کیمیابارانی ھەڵەبجە
پۆتانەکان: 35°11′N 45°59′E / 35.183°N 45.983°E
| کیمیابارانی ھەڵەبجە | |||||||
|---|---|---|---|---|---|---|---|
| بەشێک لە ھەڵمەتی ئەنفال و ئۆپەراسیۆنی زەفەر ٧ (لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا) | |||||||
| |||||||
| شەڕکەرەکان | |||||||
| حیزبی بەعس |
| ||||||
| فەرماندە و سەرکردەکان | |||||||
| عێراقی بەعسی بە سەرۆکایەتی سەددام حوسێن |
| ||||||
| زەرەر و زیانە گیانییەکان | |||||||
|
٣٬٢٠٠–٥٬٠٠٠ مردووان ٧٬٠٠٠–١٠٬٠٠٠ برینداران | |||||||
کیمیابارانی ھەڵەبجە یان کۆمەڵکوژیی ھەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ ڕوویدا لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگی ئێران-ئێراق، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە کە شاری ھەڵەبجەی بە گازی کیمیایی کیمیاباران کرد، زیاد لە ٥٬٠٠٠ ھاووڵاتی کوردی بێتاوانی پێکھاتوو لە ژن و مناڵ و گەنج شەھیدکران و ١٠٬٠٠٠ کەسی تریش بریندارکران ئەمە جگە لە ونبوونی چەندەھا منداڵ. ئەمڕۆ، ٢٠١٠ کیمیابارانکردنی بە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت بە گازی کیمیایی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.[ژێدەر پێویستە]
لە دوای دوو دەیە لە کیمابارانی ھەڵەبجە، ئاسەواری کیمیاباران بەسەر بریندارانی ھاووڵاتیانی ھەڵەبجەوە ماوە.
لە درێژەی ھەوڵەکانی ڕێکخراوی چاک ناوبراو لەماوەی دوو ساڵدا، گەورە بازرگانی چەکی کیمیایی، فرانس ڤان دەنرات ڕاکێشی دادگا کرا و بە تاوانی تاوانکاری جەنگ و کۆمەڵکوژی بەماوەی زیندانی تەنھا ١٥ ساڵ سزا درا.
لە دوای کارەساتەکە، دەوڵەتە زلھێزەکانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا ھەڵوێستیان ناڕوون یان ھەستان بە تۆمەتبارکردنی ئێران بە کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە. بۆ نموونە، پەرلەمانتاری بەریتانی تۆنی بێن لە ٢٠٠٣ دەڵێ: «ئێمە چەکەکانمان دابین کرد بۆ سەددام، ئێمە پڕچەکمان کرد، من لە پەرلەمان بووم کە ھەڵەبجە ڕوویدا، باسمان کرد بەڵام پێیان وتین کە ناتوانین ھیچ بکەین چونکە ھاوپەیمانە»[١]
دادگاییکردنی سەددام و عەلی کیمیایی
[دەستکاری]
دادگای تایبەتی عێراق تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەسەر ڕووداوەکانی ھەڵەبجە ئاراستەی سەددام حوسێن نەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، داواکاری گشتی عێراق ٥٠٠ بەڵگەی باوەڕپێکراوی لەسەر ئەو تاوانانەی لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی سەددام حوسێندا ئەنجامدراون، لەبەردەستدا بوو و تەنھا لەسەر یەک دۆسیە، کە کۆمەڵکوژییەکەی دوجەیل بوو لە ساڵی ١٩٨٢، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. لەنێو ئەو بەڵگەنامە زۆرانەی کە لە کاتی دادگاییکردنی سەددام حوسێندا ئاشکرا کران، یەکێکیان یاداشتێکی ساڵی ١٩٨٧ بوو کە لەلایەن ھەواڵگری سەربازیی عێراقەوە دەرچووبوو و داوای مۆڵەتی لە نووسینگەی سەرۆککۆمار دەکرد بۆ بەکارھێنانی گازی خەردەل و گازە دەمارییەکانی سارین و تابوون دژی کوردەکان. لە بەڵگەنامەیەکی دیکەدا کە وەک وەڵامێک ھاتبوو، ئاماژە بەوە کرابوو کە سەددام فەرمانی بە ھەواڵگری سەربازی کردووە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی «ھێرشێکی کتوپڕ» بە بەکارھێنانی ئەم چەکانە دژی ھێزەکانی ئێران و کورد بکات. یاداشتێکی ناوخۆیی کە لەلایەن ھەواڵگری سەربازییەوە نووسرابوو، دووپاتی کردەوە کە ڕەزامەندی نووسینگەی سەرۆککۆماریان بۆ ئەنجامدانی ھێرشێک بە بەکارھێنانی «تەقەمەنی تایبەت» وەرگرتووە و جەختی کردەوە کە ھیچ ھێرشێک بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی سەرۆک ئەنجام نادرێت. سەددام خۆی لە دادگا گوتی: «سەبارەت بە ئێران، ئەگەر ھەر بەرپرسێکی سەربازی یان مەدەنی ئیدیعای ئەوە بکات کە سەددام فەرمانی بەکارھێنانی تەقەمەنی ئاسایی یان تایبەتی، کە وەک وتراوە کیمیایییە، دەرکردووە، ئەوا من بە شانازییەوە بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆ دەگرم، بەڵام من گفتوگۆ لەسەر ھەر کارێک دەکەم کە بەرامبەر بە گەلەکەمان و ھەر ھاوڵاتییەکی عێراقی ئەنجامدرابێت، جا عەرەب بێت یان کورد. من ھیچ سوکایەتییەک بە بنەماکانم یان بە خودی خۆم قبووڵ ناکەم.»
