵێنێ‌و لەگەڵ پەرەگرتنی ناڕەزایەتی‌یەکان دژ بە رێژیمی پاشایەتی‌و چالاک بوونی جموجۆڵی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەساڵی ١٣٥٦وە خۆی لە رێبازی دێموکرات‌و قوتابخانەی پێشەوای نەمردا دەبینێتەوەو لە ڕێگای سەید ڕەسووڵی دێهقان ناسراو بە سەید ڕەسووڵی بابی گەورە پەیوەست بە ریزەکانی حیزبی دێموکرات دەبێت. لە ژێر رێنوێنی حیزب دا و بەھیوای گەیشتنی کورد بە مافەکانی تێکەڵ بە نارەزایەتی‌یەکان بووە و لە رێکخستن‌و ھاندانی خەڵک لەو ناوچەیە نەخشی گێڕاوە. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کاری ئاشکرای لەگەڵ حیزبی دێموکڕات دەستی پێ‌کردوەو لە یەکەم پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیە دەبێ کە بۆ دیفاع له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی شۆڕش چه‌کی شه‌ڕه‌فی کردۆتە‌ شان و له‌ ڕیزی مه‌شخه‌ڵدارانی هێزی شه‌هید ئاواره‌ سه‌ر به‌ ناوچه‌ی پیرانشاردا سازمان دراوە. یەکەم ئەرکی حیزبی خۆی کە پێشگرتن بووە لە دەستبەسەرداگرتنی پادگانی گردکشانە و پیرانشار لەلایەن مەلا حەسەنی‌و ھاوئاوازە دژ بە کوردەکانی، سەرکەوتووانە جێ‌بەجێ کردوە.

فەرماندەرێتی هێز[دەستکاری]