ڕزگاربووە کوردەکان ھیچ گومانێکیان لەوە نەبوو کە سەددام حوسێن بەرپرس بووە لەم ھێرشە، و ھەستیان بە نائومێدی دەکرد چونکە تەنھا لەسەر تاوانەکانی کوشتن لە دوجەیل دادگایی کرا. سەددام حوسێن لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ لەسێدارە درا.
دادگایەکی عێراق لە کانوونی دووەمی ٢٠١٠ سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئامۆزاکەی سەددام، عەلی حەسەن ئەلمەجید (کە لەو ماوەیەدا سەرکردایەتی ھێزە عێراقییەکانی دەکرد لە باشووری کوردستان و بە نازناوی عەلی کیمیایی ناسرابوو) سەپاند، دوای ئەوەی بە پلاندانان بۆ ھێرشەکە تاوانبار کرا. عەلی مەجید بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٧ سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بەھۆی ڕۆڵی لە ھەڵمەتێکی سەربازی لە ساڵی ١٩٨٨ دژی کوردەکان کە بە ئەنفال ناسراوە، و لە ساڵی ٢٠٠٨ دوو جاری دیکەش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرایەوە بەھۆی تاوانەکانی دژی شیعەکانی عێراق، بەتایبەتی بۆ ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری عێراق و تێوەگلانی لە کوشتارەکانی ساڵی ١٩٩٩ لە گەڕەکی شاری سەدری بەغدا (کە ئەوکات پێی دەوترا شاری سەددام). عەلی مەجید لە دادگاییکردنەکانیدا ھیچ پەشیمانییەکی دەرنەبڕی و گوتی کە کارەکانی لە بەرژەوەندی ئاسایشی عێراقدا بووە، و لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ لە سێدارە درا. لەنێو چەندین بەڵگەنامەی تری حکوومەتی عێراق کە دەستیان بەسەردا گیراوە و بەرپرسیارێتی عێراق لە ھێرشەکە دەسەلمێنن، تۆمارێکی دەنگی ھەیە کە دەدرێتە پاڵ عەلی مەجید و تێیدا دەربارەی کوردەکان دەڵێت: «ھەموویان بە چەکی کیمیایی دەکوژم. کێ ناڕەزایەتی دەردەبڕێت؟ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی؟ نەفرەت لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئەوانەی گوێی لێدەگرن.»[٢][٣][٤][٥]
دەرئەنجامە پزیشکی و بۆماوەیییەکان
[دەستکاری]دوای دە ساڵ لە ساڵی ١٩٩٨ لانیکەم ٧٠٠ کەس ھێشتا چارەسەریان بۆ کاریگەرییە توندەکانی ھێرشەکە وەردەگرن، ٥٠٠ کەسیان بە دۆخێکی ناجێگیر دادەنرێن تەنانەت ئەگەر ڕەنگە توندترین بار و دۆخەکان پێشتر گیانیان لەدەستدابێت. لە ڕاپرسییەکانی پزیشکی ناوخۆیی دا ھەڵەبجە ڕێژەی تێکچوونی تەندروستی و لەبارچوون (ژمارەی لەدایکبوونی زیندوو و ١٤ ھێندەی ئاسایی زیاتر)، شێرپەنجەی قۆڵۆن (١٠ ھێندەی ئاسایی زیاتر)، نەخۆشی دڵ (چوار ئەوەندە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ تاکو ١٩٩٦) بە بەراورد لەگەڵ چەمچەماڵ. جگە لەوەش، «شێرپەنجەکانی تر، نەخۆشییەکانی ھەناسەدان، کێشەکانی پێست و چاو، تێکچوونی توانای منداڵبوون و زاوزێ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە شاری ھەڵەبجە و ئەو ناوچانەی تریش کە تووشی کیمیاباران کراون، ھەندێک لەوانەی لە ھێرشەکە ڕزگاریان بووە یان لەو کاتەدا بە ڕواڵەت تەنھا بە سووکی بریندار بوون دواتر تووشی بوون کێشەی تەندروستی کە پزیشکەکان پێیان وایە ھۆکارەکەی ماددە کیمیایییەکانە، نیگەرانی ئەوە ھەیە کە ھێرشەکە کاریگەری بۆماوەیی بەردەوامی لەسەر دانیشتووانی کورد ھەبێت لەوێدا، بەو پێیەی ڕاپرسییە سەرەتایییەکان دەریان خستووە ڕێژەی کەموکوڕی لە لەدایکبوون زیادی کردووە.[٦][٧]
ھەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕزگاربووانی ئەم ھێرشە تووشی برینێکی ھەمیشەیی بوون لەوانەش سووتانە، و ھەندێکیان نیشانەکانی تێکچوونی دەمارەکانیان نیشانداوە ھەرچەندە ھێشتا ئەمە بە ڕادەیەکی پێویست پشتڕاست نەکراوەتەوە.[٨]
وێرانبوونی ھەڵەبجە و نۆژەنکردنەوەی بەشێکی
[دەستکاری]ڕزگاربووان بە ھاوکاری پێشمەرگە و ئێرانییەکان بەپەلە زۆربەی کوژراوەکانیان لە گۆڕ بەکۆمەڵێکی کاتیدا بەخاک سپێردران. دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ھەڵەبجە لە دەستی ھێزەکانی پاسداران و پێشمەرگە، ھێزە عێراقییەکان چاکەتی تیشکی (NBC)یان ھێنایە ھەڵەبجە بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەری چەک و ھێرشەکانیان. شارەکە ھێشتا پڕ بوو لە کوژراوە نەنێژراوەکان و بە شێوەیەکی بەرنامەیی لەلایەن ھێزە عێراقییەکان بە بەکارھێنانی بولدۆزەر و تەقەمەنی وێران کرا. لە وەڵامدا میریی ژاپۆن بوودجەی پڕۆژەیەکی ٧٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ ھەڵەبجە دابینکرد. ھاوکات بەرپرسێکی باڵای عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ خافێر پێرێز دی کوێلار سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە فەرمی دانی بە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ھێزە عێراقییەکان دژی کوردانی ھەڵەبجە.[٩][١٠][١١]
ئاژاوەی پەیکەری ھەڵەبجە ٢٠٠٦
[دەستکاری]لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٠٣ یادگارییەک بۆ قوربانیانی ھەڵەبجە لەو شارەدا دروست کرا کە ھێشتا تاڕادەیەکی زۆر وێران بووە. لە ١٦ی ئازاری ٢٠٠٦، چەند ھەزار دانیشتووی تووڕە، کە زۆرێکیان خوێندکاری ئامادەیی و زانکۆ بوون، ئاژاوەیان ئەنجامدا لە شوێنی ناڕەزایەیی کە بە پشتگوێخستنی گەڕەکەکان و بە بازرگانیکردن بە دۆخی نالەباری کورد دەیانبینی. خۆپیشاندەران پەیکەرەکەیان سووتاند و زۆربەی سیماکانی لەناوبرد؛ خۆپیشاندەرێکی خوێندکار لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و دەیان کەسیش برینداربوون. دواتر پەریکەرەکە کە بە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە و مۆزەخانەی ئاشتی ناسراوە، دروستکرایەوە.[١٢][١٣]
لە نەریتی باودا
[دەستکاری]- ساڵی ٢٠٠٨ کایھان کەلھوڕ و ڕایدەر برووکلن ئەلبوومی (شارە بێدەنگەکە)یان بۆ یادی کۆمەڵکوژیی ھەڵەبجە بڵاوکردەوە. بەرگی ئەلبوومەکە نووسرابوو: ئەم ئەلبوومە ڕێزلێنانێکە بۆ گوندی کوردنشینی ھەڵەبجە لە کوردستانی عێراق. لەسەر بنەمای پێوەرێکی دەستکاریکراوی ئەی-مینۆر دامەزراوە بۆ تەوەری کوردی و یادکردنەوەی گەلی کورد بەکاردەھێنێت.[١٤]
- لە ساڵی ٢٠١١، کایھان کالھێر، یۆیۆ ما، و سیلک ڕۆد ئەلبوومی شاری بێدەنگیان لە شانۆی ساندەرز لە زانکۆی ھارڤارد پێشکەش کرد، ھەروەھا ڤیدیۆی بەشی کۆتایی کۆنسێرتەکەیان لە یووتیووب بڵاوکردەوە.[١٥]
- تیپی ڕۆکی کەنەدی سکینی پاپی لە گۆرانی «VX Gas Attack» لە ئەلبوومی «VIVIsectVI» ساڵی ١٩٨٨دا لێدوانێکیان لەسەر کیمیابارانی ھەڵەبجە کرد.