کاک ڕه‌حمان یه‌کێک له‌و لاوه‌ فیداکار و ئه‌رک وه‌خۆگرانه‌ بوو که‌ زۆر زوو له‌ بواری نیزامیدا گه‌شه‌ی کردووە و گه‌یشتۆته‌ پله‌ی به‌رپرسایه‌تی. سه‌ره‌تا وه‌ک فه‌رمانده‌ری په‌لێک له‌ پێشمه‌رگه‌کان دیاری کراوە و، پاش ماوه‌یه‌ک فه‌رمانده‌یی ده‌سته‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی وه‌ ئه‌ستۆ گرتوە. به‌ڵام کاک ڕه‌حمان ته‌نیا فه‌رمانده‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی نیزامی نه‌بوو، به‌ڵکوو له‌ بواره‌کانی سیاسی و ته‌شکیلاتیشدا به‌ حه‌ق لێوەشاوە بوو. له‌ خۆڕا نه‌بوو که‌ زۆر زوو متمانه‌ی هاوسه‌نگه‌ره‌کانی وه‌ده‌ست هێنا و به‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی پیرانشار هه‌ڵبژێردرا و ئه‌رکی سه‌ر شانی قورستر بوو. کاک ڕه‌حمان که‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ مه‌یدانی کرده‌وه‌دا لێهاتوویی خۆی زیاتر نیشان ده‌دا، پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌رکی فه‌رمانده‌ریی لکی پێ سپێردرا و هه‌ر به‌و ئیمان و باوه‌ڕه‌وه‌ درێژه‌ی به‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی پیرۆزی دا. لەو ماوەدا رۆڵی پڕ رەنگی لە تۆمارکردنی دەیان داستانی حەماسی‌و دوژمن تەزێنی وەک شەڕەکانی کێلێ، زەنگیاوێ، سەروکانێ، و گرتنی پایەگای چل بزنەدا ھەبووە، و بەو هۆیەوە چەند جار لەلایەن بەرپرسی شووڕای نیزامی ئەوکات، شەهید دکتۆر عەبدوڵڕەحمان قاسملوو خەڵات کراوە. زۆری پێ ناچێت که‌ به‌ هۆی شاره‌زابوونی له‌ هونه‌ری نیزامیدا به‌ جێگری فه‌رمانده‌ری هێزی شه‌هید ئاواره ‌دیاریی کراوە. کاک ڕه‌حمان یه‌کێک له‌و کادره‌ خاوه‌ن بیر و باوه‌ڕانه‌ بووە که‌ له‌ هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێکی کوردستان ئه‌رکی بۆ دیاری کراوە، بێ دوودڵی و ڕاڕایی قه‌بووڵی کردوە و هه‌موو ناوچه‌کانی به‌ ماڵی خۆی زانیوە. بەھۆی ئازایەتی‌و لێ‌ھاتوویی سەربازی‌یەوە وەک فەرماندە بە مەئموریەت بۆ چەندین شوێنی ھەستیاری کوردستان وەک ناوچەکانی تەرگەوەڕو مەرگەوەڕی ورمێ، و بەرەکانی شەڕی شنۆ بەڕێ کراوە. بۆ کۆنگرەی چواری حیزب وەک نوێنەری کۆنگرە ھەڵبژێردراوە و بەشداری کۆنگرەی کردووە. ساڵی ١٣٥٩ بۆ ناوچه‌ی شنۆ نه‌قڵ کراوە، و هاوکات لەگەڵ راپەڕاندنی ئەرکەکانی وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستانی شنۆ؛ به‌رپرسایه‌تیی هێزی شه‌هید سمکۆی پێ سپێردراوە. فەرماندە ڕەحمان پیرۆتی زۆر زوو له‌ نێو دڵی هاوسه‌نگه‌رانیدا جێی خۆی کردۆتەوە و به‌و په‌ڕی دڵگه‌رمییه‌وه‌ شانی داوەتە به‌ر ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌ نیزامییه‌کانی و، له‌ زۆرعه‌مه‌لیاتی سه‌رکه‌وتووانه‌دا، لەوانە زنجیرە عەمەلیاتەکانی دەڕرەی قاسملوو فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌کانی کردوە. به‌ڵام ئه‌وه‌ش دوایین به‌رپرسایه‌تیی کاک ڕه‌حمان نه‌بوو. ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ مه‌یدانی کرده‌وه‌دا زیاتر هێز و توانای خۆی ده‌سه‌لماند و، خۆی بۆ وه‌ئه‌ستۆ گرتنی ئه‌رکی قورستر ئاماده‌ ده‌کرد. پاش ماوه‌یه‌ک بۆ ناوچه‌ی بۆکان و هەوشار نه‌قڵ کراوە و به‌ فه‌رمانده‌ریی هێزی ١١٠ی به‌یان دیاریی کراوە و وەک فەرماندەیەکی بە ئەزمون و کادرێکی سیاسی لێوەشاوە‌ درێژه‌ی به‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی پێ سپێردراوی داوە.

کاری تەشکیلاتی و سیاسی[دەستکاری]