- لە ساڵی ٢٠٠٢ فیلمێک بەناوی جیان لەسەر ھێرشی ھەڵەبجە بڵاوکرایەوە. لە نووسین و دەرھێنانی جانۆ ڕۆزیبیانی.
- شاری لاھای پایتەختی ڕامیاری ھۆڵەندا بڕیاریدا یادێک بۆ قوربانیانی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجە دروست بکرێت، کە لە کۆتایی مانگی نیسانی ٢٠١٤ کرایەوە.[١٦]
لە فیلمدا
[دەستکاری]- تەختەڕەش (٢٠٠٠)
- کیسەڵەکانیش دەفڕن (٢٠٠٥)
- ھێلانە سووتاوەکان (٢٠١٣)
- چیرۆکی ئەوینداری (٢٠١٦)
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ ماڵپەڕی بی بی سی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣، دوا سەردان ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩.
- ↑ http://www.cnn.com/2006/WORLD/meast/12/29/hussein/index.html
- ↑ https://www.theage.com.au/world/saddam-admits-iran-gas-attacks-20061219-gdp2yx.html
- ↑ http://news.bbc.co.uk/2/hi/middle_east/4355718.stm
- ↑ https://web.archive.org/web/20111118203516/http://dissentmagazine.org/article/?article=487
- ↑ https://web.archive.org/web/20170423093543/http://www.publications.steveplatt.net/halabja.htm
- ↑ http://news.bbc.co.uk/2/hi/middle_east/2138447.stm
- ↑ Eric Croddy with Clarisa Perez-Armendariz & John Hart, Chemical and Biological Warfare: A Comprehensive Survey for the Concerned Citizen (Spring Science+Business Media, 2002), p. 164.
- ↑ https://web.archive.org/web/20130827001603/http://www.theguardian.com/world/2003/mar/17/worlddispatch.iraq
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٦ی ئازاری ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ https://web.archive.org/web/20210228223828/http://www.taghribnews.com/fa/news/409468/%DA%AF%D8%B2%D8%A7%D8%B1%D8%B4-%D8%B3%D8%A7%D9%84%D8%B1%D9%88%D8%B2-%D8%AD%D9%85%D9%84%D9%87-%D8%B4%DB%8C%D9%85%DB%8C%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%AD%D8%B2%D8%A8-%D8%A8%D8%B9%D8%AB-%D9%85%D8%B1%D8%AF%D9%85-%D8%A8%DB%8C-%DA%AF%D9%86%D8%A7%D9%87-%D8%AD%D9%84%D8%A8%DA%86%D9%87-%D9%86%D8%B3%D9%84-%DA%A9%D8%B4%DB%8C-%D8%B5%D8%AF%D8%A7%D9%85-%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82
- ↑ https://web.archive.org/web/20121110114553/http://www.pbs.org/americarebuilds2/memorial/memorial_halabja.html
- ↑ https://web.archive.org/web/20121021200505/http://www.independent.co.uk/news/world/middle-east/hundreds-protest-as-kurds-remember-halabja-gas-attack-470206.html
- ↑ https://www.amazon.com/Silent-City-Kayhan-Kalhor/dp/B0018OKH1Y
- ↑ https://www.youtube.com/watch?v=s804M9uGiAM
- ↑ http://almasalah.com/ar/news/26675/نصب-تذكاري-لضحايا-حلبجه-في-لاهاي ٢٩ی ئازاری ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- دەروازەی مێژوو
- دەروازەی کوردستان
- دەروازەی مافەکانی مرۆڤ
- دەروازەی پارێزگای ھەڵەبجە
- دەروازەی شەڕ
- دەروازەی عێراق