کاک ڕه‌حمان که‌ وێڕای ئه‌نجام دانی ئه‌رکه‌ نیزامییه‌کانی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی بۆکانیش بوو، ساڵی ١٣٦٠ی هه‌تاوی به‌ هێندێک هۆی تایبه‌ت له‌ ئه‌رکی حیزبی دوور که‌وته‌وه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ نێو ماڵ و خێزانی و ژیانی ئاسایی ده‌ست پێ کرده‌وه‌. کاک ڕه‌حمان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵان له‌ ئه‌رکی حیزبی دابڕا، به‌ڵام ئه‌و دابڕانه‌ هه‌میشه‌یی نه‌بوو، دوای ئه‌و چوار ساڵه‌ له‌ سه‌ردانێکی ده‌فته‌ری سیاسیدا، و پاش بەشداریکردنی لە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا بە ئامادەبوونی شەهید دکتۆر سادقی شەرەفکەندی پێوه‌ندیی ته‌شکیلاتیی له‌گه‌ڵ حیزبه‌که‌ی نوێ کردۆتەوه‌ و، وه‌ک ئاڵقه‌ی پێوه‌ندیی نێوان حیزب و ئه‌ندامانی نێوخۆ ئه‌رکی پێ سپێردراوە. لەو ماوەدا رۆڵی بەرچاوی لە پێوەندیی حیزب بە ناوخۆی رۆژھەڵات و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حیزب لە ناوخۆ ھەبووە و وەک کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەک تەنیا لە پیرانشار و دەورووبەری بەڵکوو لە ھاندانی خەڵک بەتایبەت خوێندکار و کەسایەتییەکان و نوێنەرانی پەرڵەمان بۆ داکۆکی کردن لە مافی نەتەوەیی ھەڵسوڕاوە. پەیوەندی پتەو و کاریگەری لەنێو چالاک‌و ھەڵکەوتە سیاسی‌و زانستی‌یە نیشتمان‌پەروەرەکانی شارو ناوچە جیاوازەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی وەک تاران ھەبووە و کۆکەرەوەی تەیفی جیاوازی وەک مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ، ئەدیب‌و نووسەر، مامۆستای ئایینی‌و کەسایەتیە کۆمەڵایەتی‌یەکان بووە.

ئەندامێتی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان[دەستکاری]

لەو ساڵانەدا زۆرجار بەھۆی ھەڵوێستەکانی لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتی‌و ئەمنیەتییەکانی ورمێ‌و تاران دەستبەسەرو لێکۆڵینەوەی لێ‌کراوە. ماڵەکەی بەردەوام لەژێر چاوەدێری دابوە، ژیانی لێ زەحمەت کراوە، کوڕێکی بۆ شەش ساڵ زیندانی کراوە و کوڕەکانی دیکەی لە زانکۆ دەرکراون، بەڵام لە هەوڵ و تێکۆشان نەوەستاوە. سیخوڕه‌کان و دام¬ودەزگا ئیتلاعاتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی بە شێوەیەک مه‌ودای حه‌وانه‌وه‌یان لە کاک ڕەحمان به‌رته‌سک کردبوو، کە ساڵی ١٣٨٦ی هه‌تاوی به‌ ناچار زێد و ژینگه‌ی خۆی به‌جێهێشت و به‌ بنه‌ماڵه‌وه‌ په‌ڕیوه‌ی باشووری کوردستان بوون و وه‌ک ئه‌ندامێکی چالاک ئه‌رکی وه‌ ئه‌ستۆ گرته‌وه‌. هەر ئەو ساڵە، کاک ڕەحمان بەشداری کۆنگرەی چاردەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکات، و دەنگی متمانەی بەشدارانی کۆنگرەی وەدەست دەهێنێت و بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لەدابەش‌کردنی ئەرک وبەرپرسایەتی‌یەکانی کۆنگرەدا بە ئەندامی کۆمیسیونی تەشکیلات دیاری‌کرا، و بەرپرسایەتی هەرێمی ئاگری پێ‌سپێردرا و چالاکانە شانی دایە بەر ڕاپەڕاندنی ئەرکە تەشکیلاتی‌یەکان، و ماندوویی نەناسانە لە خزمەت بەرژەوەندی‌یە گشتی‌یەکانی حیزب لە ناوخۆی وڵات لە پیوەندیی تەشکیلاتی‌دا بوو. کاک ڕەحمان یەکێک لەو کادرە خاوەن ئیرادە و بیرو باوەڕانە بوو کە لە کارکردندا ماندوویی نەدەناسی، و لە دژواری سەر ڕێگای تێکۆشانی سڵی نەدەکرد، چ لەبواری سیاسی و چ لە بواری نیزامی‌دا بە حەق کادر بوو، ئەو تایبەتمەندی‌یانەو زۆر تایبەتمەندیی پەسندی دیکە ئەویان کردبووە خۆشەویست و جێی بڕوا و متمانەی هاوڕێ‌یانی. لە خۆڕا نەبوو که لە کۆنگرەی پازدەهەمی حیزب کە لە سالی ١٣٩٠ی هەتاوی پێک هات، دەنگی متمانەی بەشدارانی کۆنگرەی وەدەست هێنا و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا کە بە حەق شیاوی ئەو پلەوپایە بوو. هاوکات لەگەڵ راپەڕاندنی ئەرکە تەشکیلاتییەکان، بەرپرسایەتی ناوەندی ٣ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێ دەسپێردرێت. جگە لەوە بە نووسینی وتار و بابەت لە رۆژنامەی کوردستان و راگەیاندنی حیزب و بەشداریکردنی وەک مامۆستا لە دەورەکانی ئامووزش و پێگەیاندنی کادر و پێشمەرگە چالاک بووە. لە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبدا بۆ جارێکی دیکه بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و درێژەی بە تێکۆشانی دا. دوایین بەرپرسایەتی کاک ڕەحمان لە کۆمیسیۆنی ئامووزش بوو کە بە هۆی شارەزابوون لەو بوارەدا بە ئەندامی ئەو کۆمیسۆنە دیاری کرا و هەر بەو ئیمان و ئیرادەیەوە و بە هێزەوە شانی دایە بەر بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزی و چ لەبواری وانەووتنەوە لە دەورە سیاسی‌یەکاندا و چ لە بواری نووسینی وتار و توێژینەوەی سیاسی و مێژوویەکاندا یەکێک لەو کادرە بە توانایانە بوو کە بە حەق جێ‌پەنجەی دیار بوو.

شەهیدبوون[دەستکاری]

ڕەحمان پیرۆتی کە بەپێی ئەدەبیاتی باوی خەڵک بۆ خوێندەوارەکان، لەقەبی میرزا خراوەتە پێش ناوی‌و لە لاوێتی‌یەوە لەنێو خەڵکی پیرانشارو دەوروبەری بە میرزا ڕەحمان ناسراوە، لە رووی کەسایەتی‌یەوە بە نیشتمان پەروەرێکی سادق، خاوەن فکرو ئەھلی خوێندنەوە، قسە لەڕوو، داوێن پاک‌و خەمخۆری خەڵک دەناسراو ھەڕەشە و تەتمیع نەیانتوانی لە ٤١ ساڵ خەباتی بێ وچانی‌دا بەلاڕێی‌دا ببەن. بەرگەی تەنگوچەڵەمەی زۆری گرتووەو کێشە و گرفتاری‌و گوشارەکان ھەنگاویان پێ شل نەکردوە. رۆک و لەڕوو بۆچوونەکانی خۆی باس دەکردو شەھامەتی دەربڕینی بیروباوەڕی خۆی لە ھەر شوێن‌و مەوقەعیەتێک‌دا ھەبوو. ئەو شتەی کە پێی راست بوو نەیدەکردە قوربانی مەسڵەحەت‌و شەھامەتی ھەبوو دیفاع لە بۆچوونەکانی بکا. شەهید میرزا ڕەحمان پیرۆتی، پێشمەرگەیەکی ئازا و فەرماندەیەکی بەئەزمون و سیاسیکارێکی بەبڕشت و رێبەرێکی بەپرستیژ لەنێو چالانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە هەموو تەمەنی بۆ ئازادی نیشتمانەکەی و سەربەرزی گەلەکەی و سەرکەوتنی حیزبەکەی تەرخان کرد، بەڵام سەد داخ و مخابن ئەویش وەک ١٥ هاوڕێ شەهیدەکەی چێژی لە میوەی بەری داری ڕەنج و خەباتی وەرنەگرت، و لە مووشەک‌بارانەکەی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات‌دا خوێنی پاکی تێکەڵ بە خاک وخۆڵی کوردستان بوو. -- Mansour Piroti (لێدوان) ‏١٥:٠٧، ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ (UTC)[وەڵامدانەوە]